چاوپیکەوتن

01:48 - 26/06/2019

ئێران لە وەهمدا دەژی‌

پەیسەر

مەهدی نوربەخش چاودێری سیاسی و مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی هەریس بێرگی ئەمریکا پێیوایە ئەگەر ئێران لەم سیاسەت و رەفتارانەی ئێستای بەردەوام بێت و بە تایبەتیش لە عێراق گروپەکانی حەشدی شەعبی هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەوا جەنگ هەڵدەگیرسێت.

نوربەخش دەشڵێت ئەگەری بەهێز ئەوەیە  هاوشێوەی ئەوەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە دژی ژاپۆن کرا و بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ ئەمریکا چەکی ئەتۆمی لە دژی ژاپۆن بەکارهێنر ئەوا لەوانەیە سیناریۆیەکی هاوشێوە لە دژی ئێرانیش دووبارە بێتەوە، باس لەوەش دەکات ئەگەر جەنگ روو بدات ئەوا ئێران لەبەر یەک هەڵدەوەشێت، ماڵپەڕی فارسی زەیتون چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەهدی نوربەخش ئەنجام داوە کە بەهۆی گرنگی بابەتەکە، دەقی چاوپێکەوتنەکەمان وەک خۆی بە کوردی بڵاو دەکەینەوە.  

کۆمەڵێک رووداوو لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕوویاندا کە هەرکامیان دەیتوانی ببێتە بیانوویەک بۆ هەڵگیرسانی جەنگ، خۆشبەختانە جەنگ ڕووینەدا، ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەم دوو وڵاتە لە چ حاڵەتێکدا تووشی بەریەککەوتنی سەربازی دەبن و جەنگ روودەدات؟
بە بۆچوونی من بە هەندێک هۆکاری دیاریکراو هێشتا ئەمریکا پێی خۆش نییە بکەوێتە جەنگەوە لەگەڵ ئێران، هۆکاری یەکەم ئەوەیە ئیدارەی ترەمپ لە ناوخۆی ئەمریکادا پشتگیری بەشێکی زۆری سەرکردە و کەسە سیاسییەکانی ئەمریکای مسۆگەر نەکردووە، دیموکراتەکان بە توندی دژی جەنگن، کۆمارییەکانیش هەموویان کۆک نین لەسەر جەنگ.

نەخشەی گروپە ئەتنیكییەكانی ئێران

هۆکاری دووەم ئەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو کاتێک ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ هەیە، بەڵام کۆتاییەکەی ڕوون نییە کە چۆن دەبێت، هۆکاری سێیەمیش ئەوەیە ترەمپ کاتێک لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کشایەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا تا رادەیەکی زۆر پێگە و قورسایی کەوتە ژێر پرسیارەوە، چونکە هەموو جیهان پێیانوابوو ترەمپ بە هۆکاری سیاسی لە رێککەوتنەکە کشاوەتەوە بەوپێیەی نیوکۆنسێرڤاتیڤەکان لە کابینەکەی ترەمپدا پێگەی بەهێزیان هەیە و ناوبراویان هانداوە ئەم بڕیارە بدات، لەلایەکی دیکەشەوە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەستکەوتێکی گەورەی ئیدارەی ئۆباما بوو و ترەمپ پێی خۆش نەبوو ئەم رێککەوتنە لە مێژوودا ببێتە دەستکەوتێک بۆ ئیدارەی ئۆباما.

هۆکارێکی دیکەش بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ترەمپ لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە پاشگەزبووەتەوە لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران، ئەوەبوو کە ژەنەراڵەکانی سوپای ئەمریکا لە ئێستا دژی هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەندێک کەس لەناو کۆشکی سپیدا کاردەکەن بۆ هەڵگیرسانی جەنگ لەوانەش جۆن بۆڵتن، لەناو کۆنگرێسیشدا کەسانی وەک رۆبیۆ هەمان هەوڵ دەدەن، هەندێک کەسی وەک مایک پێنس و مایک پۆمپیۆش لە ناوەڕاستدا وەستاون، بەڵام خودی ترەمپ بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەدا نییە، چونکە یەکێک لە دروشمەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دژایەتیکردنی جەنگ بوو، جگە لەوەش ترەمپ پیاوێکی سیاسەتمەدار نییە و بە راستی نایەوێت بکەوێتەوە کێشەیەکەوە کە نەتوانێت ئیدارەی بکات.

لایەنی ئێرانی چۆنە؟ هەندێک کەس پێیانوایە ئێران جۆرێک هەڵسووکەوت دەکات کە بیانوو بداتە دەست ئەمریکا بۆ هەڵگیرسانی جەنگ

لە ئێستادا سیاسەت و هەڵسووکەوتەکانی ئێران زۆر زیاتر لە سیاسەتەکانی ئەمریکا مەترسی جەنگیان زیاتر کردووە، پێموایە دەبێت زیاتر وردبینەوە لە سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق، ئێران لە عێراق خەریکە یاری بە ئاگر دەکات.

خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کارێکی ئەوەندە قورس نییە، فرۆکەی بێ فڕۆکەوان خێراییەکی ئەوتۆی نییە و هیچ سیستمێکی بەرگریکردنیشی نییە، هەربۆیە خستنە خوارەوەی نیشانەی بەهێزی نییە، هەرچەندە بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکە لە بەرزاییەکی زۆردا فڕیوە بۆ خستنەخوارەوەی دەبێت تەکنەلۆژیایەکی باش هەبێت، بەڵام بە گشتی پێکانی فرۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان  بە موشەک زۆر جیاوازە لە پێکانی فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی ئەمریکا یان ئامانجەکانی دیکە، لێرەدا کێشەکە ئەوەیە ئێرانییەکان دوای خستنە خوارەوەی ئەم فڕۆکەیە زۆر لە خۆبایی بووە و بیر لە دەرەنجامە مەترسیدارەکان ناکەنەوە.

ئەوەی منی نیگەران کردووە ئەوەیە ئێران زیاد لە ئەندازە بابەتی خستنە خوارەوەکەی گەورە کردووەتەوە و هاوار دەکات کە چەک و موشەکی پێشکەوتووی هەیە و دەتوانێت ئەمریکا لە جەنگدا شکست بدات و ئەوەندە بەهێزن کە هەر شتێکیان پێخۆش بێت دەتوانن لە ناوچەکە بیکەن.

ترەمپ لە دواین لێدوانیدا وتی ئامادەیە بێ هیچ مەرجێک لەگەڵ ئێران دانووستان بکات، بەم جۆرە تۆپەکەی خستووەتە گۆڕەپانی خامنەییەوە و ئێستا دەبێت ئەو بڕیار بدات لەنێوان جەنگ و دانووستان کام بژاردە هەڵدەبژێرێت، پێشتر خامنەیی لەسەردەمی ئۆبامادا کاتێک رازی بوو بە دانووستان لەگەڵ ئەمریکا ئەم دانووستانەی لەناو رای گشتیدا بە " نەرمی نواندنی پاڵەوانانە" وەسف کردبوو، ئایا لەم قۆناغەشدا خامنەیی ئامادەیە جارێکی دیکە نەرمی بنوێنێت؟
من هەست دەکەم جارێکی دیکە خامنەیی نەرمی نانوێنێت و ئەمەش مەترسیدارە، پێموایە ئێران لە وەهمێکی گەورەدا دەژی و پێیانوایە لەڕووی سەربازییەوە زۆر بەهێزن و لە دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەش ئەوەندەی دیکە کەوتوونەتە ناو وەهمەوە، لەلایەکی دیکەوە سزا ئابورییەکانی ئەمریکا زۆر جدین و ئێران لەوە زیاتر ناتوانێت بەرگە بگرێت، ئێران لەم دۆخەدا تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە یان ئەوەیە لەڕێی دیپلۆماسییەوە کێشەکە چارەسەر دەکات و یان خود دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ جەنگێکی مەترسیدار.

سەبارەت بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە، پێشتر تورکیا فڕۆکەی روسیای خستووەتە خوارەوە، ئیسرائیل فرۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی خستووەتە خوارەوە، تەنانەت لە ساڵی ٢٠١١دا ئێران خۆی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکای خستە خوارەوە و ئەمریکا هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو، قسەکە ئەوەیە خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان خۆی هیچ گرنگ نییە و نابێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ، بەڵام دەتوانێت دۆخەکە گرژتر بکات، بابەتی گرنگتر و مەترسیدارتر لە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە رەفتار و سیاسەتەکانی ئێرانە لە عێراق، دوو وڵات دەتوانن دوژمنی یەکتر بن بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەسەر هەندێك پرس پێکەوە دانووستان بکەن و هەماهەنگ بن، لەسەردەمی جەنگی سارددا یەکێتی سۆڤییەت و ئەمریکا دوژمنی یەکتر بوون، کەچی بەردەوام لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ یەکتر و لەسەر هەندێک پرس دانووستانیان دەکرد.

نیگەرانی من ئەوەیە ئێران ئەو بابەتە لەوە زیاتر گەورە بکاتەوە و تووشی وەهمێکی گەورە بێت وا هەست بکات لەڕووی سەربازییەوە بەهێزە، سەلامی فەرماندی گشتی سوپای پاسداران دەڵێت ئێمە بە دوای جەنگەوە نین بەڵام لە جەنگیش ناترسێین، ئەم وتانە ئاماژەن بۆ وەهمێکی گەورە، دەبێت بزانین خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان خۆی لە خۆیدا نابێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ، چونکە هەر وڵاتێک ئەو کاتە جەنگ هەڵدەگیرسێنێت کە هەست بکات بەرژەوەندی لە جەنگدایە، وەک پێشتر باسم کرد ئەمریکییەکان لەم قۆناغەدا پێیانوانییە بەرژەوەندییان لە جەنگدابێت، هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر ئاسانە بەڵام ئیدارەکردنی زۆر قورسە، لەم قۆناغەدا جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر جیاواز دەبێت لە جەنگەکانی رابردوو، لەلایەکەوە وڵاتانێکی وەک روسیا و عێراق کە لە ئێرانەوە نزیکن هیچ بەرژەوەندییەکیان لەو جەنگەدا نییە، لەلایەکی دیکەوە هەندێک وڵات کە پێشتر دوژمنی ئێران نەبوون ئێستا خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەو جەنگە.

یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا ئەوەیە لەوە زیاتر نەتوانێت ئیسرائیل کۆنتڕۆڵ بکات، پێشتر لە سەردەمی ئۆبامادا، ئەمریکا بە ڕاشکاوی بە ئیسرائیلی راگەیاندبوو کە لە کاروباری ئێراندا دەستێوەردان نەکات، بەڵام ئێستا کە ئێران لە سوریا دەستێوەردانی سەربازی کردووە و هەژمونی هەیە بیانووی داوەتە دەست ئیسرائیل،  چ ترەمپ و چ وڵاتانێکی دیکە گڵۆپی سەوزیان بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە کە بەرگری لە خۆی بکات، هەربۆیە لە ماوەی رابردوودا چەندین جار ئیسرائیل هێرشی سەربازی کردووەتە سەر بەرژەوەندی و بنکە سەربازییەکانی ئێران، بەڵام ئێران بە هەندێک هۆکار نەیتوانیوە وەڵامی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بداتەوە. 

یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە ئێران هێزێکی ئاسمانی بەهێزی نییە و دەزانێت کە لە جەنگی ئاسمانیدا ناتوانێت رکابەری ئیسرائیل بێت، هەموو جەنگەکانی ئەم سەردەمە گرێدراوی هێزێکی ئاسمانی تۆکمە و مۆدێرنە کە ئێران ئەم هێزە مۆدێڕنەی نییە، هۆکاری دووەم ئەوەیە ئێران نیگەرانە شەڕکردن لەگەڵ ئیسرائیل تەنیا لەناو خاکی سوریا قەتیس نەمێنێت و سنورەکانی خۆشی بگرێتەوە و ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی ئێران لەناو خاکی ئێراندا، هۆکاری دیکەش ئەوەیە بەشار ئەسەد و ڕوسیا رێگە نادەن ئێران جەنگی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بێنێتە ناو خاکی سوریاوە، ئیسرائیل زۆر بە باشی خاڵە لاواز و هەستیارەکانی ئێرانی لە سوریا دەستنیشان کردووە و فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئێران.

ئێستاش بە بۆچوونی من ئەگەر جەنگێکی دیکە لە ناوچەکە ڕووبدات کۆنتڕۆڵکردنی جەنگەکە زۆر ئەستەم دەبێت و لەوانەیە هەندێک وڵات و لایەنی دیکەش پەلکێشی جەنگە بکرێن، هەر لەبەر ئەمەشە ژەنەراڵەکانی ئەمریکا لەم قۆناغەدا لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکە نین، بەڵام ئەمەش بەو واتایە نییە ئەگەر ئێران لەسەر ئەم سیاسەت و هەڵوێستانەشی بەردەوام بێت ئەوا جەنگ هەر ڕوو نادات، بریتانیا لەم ماوەیەدا هێزی زیاتر ناردووەتە کەنداو، ئەمریکا ١٠٠٠ سەربازی دیکەی نارد، بەم شێوەیە هێدی هێدی خەریکە زەمینە بۆ هەڵگیرسانی جەنگەکە ئامادە دەکرێت، هەربۆیە ئەگەر ئێران راست دەکات و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگدا نییە ، ئەوا دەبوایە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوی نەپچڕێنێت و بەر لەوەی بڕیاری خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەی بدایە پێویست بوو هۆشداری بدایەتە ئەمریکا.

سەبارەت بە وەهمی توانای سەربازی ئێران با نمونەیەکی مێژوویی باس بکەم، لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا ژاپۆن تووشی وەهم ببوو کە دەتوانێت   ئەمریکا شکست بدات، بە تایبەت دوای ئەوەی پێنج کەشتی ئەمریکیان نوقم کرد پێیانوابوو دەتوانن چۆک بە سوپای ئەمریکا دابدەن، ئەمریکییەکان لەناو خۆیان بەو دەرەنجامە گەیشتبوون کە ژاپۆن لە وەهمدایە و دەیانەوێت جەنگ بەردەوام بێت، هەربۆیە بیریان لەوە کردەوە کە دەبێت کارێکی گەورە بکەن بۆ ئەوەی ژاپۆن ناچار بکەن کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، ئەوە بوو بڕیاریاندا بۆمبی ئەتۆمی لە دژی ژاپۆن بەکاربهێنن، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ توڵەکردنەوە نەبوو لە ژاپۆن بەڵکو بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ بوو.

قسەی من ئێستا ئەوەیە ئەگەر بێتو ئێرانیش لەم وەهمە رزگاری نەبێت و پێیوابێت بەو هەزاران موشەکەی هەیەتی دەتوانێت لە دژی ئیسرائیل و سعودیە و ئەمریکا لە ناوچەکە جەنگ بکات، ئەوە لەو کاتەدا ئیسرائیلییەکان و سعودییەکان و ئەمریکییەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە دەبێت بۆ پێشگرتن لە جەنگێکی گەورە، کارێکی گەورە بکەن، بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل دەستەوئەژنۆ دانانیشێت و چاوەڕوانی ئەوە نابێت تا ئێران موشەکبارانی نەکات ئەم هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت، بەڵکو ئیسرائیل و ئەمریکا رێک یەکەم کار کە دەیکەن ئەوەیە کارێکی گەورە بکەن بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورەتر. 

ئەوەی کە ئێرانییەکان پێیانوایە پەرەپێدانی توانا موشەکییەکانیان دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە زاتی ئەوە نەکەن بیر لە جەنگ بکەنەوە دژی ئێران، ئەم بیرکردنەوەیە هەڵەیەکی گەورەیە، نمونەی ژاپۆنم هێنایەوە بۆ ئەوەی لەوانەیە رێک هەمان سیناریۆ ئەمجارەیان لە دژی وەهمی ئێران دووبارە بێتەوە، ئەو وەهمەی ئێران دووچاری بووە زۆر مەترسیدارە و دەبێت ئێرانییەکان بەرەنگاری ئەم وەهمە ببنەوە.

باسی عێراقت کرد، ئێستا لە عێراق چ شتێک هەیە کە پێتوایە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەریەککەوتنی سەربازی ئەمریکا و ئێڕان؟
حەشدی شەعبی هێزێکی یەکگرتوو نییە، هەندێک لە گروپەکان زۆر زیاتر لە ئێرانەوە نزیکن، نوجەبا بە راشکاوی رایگەیاندووە کە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بە کاتیۆشا هێرشیان کردەسەر کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، موشەکێک بە دووری سەد مەتر لە نووسینگەی کۆمپانیاکە تەقیوەتەوە، ئێستا کۆمپانیاکان ناچارن کارمەندەکانی خۆیان ببەنە دەرەوەی عێراق، حکومەتی عێراق کەوتووەتە ژێر فشارەوە و دەڵێت ئەم دۆخە قبوڵ ناکات، چونکە کۆمپانیاکان لەگەڵ حکومەتی عێراق گرێبەستیان هەیە.


لە چەند مانگی رابردوودا چەند هێرشێکی هاوشێوە ئەنجام دراوە، لە رۆژانی ١٤ و ١٨ی حوزەیران لە موسڵ هێرشکراوەتەسەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا، بەردەوامبوونی ئەمجۆرە هێرشانە دەرەنجامی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە، لە ماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق چەند جارێک رایگەیاندووە رێگە نادات وڵاتانی دیکە لەناو خاکی عێراقدا دژی بەرژەوەندییەکانی یەکتر بجوڵێنەوە، رەوتی سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدر دەڵێت هەر گروپێک یارمەتی وڵاتانی دیکە بدات بۆ ئەوەی خاکی عێراق بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکان بەکاربهێنن ئەوا خیانەتێکی گەورەیان ئەنجام داوە.

تۆ پێشتر باست لەوە کردووە کە ئێران چەندین جار دەرفەتی ئەوەی لە دەستداوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکاتەوە، ئایا ئێستا بەپێی ئەم بارودۆخە هیچ دەرفەتێک لە بەردەم ئێراندا ماوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی یان ئەوەی شەمەندەفەری جەنگ کەوتووەتەڕێ؟
پێموایە خامنەیی سێ هەلی مێژوویی لەدەستدا، یەکەمجار سەردەمی بیل کلینتۆن و محەمەد خاتەمی بوو، جاری دووەمیش ئەو کاتە بوو کە ئۆباما بووە سەرۆک، ئەگەر هەر لە سەرەتای ئیدارەی ئۆباماوە خامنەیی ملی دابایە بۆ دانووستان، ئەوا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەیشتە ئەو ئاستەی کە کەسێکی وەک ترەمپ نەتوانێت بە ئاسانی تێکی بدات، هەلی سێیەم سەردانەکەی شینزۆ ئابە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بوو بۆ تاران، هەرچەندە پێموایە هێشتا خامنەیی دەتوانێت ئەو هەلەی شینزۆ ئابە دروستی کردبوو بیبووژێنێتەوە.

لەم قۆناغەدا ئەمریکا پشتگیری بریتانیای مسۆگەر کردووە لە دژی ئێران، لە دوای هێرشکردنە سەر دوو کەشتییە نەوتییەکە لە کەنداو ئەڵمانیاش تا رادەیەک پشتگیری ئەمریکا دەکات، فەڕەنساش کە هەر لە سەرەتاوە پشتگیری ئەمریکای دەکرد، لەناو وڵاتانی پێنج کۆیەک کە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد تەنیا روسیا و چین ماونەتەوە، جگە لە چین و روسیا هەموو وڵاتەکانی دیکە بە یەکدەنگ دژی بەرنامە موشەکییەکانی ئێران وەستاونەتەوە، فەڕەنسا بە ئاشکرا دەڵێت ئێران مەترسییە بۆسەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم بارودۆخەدا ئەگەر کەسێك لە ئێران پێیوابێت دەکرێت بەبێ دانووستان و دیپلۆماسی ئەم دۆخە تێپەڕێنرێت ئەوا هەڵەیەکی گەورە دەکات.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە رایگەیاندووە رۆژی ٧ی تەموز ئاستی پابەندیی ئێران بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کەم دەکرێتەوە، پێشتریش لە مانگی ئایاردا لە پابەند بوون بە هەندێک خاڵی رێککەوتنەکە کشایەوە بەڵام رایانگەیاند ئەمە بە مانای کشانەوە لە رێککەوتنەکە نییە، بۆچی ئێران پەنای بۆ ئەم سیاسەتە بردووە؟
بە بۆچوونی من ئێران لە سیاسەتی دەرەوە تووشی دوو هەڵەی گەورە بووە، هەڵەی یەکەم ئەوەبوو هەڕەشەیان کرد ئەگەر بێتوو رێگە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران نەدرێت ئەوا ئێرانیش رێگە نادات لە گەرووی هورمزەوە نەوتی وڵاتانی دیکە هەناردە بکرێت، ئەمەش بیانوویەکی بەهێزی دا بە دەست ئەوانەی وا دژایەتی ئێران دەکەن، ناسەقامگیرکردنی گەرووی هورمز هەڵەیەکی زۆر گەورەی ئێران بوو، پێویست بوو ئێران بڵێت رێگە نادەین ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکەوێتە مەترسییەوە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ دەستێوەردانی زلهێزەکان، ئەوروپا پێویستی بە نەوتی ناوچەکەیە، هەربۆیە لەوانەبوو لەمەدا ئەوروپا پشتگیری ئێرانیان بکردایە.

هەڵەی دووەمی ئێران کەمکردنەوەی ئاستی پابەندی ئێران بوو بە رێککەوتنەکە، چونکە ئەمە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی لە دژی ئێران دروست دەکات، ئەوروپییەکان پێشتر لەمبارەیەوە هۆشدارییان دابوو، ئێستا دەبێت ئێرانییەکان پرسیار لە خۆیان بکەن، لە ئەگەری کشانەوە لە رێککەوتنەکە دەبێت چی بکەن؟ یان بۆچی ئەوەندە بۆیان گرنگە کە لە رێککەوتنەکە بکشێنەوە؟ تەنانەت لە ئەگەری ئەوەی لە سەرووی لەسەدا ٢٠ پیتاندنی یۆرانیۆم دەست پێ بکەنەوە چ دەستکەوتێکیان دەبێت؟ هیچیان دەست ناکەوێت جگە لەوەی پاساوێکی بەهێز دەدەنە دەست دوژمنەکانی ئێران و کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی  لە دژی خۆیان دروست دەکەن.

کەواتە  دەرەنجامی هەر دوو سیاسەتەکە لە دژی ئێران دەکەوێتەوە و هیچ سودێکیان پێ ناگەیەنێت.

لە ئەگەری کشانەوەی ئێران لە رێککەوتنەکە چی ڕوو دەدات؟
کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی لە دژی ئێران دروست دەبێت، بە دڵنیاییەوە دوای کشانەوە ئێران دەتوانێت پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سەرووی لەسەدا ٢٠ دەست پێ بکاتەوە، هەر ئەمەش کۆدەنگییەکە لە دژی ئێران بەهێزتر دەکات و زەمینەیەکی باش بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دروست دەکات، ئەگەر لە ئێستادا ئەمریکا ناتوانێت کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی بۆ هێرشکردنەسەر ئێران دروست بکات، ئەوا لەو  حاڵەتەدا ئەمریکا دەتوانێت ئەم کۆدەنگییە دروست بکات، ئامانجی سەرەکی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە لە بنەڕەتدا ئەوەبوو ئێران نەتوانێت بەو رێژەیە یۆرانیۆم بپیتێنێت کە بتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات، هەربۆیە دەستبردنی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە واتای ئەوە دێت کە پاساوی ئەوەی داوەتە وڵاتانی دیکە پشتگیری لە سیاسەتی ئەمریکا لە دژی ئێران بکەن و ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگ.

ئێستا دەبێت ئێران وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە دوای کشانەوە لە رێککەوتنەکە بە نیازە چی بکات؟ کشانەوە چ سودێک بە ئێران دەگەیەنێت؟ بە بۆچوونی من ئەگەر ئێران لە ڕێککەوتنەکەدا بمێنێتەوە ئەوا دەتوانێت بۆ دونیای بسەلمێنێت کە سەرباری ئەوەی لایەنەکانی دیکە پابەند نەبوون بەڵام ئەو پابەندە بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، من زانیاریم هەیە ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە بە هەندێک گۆڕانکاریی بچوکەوە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە قبوڵ بکات، بۆ نمونە تەنیا ناوی رێککەوتنەکە بگۆڕدرێت، بۆ ترەمپ ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە گرنگ نییە، ئەوەی بەلای ترەمپەوە گرنگە ئەوەیە ناوی ئۆباما بەسەر رێککەوتنەکەوە نەمێنێت، هەربۆیە ئێران دەبێت قبوڵی بکات هیچ بژاردەیەکی لە بەردەمدا نییە جگە لەوەی لەڕێی دیپلۆماسی و دانووستانەوە کێشەکانی چارەسەر بکات.

لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەی تۆدا لە ناوخۆی ئێراندا بۆچوونێکی پێچەوانە هەیە کە دەڵێت رێککەوتنەکە هیچ دەستکەوتێکی بۆ ئێران نەبووە تەنانەت ئەو کاتەی کە ئەمریکاش پێی پابەند بووە، هیچ دەستکەوتێکی بۆ ئێران نەبووە، کەواتە سەرباری ئەوەی وڵاتانی دیکە بە رێککەوتنەکەوە پابەند نین، بۆچی دەبێت ئێران لە ڕێککەوتنەکەدا بمێنێتەوە؟
بە بۆچوونی من بەڵێ دەبێت پابەند بێت، چونکە ئەگەر پابەند نەبێت دیارە چی روو دەدات، یەکێتی ئەوروپا کە لە ئێستادا دەڵێت ناتوانین لە ئاست سزاکانی ئەمریکادا یارمەتی ئێران بدەن بە لایەنی کەمیشەوە پشتگیری لە ترەمپیش ناکەن جەنگ لە دژی ئێران رابگەیەنێت، هۆکارێکی دیکەی ئەوەی ئەمریکا نایەوێت جەنگ هەڵگیرسێت ئەوەیە پشتگیری ئەوروپای نییە، بەڵام لە ئەگەری کشانەوەی ئێڕان لە رێککەوتنەکە ترەمپ دەتوانێت پشتگیری ئەوروپا لە دژی ئێران مسۆگەڕ بکات، بەم شێوەیە ئێران بیانوو دەداتە دەست ئەوانەی دەیانەوێت ئێران پەلکێشی جەنگ بکەن و ئابورییەکەی تێک بڕووخێنن، ئەوروپییەکان لانیکەم دەڵێن هەوڵ دەدەن کێشەکە چارەسەر بکەن، مێرکل بەر لە ماوەیەک وتی باشترە ئێران لە رێککەوتنەکەدا بمێنێتەوە، وڵاتانی دیکەش هەڵوێستێکی هاوشێوەیان هەیە.

حکومەتەکان دەیانەوێت یارمەتی ئێران بدەن بەڵام کۆمپانیاکانی ئەوروپا ناوێرن هیچ یارمەتییەکی ئێران بدەن، چونکە نایانەوێت خۆیان تووشی کێشەی سزاکانی ئەمریکا بکەن، بۆ نمونە کۆمپانیای تۆتال، ژمارەیەک خاوەن پشکی نێودەوڵەتی هەیە، هەربۆیە دەبێت وەڵامی خاوەن پشکەکان بداتەوە هەربۆیە ناچارە لە ئێران بکشێتەوە.
باسی مەترسی هەڵگیرسانی جەنگت کرد و وتت لەوانەیە رووداوێکی گەورە رووبدات وەک ئەوەی لە جەنگی جیهانیدا لە ژاپۆن ڕوویدا، بەڵام قسە ئەوەیە لە هەر دوو وڵات ناکۆکی گەورە هەیە لەسەر جەنگ، وەک باست کرد لە ئەمریکا ترەمپ خۆی دژی جەنگە بەڵام گروپی بی ( وەک ئێران دەڵێت) لەگەڵ جەنگدان، لە ئێرانیش حکومەتێکی سێبەر هەیە لەگەڵ جەنگدایە، لەوانەیە ئەم حکومەتە سێبەرە زۆریش لەگەڵ خامنەیی هەماهەنگ نەبێت، لەم دۆخەدا بە بۆچوونی تۆ ئەگەر گرژییەکان زیاتر پەرە بستێنن لە هەر دوو وڵاتەکە کام رەوت باڵا دەست دەبێت و چی روودەدات؟
من بە تەواوی لەگەڵ ئەو بۆچوونەدام کە خامنەیی زۆر لەگەڵ ئەو رەوتەدا هەماهەنگ نییە کە خوازیاری جەنگن، بەڵام لەناو سوپادا کەسانێک هەن کە دەیانەوێت جەنگ ڕوو بدات، ئەو فەرماندانەی کە هانی گروپەکانی حەشدی شەعبی دەدەن بە موشەک و کاتیۆشا هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوانە پێیانخۆشە جەنگ ڕوو بدات، لەناو خودی سوپای پاسداراندا ناکۆکی قوڵ هەیە لەسەر جەنگ، لە بابەتی سوریادا هەندێک لە فەرماندەکانی سوپا لەگەڵ ئەوەدابوون وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران بدرێتەوە، بەڵام زۆرینەی سوپا دژی ئەوە بوون، ئەمەش بەختێکی باش بوو بۆ ئێران کە بەشە عاقڵەکەی سوپا زاڵ بوون و رێگریان کرد لە جەنگی ئێران و ئیسرائیل.
بەڵام کێشەکە لەوەدایە، ئەگەر بێتو ئەم جۆرە هێرشانە لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی عیراق بەردەوام بێت و ئەمریکاش کاردانەوەیەکی توندی هەبێت، ئەوا لەو حاڵەتەدا دەنگە عاقڵەکەی ناو سوپاش ناچار دەبێت تەسلیمی شەڕخوازەکان بن، سەرنجی جەنگی عێراق و ئێران بدەن، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی خورەمشەهر لەلایەن ئێرانەوە، هەندێک لە فەرماندەکانی جەنگ زانیاری هەڵەیان بە بەرپرسانی سەرەوەدا بۆ ئەوەی جەنگ بەردەوام بێت، ئەم فەرماندانە بەرژەوەندییان لە بەردەوامی جەنگەکەدا بوو.


واتە شەڕخوازەکانی دوو وڵات بەهێز دەبن  و سیاسەتی وڵاتەکانیان دیاری دەکەن؟

لە ئەمریکا ئەگەر سەد جۆن بۆڵتنیش لە کۆشکی سپی دا هەبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە دواجار بڕیارە گەورەکە لەلایەن ژەنراڵەکانەوە دەدرێت، لە ئێستادا ژەنەراڵەکان لەگەڵ جەنگدا نین، بەڵام بە داخەوە لە ئێران دۆخەکە تەواو پێچەوانەی ئەمریکایە، هەندێک لە فەرماندەکانی سوپا کار دەکەن بۆ ئەوەی جەنگ هەڵگیرسێت، وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە وەهمی ئەو فەرماندانە زیاتر بووە، جێی داخە لە ئەمریکا ژەنەراڵەکان لە دژی جەنگ وەستاونەتەوە کەچی لە ئێران فەرماندەکان کار بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دەکەن.

بەپێی ئەم بارودۆخە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمریکا لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە دژی ژاپۆن چەکی ئەتۆمی بەکارهێنا، پێتوایە ئەمریکا هەنگاوێکی هاوشێوە لە دژی ئێران بنێت؟
گریمانەی من ئەوەیە، ئەگەر ئێران پێنج بۆ حەوت هەزار موشەکی هەبێت ( چونکە موشەکەکان زیرەک نین) لە کاتی جەنگدا ئەم موشەکانە ئاراستەی سعودیە و ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی دیکە بکات، لەو کاتەدا چۆن دەکرێت پێش بە ئێران بگرن و جەنگەکە کۆتایی بهێنن؟ راستە هەموو دامەزراوە سەربازی و ئابورییەکانی ئێران دەکرێنە ئامانج و لەناو دەبرێن، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە جەنگەکە گەورە ببێتەوە و پەل بکێشێت بۆ هەندێک ناوچەی دیکە، من نیگەرانی ئەوەم بەوپێیەی لە ناو ئێران کەسانێک پلانداڕێژی جەنگن کە بە هیچ شێوەیەک بیرکردنەوەی عەقڵانییان نییە، هەربۆیە لەوانەیە ئەم جەنگە کارەساتی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە.

بابەتێکی دیکە ئەوەیە ئەگەر جەنگ ڕوو بدات، بەوپێیەی لەناو ئێراندا یەکێتی و یەکگرتوویی نیشتمانی نییە، ئەوا ئێران لەبەر یەک هەڵدەوشێت، قۆناغی ئێستا زۆر جیاوازە لە قۆناغی سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩، نزیکەی لەسەدا ٧٠ی دانیشتوانی ئێران سەردەمی شۆڕش و جەنگیان نەبینیوە، بەڵام سیاسەتە خراپەکانی دەسەڵاتیان بینیوە، ناکرێت چاوەڕوانی ئەوەت لە کەسێک هەبێت کە لە ژیانیدا رۆژێک خێرێکی لەو دەسەڵات و وڵاتە نەبینیوە لە قۆناغی جەنگدا ئامادەبێت بەرگری لە وڵاتەکەی بکات، بۆیە بە داخەوە دەڵێم لە ئەگەری جەنگدا ئێران پارچە پارچە دەبێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی فارسی زەیتون