چاوپیکەوتن

01:04 - 17/03/2019

زوبێر ئایدار: یەكێتی ئەوروپا ناتوانێ پەكەكە بخاتە لیستی تیرۆرەوە‌

پەیسەر پرێس

لە ساڵی 2010 داواكاری گشتی بەلجیكا و وەزارەتی دەرەوەی توركیا سكاڵایان لە دژی 36 كەس لە سەركردەوە و بەڕێوەبەرانی پەكەكە لە بەڕێوەبەرایەتی لێپرسینەوە و تۆمەتباركردنی بڕۆكسل تۆماركرد و داوایان كرد ئەو كەسانە لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دادگایی بكرێن.

دوای تێپەڕبوونی 9 ساڵ بەسەر ئەم سكاڵایە، بەڕێوەبەرایەتی لێپرسینەوە و تۆمەتباركردن و لە 8 ئاداری 2019، رایگەیاند ناكرێت ئەو 36 كەسە كە داواكاری گشتی و وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوا دەكات لە چوارچێوەی یاساكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دادگایی بكرێن. 
پەیسەر پرێس بۆ خستنەڕووی وردەكاری ئەم دۆسیەیە و هەوڵەكانی دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر، ئەم دیمانەیە لەگەڵ زوبێر ئایدار ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی كەجەكە (كۆما جڤاكێن كوردستان) سازكرد، كە خۆشی یەكێكە لەو 36 كەسەی توركیا و داواكاری گشتی بەلجیكا داوای دادگایی كردنی دەكرد. 

پەیسەر پرێس:دادگاى بەلجیكا لە رۆژى ٨ى ئاداردا رایگەیاند كە كردەوەكانى پەكەكە لە چوارچێوەى تیرۆر دانیە. ئەم بڕیارە چاوەڕوانكراو بوو بۆ ئێوە؟
زوبێر ئایدار: چاوەڕوانی بڕیارێكی بەم شێوەیەمان دەكرد. چونكە ئەمە بریاری یەكەمین نیە، ئەمە بڕیاری پێنجەمینە كە لەم سێ ساڵەی دوایی لە دادگاكانی (بڕۆكسل) دا دراوە. پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بڕیاری هاوشێوەی ئەم بڕیارە دراوە.
دۆسیەی یەكەمین، سەبارەت بە كوردێك بوو، تۆمەتبار دەكرا، بە رەوانەكردنی كەرستەی شەڕ بۆ پەكەكە. دادگا ئەو كەسەی بەبێ تاوان لە قەڵەمدا. لە بڕیاری كۆتاییدا دەڵێت:" هاوكاریكردنی پەكەكە تاوان نیە".


دۆسیەی دووەمینیش دۆسیەی تاوانباركردنی 36 كەس بوو بە كردەوەی تیرۆریستی كە منیش یەكێكم لەو كەسانە. لە دۆسیەی دووەمیندا، پێشتر دادگا بریارێكی دەركرد، كە پەكەكە بزوتنەوەیەكی تیرۆریستی نیە، بانگەشەكانی داواكاری گشتی بەدوور لە راستی لە قەڵەمدا، بڕیاری بێ تاوانی ئەو 36 كەسەی دەركرد. لە شرۆڤەی بڕیارەكەشیدا پەكەكەی نەوەكو بە بزوتنەوەیەكی تیرۆریستی بەڵكو بەلایەنێكی شەڕ وەسف كرد. بەڵام داواكاری گشتی و دەوڵەتی توركیا تانەیان لەم بڕیارەدا، دۆسیەكە گواسترایەوە بۆ دادگایەكی بەرزتر، لەوێشدا بەرگریمان كرد، بەهەمان شێوە ئەم دادگایەش بریاری لە بەرژەوەندی ئێمەدا دەركرد. دووپاتی كردەوە "ئەوانە تیرۆریست نین". جارێكی دیكە داواكاری گشتی و توركیا تانەیان لە بڕیارەكە دایەوە، ئەمجارە دۆسیەكە گەیشتە دادگایی هەرە بەرزی بەلجیكا. دادگای هەرە باڵا، داوای لە بەڕێوەبەرایەتی لێپرسینەوە و تۆمەتبار كردن كرد جارێكی دیكە بە دۆسیەكەدا بچێتەوە، تا دواجار دادگا لە 8ى مانگ بڕیاری كۆتایی راگەیاند.
لەدوای مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا، پێنج دانیشتنی دادگا ئەنجامدراوە، دانیشتنی هەرە دوایی 19 مانگی كانوونی دووەمی رابردوو بوو، دادگا رایگەیاند ئەوان گەیشتوونەتە بریاری كۆتایی و لە سەرەتای مانگی ئاداردا بڕیارەكەیان ئاشكرا دەكەن. بۆ ئێمە ئەم بڕیارە چاوەڕواننەكراو بوو. بەڵام بڕیاری ئەمجارە لە بریاری جارانی پێشوو بەرفراوانترە. بەشێوەیەكی سیستەماتیك شرۆڤەی پڕۆسەكەی كردووە. هەروەكو ئێمە لە بەرگرینامەكەدا ئاماژەمان پێكردبوو، كە ناكرێت پەكەكە وەكو رێكخستنێكی تیرۆریستی لە قەڵەم بدرێت. 

بەڵكو لایەنێكی شەڕە مافی ئەوەی هەیە، لەدژی هێڕشەكانی دەوڵەتی توركیا خۆی بپارێزێت. دادگا ئەو بەرگرینامەیەی ئێمە بە واقیعی لە قەڵەمدا و رایگەیاند كە ئەو 36 كەسە تاوانبار نین. بڕیاری لەم شێوەیەدا تەنیا لە بەلجیكا دەرنەكراوە، ماوەیەكە بڕیاری هاوشێوەی دادگای بەلجیكا لە دادگا نێودەوڵەتیەكانیشدا دەدرێن. دژ بە لیستی تیرۆری یەكێتی ئەوروپا كە پەكەكە وەكو بزوتنەوەیەكی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدات، سكاڵامان لە دیوانی دادپەروەری یەكێتی ئەوروپا لە لۆكسمبۆرگ تۆمار كرد. ئەو دادگایەش لە 15 تشرینی دووەمی 2018 دا بریاری دەركرد، بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لەبەردەست دایە، یەكێتی ئەوروپا ناتوانێ پەكەكە بخاتە لیستی تیرۆرەوە. پەكەكە بزوتنەوەیەكی تیرۆریستی نیە. بڕیاری دادگای لۆكسمبۆرگ هەموو یەكێتی ئەوروپا دەگرێتەوە. لیستی یەكێتی ئەوروپا لە ساڵی 2014، 2015، 2016، 2017 هەڵوەشێندرایەوە. یەكێتی ئەوروپا تانەی لەم بڕیارە داوە. ئێمەش لەدژی ئەم تانەیە سكاڵامان كردووە، پڕۆسەكە درێژەی هەیە. 

په‌یسه‌رپرێس: پێتوایە توركیا بڕیارەكەى دادگاى بەلجیكى تەمیز بكاتەوە و رێگای دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا بگرێتەبەر؟


زوبێر ئایدار: دوای بڕیاری دادگای بڕۆكسل، توركیا ناڕازیبوونی خۆی نیشاندا. لەمەدا دیار دەبێت توركیا بڕیارەكە تەمیز دەكاتەوە. بەڵام هێشتا دیارنیە داواكاری گشتی بەلجیكا بڕیارەكە تەمیز دەكاتەوە یان نا. كاتێك سەیری ناوەڕۆكی بریارەكە دەكەین زۆر بە رێكوپێكی داڕێژراوە. مافی تەمیزكردنەوەی بڕیارەكەیان هەیە، زەحمەتیشە دادگای باڵا بریارەكە هەڵوەشێنێتەوە.  بەڵام توركیا ئەو مەسەلەیە ناگوازێتەوە بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا. چونكە دەزانێ دادگای ناوبراو لە بەرژەوەندی توركیا بڕیار نادات. لەبەر ئەوەی ئەم دادگایە پەیوەستە بە مافی مرۆڤ، توركیا ناتوانێ بە تیرۆریست لە قەڵەمدانی پەكەكە بباتە ئەم دادگایە. بەڵام بڕیارەكە تەمیز دەكەنەوە. پێموایە لە دادگای تەمیزیش بڕیارەكە لە بەرژەوەندی ئێمەدا دەبێت.

په‌یسه‌رپرێس: بەڕێزتان یەكێكن لەو 36 كەسەی لە دادگایى بەلجیكا دادگایى دەكران. دانیشتنى ئەمجارەى دادگا چ جیاوازیەكى هەبوو لەگەڵ دانیشتنەكانى پێشووتر؟
زوبێر ئایدار: لە هەموو دانیشتنەكانی دادگادا بەشداریم كردووە. وەكو نەریت و ئسوڵی دادگا شتێكی جیاوازم بەدی نەكرد. بەڵام لە رووی بەرگریكردن و خستنەڕووی بەڵگەكاندا، لەجاران بەهێزتربووین. داواكاری گشتی مكوڕ بوو لەسەر بانگەشەكانی پێشووی شتێكی نوێی لەبەر دەستدا نەبوو. بانگەشەكانیش بانگەشەی داواكاری گشتی نەبوون، بەڵكو ئەو بانگەشانەن كە لە لایەنی توركی وەریگرتووە. واتە تاوانێكی نەخستە ئەستۆی ئەمە كە لە بەلجیكادا ئەنجام درابێت. داواكاری گشتی ناڵێت ئێوە لە بەلجیكا یاسایەكی دیاریكراوتان پێشێڵكردووە. هەموو ئەو شتانەی وەكو بەڵگەی رادەستی دادگای كردووە لەبارەی شەڕی پەكەكە بووە لەگەڵ توركیادا. دەڵێت:" پەكەكە بزوتنەوەیەكی تیرۆریستیە لە دژی توركیا شەڕ دەكات". ئێمە لە بەرگرینامەكەماندا، جەختمان لەوە كردەوە كە ئێمە گەلێكی ژێر دەستەین و بۆ گەیشتنە ئازادی جگە لە شەڕ هیچ رێگایەكی دیكەمان نەماوە. دەوڵەتی توركیا هەموو جۆرە مافێكی زەوت كردووین و هەوڵی سرینەوەی كورد دەدات، ئێمەش بەرگری لەخۆمان دەكەین. جەختمان لەوە كردەوە كە دەبێت دادگا رەخنە لە كورد بگرێت بۆچی لەدژی توركیا باشتر بەرگری لەخۆ نەكردووە. واتە لەهەموو دادگاكان و دانیشتنەكاندا شێوازی بەرگری ئێمە لە یاسایی زیاتر شێوازێكی سیاسی بووە. 

په‌یسه‌رپرێس:بڕیارى دادگاى بەلجیكا بڕیارێكى یاسایى بوو، یان لەناوەڕۆكدا پەیامێكى سیاسیش لەخۆ دەگرێت؟ ئەگەر پەیامى سیاسیانەى هەبێت پەیامەكە چیە؟
زوبێر ئایدار: بڕیاری دادگا بڕیارێكی سیاسی نیە، بڕیارێكی یاساییە. دادگا بە گوێرەی یاسا و ماف بڕیاری داوە.  بەپێچەوانەوە بڕیاری یەكێتی ئەوروپا، بڕیاری دەوڵەتی بەلجیكا كە ئێمەیان خستۆتە ناو لیستی تیرۆر، هەروەها بڕیاری دەوڵەتی بەلجیكا و دەوڵەتی تورك كە بەیەكەوە لەدژی ئێمە ئۆپاراسیۆنیان ئەنجامدا، بڕیاری سیاسین. 

واتە پێشتر كە لیستی تیرۆری یەكێتی ئەوروپا ئامادە كراوە، بڕیارێكی سیاسیە. چونكە ئەم لیستەیە بە بڕیاری دادگا دروست نەكراوە. چەند كەسێكی سیاسی كۆبوونەتەوە، بەگوێرەی بەرژەوەندیەكانیان بڕیاریان داوە، ناوی پەكەكە بخەنە لیستی تیرۆرەوە. هۆكارەكەشی دیارە، چونكە لەگەڵ توركیا مامەڵە و سەودایان هەیە. ئێمە لە بەرگرینامەكەمان لە دادگا جەختمان لەوە كردۆتەوە كە بە تیرۆر تاوانباركردنی ئێمە بە تەواوەتی لەسەر ویستی دەوڵەتی توركیادا بووە. جگە لەوە هیچ بنەمایەكی دیكەی نیە. كەس پێم ناڵێ لە بەلجیكا ماڵێكت بەرباران كردووە، یان یاسایەكی بەلجیكات پێشێڵ كردووە. پێم دەڵێن بۆچی لەدژی دەوڵەتی توركیا شەڕ دەكەیت. بۆچی بەرگری لە مافی كورد دەكەیت و رێكخراوی سیاسی دروست دەكەیت. بەر لە تۆمەتباركردنمان، ویكلێكس چەندین بەڵگەی لەبارەی سەودا و مامەڵەی توركیا و بەلجیكا بڵاوكردەوە. بەرپرسانی ئەمریكی لەو كاتەدا چۆن رۆڵیان بینیووە لە دانیشتنی توركیا و بەلجیكا. باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بڕۆكسل چ رۆڵێكی بینیووە، هەموو بەڵگەكان خرانەڕوو. باسی یەكە بەیەكەی ناوەكانن دەكەن و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی سزادانمان دەكەن. كەواتە كەسانی سیاسی گفتوگۆیان كردووە و لەدژی ئێمە پلانی ئۆپه‌راسیۆنیان داڕشتووە. 
دواتر پۆلیس و داواكاری گشتی جوڵێندراون. لە دوای هەموویاندا مەسەلەكە هاتۆتە دادگاوە. كاتێك دادگا سكاڵای سیاسی داواكاری گشتی دەبینێت بڕیارێكی یاسایی گرت و بڕیاری ئەوانی هەڵوەشاندەوە. بە راشكاوانە پێی گووتن ئێوە ناتوانن ئەو كەسانە دەستگیربكەن و تاوانباریان بكەن. بۆیە دووپاتی دەكەینەوە بڕیاری دادگا یاساییە، بەڵام بڕیاری ئەوان لەدژی ئێمە سیاسیە. 

په‌یسه‌رپرێس:ماوەیەكە لە میدیاى جیهانى و نێودەوڵەتى باس لە مەسەلەى دەرخستنى پەكەكە لە لیستى تیرۆر دەكرێت. پێتوایە بڕیارى دادگاى بەلجیكى خزمەت بەو تەوەرەیە بكات؟
زوبێر ئایدار: ماوەیەكە تا دەچێت گفتوگۆ دەربارەی كورد زیاتر دەبێت. بەتایبەتی دوای ئەو خۆڕاگریەی لە شەنگال لەدژی داعش لە 2014دا، كە گەریلا بە هاواری خەڵكی شەنگالەوە چوو، لە سەنگەرەكانی شەڕ لەدژی داعش چاڵاكبوون، ئەم مەسەلانە لەناو چاپەمەنی جیهانیدا جێگایەكی بەرفراوانی پێدەدرێت. دوای شەنگالیش كە خۆڕاگری كۆبانێ و رۆژئاوای كوردستان، بووە رۆژەڤی سەرەكی جیهان. لەم بەروارە بە دواوە جیهاندا باشتر گوێ لە دەنگی كورد دەگرێت. لە ئاستی جیهاندا خۆشەویستی بۆ كورد پەیدابووە، كاریگەری لەسەر رای گشتی و سیاسەت بەجێهێشتووە. هەروەها كاریگەری لەسەر پڕۆسەكانی ناو دادگاشدا كردووە. بەجێهێشتنی كاریگەریش لێكەوتەیەكی ئاساییە. وەكو ئاماژەم پێكرد لەم سێ ساڵەی دواییدا لە دادگای برۆكسل پێنج بڕیاری لەم شێوەیە دراوە. 

راستە لایەنەكانی دیكە تانە لەم بڕیارانە دەدەن، بەڵام تانەكانیان بێ ئەنجام دەبێت. لە دیوانی دادپەروەری یەكێتی ئەوروپادا بڕیارێك دراوە كە زۆر كەس چاوەڕوانی نەدەكرد. هەموو ئەمانە ئەو كاریگەرە ئەرێنیەن كە بزوتنەوە كوردی بە خوێن و ماندووبوون دروستی كردووە. ئاماژەیە كە كورد توانیوویەتی خۆی بخاتە چاوی جیهانەوە. كەواتە رای گشتی جیهان لە بەرامبەر كورد دەگۆڕدرێت. لەمبارەیەوە كارێكی بەرفراوان كراوە. ئێمە بڕیاری دادگای بەلجیكی بۆ چەندین زمان وەردەگێڕین و بڵاوی دەكەینەوە. پێموایە ئەمەش خزمەتێكی جدی دەكات كە دەبێتە بنەمایەك بۆ دەرهێنانی ناوی پەكەكە لە لیستی تیرۆر. 

په‌یسه‌رپرێس: دادگاى بەلجیكا داوا لە یەكێتى ئەوروپا دەكات هەنگاو بەرەو دەرهێنانى پەكەكە لە لیستى تیرۆردا بنێت. پێتوایە یەكێتى ئەوروپا وەڵامێكى ئەرێنى داواكارى دادگاى بەلجیكا بداتەوە؟
زوبێر ئایدار: دادگاى بڕۆكسل بۆى نیە راستەوخۆ ئەم داوایە ئاراستەى یەكێتى ئەوروپا بكات. دەسەڵاتێكى بەم شێوەیەى نیە. بەڵام مافى ئەوەى هەیە بڵێت:" پەكەكە بزوتنەوەیەكى تیرۆریستى نیە". شرۆڤەى بڕیارەكەى دادگاى بەلجیكا كاریگەرى لە یەكێتى ئەوروپادا دەكات. دیوانى دادپەروەرى یەكێتى ئەوروپا، لە لۆكسمبۆرگ كە ئێمە تیایدا سكاڵامان لەسەر یەكێتى ئەوروپا تۆمار كردووە، ئەو ماف و دەسەڵاتەى هەیە داوا لە یەكێتى ئەوروپا بكات پەكەكە لە لیستى تیرۆر دەربێنێت. بڕیارەكانى دیوانى دادپەروەرى یەكێتى ئەوروپا پابەند دەكات بە جێبەجێ كردنیان. هەرچى بڕیارەكانى دادگاى بەلجیكا تەنیا حكوومەتى بەلجیكا پابەند دەكات. بەڵام ئەم بڕیارە كاریگەرى جدى لەسەر لیستى تیرۆرى یەكێتى ئەوروپا بەجێدێڵێت. ئێمە بڕیارى دادگاى بەلجیكا رادەستى دیوانى دادپەروەرى یەكێتى ئەوروپا دەكەین. چونكە لە ئێستادا یەكێتى ئەوروپا تانەى لە بڕیارى دیوانى دادپەروەرى داوە كە دەخوازێت پەكەكە لە لیستى تیرۆر دەربهێندرێت. هەروەها هێشتا یەكێتى ئەوروپا پەكەكەى لە لیستى تیرۆر دەرنەخستووە. ٩ مانگى كانوونى دووەمى رابردوو، جارێكى دیكە ناوى پەكەكەى خستە لیستى تیرۆرەوە، ئێمەش سكاڵامان لەمبارەیەوە تۆمار كرد. لە ٧ ئەم مانگە (٧ ئادارى ٢٠١٩) جارێكى دیكە سكاڵامان لەسەر لیستى تیرۆرى یەكێتى ئەوروپا تۆمار كردەوە. لەمبارەیەوە بڕیارى دادگاى بەلجیكى وەكو بەڵگەیەكى بەهێز دەستى ئێمە بەهێزتر دەكات. چونكە لە پایتەختى یەكێتى ئەوروپا ئەم بڕیارە دراوە. بڕۆكسل پێگەیەكى بەهێزى هەیە، بۆ ئەمەش كاریگەرى لەسەر لیستى تیرۆرى یەكێتى ئەوروپادا دەكات. ئەم بڕیارە و بڕیارەكانى پێشووتریش بەهەموو شێوەیەك بەكار دێنین بۆ ئەوەى پەكەكە لە لیستى تیرۆر بێتەدەرەوە.

په‌یسه‌رپرێس: پێتوایە رێگاى دەرهێنانى پەكەكە لە لیستى تیرۆر لە كوێ دەست پێدەكات. دەبێت سەرەتا یەكێتى ئەوروپا هەنگاو بنێت، یان وڵاتانى یەكێتى ئەوروپا؟
زوبێر ئایدار: مەسەلەى لیستى تیرۆر مەسەلەیەكى جدیە. پێویستى بە كەمپینێكى بەرفراوانە، بەساڵانە كارى لەسەر دەكەین. لە ساڵى ٢٠١٥ لە پەرلەمانى یەكێتى ئەوروپادا كەمپینى واژو كۆكردنەوە دەستپێكرا. كە زیاتر لە ١٢٠ پەرله‌مانتار واژویان كرد و داوایان كرد پەكەكە لە لیستى تیرۆر دەربهێندرێت. لیستى تیرۆرى یەكێتى ئەوروپایان بە لیستێكى ناڕەوا وەسف كرد. دەست بە كەمپینى دیكەى سیاسى و دیپلۆماسى دەكرێت. پەیوەست بەو هەموو بڕیارانەى دەربارەى كورد گیراوە، لەم لیستەیەدا سكاڵا تۆمار دەكەین و رێچكەى یاسایى دەگرینەبەر. ئەمە پڕۆسەیەكە. لەناو یەكە بەیەكەى وڵاتانى یەكێتى ئەوروپادا، دەست بەم پڕۆسەیە دەكەین. لە دادگا، دامەزراوەكانى حكوومەت، پەرلەمان و دامەزراوە سیاسیەكاندا دەست بە ئەم كەمپینانە دەكەین. لە ناو دامەزراوەكانى یەكێتى ئەوروپا بەهەمان شێوە هەموو رێوشوێنەكان دەگرینەبەر. هەوڵ دەدەین هەموو ئەم كەمپینانە لە ئەمریكاش رێكبخەین. چونكە سەرەتا ئەمریكا ئەم لیستەى دروست كردووە، دواتر ئەوروپیەكان. تا دەچێت دەستى ئێمە بەهێزتر دەبێت، كەرستەى زیاترمان دەست دەكەوێت. بەشێوەیەكى رێكخراو پلانكراو ئەم پڕۆسەیە دەگرینەبەر. بە گوێرەى ئەمەش ئامادەكارى كراوە. كۆمیتەى یاسایى و كۆمیتەى دیپلۆماسى ئەم كارەیان كردۆتە رۆژەڤى سەرەكى خۆیان. 


په‌یسه‌رپرێس: لە رووى دیپلۆماسیەوە پێویستە چى بكرێت بۆ ئەوەى پەكەكە لە لیستى تیرۆر دەربهێندرێت؟

زوبێر ئایدار: لیستى تیرۆر لیستێكى نادادپەروەرانەیە. ئەگەر چاوێك بە مامەڵەى دەوڵەتان لەگەڵ یەكتر دابخشێنینەوە، دەبینین كە بە شێوەیەكى ناڕەوا پەكەكە خراوەتە لیستى تیرۆرەوە. بۆ ئەمە پێویستمان بە كار و تەڤگەرێكى بەرفراوان هەیە. ئەوەى هەیە پێویستە بەرفراوانتر بكرێت. ئەمریكا دەربارەى پەكەكە سێ لیستى تیرۆرى دروست كردووە. وەكو بزوتنەوە پەكەكەى خستۆتە لیستى تیرۆرەوە. ئەوە بەشى نەكرد، ٨ ئەندامى ئەم بزوتنەوەیە كە من (زوبێر ئایدار)یش یەكێكم لەو ٨ ئەندامە وەكو قاچاخچى ماددە بێ هۆشكەرەكان لە قەڵەم داوە. وەكو ئەوەى ئێمە بازرگانى ماددە بێهۆشكەرەكان بین. كە زۆر زاڵمانانە و ناڕەوایە. هیچ كەس لەو ٨ ئەندامە نەوەكو ماددەى بێهۆشكەر بەكارناهێنین بگرە جگەرەش ناكێشین. نازانین رەنگ و شێوەى ئەم ماددەیە چۆنە. ئێمە بزوتنەوەیەكى مرۆڤایەتین و تا سەر دژ بە بەكارهێنان و بازرگانیكردنین بەم ماددانە. بەڵام بە ئاشكرا دیارە ئەمە داواى توركیایە، لەبەر ئەوەى بەرژەوەندى ئەوان لەگەڵ توركیا دایە، ئێمەیان خستۆتە ناو ئەم لیستانە. هەروەها بەر لە چەند مانگێك دیسان بۆ خاترى توركیا سێ هەڤاڵى ئێمە (جەمیل بایك، دوران كاڵكان، موراد قەرەیڵان) خستنە ناو لیستى كەسە مەترسیدارەكان لەسەر ئاسایشى ئەمریكا. 

بۆ ئەم مەبەستە خەڵاتیشیان دیاریكرد بۆ ئەو كەسەى كە بتوانێ شوێنى ئەوانە ئاشكرا بكات. لیستى یەكێتى ئەوروپاش لە مامەڵەى بەم شێوەیەدا دروستكراوە. بۆ نەهێشتنى ئەم دادپەروەریە، دەبێت دیپلۆماسى كوردى خاوەن پلان و پڕۆژە بێت. رێگاى بەكارهێنانى لۆبى، دیپلۆماسى، راگەیاندن و یاسایى بەكاربێنێت. بەرنامەمان بۆ هەموو ئەمانە داڕشتووە. بە ساڵانە ئەم كارە دەكەین، هەنگاو بە هەنگاو ئەنجامەكانى دەردەكەون. پێموایە ئەنجامى باشتریش بەدەست دێنین. بەڵام دەبێت ئاماژەى پێبكەین، كە ئەم مەسەلەیە تەنیا بە پەكەكەوە پەیوەست نیە. دەوڵەتى تورك هەر كوردێك داواى مافەكانى بكات مۆركى پەكەكەى پێوە دەلكێنێت و هەوڵ دەدات بێ كاریگەرى بكات. هەبوونى ئەم لیستانەش بەكاردێنێت. بۆ نموونە پەرلەمانتاران دەگرێت، بە جیهان دەڵێت ئەوانە لایەنگرى پەكەكەنە، ئێوەش پەكەكە بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدەن. بۆیە پێویستە هەموو كورد ئەم خەباتە بكات. 

په‌یسه‌رپرێس: پێتوایە زەمینەى نێودەوڵەتى و ناوچەیى لەبارە بۆ ئەوەى پەكەكە لە لیستى تیرۆر دربهێندرێت؟
زوبێر ئایدار: زەمینەى دەرخستنى پەكەكە لە ئارادا هەیە. بڕیارى وڵاتان بە سوك و ئاسانى هەڵناوەشێنەوە. چونكە پەیوەندى نێوان دەوڵەتان لەسەر بنەماى مامەڵە و سەودا دروستكراوە. ئەم پەیوەندیانە بنەماى ئەخلاقیان نیە. بنەماى یاساییان نیە. دەوڵەت لەگەڵ یەكتر مامەڵە و سەودا دەكەن. لەسەر بنەماى دان و ستاندنە. ئەو وڵاتانەى لەگەڵ توركیا پەیوەندیان هەیە، دەزانن توركیا چەند لە مەسەلەى كورد دەترسێت، ئەمە بەكاردێنن و لەسەر حسابى كورد و پەكەكە مامەڵە و سەودا دەكەن. لە ئێستادا دەوڵەتى توركیا وەكو رابردوو بەهێز نیە. كورد لەچاو رابردوو زۆر بەهێزتر بووە. ئیتر جیهان حسابمان بۆ دەكات. لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا كورد لەگەڵ زلێهزى وەكو ئەمریكا و وڵاتانى دیكە رۆژئاوادا لە شەڕكردن لەدژى داعش و جیهادیەكان لەیەك سەنگەر دانە. ئەوە بووە هۆكارێك بۆ ئەوەى جیهان باشتر كورد بناسێت. شەڕى هەرە توند و هەرە ئەنجامگیر لەدژى داعشدا كورد كردى. چ لە رۆژئاواى كوردستاندا بێت یان لە باشوورى كوردستان. 

جیهان ئەمە دەبینێت. هەروەها ئەو رژێمانەى كورد دەخەنە لیستى تیرۆرەوە و زوڵم لە كورد دەكەن وەكو رابردوو لە بارودۆخێكى باش دانین. ئێران لەبەرچاوە، عێراقیش بەهەمان شێوە. توركیا ئەندامى ناتۆ و كۆنسەى ئەوروپایە. بەر ئەندامى یەكێتى ئەوروپایە، ٧٠ ساڵە لەناو كەمپى سەربازى جیهانى رۆژئاوا جێگەى گرتووە، واتە دۆستایەتیەكى دێرینى لەگەڵ وڵاتانى ئەمریكا و ئەوروپادا هەیە. بۆ ئەمە ئەنجامدانى كارى دیپلۆماسى ئەوەندە ئاسان نیە، بەڵام لە ئێستادا تا دەچێت رژێمى تەیب ئەردۆغان لەم كەمپە دوور دەكەوێتەوە. توركیا بەدواى دەرگا و رێكچەى جیاوازدا دەگەرێت. پەیوەندیەكانى لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپادا ئاڵۆز دەبێت. ئەمەش زەمینەمان بۆ دەڕخسێنێت، تا باشتر لەمبارەیەوە كاربكەین. زەمینەى باشتر بەڕێوەبردنى كارى دیپلۆماسى، سیاسى و یاسایى لە ئارادایە. زەمینەى ئەوە دروست بووە پەكەكە لە لیستى تیرۆر دەربكەوێت. 

په‌یسه‌ر پرێس: پێتوایە پەكەكە ئەو هەنگاوانەى ناوە بۆ ئەوەى لە لیستى تیرۆر بێتە دەرەوە؟
زوبێر ئایدار: پەكەكە هێزێكى ئازادیخوازە، هیچ هەنگاوێكى نەناوە تاوەكو بخرێتە لیستى تیرۆرەوە. واتا بە تیرۆر ناساندنى پەكەكە تەنیا پەیوەستە بە پەیوەندى دەوڵەتان لەگەڵ توركیادا. ئەو دەوڵەتانە هەموویان دۆستى توركیانە، توركیا ئەندامى ناتۆیە. پەكەكە لەدژى دەوڵەتى توركیا شەڕى جاڕدا، ئەوانیش دەڵێن بۆچى لەدژى دۆستى ئێمەدا دەكەونە شەڕ. لەناو ئەو هەموو سەودا و مامەڵەیە ناوى پەكەكە كەوتە لیستى تیرۆرەوە. دەبووایە پەكەكە لەم لیستانەدا نەبووایە. كەواتە هەر لەسەرەتاوە ئەم لیستانە لیستى ناڕەوان. پەكەكە هیچ كاتێك كارێكى بەدەر لە ئازادیخوازى ئەنجام نەداوە. پەكەكە بزوتنەوەیەكى مرۆڤایەتیە. بەرگرى لە مافى میللەتێكى ژێردەستە دەكات. پێویستە پەكەكە بە رەنگى خۆى راستى ببیندرێت. پەكەكە بەهەموو هەنگاوەكانى دژ بە پرەنسیپەكانى ئەم لیستانەیە، پێویستە لەسەر پەكەكە نەسەپێندرێن. پێویستە كەس نەڵێت پەكەكە هۆكار بووە بۆ ئەوەى ناوى بكەوێتە لیستى تیرۆر. ئەم لێكدانەوەیە هیچ بنەمایەكى راستى و زانستى تێدانیە.