05:29 - 18/02/2019
ئەبرۆ گونای: گۆشەگیری سنووری ئیمڕالی بەزاندووەو توركیای تەنیووه
هەینی رابردوو (15ى شوباتی 2019) وێنەیەك مشتومڕى زۆرى لێكهوتهوه له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان، پاڵهوانى وێنەكە (ئەبرۆ گونای) ژنە پەرلەمانتاری هەدەپە و نوێنەری شاری ماردین بوو لە باكووری كوردستاندا. ئەو ژنە پەرلەمانتارە كورده لەلایەن پۆلیسی توركیا لە هەر چوار لاوە ئابڵۆقە دراوە. پێدەچێت وێنەكە لە شوێنێكی بەرز چركێندرابێت. ئەبرۆ گونای لە وێنەكەدا بە شێوەیەك دەركەوتووە، وەكو ئەوەی بە تەنیا بێت و باكی بە ئابڵۆقەدانی پۆلیس نەبێت.
(پەیسەر پرێس) لە بارەی چیرۆكی وێنە و رووداوەكە، چەند پرسێكی دیكەش پرسیارەكانی ئاراستەی، ئەو ژنە پەرلەمانتارە كرد.
پهیسهر: لە وێنەیەكدا كە لە سۆشیال میدیا بڵاوكراوەتەوە، لە یەكێك لە مەیدانەكاندا، بەتەنیا وەستاویت و لەلایەن پۆلیس لە هەر چوار لاوە ئابلۆقە دراویت. هەستت بەچی كرد لەو كاتەدا؟
ئەبرۆ گونای: ئەو رۆژەی ئەم وێنە چركێندراوە، 100 رۆژی رەبەق بەسەر دەستپێكردنی مانگرتنی لەیلا گوڤەن تێپەڕدەبوو. لە ماردین لەگەڵ پەرلەمانتارانی شرناخ بڕیارماندا لە نوسەیبین یەكتر ببینین، راستەوخۆ بەرەو ماڵی لەیلا گوڤەن لە ئامەد بەڕێبكەوین، بەم شێوەیە پشتگیریكردنی لەم ژنە پەرلەمانتارە بكەین. لەگەڵ ئەو هەڤاڵانەی لە شرناخ هاتوون لە نوسەیبین یەكترمان بینی. پۆلیس رێگای لێگرتین و مۆڵەتی پێنەداین بڕۆین و پشتگیری لەو مانگرتنە بكەین كە لەدژی گۆشەگیری دەستپێكراوە. دەكرێت ئەم ئابڵۆقەدانەی پۆلیس بە "ساتی ترسان لە ئۆپۆزسیۆنی كۆمەڵایەتی"بەناو بكەین. ئەو كاتەی وێنەكە چركێندراوە من لەگەڵ پۆلیس لە گفتوگۆ دابووم، ئاگام لە وێنەكە نەبووە. دواتر وێنەكەم لە راگەیاندن و تۆڕەكانی سۆشیال میدیا بینی.
وێنەكە حاڵی ناهەمواری توركیا نیشاندەدات، وێنەی گۆشەگیریەكە، كە ئێمە لە دژی دەوەستینەوە، وێنەی ئەو مانگرتنەیە كە لەیلا گوڤەن 101 رۆژە سەركێشی دەكات. وێنەی گۆشەگیریەكە كە دەسەڵاتی ئاكەپەیە پەنای بۆ بردووە و جگە لەمە هیچ شێوازێكی دیكەی بەڕێوەبردنی لەدەستدا نەماوە. ئیتر ئەو گۆشەگیریە سنووری دوورگەی ئیمڕالی بەزاندووە و بۆتە شێوازێكی بەڕێوەبردن و هەموو توركیای تەنیوەتەوە.
پهیسهر: دیارە لەكاتی چركاندنی وێنەكەدا لەگەڵ پۆلیس مشتومڕ دەكەیت. لە هەموویان سەرەنجڕاكێشتر چیبوو؟ چیت پێ گووتن؟ چیان پێ گووتی؟
ئەبرۆ گونای: پێم گووتن، شەش پەرلەمانتاری پارتێك كە شەش ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە رێپێوانێك دەكەن، بە چ مافێك، یاسایهك و ئەرگومێنتێك رێگایان لێدەگرن؟ ئایا لەمە نا لۆژیكتر هەیە؟ گوتم ئەگەر ئەمە عەقڵی دەوڵەت بێت، كە بخوازێ بە توندوتیژی رێگری لە شەش پەرلەمانتار بكات تا رێپێوان نەكەن، بزانە ئەو دەوڵەتە چارەنووسی هەرەسە؟ تەنیا ئەوەم بە مێشك دادێت لە ئێستادا، شتێكی دیكەی زۆر تایبەتم بەبیر نەماوە. ئەوانیش لە وەڵامدا گووتیان: ئەوە بڕیاری ئێمە نیە، ئێمە تەنیا میكانیزمی جێبەجێكردنین. بۆیە پێموانیە خودی مشتومڕەكە لەگەڵ پۆلیس سەرەنجڕاكێش بێت، بەڵكو لەهەمووی سەرەنجڕاكێشتر خودی رووداوەكەیە. كە ئاماژەیە بە ترسی دەوڵەت لە گەشەكردنی ئۆپۆزسیۆنی كۆمەڵایەتی كە باكی بە هێز، چەك، هەواڵگری نیە. ئۆپۆزسیۆنێكە كە لاوازیەكانی ئەم دەسەڵاتەی دەستنیشان كردووە، هەوڵ دەدات تا هاووڵاتیان تێبگەینێت كە ئەم دەسەڵاتە ناتوانێ خۆشگوزەرانی و ژیانێكی باشتان بۆ دابین بكات.
پهیسهر: هەمان رێگری لە هەڤاڵانی ئێوە لە ئامەدیش كرا. بەگشتی ئابڵۆقەكه چۆن دەخوێنیەوە؟
ئەبرۆ گونای: ئابڵوقەدانی رێپێوان و خۆپیشاندان تەنیا بە نوسەیبین سنووردار نەبوو. بەڵكو هاوشانی نوسەیبین، لە قزلتەپە، لە دێرك، لە جۆلەمێرگ، لە شڕناخ، وان، بتلیس لە تەواوی كوردستان هەموو هەڤاڵانی پەرلەمانتار رووبەڕوی رێگری و ئابڵۆقەدان بوونەوە. ئەمە ئابڵۆقەدان و رێگریە بە ئاشكرا گوزارە لە توندوتیژی دەوڵەت دەكات. گەلی كورد داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری دەكات، توندوتیژی و ئابڵۆقەدانی پەرلەمانتارانیش رەنگدانەوەی قەبوڵ نەكردنی ئەم داواكاریە جەماوەریەیە. تابلۆكە ئاماژەیە بەوەی كە عەقڵی دەوڵەت و دەسەڵات دەخوازن بە گۆشەگیری و گرتنەبەری سیاسەتی شەڕ وڵات بەڕێوەببەن. جگە لەمە هیچ كەرهستە و ئامرازێكی دیكەیان لەدەستدا نەماوە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانیان پێ رازی بكەن. دەزانن ئیتر هاوڵاتی و هۆشیاری كۆمەڵایەتی گەیشتۆتە ئاستێك كە هیچی دیكە بە فیتی دەسەڵاتداران هەڵناخەڵەتێت و هەموو ئەو ئەرگومێنتانەی لەدەستی دەسەڵات دابوون، بۆ هاووڵاتی و كۆمەڵگا بایەخیان نەماوە.
دەوڵەت بە كردەوەی نایاسایی وەڵامی داواكاری یاسایی دەداتەوە. باسی دەسەڵاتێك دەكەین كە بە توندوتیژی وەڵامی پەرلەمانتارانی پارتییەك دەداتەوە كە شەش ملیۆن دەنگی هێناوە، داواكارییەكانی رەوایە و بە گوێرەی پێوانەكانی سەردەمە، كە ئۆپۆزسیۆنی كۆمەڵایەتی بۆ چارەسەری و گەیشتن بە مافەكان دەگرێتەبەر.
پهیسهر: یەكێكیت لە پارێزەرانی ئۆجهلان، دوایین جار كەی سەردانی ئۆجالانت كردووە؟ بەبیرت ماوە؟
ئەبرۆ گونای: دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە ئۆجهلان لە جیهاندا رووبەڕوی درێژترین و توندترین گۆشەگیری بۆتەوە. 20 ساڵە لە ژوورێكی تاكە كەسی زیندانی كراوە. رێزدار ئۆجالان دواجار لە 22 تەمموزی 2011 چاوی بە پارێزەرانی كەوتووە. من لەو چاوپێكەوتنە ئامادە نەبووم. ئەو كاتە لە زیندان دابووم. لە دیدارەكانی پێشووتر سەردانی ئۆجالانم كردبوو.
پهیسهر: ئێوە لە ئێستادا هەوڵەكانتان چڕ كردووهتەوە بۆ ئەوەی رێگا بە پارێزەر و كەسوكاری ئۆجهلان بدرێت تا سەردانی دوورگەی ئیمڕالی بكەن و ئەوەی ناوتان لێناوە گۆشەگیری هەڵبگیرێت. ئەگەر گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان هەڵگیرا چی دەگۆڕدرێت؟
ئەبرۆ گونای: ئەگەر گۆشەگیری نەمێنێت، لە توركیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاشتی كۆمەڵایەتی بەرقەرار دەبێت. چونكە گۆشەگیری سنووری دوورگەی ئیمڕالی تێپەڕاندووە. ئەم گۆشەگیریە بۆتە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی ئاكەپە. ئاكەپە هەموو كردەوە ناڕەوا و نایاسایەكانی بە گۆشەگیركردنی ئیمڕالیەوە دەستپێكرد. بۆیە كاتێك گۆشەگیری هەڵدەگیرێت لەسەر جوگرافیای كوردستان ئاشتییەكی كۆمەڵایەتی دەمدرێژ بەرقەرار دەبێت. ئەو دەرگایە دەكرێتەوە كە دەچێتە سەر رێگای دیموكراسی و ئازادی. قۆناغی ئاسایی كردنەوەی دەست پێدەكات، كە ئەمەش سەرەتا بۆ چارەسەری و لێكتێگەیشتن لەبارەی هەموو كێشەكان و پێداویستی كۆمەڵگا.
پهیسهر: پێتوایە ئەوەی ناوی لێدەنێن گۆشەگیری هەڵدەگیرێت؟
ئەبرۆ گونای: بۆ ئەوەی گۆشەگیری هەڵبگیرێت هەوڵ دەدەین. هەموو هەوڵەكان لەمبارەیەوە چڕ دەكەینەوە. پێمانوایە ئەوانە سەردەكەون كە هەوڵەكانیان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری خستووهتەگەڕ. هەڵگرتنی گۆشەگیریش كە دەستمان پێكردووە پڕۆسەیەكە و لەناوخۆیدا چەند پڕۆسەیەكی دیكە هەڵدەگرێت.
پهیسهر: پێتوانیە بە خۆپیشاندان و رێپێوان گۆشەگیری هەڵدەگیرێت؟ یان پێویستە رێگای دیكە و شێوازی دیكەش تاقیبكرێتەوە؟
ئەبرۆ گونای: بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری هەموو رێگایەكی یاسایی گیراوەتەبەر. پێویستە شێوازی رەنگاورەنگ و جۆرا و جۆری دیكەی تاقیبكرێتەوە. دەبێت ئەم شێوازانە هاوشان بن لەگەڵ شێوازە یاساییەكان. بۆیە ئەم پرۆسەیە بەرفراوان دەكرێت و شێوازی نوێ لەگەڵ خۆی دێنێتەگۆڕێ. بەردەوامبوونی پڕۆسەكە لەگەڵ خۆیدا شێواز و هەوڵی نوێ بۆ برەودان دێنێتە گۆڕێ.
پهیسهر: ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان چ رەنگدانەوەی لەسەر گۆشەگیری دەبێت؟
ئەبرۆ گونای: ئەمرۆ ناتوانین حوكمێك لەسەر ئەمە بدەین. وەڵامەكەی بۆ ئەو كاتە هەڵدەگرین. بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا هەوڵەكان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری هەوڵی رۆژێك و دووان نیە، پەیوەست نیە بە هەڵبژاردن یان هەر رووداوێكی سیاسی دیكە. ئەمە پڕۆسەیە لەیلا گۆڤەن 101 رۆژە دەستی پێكردووە، خەریكە پڕۆسەكە بە پلان دەگاتە ئاستێكی ستراتیژی دەمدرێژ. پێموایە مانگرتن پێدوایستی ئەم پڕۆسەیە دابین دەكات.
دیسان لەبەر ئەوەی دەسەڵات پێش هەموو شتێك بیر لە چارەنووسی خۆی دەكاتەوە، بێگومان ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی كاریگەری بە رووی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر هەڵوێستی حكوومەت و دەوڵەت دەبێت لەبارەی گۆشەگیری.
ئەبرۆ گونای كێیە؟
ئەبرۆ گونای لە هەڵبژاردنی 24 حوەزیرانی 2018 بووە نوێنەری شاری ماردین لەسەر لیستی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیادا.
لە ساڵی 1982 لە بینگۆل لە دایكبووە، كە لەچاو شارەكانی دیكەی باكووری كوردستان كەمترین پشتگیری لە بزوتنەوەی كورد دەكات، شوێنی موحافەزەكارە كوردەكانە كە بەردەوام پاڵپشتی لە حكوومەتی ناوەند لە ئەنقەرە دەكەن.
ئەبرۆ لە ساڵی 2008 كۆلیژی یاسا لە زانكۆی دیجلە ئامەد تەواو دەكات و دەست بەكاری پارێزەری دەكات. هەروەها دەبێتە یەكێك لە ئەندامانی ستافی پارێزەرانی عەبدولڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە. چەند جارێكیش دەچێتە گرتووخانەی ئیمڕالی و چاوی بە ئۆجالان دەكەوێت. لەساڵی 2009 بە بیانووی ئەندامیەتی لە رێكخراوێكی نایاسایی دەستگیر دەكرێت و ماوەی پێنج ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە. دوای ئازادبوونی لە ساڵی 2014 لە زانكۆی بیلگی لە ئیستانبۆڵ بڕوانامەی ماستەر لەبارەی مافەكانی مرۆڤ بەدەست دێنێت.