لێکۆڵینەوە

04:20 - 06/05/2019

زۆربوونی داهاتی نەوت بە واتای پەرەپێدانی ئابووری دێت؟‌

فەرهاد سلێمانپوور

وشەی گەشە  واتە زۆربوونی چەندییەتی (ڕادەی) گۆڕاوێک لە ماوەیەکدا.
پێناسەی گەشەی ئابووری : گەشەی ئابووری لایەنی چەندییەتی دەگرێتەوە نەک چۆنییەتی. بۆ نموونە کە باسی گەشەی منداڵ دەکرێت، ئەوا مەبەست لێی باڵاکردنی منداڵە. یان کاتێک باسی گەشەی کارگەیەکی پیشەسازی دەکرێت، ئەوا مەبەست لێی زۆربوونی بڕی بەرهەمهێنانی کارگەکەیە. یان ئەگەر باسی گەشەی ئابووریی وڵاتێک کرا، مەبەست لێی زۆربوونی بڕی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتەیە. 

پێناسەیەکی وردتر دەڵێت:
گەشەی ئابووری واتە زۆربوونی بەرهەمی ڕاستەقینەی سەرانەی وڵاتێک لە ماوەیەکی درێژخایەندا. 

بۆچی ئەم پێناسەیە وردترە؟
a. بەکارهێنانی وشەی ڕاستەقینە بۆ نەهێشتنی کاریگەریی زۆربوونی ئاستی گشتی نرخەکانە.
b. بۆئەوەی بە ئاکامێکی (ئەنجامێکی) ڕاست و دروست بگەین و بتوانین وڵات بەپێی ساڵەکان بەراورد بکەین، یان لەگەڵ وڵاتانی تردا بەپێی رێژەی دانیشتوانی جیاواز بەراوردی بکەین.
c. هۆکاری بەکارهێنانی درێژخایەن بۆ بەردەوامیەتی گەشەی ئابوورییە. چونکە هێندێ جار لەوانەیە بۆ نموونە بە هۆی هەڵکشانی نرخەوە یان بەرهەمهێنانی شمەکێکی دیاریکراوەوە، بۆ ماوەیەکی کاتی گەشەیەک بە دی بکرێت، کە ئەمە پێوەرێکی گونجاو نییە.

لە ساڵانی دەیەی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا مەبەست لە پەرەپێدانی ئابووری زیاتر گەشەی ئابووری و زۆربوونی خێرای کۆ بەرهەمی ناوخۆ (GDP) بوو. ئابووریناسان و سیاسەتوانانی تێکڕای وڵاتانی پێشکەوتوو و پاشکەوتوو و سەرمایەداری و سۆسیالیستی، بەدیهێنانی ڕێژەی زۆری گەشەیان بۆ بەدیهێنانی پەرەپێدان بە ئامانجی سەرەکی دادەنا. وەک چۆن مایکڵ پاوڵ تۆدارۆ  دەیگووت،''گەشە سالاری  ببوو بە پیشەی وڵاتان.'' 

پەرەپێدانی ئابووری : پەرەپێدان هەم لایەنی چەندیی دەگرێتەوە هەم لایەنی چۆنیی. پەرەپێدان ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە گەشە نییەتی. وەک گوترا گەشە بریتییە لە زۆربوونی بەرهەمهێنانی وڵات، بەڵام پەرەپێدان زۆر زیاترە لە بەرهەمهێنانی زیاتر.

پرۆفیسۆر جراڵد مەیر : پەرەپێدانی ئابووری ئەو پڕۆسەیە کە بە هۆیەوە داهاتی ڕاستەقینەی سەرانەی وڵاتێک بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ (درێژخایەن) زۆر بێت. لەم پێناسەدا چەند خاڵێک هەیە:
a. زۆربوونی داهاتی ڕاستەقینەی سەرانە
b. زۆربوونەکە بەردەوام بێت
c. بۆ ماوەیەکی درێژ بێت نەک بۆ ماوەیەکی کورت یان کاتی

هەروەها جراڵد مەیر لە ئەنجامدا دەڵێت، ''پەرەپێدانی ئابووری ئامانج نییە بەڵکوو ئامرازە، ئامرازێکە بۆ کەمکردنەوەی هەژاریی زۆر و باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی. لە ڕوانگەی مەیرەوە پەرەپێدانی ئابووری تەنیا لایەنێکی کۆمەڵگە دەگرێتەوە کە ئەوەش ئابوورییە نەک هەموو لایەنێک.  

پرۆفیسۆر بلەک  دەڵێت،''پەرەپێدانی ئابووری بریتییە لە بەدیهێنانی کۆمەڵێک ئامانج و مەبەستی گونجاوی نوێکردنەوە (مۆدێڕنکردن) وەک زۆرکردنی بەرهەمداریی بەرهەمهێنان، بەدیهێنانی یەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەستخستنی زانست و زانیاری، تەکنیک و شارەزایی نوێ، باشترکردی دۆخی دامەزراوەکان و بیروڕاکان و، یان بە شێوەی لۆجیکی واتە بوونی سیستەمێکی هاوتەریب و هەماهەنگی کۆمەڵێک سیاسەتی جۆراوجۆر کە بتوانێ کێشەی زۆری دۆخێکی خراپی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکات.'' 

گانەر میرداڵ ، ''پەرەپێدانی ئابووری بریتییە لە بەرەوپێشچوونی سیستەمێکی یەکدەستی کۆمەڵایەتی، بە واتایەکی تر لێرەدا نەک تەنیا بایەخ بە شێوازەکانی بەرهەمهێنان، دابەشکردنی بەرهەم و ڕێژەی بەرهەمهێنان دەدرێت، بەڵکوو بایەخ بە گۆڕانکاریی لە ئاستی گوزەران، دامەزراوەکانی کۆمەڵگە، بیروڕا و سیاسەتەکانیش دەدرێت. 

کەواتە پەرەپێدانی ئابووری پڕۆسەی گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لە پێکهاتەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەدا. 

جیاوازییەکانی گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی ئابووری
لە ڕوانگەی بێرگێرەوە  ''گەشەی ئابووری واتە زۆربوونی بەرهەم، بەڵام پەرەپیدانی ئابورری واتە زۆربوونی بەرهەم و هەروەها گۆڕانکاری لە رێکخستن و چۆنییەتی تەکنەلۆجیا و دامەزراوەکان کە شمەک بەرهەم دەهێنن. 
بەبۆچوونی ئامارتیا سێن ، ''گەشەی ئابووری یەکێکە لە هۆکارەکانی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئابووری''. 

بەپێی لیژنەی شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان ، ''پەرەپێدانی ئابووری نەک تەنیا پێداویستییە مادییەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە، باشترکردنی دۆخی ژیانیشی دەگرێتەوە.'' 

کەواتە گەشەی ئابووری بریتییە لە زۆربوونی بەردەوام و جێگیری بەرهەمی شمەک و خزمەگوزاریی وڵاتێک لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە بە گشتی ساڵێکە.  نێشاندەری زۆربوونی کۆبەرهەمی ناوخۆی (GDP)[1] وڵاتە. ئەم چەمکە زیاتر پێوەندی بە وڵاتانی پەرگرتووەوە هەیە.

پەرپێدانی ئابووری چەمكێکی بەرفرەیە و زۆر زیاترە لە گەشەپێدانی ئابووری. ئاماژەیە بە زۆربوونی داهاتی ڕاستەقینەی وڵات[2] (ئابووری) و گۆڕانی پێکهاتەی ئابووری-کۆمەڵایەتی وڵاتێک لە ماوەی درێژخایەندا. پەرەپێدانی ئابووری زیاتر پێوەندی بە وڵاتانی پەرەئەستێنەوە هەیە.

وەک زانیمان گەشەی ئابووری جیاوازە لە پەرەپێدانی ئابووری. گەشە ئاماژەیە بە زۆربوونی بەرهەمهێنان یان داهاتی سەرانەی وڵات. ئەگەر بەرهەمهێنانی شمەک و خزمەتگوزاری لە وڵاتێکدا زۆر بێت، ئەوا بە گەشەی ئابووری دادەنرێت، بەڵام پەرەپێدانی ئابووری زۆر زیاترە لە گەشەپێدانی ئابووری.

خاڵێکی جێی سەرنج و زۆر گرنگ لەسەر زۆربوونی داهاتی سەرانە و GDP:
ناکرێ هەموو زۆربوونێکی داهاتی سەرانە بە نیشانەی پەرەپێدانی ئابووری دابنرێت. ئەوەی کە لە دەیەی ١٩٦٠ لە کۆریای باشوور و لە سەنگافورە و تایلەند ڕوویدا زۆر جیاوازە لەوەی کە لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک کوەیت، عێراق، لیبیا، سعودیا و ئێران و ..... هەیە، کە بە هۆی داهاتی نەوتەوە داهاتی سەرانیان زۆر بووە. زۆربوونی داهاتی سەرانەی ئەم وڵاتانە بۆ ئەندازیار و تەکنیکار و کۆمپانیای دەرەکی دەگەڕێتەوە کە لە بواری نەوتی ئەم وڵاتانە کار دەکەن و خەڵکی ئەم وڵاتانە کەمترین بەشداریان لەو کەرتەدا هەیە. کۆمپانیا دەرەکییەکان تەنیا یەک بەرهەم بەرهەم دەهێنن کە ئەوەش بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا، ئەوروپا، ژاپۆن و چەند وڵاتێکی ترە. ئەگەرچی پارەیەکی زۆر و زەوەند بە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت دەبڕێت، بەڵام خەڵکی ئەو وڵاتانە کەمترین بەشداریان لە بەرهەمهێنانی نەوتدا هەیە. ئەم زۆربوونەی داهاتی سەرانەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بە پەرەپێدانی ئابووری دانانرێت، چونکە پەرەپێدان جگە لەوەی کە داهاتی سەرانەی کۆریا، تایلەند و سەنگافوری ... زۆر کرد، پێکهاتەی ئابووری ئەو وڵاتانەشی گۆڕی، واتە ئەو وڵاتانە لە وڵاتی کشتوکاڵەوە بوون بە پیشەسازیی و زۆربەی خەڵکەکەیان لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی پیشەسازیی و کشتووکاڵدا بەشدارن. دوو لایەنی زۆر گرنگی ئەم گۆڕانە کە بریتییە لە زۆربوونی ڕێژەی بەشداری پیشەسازی و کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداری کشتووکاڵ لە بەرهەمی نیشتمانیدا، لەگەڵ زۆربوونی ڕێژەی شارنشینی لەچاو گوندنشینی، لە وڵاتانی خاوەن نەوتدا بەدی نەهاتن. خاڵێکی تر لە پەرەپێداندا ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵک دەبێ لە پڕۆسەکەدا بەشدار بن و، ئەکتەری سەرەکی ئەو پڕۆسە بن کە ئەم گۆڕانەی بەدی هێناوە. خەڵکی بیانی ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پڕۆسەکەدا هەیە، بەڵام ئەرکی سەرەکی دەبێ خەڵکی وڵاتەکە بیگێڕێت. بەشداربوون لە پڕۆسەی پەرەپێداندا واتە خەڵک لە بەر و دەسکەوتی پڕۆسەی پەرەپێدان و لە بەرهەمهێنانی ئەو بەر و پڕۆسەیەدا بەشدار بێت.

ئەگەر داهاتی نەوت و گازی ئەم وڵاتانە لە حسابی داهاتی نیشتمانیدا لەبەرچاو نەگرین، ئەوا ژمارەی داهاتی ڕاستەقینەی وڵات زیاتر دەردەکەوێ و ئەوە دەردەخات کە تا چەند خەڵک لە بەرهەمهێنانی داهاتی نانەوتیدا بەشدار بووە.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە بەرهەمی نەوت و گازی وڵاتانی خاوەن نەوتی رۆژهەڵات لە GDPیاندا هەژمار دەکرێت، کە ئەمە بە هەڵەمان دەبات و وادەزانین کە خەڵک بەشدار بووە لە زیادکردنی ساڵانەی GDPدا. بە هەمان شێوەی داهاتی سەرانە، ئەگەر نەوت و گاز لە GDPدا هەژمار نەکرێن ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە خەڵکی هەرکام لەم وڵاتانە بایی چەند شمەک و خزمەتگوزارییان لە ساڵدا دروست کردووە.

گەشەی ئابووریی مۆدێڕن چەمکێکی ترە کە لە لایەن سایمۆن کۆزێنتێس (براوەی خەڵاتی نۆبێل) بەکارهێنراە و ئاماژەیە بە ئابووری ئەم سەردەمە کە لە هی سەردەمی سەرمایەداری بازرگانی و فیوداڵیزم جیاوازە. ئێمە لەم سەردەمەدا دەژین، کەواتە هێشتا گشت لایەن و تایبەتمەندییەکانی ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە ڕەگەزی بنەڕەتی و سەرەکی ئەم پڕۆسەیە، بەکارهێنانی زانستە لە بەرهەمهێنانی ئابووریدا کە بۆ خۆی هۆکاری پیشەسازی، شارنشینی و تەنانەت تەقینەوەی ڕێژەی دانیشتوان بووە.

چەمکێکی تر، نوێکردنەوە (یان مۆدێڕنکردنە) کە زۆر زیاترە لە ئابووری و باس لە نوێکردنەوەی کۆمەڵگەیەک یان سیستمی سیاسی دەکات. پێناسەی ورد و گشتگیری ئەم چەمکە زۆر زەحمەتە، بۆیە لەم وتارەدا باس ناکرێت.
لە کۆتاییدا پەرەپێدان و گەشەپێدانی مۆدێڕنی ئابووریی زۆر زیاترن لە زۆربوونی بەرهەم یان داهاتی سەرانە، بەڵام هیچ پەرەپێدانێکی ئابووری بەبێ گەشەی ئابووری بەدی نایەت.