لێکۆڵینەوە

10:48 - 11/07/2019

ره‌چه‌ڵه‌كناسیی دوو گوتاری دژ‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ ژنی ڕۆژئاوایی لە ئێراندا‌

ئیسماعیل مەحمودی

پوختەی باس:
هاوکات لەگەڵ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران و رۆژئاوای مۆدێرن له‌سه‌رده­می ده‌سه‌ڵاتی قاجارییه‌كان‌ (١٧٩٤- ١٩٢٥) كێشه‌ی (‌problem) ژن و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژن و مافه‌كانی، بووە یه‌كێك له‌ باسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بواری رۆشنبیری و كه‌لتووری ئێران.


ئاماده‌بوونی ژنی ڕۆژئاوایی له‌ كایه‌ی گشتیدا (public Sphere) و به‌ شێوازێکی ته‌واو جیاواز له‌ كه‌شوهه‌وای ئێران و رۆژهه‌ڵاتی موسو‌ڵمان، بووە مایه‌ی مشتوومڕ و سه‌رهه‌ڵدانی دوو گوتاری جیاواز له‌ ئێراندا كه تا ئێستا به‌رده‌وامه‌.

مه‌ترسی گه‌شه‌سه‌ندنی كه‌لتووری ئازادی ژنان و به‌رزبوونه‌وه‌ی خواست و داواكارییه‌كانی ژنانی ئێران و لاوازبوونی پێگه‌ی پیاوانی ئایینی، بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی شوێنكه‌وتووانی ئایین و نه‌ریتخوازانی ئێران به‌ توندی به‌گژ ژنانی ڕۆژئاوا و ئازادییه‌كانیاندا بچنه‌وه‌، ئازادی و ئاماده‌بوونیان له‌ كایه‌ی گشتی وه‌ك «به‌ره‌ڵایی»، «بێ حه‌یایی»، «سووكی»، «بێنامووسی» و «حیزبوون»، لێكبدرێته‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه دونیاخوازان و سێكولاره‌كان و به‌شێك له‌ ژنان، وه‌ك «ئازادی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگه»، «مافی یه‌كسانی»، «مافی سروشتی و ئینسانی» و «مه‌رجی پێشكه‌وتن»، باس له‌ ئازادییه‌كانی ژنانی ڕۆژئاوا و ئامادبوونیان له‌ كایه‌ی گشتیدا بکەن و وه‌ک ده‌رفه‌تێك تەماشای ئه‌م دۆخه‌ بکەن بۆ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ژنانی ئێران له‌ كایه‌ی گه‌شتیدا و به‌شداریكردنی ئازادانه‌یان له‌ ئاسته‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا.

 ره‌چه‌ڵكی سەرهەڵدانی ئه‌م دوو گوتاره، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خستنه‌ڕووی گه‌شتنامه‌نامه‌نووسانی ئێران له‌سه‌ر بارودۆخی ژنانی ڕۆژئاوا له‌ سه‌رده­می ده‌سه‌ڵاتی قاجارییه‌كاندا‌. ئەم توێژینەوەیه‌ پێواییه بۆچوونی دوو گەشتنامەنووسی ئێران (تالبی و گەرمروودی) سەبارەت بە ژنانی ڕۆژئاوا، سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی دوو گوتاری جیاواز بووە له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێراندا، كه لێره‌دا ده‌كه‌ونه‌‌ بەر خوێندنه‌وه‌ و توێژینه‌وه.

وشە سەرەکییەکان:
 گەشتنامە، ژنانی رۆژئاوا، میرزا ئەبوتالب خان (تالبی)، میرزا فەتاحی گەرمروودی.


پێشەکی :
گەشتنامەنووسه‌ ئێرانیەکانی سەردەمی قاجارییه‌كان (١٧٩٤-١٩٢٥) بە جەختکردنه‌وه‌ لە جیاوازییە کەلتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا (فەرەنگ) و هەروەها ده‌ربڕینی هەندێك چەمک و دیاردەی مۆدێرنی ئەو کۆمەڵگه‌یە، وەک ئازادی، دەستوور، پێشکەوتن، دادپەروەری، ئازادی ژنان و ئامادەبوونی ژن لە كایه‌ی گشتیدا، رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ناساندنی کۆمەڵگه‌ی مۆدێرنی ڕۆژئاوا و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ئێران.

گەشتنامەکان لە ریزی ئه‌و سەرچاوە گرنگانه‌دان كه‌ ده‌كرێت له‌ رێیانه‌وه‌ تایبەتمەندییە کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازەکان بناسرێت، هەروەها رێگایەکە بۆ تێگەیشتن لە جیاوازییەکانی خود و «ئەوی» تر. ئاشکرایە هەستکردن بە جیاوازییەکان سەرەتای بیرکردنەوەیە لە شوناس و هاوتاسازی و بەرجەستەکردنی جیاوازییەکانی خود لەگەڵ «ئەوی»تردا. بێگومان لەم نێوانەدا گەشتنامەكان لە ریزی گرنگترین سەرچاوەکانی مێژوون بۆ هەستکردن و تێگەیشتن لە روانینی مرۆڤی ئێران لە ڕۆژئاوا، وەک «ئەوی»تر. تێگەیشتن لە بۆچوونی گەشتنامەنووسان لەم ڕووەوە گرنگە کە ڕۆژئاوا هەمیشە و لە رەوتی مێژوودا خۆی وەک سەردەسته‌ سەیرکردووە، بەپێچەوانەشەوە وەک ژێردەسته‌ له‌ رۆژهەڵاتی ڕوانیوه‌ (ئێرانش وەک بەشێک لە رۆژهەڵات). تێگەیشتن و ناسینی بۆچوونی ئینسانی ئێران لە ڕۆژئاوا و شێوازی هەڵسەنگاندنی بۆ دیاردە مودێرنەکانی ژیاری ڕۆژئاوا زۆر پێویستە. هەروەها بیرکردنەوە لە خستنه‌ڕووی یەکەم گەشتنامەنووسانی ئێران سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ڕۆژئاوادا، بۆ ناسینی گۆڕانکارییەکانی مێژووی ئەندێشەی قۆناغی گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، گرنگی تایبەتی هەیە.(طباطبایی،١٣٨٢:٢٧٤)

لە ئێران جگه‌ لە (مسالک الممالک) و چەندین گەشتنامەی دیار و دانسقەی دیکەی وەک «گەشتنامەی ناسر خوسرەو»، کە لە راستیدا خستنه‌ڕووی گەشتوگوزار بووە لە هەرێمە ئیسلامییەکاندا، مێژوو و پێشینەی گەشتنامەنووسی لە بنەمادا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجارییه‌كان، کە سەردەمی بەریەککەوتنی ئێرانە لەگەڵ ڕۆژئاوادا. دیارە نابێت چەندین گەشتنامەی دیكه‌ی وەک «گەشتنامەی دون خوانی ئێران» (١٥٥٩)، «خەتایی نامەی سەید عەلی ئەکبەری خەتایی» (١٥١٦) و گەشتنامەی «سیامی محەمەد رەبیعی کوڕی محەمەدی نامی» لە سەردەمی سەفەویدا له‌به‌رچاو نه‌گرین. (طباطبایی،١٣٨٢ :٢٤٢-٢٢٦).

بەڵام بە گشتی پێشینەی گەشتنامەنووسیی ئێرانیەکان بۆ ڕۆژئاوا دەگەڕێتە بۆ سەردەمی قاجارییه‌كان. هاوکات لەگەڵ زیادبوونی پەیوەندی ئێران و ڕۆژئاوا و ئاسانبوونی پەیوەندیکردن و نزیکبوونەوەی ئێران لە ڕۆژئاوا و هەستکردن بە گرنگی ئەم پەیوەندییانە، لێرەوە سیاسەتوان و رۆشنبیرانی ئێران دەستیانکرد بە هەوڵدان بۆ تێگه‌یشتن لە رازی پێشکەوتنی ڕۆژئاوا و هاوتاسازی لەگەڵ ڕۆژئاوادا. لەمبارەیه‌وە گه‌شتكردن بۆ ڕۆژئاوا لە پاڵ وەرگێڕان و دروستکردنی دامەزراوە فێرکارییەکاندا، گرنگترین رێگەکانی پەیوەندیكردن بوون بە ڕۆژئاواوە. (آبراهامیان.١٣٨٦:٤٦)

کۆی ئەو گەشتنامانەی لە سەردەمی قاجارییه‌كان جێماون و گوزارشت لە دیاردەکانی دونیای مۆدێرنی ڕۆژئاوا دەکەن، (٣٠) بەرهەمن. لەم نێوەندەدا دوو گەشتنامەی عەبدولـلەتیفی شووشتەری (١٨٠١) و میر ئه‌تول ئەحوالی ئەحمەد ئاغای به‌هبه‌هانی (١٨١٤)، ئەگەرچی گوزارشت لە دیاردەکانی دونیای مۆدێرنی ڕۆژئاوا دەکەن، بەڵام خۆیان گه‌شتیان بۆ ڕۆژئاوا نەکردووە، بەڵکو گوزاشتکردنیان لە دیاردەکانی دونیای مۆدێرنی ڕۆژئاوا، بەرهەمی هاوڕێیه‌تی و پەیوەندییان بووە لەگەڵ ئینگلیزەکانی نێشتەجێی هیندستان. دوو گەشتنامەی خوسره‌و میراز بۆ پیتەرسبۆرگ (١٨٢٤) و گەشتنامەی سەیفولمولک (١٨٥٩)، گوزارشت لە دیاردەکانی دونیای مۆدێرنی كۆمه‌ڵگه‌ی رووسیا ده‌كه‌ن. چوار گەشتنامەش بەرهەمی فارسی زمانه‌کانی هیندستان بوون و دوو گەشتنامەش بەرهەمی دوو پاشای ناوداری قاجارییه‌كانن.

بوونی ئەم گەشتنامانە لە سەردەمی قاجارییه‌كاندا و گرنگیدانی پاشاکانی قاجار بە گه‌شتكردن بۆ ڕۆژئاوا و گەشتنامەنووسی، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن لەو قۆناغەدا ڕۆژئاوا و دیاردە مودێرنەکانی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانه‌وه‌ گرنگی تایبەتیان پێدراوە. له‌به‌رئه‌وه‌ پێدەچێت خوێندنەوەی ئەم گەشتنامانە گرنگترین رێگە بن بۆ تێگه‌یشتنی ئێرانییەکان لە ڕۆژئاوا.

 دوو گەشتنامەی "مەسیری تالبی فی بیلادی ئەفرەنجی" میرزا ئەبوتالبی ئەسفەهانی (١٨٠٣) و گەشتنامەی عەبدولفەتاحی گەرمروودی (١٨٣٧)، لە ریزی یەکەم گەشتنامە ئێرانیەکانن کە به‌ چڕی خستنه‌ڕوویان بۆ ڕۆژئاوا و دیاردە مودێرنەکانی، بە تایبەت ئامادەبوونی ژنانی ڕۆژئاوا لە كایه‌ی گشتیدا، کردووە.

ئەم دوو گەشتنامەنووسه‌ سەبارەت بە ژنانی ڕۆژئاوایی خاوه‌نی دوو بۆچوونی جیاواز و دژبەیەک بوون،‌ ئه‌م دوو بۆچوونه‌ تا ئێستاش لە كۆمه‌ڵگه‌ی ئێراندا به‌رده‌وامن و بوونه‌ته‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی دوو گوتاری جیاواز سه‌باره‌ت به‌ ژنانی ڕۆژئاوا به‌ گشتی و بابه‌تی ئازادی ژنان و مافه‌كانی ژنان به‌ تایبه‌تی.

ئامادەبوونی بێ پەچە و ‌ئازادانه‌ی ژنی ڕۆژئاوایی لە کۆمەڵگەدا، ئەم دوو گەشتنامەنووسه‌ی تووشی سەرسوڕمان و  پەرچەکردار کردووە.

 ئەم توێژینەوەیه‌ دەیەوێت لەرێی خوێندنەوەی ئەم دوو گەشتنامەیە‌ و نووسینەوەی گرنگترین بۆچوونەکانی ئەم دوو گەشتنامەنووسە سەبارەت بە ژنی ڕۆژئاوایی، خوێندنەوەیان لەسەر بکات و ئاماژە بۆ هۆکاره‌ سەرەکییه‌کانی ئەم راوبۆچوونانە بكات. لە هەمووشی گرنگتر، ده‌یه‌وێت دەرئه‌نجام و دەرکەوتەکانی ئەم راوبۆچوونانە‌ لەسەر ژنی ڕۆژئاوایی لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا بخاتە بەردەستی خوێنەران.

١)میرزا ئەبوتالب خان:
ئەبوتالب خان لە شاری «لیکه‌هنۆی» هیندستان لەدایکبووە. باوکی لە تورکەکانی نیشتەجێی ئەسفەهان بووه‌، کە لەسەردەمی نادرشای ئەفشار، له‌به‌رئەوەی مەترسی کوشتنی لەسەر بووە ڕایکردووە بۆ هیندستان، بەهۆی شاره‌زایی لە کاروباری دارایی لای ئینگلیزەکان ده‌ستبه‌کاربووه‌. میرزا ئەبوتالب خان پاش مەرگی باوکی لە جێگەكه‌ی دانرا، بەڵام پاش ماوەیەک لەگەڵ چەند کاربەدەستێکی کۆمپانیا تووشی کێشه‌ بوو و بە پێشنیازی هاوڕێ ئینگلیزەکانی و بە بیانووی وەرگرتنەوەی مافەکانی، لە ساڵی (١٧٩٩)دا سەردانی لەندەنی کرد. (طالبی،١٣٨٣:١٢-٧) میرزا ئەبوتالب خان کۆی ئه‌و شتانه‌ی له‌م گه‌شته‌دا بینیونی لە کتێبێکدا بە ناوی «مەسیری تالبی» نووسیوه‌ته‌وە. ئامانجی لەم نووسینە، خستنه‌ڕووی دیاردە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕۆژئاوا و شارستانیەتی ڕۆژئاوا و هۆشیارکردنه‌وه‌ی موسوڵمانان لە پێشکەوتنه‌کانی ئەو كه‌لتوور و شارستانیەتە نوێیەوە پێناسە دەکات: «گەیشتمە ئەو قانەعەتەی کە بەسەرهاتی ئەم گەشتەم یاداشت بکەم و لەسەر دیاردە و شتە جوانەکانی ئەو وڵاتە توێژینەوە بکەم و گوزار‌شتی بکەم تا دیارده‌ سەرسوڕهێنەرەکان و یاسا و رێساکانی ئەم وڵاتانه‌، کە تا ئێستا خەڵکی موسوڵمان پێیان نەزانیوە، لێی به‌ئاگابن و لەو هەموو یاسا و دیاردە و شته‌ جوانانەی، کە دژی یاساکانی ئیسلام نین، بەهرەمه‌ندبن و چێژ وه‌ربگرن». (طالبی،١٣٨٣ :١٢ -٧)

لەم گەشتەدا دیاردە و دەرکەوتەی وەک «جونیۆر سیتی = زانکۆ» (طالبی،١٣٨٣:١١۵) «سکووڵ = خوێندنگا» (طالبی،١٣٨٣:١٣۶) «نیوزپه‌یپه‌ر = رۆژنامە» (طالبی،١٣٨٣:١٩۵) «بنەمای ­سیاسی ئینگلیز» (طالبی،١٣٨٣:٢٤١) «کابینەی وەزیران و په‌رلەمان و دەستوور» (طالبی،١٣٨٣ :٢٤٢ ) ئامادەبوونی ژنان لە كایه‌ی گشتی و ئازادی ژنان، به‌ گشتی کۆی ژیاری ڕۆژئاوا، لە ریزی ئەو دیاردە مۆدێرنانەن کە سه‌رنجی تالبی بۆلای خۆی راکێشاوه‌ و له‌ گه‌شتنامه‌که‌یدا باسی کردوون.

 له‌م نێوانه‌دا پشكی ژنی ڕۆژئاوایی له‌ چاو بابه‌ت و دیارده‌کانی تردا گرنگی زیاتری پێدراوه‌، راستتر بڵێین زیاتر به‌لای خۆیدا ڕایكێشاوه‌، به‌ جۆرێک بووه‌ته‌ هۆی سه‌رسوڕمان و ستایش و زۆرترین کاتی بۆ باسكردنی‌ ژنانی ڕۆژئاوا ته‌رخانکردووه. 

١-١)ژنی ڕۆژئاوایی له روانگه‌ی (ئه‌بوتالب خان) ‌وه‌:‌
«بە دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ئازادیه‌ هێنده‌ شانم سووک بووه‌ ده‌ڵێی هه‌زاران مه‌ن بار له‌سه‌ر شانم هه‌ڵگیراوه، له‌ به‌ندا بووم و ئێستا‌ رزگارمبووە».(طالبی،١٣٨٣ :٢٣١)

تالبی پاش ئه‌وه‌ی ده‌گاته‌ له‌نده‌ن ده‌ڵێت: «به‌ڵێنمدابوو ئه‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی له‌ له‌نده‌ن ده‌مێنمه‌وه‌ به‌فیڕۆنه‌ده‌م و هه‌وڵبده‌م شتێک له‌ زانسته‌کانیان فێربم، ئه‌وانیش له‌ فێركردنی زمانی فارسی بێبه‌ش نه‌که‌م». (طالبی،١٣٨٣ :١٠٧)، به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک و پاش ماوه‌یه‌ک هه‌ر دوو بیرۆکه‌كه‌ وه‌‌لاده‌نێت و خۆشگوزه‌رانی و هاوڕێیه‌تی ژنانی ڕۆژئاوا هه‌ڵده‌بژێرێت. «له‌ خۆشگوزه‌رانی زیاتر کارێکم نه‌بوو. تا له‌وێ بووم رۆژانه‌ وه‌ک به‌یانیانی رۆژی جه‌ژن و شه‌وانه‌ وه‌ک ئێوارانی به‌رات هه‌ر به‌خۆشی و شادی تێپه‌ڕده‌بوو». (طالبی،١٣٨٣ :١٠٨)

تالبی له‌م کارانه‌دا ئه‌وه‌نده‌ زیاده‌ڕۆیی ده‌کات به‌ ته‌واوی شه‌یدای له‌نده‌ن و شۆخه‌کانی ئەو شارە ده‌بێت و به‌ راشکاوی ده‌ڵێت: «ئێمه‌ گیان و دڵمان به‌ له‌نده‌ن و شۆخه‌کانی سپاردووه... دڵمان له‌ حۆری و باخ و کۆشک دابڕیوه‌. بیرێك له‌ سه‌وڵ و سیدره‌ و تووبا ناکه‌ینه‌وه ...ئێمه‌ له‌ سایه‌ی سێبه‌ری سه‌وڵ باڵایاندا دانیشتووین».(هەمان:١٢٨ )

تالبی هێنده‌ به‌ بینینی ژنانی ئه‌وروپی و ئازادییه‌کانیان و هاوڕێیه‌تیان سه‌رسام ده‌بێت به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌نووسێت: «ئه‌وه‌ی ده‌یبینم یا ره‌ب، خه‌وه‌ یان بێدارییه». (هەمان:١١٠). پاش ئه‌وه‌ی ده‌زانێت بێداره، بە تەواوی حه‌یرانی ژنانی حۆری ئاسای ڕۆژئاوا ده‌بێت: «هه‌موو ئه‌ندامه‌كانم بوونه‌ته‌ چاو بۆ سه‌یركردنى ئه‌و حۆری ڕوخسارانه»‌ (هەمان:٥٨).

 بەم بۆنەیه‌وە ته‌واوی کاتی خۆی بۆ بینینی ژنانی ڕۆژئاوا ته‌رخان ده‌کات، سه‌ره‌ڕای به‌ڵێنێک كه‌ پێشتر به‌ خۆی دابوو، گه‌شتنامه‌که‌ی زۆرتر باسی پێشکه‌وتنه‌کانی ڕۆژئاوا بێت، بەس له‌به‌ر حه‌یرانبوون و سه‌رسامیی به‌ ژنانی ڕۆژئاوا، له‌ تێفکرین و قووڵبوونه‌وه‌ له‌ بنه‌ماکانی پێشکه‌وتنی ڕۆژئاوا بێ ئاگا ده‌بێت.

تالبی پاش نیشته‌جێبوون له‌ ڕۆژئاوا و هه‌ستکردنی به‌و ئازادییانه‌ی لەندەن و دانپێدانان به‌وه‌ی که‌ : «بە دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ئازادییه‌ هێنده‌ شانم سووک بووه‌ ده‌ڵێی هه‌زاران مه‌ن بار له‌ سه‌ر شانم هه‌ڵگیراوه، وەک ئەوەی لە به‌ندا بووبم و ئێستا‌ رزگارم بووە» (هەمان:231). له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ڵێن ده‌دات زۆرترین که‌ڵک له‌م ئازادییه‌ی لەندەن وه‌ربگرێت و زۆرترین کاتی له‌ هاوڕێیه‌تی و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ شۆخه‌کانی ئەو شارەدا به‌سه‌ربه‌رێت و به‌بێ هیچ ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌ک باسی ده‌کات. به‌جۆرێك سه‌رسامی ئه‌م ئازادی و هاوڕێیه‌تییه‌ ده‌بێت فه‌زڵی له‌نده‌ن به‌سه‌ر «به‌هه‌شت» و ئه‌و «حۆریانه»دا ده‌دات که‌ له‌ گوتاری ئیسلامیدا به‌ڵێنیان پێدراوه. «ئه‌گه‌ر چی زۆرم بیستووه‌ وه‌سفی به‌هه‌شت... له‌ له‌نده‌ن جوانتر له‌وانەی‌ دیوه‌ چاوی من» (هەمان:١٦٠ ). له‌به‌رئه‌وه‌ زۆرجار نزای له‌نده‌ن ده‌کات «له‌نده‌ن چه‌ند جوانی باره‌كه‌ڵڵا». (همان:١٤٠ )

 له‌ روانگه‌ی تالبیه‌وه‌ له‌نده‌ن جوانترین شاری ڕۆژئاوایه‌، له‌به‌ر ئازادی و شۆخه‌کانی، نه‌ك‌ ته‌نها «به‌هه‌شت» به‌ڵکو له‌ سه‌روو به‌هه‌شتیشه‌وه‌یه‌، پێیوایە ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ بیرنه‌که‌ینەوە تووشی‌ تاوان بووین: «ئه‌گه‌ر له‌نده‌ن به‌هه‌شت نییه‌ ئه‌م هه‌موو حۆریانه‌ چین... ئه‌گه‌ر خاتوو کره‌نتێن حۆری نه‌بێت تاوانه». (هەمان:١١١)

ئەم بۆچوونە، واتە ئەولەویەت دانی لەندەن و شۆخه‌كانی بە سەر بەهەشت و حۆرییه‌كانیدا، لەو کاتەدا زۆر مەترسیداربووه‌ و بوێرییەکی زۆری ویستووه‌. ئەم بۆچوونە سەرمەستانه‌یه‌، تا ئەو رادەیەی به‌بێ ترس ده‌نووسێت: «تالب! ئیسلام چ سوودێکی هه‌یه» (هەمان:١٣٥). هه‌روه‌ها ده‌نووسێت : «سوجده‌ی تاعه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌رجی شوێنی هه‌یه‌، جگه‌ له‌ میحرابی برۆی«ئیمیلیا» نه‌ینێیته‌ سه‌ر زه‌وی». (همان:١٦١)

 باسكردنی ئه‌م بابه‌تانه‌، که‌ به‌ بوونی ئازادی و كچه‌ شۆخه‌کانی له‌نده‌ن پێویستی به‌ ئیسلام و به‌ڵینه‌كانی نییه‌ و له‌ باتی سوجده‌بردن بۆ خودا تاقی برۆکانی «ئیمیلیا» – یه‌کێك له‌ خۆشه‌ویسته‌کانی تالبی- شایانی سوجده‌ بۆ بردنه، بێگومان له‌ گوتاری دونیای ئیسلامی ئه‌و‌ سه‌رده‌مه‌دا و له‌ زمانی موسوڵمانێکی وه‌ک تالبییه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی سوننه‌تی و ڕۆچووی مه‌زهه‌بیی ئه‌و رۆژه‌ی ئێرانه‌وه‌ شتێکی ئاسایی و قبوڵكراو نه‌بوو، به‌ڵام تالبی نایشارێته‌وه‌ که‌ حه‌یرانی ژنانی ڕۆژئاوا بووه‌ و له‌به‌ر ئه‌وان ده‌ستی له‌ خوێندن و زانست هه‌ڵگرتووه‌، هاوڕێیه‌تی ئه‌و شۆخانەی لەندەن له‌ ئه‌میری و ده‌سه‌ڵاتداریی هیندستان به‌ گرنگتر ده‌زانێت: «چاکتره‌ له‌ ئه‌میریم له‌ هیند» (هەمان:١٣٥) له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ ڕاشکاوی و به‌رده‌وام باسی ژنانی له‌نده‌ن و جوانییان ده‌کات و (٣٢) هۆنراوه‌ی  بۆ جوانی ژنان و کچانی لەندەن و ئازادییان‌ وتووه‌، تەنانەت به‌ ڕاشکاوی ناوی ئه‌و ژنانه‌ش ده‌هێنێت که‌ خۆشیویستوون.

فرەخوازی تالبی لەم بارەیه‌وە به‌ڵگه‌یه‌ بۆ زەینی ئەم مرۆڤە خۆرهه‌ڵاتیه‌ كه‌ دیسانەوە سەودای دروستکردنەوەی حەرەمسەرای هه‌یه‌ : «لە سەدان هەزار شۆخی هەڵکەوتووی ئەم شارە شۆخپەروەرە سی چل کەسم هەڵبژاردووە و بۆ هه‌ریه‌كێكیان غەزەلێکم هۆندووه‌تەوە»(همان: ١١٠). ئەم سی چل خۆشەویستە به‌جۆرێك «عەقڵ و هۆشیان لەبەر بردووم» (هەمان:١٠٩) تەنانەت بۆ چەند ساتێكیش حه‌وسه‌ڵه‌ی دوورکەوتنەوەیانی نییە و بە ڕاشکاوی هەرشتێک کە ئەو لە ژنانی لەندەن دووربخاتەوە، كه‌ به‌ «جوانی و قەد و باڵایان گاڵتە بە حۆریه‌كانی بەهەشت دەکەن»، به‌ نەفرەت دەکات.

لە گوتاری مێ خوزانەی تالبیدا، ژنی ڕۆژئاوایی هەمان حۆریی بەهەشتە کە لە گوتاری ئیسلامیدا به‌ڵێنی پێدراوە و ئێستا تالبی بە چاوی خۆی دەیانبینێ و ناویان دەبات و هاوڕێیه‌تیان ده‌كات و له‌گه‌ڵیان ده‌ژی. له‌به‌رئه‌وه‌ بە ڕاشکاوی و بوێرانە خۆی له‌و ئیسلامه‌ به‌بێ منه‌ت دەزانێت کە مژدەی حۆری پێداوە، چونکە: «لەندەن خودی بەهەشتە و پڕه‌ لە حۆری» و خاتوو «لەیدی کرەنتین» بە دڵنیاییەوە «بۆخۆی لە حۆری جوانترە» (همان:١١١).

روانینی تالبی بۆ ژنی ڕۆژئاوایی، سەرەڕای داننان بە زانایی و پەروەردەیاندا، دیسانەوە روانینێکی تەواو رووکەشه‌ و بەرهەمی ئەو گرێیانەیە کە کەسانی وەک تالبی بە پێی گوتاری ئیسلامی لێیان دوورخراوه‌ته‌وه‌ و ئێستا تالبی لەو پەڕی ئازادیدا چێژی لێوەردەگرێت و لەم كایه‌ ئازادەدا خۆی لە تێگەیشتنی كه‌لتوورێك به‌بێ منه‌ت دەزانێت کە سەرچاوەی ئازادی و مۆدێرنێتەیه‌. روانگەی ئەو بۆ ڕۆژئاوا و بڕیاردانی لەمەڕ ڕۆژئاوا و دامودەزگاکانی، وەک روانینی بۆ ئازادی ژنانی ڕۆژئاوا و ئامادەبوونیان لە كایه‌ی گشتیدا رووکەشانە و بە پەلەیە. 

خستنه‌ڕووی هەستئامێز و رووکەشانە و تەنانەت شەهوانی تالبی لە ژنی ڕۆژئاوایی، لەلایەکەوە بووه‌تە هۆی خواستی هاوسەنگی لەگەڵ ژنی ڕۆژئاوایی و‌ پاڵنەرێک بۆ گه‌شتكردن بۆ وڵاتی حۆریەکان. لەلایەکی ترەوە بوونی ئەم چەشنە ئازادییە و مەترسی بڵاوبوونەوەی لە دونیای ئیسلامی ئەو کاتەی ئێراندا، بووە هۆی کاردانەوەی توندی (بنەواژووخوازان) موحافزكاره‌كانی دژ به‌ ژنان و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ده‌یانه‌ویست لە ڕۆژئاوا نزیکببنه‌وه‌ و لە راستییەکانی دنیای ڕۆژئاوا تێبگه‌ن.

به‌گشتی، روانین و ڕه‌خنه‌ی تالبی له‌ ئامادبوونی ژنان له‌ كایه‌ی گشتیدا چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی لێكه‌وته‌وه‌:
١)سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری مافخوازانه‌ی ژنانی ئێران: سێكۆلاره‌كان و ژنانی ئێران له‌و باوه‌ڕه‌دابوون ئاماده‌بوونی ژنانی ڕۆژئاوا له‌ كایه‌ی گشتیدا یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره سه‌ره‌کییە‌كانی پێشكه‌وتنی ڕۆژئاوا‌، ئێرانیش بۆ ده‌سپێكردنی كاروانی پێشكه‌وتن پێویستی به‌ ئاماده‌بوونی ژنانه‌ له‌ كایه‌ی گشتیدا، له‌گه‌ڵ دابینكرد‌نی ئازادی و مافه‌كانی ژنان.

٢) شوێنپێ هه‌ڵگرتنی ژنی ڕۆژئاوایی: ژنی ئێران به‌ ئاگاداربوون له‌ بارودۆخی ژنانی ڕۆژئاوا گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی پێویستە بۆ دابینكردنی مافه‌كانی لاسایی ژنانی ڕۆژئاوا بكاته‌وه‌. لێره‌وه‌ لاساییكردنه‌وه‌ی روكه‌ش بووه‌ به‌شێك له‌ گوتاری مافخوازیی ژنانی ئێران.

٣)  تێڕوانینی رووكه‌شی تالبی و سه‌رجه‌م گه‌شتنامه‌نووسه‌‌ ئێرانییه‌كان له‌ ژنی ڕۆژئاوا، به‌ تایبه‌ت ئاماده‌بوونی بێ په‌چه‌ی ژنانی ڕۆژئاوا له‌ كایه‌ی گشتیدا، بووه ‌هۆی ئه‌وه‌ی ئازادی ژن و دابینكردنی مافه‌كانی، له‌ نه‌پۆشینی حیجابدا كورتبكرێته‌وه‌، ئه‌م بۆچوونه‌ تا ئێستاش به‌شێك له‌ كایه‌ی مافخوازیی ژنانی ئێرانی ئاڵۆزكردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک خواستی ئازادی و داواكردنی مافی ژنان له‌ ئێراندا وه‌ك خواستی «بێ حیجابی» و «به‌ره‌ڵایی» لێكده‌درێته‌وه‌.

ئه‌م چه‌شنه‌ ده‌ربڕینانه‌ بوونه‌ رێگر له‌به‌رده‌م ژنانی ئێران بۆ گه‌یشتن به مافه‌ سەرەتایی و سەرەکییەکانیان. ره‌چه‌ڵكی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بۆچوونه‌كانی گەرمروودی، وه‌ك دانه‌ری بناغه‌ی گوتاری «دژه‌ ژنی»، به‌ واتایه‌كی تر «دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ژنی ڕۆژئاوایی» و «ئازادی ژن» و «مافه‌كانی ژن». به‌ گشتی گوتاری «دژه‌ ژنی» و «بێزكردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژئاوا».

٢) میرزا عەبدولفەتاحی گەرمروودی:
پاراستنی شاری «هەرات» بۆ ئێران وەک ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئەفغانستان بایەخی گرنگی هەبوو، هەوڵ و تەقه‌لای ئەفغانیەکان بۆ جیابوونەوە لە ئێران بە یارمەتی ئینگلیزەکان، ئێرانی رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و قەیرانی جدی کردەوە. لەسەر ئەم رەوتە «محەمەد شا» پاشای ئەو کاتەی ئێران، فەرمانی گەمارۆدانی شاری هەراتی دەرکرد، گەمارۆدانی هەرات لەلایەن محەمەد شاوە کاردانەوەی توندی ئینگلیزەکانی لێكه‌وته‌وه‌، ئینگلیزەکان لە بەرامبەردا بۆ نیشاندانی ناڕەزایی چەند بەشێکی خاكی ئێرانان داگیرکرد، وەک دوورگەی «خارک»، و لە بروسکەیەکدا هەڕەشەی گەمارۆدان و داگیرکردنی سەرجەم باشووری ئێرانیان ده‌كرد، محەمەد شا بەناچاری دەستی لە گەمارۆدانی هەرات هەڵگرت و شاندێكی بە سەرپەرستی «ئاجوودان باشی» ناردە لەندەن. (شەمیم،١٣٨٤ :٢-١٤١)

«ئاجوودان باشی» ئه‌وه‌ی پێ سپێردرابوو سه‌ره‌ڕای پیرۆزباییكردن له‌ شاژنه‌ ڤیكتۆریا، به‌هۆی دانیشتنی له‌سه‌ر كورسی پاشایه‌تی، ساكاڵاش لەسەر «مەک نیل» باڵیۆزی ئینگلیز تۆماربكات، لەسەر ئەوەی لە کاتی گەمارۆدانی «هەرات»دا ده‌ستی وه‌رداوه‌ته‌ کاروباری ناوخۆی ئێران و ئەفغانەکانی هانداوە به‌رامبه‌ر ئێران خه‌بات بكه‌ن و داوای لابردنی کاربەدەستانی ئینگلیز بکات. محەمەد شا ئاگاداری ئەم راستییە نەبوو کە «مەک نیل» تەواوی ئەو کارانەی لەسەر داوا و خواستی فەرمی دەوڵەتی ئینگلیز کردووە، سەرەڕای ئەم هەوڵانە «ئاجوودان باشی» گەیشتە لەندەن، بەڵام پێشوازی فه‌رمی لێ نەکرا و تەنیا توانی چاوی بە «لۆرد پاڵمرێستوون» وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئینگلیز بکەوێت، «پاڵمرێستوون» جەختی لەوە کردەوە تەواوی ئەو کارانەی «مەک نیل» کردوویەتی بە فەرمانی دەوڵەتی ئینگلیز بووە و پێویست بە لابردنی ناکات. له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌شته‌كه‌ی «ئاجوودان باشی» بێ ئه‌نجام بوو و شکستی هێنا. (نائبيان،١٣٧٣( 

میرزا فەتاح خانی گەرمروودی یەکێک بوو لە ئەندامانی شانده‌كه‌ی «ئاجوودان باشی» کە لەلایەن (محەمەد شا)وە لە ساڵی (١٨٣٧) وەک جێگری «حوسەین خانی ئاجوودان باشی» دیاریکرابوو. میرزا فەتاح لەم گه‌شتەیدا دوو گەشتنامەی بە ناوەکانی «چوار وەرز و شەونامە» نووسیی، یەکەمیان باسی ئامانجی گه‌شته‌کەیانە بۆ رۆژئاوا و دووەمیشیان باسی «دۆخی خراپ و وەزعی نالەبار»ی ڕۆژئاوا ده‌كات. بە واتایەکی تر خستنه‌ڕووی بینین و تێڕوانینه‌كانیه‌تی سەبارەت بە ژنانی رۆژئاوا.(گرمرودی،١٣٤٧ :٩٦٢) 

٢-٢)ژنی رۆژئاوایی لە روانگەی (گەرمروودی) یەوە:
«ئایا هیچ موسو‌ڵمانێک رازی ده‌بێت بڕیار له‌ ده‌ستی ژنانی بێ ئاوه‌ز (بێ عه‌قڵ)دا بێت و هه‌ركاتێك پێیانخۆشبوو بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێك پێیان خۆشه، دابنیشن؟ ئایا هیچ موسو‌ڵمانێك رازی ده‌بێت ژنه‌كه‌ی ئارایشت بكات و دوكانداریی بكات؟ (كرمانی،١٣٤٨: ٣٨٩)

میرزا ئەبولحەسەن خانی ئیلچی، 28 ساڵ پێش گه‌شتەکەی گەرمروودی بۆ لەندەن و لە وەڵامی «سێرگۆر ئۆزلی»، کە سكاڵای لە ئیلچی کردبوو گوایە به‌ خراپ باسی ژنانی ڕۆژئاوای کردووە، گوتبوی: «خوای بەرز و زانا ئاگادارە کە من بەردەوام داوام كردووه‌ و خۆزگەم خواستووه‌، خوای گەورە ژنانی ئێرانیش لە داوێنپاکیی ژنانی ئینگلیز بێبەش نەکات». (ایلچی،١٣٦٤: ١٩٥)

بەڵام گەرمروودی نەك تەنها نه‌یویستووه‌ ژنانی ئێران وەک ژنانی ڕۆژئاوا، بە ده‌ربڕینی ئەو «بەرەڵا» و «دەسباو» بن (گرمرودی،١٣٤٧ :٩٥١)، بەپێچەوانەوە بە ڕاشکاوی و بوێرییه‌كی ته‌واوه‌وه‌ و به‌بێ ترس داوا لە سوڵتانە دادپه‌روه‌ر و خاقانەکانی ئێران و خاوەن دەسەڵات و ساماندارەکان، بە تایبەت زانایان و زۆرینەی شیعە و موسوڵمانان دەکات، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ لەم تاقمە خراپه‌کارە دوورەپەرێزبن وهەرگیز بڕوا بە قسە و نووسین و فێڵ و درۆكانیان نەکەن (گرمرودی،١٣٤٧ :٩٨٣).

لەم ئاراسته‌یه‌وە گەرمروودی ژنانی رۆژئاوا بە «قەبیحە» ناودەبات و هەموو کارەکانیان بە ناپاکی و ناشیرین ناوده‌بات و لەو بڕوایه‌دایە «ئەگەر بیەوێت کارە ناشیرین و خراپەکانیان لەم لاپەڕانەدا تۆماربکات، جێی نابێتەوە».(گرمرودی،١٣٤٧ :٩٥١)

لە روانگەی گەرمروودییەوە دەرکەوتن و ئامادەبوونی ژنی بێ حیجاب و ئازادی ڕۆژئاوا لە كایه‌ی گشتیدا، نیشانەی "حیزی" و ده‌رچوونیانه‌ لە بازنەی داوێنپاکی و نیشاندەری ویست و حەزی ژنانی ئه‌وروپایه‌ بۆ بێ ئابڕوویی و کاری ناپەسەند و دەنووسێت: «لەم وڵاتە پان و بەرینانەدا زۆربەی ژنان و کچان بێ دەرپێ و عەبان، بەردەوام حه‌ز ده‌كه‌ن کەسانی بەهێز و به‌توانا خەریکیان بێت. ژنی پۆشتە دەگمەن و دانسقەیە». (گەرمرۆدی، ١٣٤٧ :٩٥١ )

لە ڕوانگەی گەرمرودییەوە، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژنانی ڕۆژئاوا ڕووتن، لە «داوێنپاکی و پۆشتەیی بەدوورن و لە بەجێهێنانی خواستی کڕیاردا خێران، لەداوی داوێنپاکیی بەرەو ئازادی هەڵاتوون و لە بەندی شەرم و حەیا بە چالاکی دەربازبوون». (گرمرودی:٩٥٢)

گەرمروودی لەو باوەڕەدایە، ئازادی هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژنانی ڕۆژئاوا حیجاب و پۆشتەیی وه‌لابنێن، ئەم کارەش لە داوێنپاکی دووریخستوونه‌تەوە و تووشی گوناھ و بەرەڵایی کردوون: «بەهەرحاڵ ژنان و کچان هەموویان سەر و ڕوومەت و شان و قۆڵ و سنگیان لێ ڕووتکردووە و بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتی و میواندارییە گەورە و بچووکەکان و دەشتودەر و کووچە و کۆڵانه‌كاندا بەمجۆرە دێن و دەچن و بە هیچ شێوەیەکیش بە عەیب و شەرمی نازانن». (گرمرودی:٩٥٨ )

بە واتایەکی تر لەڕوانگەی گەرمروودییەوە ئازادی ژنی ڕۆژئاوایی هۆكاره‌ بۆ ئەوەی بکەوێتە داوی بێ شەرمی و ناپاکییەوە، هەر ئەمەش پاڵنه‌ری بووه‌ بەرەو بەرەڵایی و هۆگریی توند بە گەندەڵی و سێکسەوە. «بەردەوام خوویان بە کاری سووک و خراپەوە گرتووە و لە رەنج و ژان ئازادن ... شەو و رۆژ هاوڕێی تاقمی هەوەسبازن و بە یەکجاری نەفس و نامووسیان وەلا ناوە، زۆربەی زۆری ژنان پێکەوە مەیلێکی زۆریان بۆ بەرەڵایی و پێکەوەخەوتن هەیە و لەسەری بەشەڕدێن». (گرمرودی:٩٥١) و ئەم مەیلی بەشەڕهاتنە هێندە بەهێزه‌ «هەریه‌كێكیان شەوانه‌ لەگەڵ سی چل کەسدا دەخەوێت، سەرەڕای ئەمەش نائومێد و نیگەرانە. نە باکیان لە حاکم هەیە و نە لە کاری خۆیان پەشیمانن». (گرمرودی:٩٥٢)

 لەڕوانگەی گەرمروودییەوە ئەم خۆشگوزەرانییەی ژنانی ڕۆژئاوا هەمیشەییە. «بە کورتی زۆربەی کات ژنان و کچانی شۆخ و نازدار شەو و رۆژ و بەیانی و ئێوارە لەگەڵ پیاوانی بێگانەدا بەسەردەبەن» (گرمرودی:٩٥٢) و دەڵێت شوێنی ژنانی رۆژئاوا تەنها شوێنە خراپەکانە. «ژنانی ڕۆژئاوا شەوان بەهەرشێوەیەک بیانەوێت لە مه‌لهاكان و قاوەخانەکان و شوێنانی دیکەدا کاری خۆیان دەکەن». (گرمرودی:٩٥٦)

به‌ كه‌م سه‌یركردنی هەرجۆرە ئامادەییه‌كی ژنانی ڕۆژئاوا لە كایه‌ی گشتی و هاوڕێیه‌تی ژنان و پیاوانی بێگانە پێکەوە، وه‌ك هەوەسبازی و گەندەڵی لە تەواوی لاپەڕەکانی گەشتنامەکەی گەرمروودیدا دیارن. لە نیشاندانی دۆخی نالەباری شوێنەکانی رابواردن و خۆشگوزەرانیدا هێنده‌ زێدەڕۆیی دەکات و بڕیاره‌كانی ئەوه‌ندە بێویژدانانه‌یه‌ وادەزانێت ڕۆژئاوا ئاخنراوە لە هەوەسبازی و بنکەی زۆڵ خستنەوەیه‌، تا ئەو ڕاده‌یه‌ی کە دەنووسێت «شانازی زۆر به‌وه‌وه‌ ده‌كرێت کە لەهەر شار و دێیەکی ئینگلستاندا زۆڵەزا خانەگەلێکی زۆریان دامەزراندووە». (گرمرودی:٩٦١)

 ئەم بەرجەستەکردن و وێناکردنەی ڕۆژئاوا وەک سەنتەری هەوەسبازی، وایکردووە هەر چەشنە کۆمەڵ و ئەنجومەن و بنکەیەک کە ژنان بەشداریی تێدا بکەن بە بنکەی «قه‌حبه‌گه‌ری» دابنێ و ئەم وێنه‌یە لای خۆی پەروەردە بکات کە هه‌ر جۆرە کۆبوونەوەیەک، بۆ پێکەوە نووستنە، وەک شانۆکان کە ژنانیش تیایاندا ئامادە دەبوون: «بە کۆگای ژنانی قەحبە و گەندەڵ و شوێنی پیاوانی لێزان و قورمساقی» ناو ببات (گرمرودی:٩٧٠). لێرەوە بە ئاسانی و بە کورتی دێتە سەر ئەو تێڕوانینه‌ی کە تەواوی ڕۆژئاوا «قەبیح و گەندەڵن» (گرمرودی:٩٦٢٢ ) و به‌رده‌وام  سەرقاڵی "حیزی" و سێكسن.

 ئەم بڕیاردانه‌ سەبارەت بە ژنانی ڕۆژئاوا جگه‌ له‌وه‌ی تێڕوانینێكی بەپەلە و رووکەشه‌، ئاکامی گوتاری زاڵی سەردەمی گەمارۆدانی "هەرات" و جۆرە فۆبیایه‌كی زاڵی ڕۆژئاوای سەردەمی گەرمروودی و بەستێنەکانی روانینی سوننەتی و زیهنییه‌تی رۆژهەڵاتیانەی نووسەرە لەبارەی ژن و پرسی ئازادی ژنانەوە.

بەپێی گوتاری دژە ڕۆژئاوایی و دژە ژنیی گەرمروودی، ئازادی ژنانی ڕۆژئاوا بووەتە هۆی ئەوەی ژنی ڕۆژئاوایی لە بازنەی داوێنپاکی بچێتەدەرەوە و بەردەوام بیر لە رابواردن و سه‌رجێیی بکاتەوەم، وەک بڵێیت ژنانی ڕۆژئاوا جگە لە سه‌رجێیی و هەوەسبازیی کارێکی تریان نییە و ئامادەبوونیان لە كایه‌ی گشتیدا بۆ بەشداریكردن نییه‌ لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو تەنها بۆ بەتاڵکردنەوەی حه‌زی سێکسیی و هەوەسبازییە.

ئەم روانینە ئەوەندە تونده هەر چەشنە ئامادەبوونێکی ژنی ڕۆژئاوایی بە هێمای سێکسخوازی و هەوەسبازیی ناوده‌بات، تا ئەو ڕاده‌یه‌ی لە گەشتنامەکەیدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتی و کارە چاکەکانیان ناکات و پێیوایه‌ هەرچی هەیە کاری "قەبیح" و حەزی هەوەسبازیی زێدەڕۆیه‌ لای ژنان و ته‌نانه‌ت پیاوانیش.

لەمەڕ ئەم دوو بۆچوونە دژە ژنییەی گەرمروودی دەتوانین ئاماژە بە چەند هۆکارێكی سەرەکی بکەین:                                                                 
١) کەشوهەوای دژە ئینگلیزی زاڵ به‌سەر ئێرانی ئەو سەردەمەدا، داگیرکردنی دورگەی «خارک» و هەڕەشەی داگیرکردنی بەشەکانی دیكه‌ی ئێران، هەروەها کارنامەی سیاسی ئینگلیز لە ئێراندا. له‌ سه‌رده‌می گەرمروودییدا گوتارێکی دژە ڕۆژئاوایی و دژە ئینگلیز لە ئێران ده‌ستیپێكردبوو، تا ئەو ڕاده‌یه‌ی پاش داگیرکردنی دورگەی (خارک): «لە تەواوی وڵاتدا خەڵک کەوتبوونە جۆش و خرۆش و تەواوی چینەکانی خەڵک سووربوون له‌سه‌ر شەڕكردن له‌گه‌ڵ ئینگلیزدا». (قوزانلو، ١٣١٥ /٢:) لەم بارودۆخەدا گەرمروودی بە ڕاشکاوانە داوای دوورەپەرێزی لە ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئینگلیز دەکات، لەبەرئەوەی پێیوایە «ساڵەهایە دەوڵەتی ئینگلیز بە فێڵ و درۆ دژی دەوڵەتی ئێران دەجووڵێتەوە و هەرکات هەلی بۆ هەڵبکەوێت بەبێ هیچ هۆکارێک رێی دژایەتی و بێ بەڵێنیی دەگرێتەبەر». (گرمرودی:٩٨٢)

لە روانگەی گەرمروودییەوە هەڵسوکەوتی ئینگلیز بەرامبەر ئێران پڕه‌ لە فڕوفێڵ و درۆ، ئەوان «زۆربەی کات بڕوایەکی زۆریان بە فڕوفێڵ و درۆ هەیە». (گرمرودی:٩٨١) ئەم شێوە تێڕوانینە بۆ ڕۆژئاواو و مەترسی ئامادەبوونیان بووه‌تە هۆی ئەوەی گەرمروودی تەنها ئاماژە بە ڕۆڵی ئەرێنی په‌رله‌مان بکات، ئەویش نەك باسكردنێكی  تەواو ئەرێنی. لە گەشتنامەکەیدا باوەڕی وایە ئینگلیزەکان خەڵکانێکی ژیر نین و ئەوەی بووه‌تە هۆی پێشکەوتنیان په‌رله‌مانە نەك بەهرەی ژیری و زانایی: «خەڵکی ئینگلیز تاک تاکیان ژیر و تەواونین و لە ژیری و زیرەکی زۆر بەهرەمەندنین، بەڵام دامەزراندنی په‌رله‌مان و بیركردنه‌وه‌ی هاوشێوه‌یان کەم و کوڕییەکانی شاردوونه‌تەوە» (گرمرودی:٩٨٢)

گەرمروودی جگه‌ لەم روانینە نیمچه‌ ئەرێنییەی بۆ په‌رله‌مان، تەواوی ئەو شتانەی لە ڕۆژئاوا و ئینگلیز بینیویەتی رەشبینانە باسی کردوون، ڕۆژئاوا بە بنکەی خراپە و گەندەڵی دەناسێنێت. هەڵبەت نابێت ئەوەش لەبیربکەین کە کتێبەکەی «جیمز فرێز» ڕۆڵێكی بەرچاوی لە تێڕوانینی دژە ڕۆژئاواییانه‌ی گەرمروودیدا گیڕاوە، گەرمروودی لەمبارەیه‌وە دەنووسێت: «سەرەڕای ئەم هەموو گەندەڵی و بارودۆخە نالەبارەیان، هەندێکیان بۆ زەم و ناوزڕاندنی خەڵکی ئێران دەستیان داوەتە نووسین، بە تایبەت فرێزی ئینگلیز لەمبارەیه‌وە قسەی قۆڕی زۆر کردووە، بۆ نموونە نووسیویەتی خەڵکی ئێران زۆر حەزیان لە کوڕی مێردمنداڵ و جوانە، هەندێکیشیان خەریکی کاری ناشیرینی نێربازین». (گرمرودی:٩٦١)

خوێندنی ئەم کتێبە وای لە گەرمروودی کردووە بەبێ ترس بنووسێت: «بەڵام خەڵکی ڕۆژئاوا بە هەموویانەوە خەریکی کاری ناشیرین و خراپ و بە تایبەت ئەم کارە نەشیاو و ناشیرینەن، بەم کارە ناسراون و وەک «قەحبەخانە» پیاوخانەیان بۆ ئەم کارە دامەزراندووە و دەچنە ئەوێ و بە پارە خەریکی ئەم کارە ناشیرینە دەبن، له‌به‌رئه‌وه‌ بێ ویژدانییه‌ کە سەرەڕای ئەم هەموو گەندەڵییە، لۆمەی خەڵکی ئێران بکەن و ئەم کار و سیفەتە ناشیرینانەیان بدەنە پاڵ و لە کتێبەکانیاندا بینووسن» (گرمرودی:٩٦٢).

 خاڵێکی تر کە کاریگەری کردووه‌تە سەر رەوتی دژە ژنیی گەرمڕودی، روانینی هەوەسبازانە و سەرکوتکراوی گەرمروودییە، (تەوەکولی تەرەقی) دەڵێت: «روانینی هەوەسبازانەی میرزا فەتاح، جیاوازییەکانی نێوان هاوڕێیه‌تی لە میوانداری كردن بۆ سەما و ته‌ختی شانۆکان و قاوەخانەکان و قەحبەخانەكانی لەبەرچاو نەگرتووە، زنجیرەیەکی کەلامی سازکردووە و تێیدا هاوڕێیه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی ژن و پیاوی تەنها بۆ ئەنجامدانی خراپه‌كاری وێناكردووه‌. روانینی نا پەروەردەیی میرزا فەتاح، هاوڕێیه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی ژن و پیاو لە هەر شوێنێکدا تەنها بۆ خراپه‌كاری لێكده‌داته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ وایدەزانی ژنانی رۆژئاوا حەزی زۆریان بە خەوتن (سه‌رجێیی) لەگەڵ پیاواندا هەیە، ئەم تێڕوانینه‌ش سەرچاوەی زۆربەی ئەو گێڕانەوانەیە کە لە «شەونامەدا» باسی کردوون، لەوانەش ئەو چیرۆکانەی لەمەڕ سه‌رجێیی ژنان لەگەڵ سەگ و ناتوانایی سێکسیی پیاوانی رۆژئاوا و توانایی سێکسیی کەسانی وەک خۆیەتی (توکلی طرقه،١٣٨١ : ١٨٨). له‌به‌رئه‌وه‌ دەنووسێت: «لەم وڵاتەدا بەهۆی زیادبوونی شەهوەتی ژنانه‌وه‌، پیاوێک توانای بەتاڵکردنەوەی ته‌نها ژنێکیشی نییە». (گرمرودی:٩٥٦) لە شوێنێکی تردا و لە وەڵامی ژنێکی ڕۆژئاواییدا کە لە بارەی بێدەنگی گەرمروودییەوە پرسیار دەکات لە زمانی ئاجوودان باشییەوە ئاوا هەوەسبازانە و لێوانلێو لە خەون و وەهم، دەنووسێت:«ئێوە ئاگاتان لە حاڵی فڵانی نییە کە چەند خۆشگوزەران و دڵ تەڕە، لە ئێران بیست ژنی هەیە کەچی به‌ ئه‌وان دانه‌مركاوه‌ته‌وه‌ و هاتووە بۆ ڕۆژئاوا، ئەوانیش بڕوا بە قسەی ئاجوودان باشی دەکەن و هاتنه‌لام و دەوریاندام، هه‌ریه‌كێكیان بە زمانێك باسی ئەوەیان دەکرد ئێمە بڕوامان نەدەکرد کە تۆ توانای تێرکردنی بیست ژنت هەبێت، زۆر سەرسووڕهێنەرە کە دەتوانیت تێریان بکەیت و هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەیت. باوەڕپێکردنی ئەمە لە بارەی تۆوە سەختە. جێی سەرسوڕمان نییە ئێوە بە چاوی خۆتان دەیبینن کە چۆن کەڵەشێرێک سی دانە مریشک تێردەکات، دیارە مرۆڤ لە کەڵەشێر کەمترنییە». (گرمرودی:5-٩٥٤)

 بە پێی روانینی هەوەسبازنە و سوننەتیی گەرمروودی، کە دەیەوێت سی چل ژن موڵکی تایبەتی پیاوێکی وەک ئەو بن، کاتێک بەڕوونی دەیبینێت باسێک لەم قسانە نییە و تەنانەت ژنێک دەتوانێت هاوڕێی چەند پیاوێك بێت و لەگەڵیاندا بخەوێت، ترس لە گەیشتن و بڵاوبوونەوەی ئەم ئازادییە لە ئێراندا هانیدەدات هێرش بکاتە سەر ئەم ئازادییە تا رێگری بکات لەوەی ئەو و کەسانی وەک ئەو لە فره‌ژنی بێبەش بن، بە واتایەکی تر، ترس لەوەی ژنانی ئێرانیش داوای هه‌مان مافەکانی ژنانی ڕۆژئاوا بکه‌ن، هانی دەدات پەرچه‌کرداری زۆر توند بنوێنێت و چه‌ندین زاراوە و دەستەواژه‌ی وەک ناشیرین (قبیح)، سەگباز، هەوەسباز، بێ حەیا به‌رامبه‌ر ژنانی ڕۆژئاوا به‌كاربهێنێت، کە لە گوتاری ئیسلامیدا تاوانێکی گەورەن و جێی لێبووردەیی نین. هاوتاکردنی ئازادی و مافی ژنان لەگەڵ بێ حەیایی و هەوەسبازی و زێدەڕۆیی لە سێكسدا بە شێوەیەکی ئاسایی، ژنانی ئێران لە داواکردنی مافی یه‌كسانی و ئازادی دووردەخاتەوە، تەنانەت دەیکاتە بابەتێکی قەدەغەکراو.

 به گشتی روانین و خستنه‌ڕووی گەرمروودی له‌ ئامادبوونی ژنان له‌ كایه‌ی گشتیدا چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی لێكه‌وته‌وه‌:

  ١) ده‌ركه‌وتنی ژنی ڕۆژئاوایی له‌ كایه‌ی گشتیدا وه‌ك «به‌ره‌ڵایی» و «بێ ناموسی» و «حیزی» لێی بڕوانرێت.

٢)داواكردنی ماف له‌لایه‌ن ژنانی ئێرانه‌وه‌ به‌ «حیزی خوازی» و «بێ ناموسی» و لاساییكردنه‌وه‌ی ژنانی ڕۆژئاوا پێناسە بکرێت.

٣)به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌كانی «بێ ناموسی» و «به‌ره‌ڵایی» له‌ ئێران، به‌رده‌وام ته‌گه‌ره‌ و به‌ربه‌ستی بنه‌ڕه‌تی بوون‌ له‌به‌رده‌م ژنانی ئێراندا بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌كانیان، به‌ جۆرێك هه‌ركاتێك ژنانی ئێران داوای مافه‌كانیان بكردایه‌ به‌ لاساییكردنه‌وه‌ی ژنانی ڕۆژئاوا و به‌ره‌ڵاخوازی، شه‌رمه‌زار كراون.

ئه‌م بۆچوونه‌ی گەرمروودی بووه‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری دژه‌ ژن له‌ ئێراندا، به‌ جۆرێك پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی تێڕوانینی گەرمروودی له‌ سه‌ر ژنانی ڕۆژئاوا، ئایین خوازان و لایه‌نگرانی نه‌ریتخوازی، كه هه‌ستیان به‌ لاوازكردنی پێگه‌ی سوننه‌تی خۆیان كرد، به‌ توندی دژی ئازادی ژنان و مافخوازی ژنان وه‌ستانه‌وه‌ و وه‌ك به‌ره‌ڵایی و لاساییكردنه‌وه‌ی ژنانی به‌ره‌ڵای ڕۆژئاوا ناویانبرد. بۆ نه‌موونه‌ شێخ ره‌یسی قاجار له‌و كاته‌دا به‌ توندی ده‌نووسێت: «بێ حیجابی هۆكاری سه‌ره‌كی قه‌حبه‌بوون و سه‌رجه‌م نه‌خوشیه‌ جینسیه‌كانه» (توکلی،١٣٨١ :١٩٤ ) و لێره‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گوتاری مافخوازانه‌ی ژناندا، گوتاری دژه مافخوازانه‌ی ژنان سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ تا ئێستاش به‌ شێوازی هه‌ندێكجار توند و هه‌ندێكجاریش هێو‌رتر به‌رده‌وامه‌.

ئەنجام:
ئازادی ژنانی ڕۆژئاوا و ئاماده‌بوونیان له‌ كایه‌ی گشتیدا بووه‌ته‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمانی تالبی و بەم بۆنەیه‌وە بە شێكی سەرەکی  گەشتنامەکەی بۆ خستنه‌ڕووی ئەم دیاردەیه‌ تەرخان دەکات و گرنگترین راکێشەری شارستانیەتی ڕۆژئاوا بەلایەوە ئازادی و بە تایبەت ئازادی ژنان و ئامادەبوونیانه‌ لە كایه‌ی گشتیدا.

خستنه‌ڕووی ئازادی ژنانی ڕۆژئاوا و ئامادەییان لە كایه‌ی گشتیدا و گێڕانەوەی هاوڕێیه‌تی و پیاهەڵدانی ئەوان، روانینی تالبی بۆ ژنی ڕۆژئاوایی و ئاماده‌یی لە كایه‌ی گشتی و کۆمەڵایەتیدا روانینێکی هەست ئامێز و رووکەشانەیە، ئاسانی هاوڕێیه‌تی لەگەڵ ژنانی ڕۆژئاوا و سەرسام بوونی بەم بابەتە وای لە تالبی کردووە جگه‌ لە خستنه‌ڕووی ئەم هاوڕێیه‌تیە و دەربڕینی هەست و سۆز بەرامبەر هاوڕێیه‌تی ئەوان، بیر لە شتێکی تر نەکاتەوە. ئەم سەرسام بوون و توانەوەیه‌ لە هاوڕێیه‌تی لەگەڵ ژنانی ڕۆژئاوا بووه‌تە هۆی ئەوەی تالبی بەم روانینه‌ رووکەشانەیه‌ لە ئازادی قەناعەت بکات و لە پرسیاری بنەمایی لە بارەی ئازادی و رەوتی چۆنیەتی ئامادەیی ژنان لە كۆمه‌ڵگه‌دا دووربکەوێتەوە، یان تەنانەت هەر بیریشیان لێنەکاتەوە، لەلایەکی ترەوە روانینی تووڕەی گەرمروودی بۆ ژنی ڕۆژئاوایی و ئامادەبوونی لە كایه‌ی گشتیدا دیسان بەرهەمی روانینی رووکه‌شانە و ژێرخانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی و کاریگەریی گوتاری ڕۆژئاوا ترسی (فۆبیای ڕۆژئاوا) ئەو سەردەمەی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی بووە، گەرمروودی دەست دەکات بە لۆمەی ژنی ڕۆژئاوا و خۆی لە تێگەیشتنی ئەم ئازادییە و چۆنیەتی سەرهەڵدان و بایەخانە بە دووردەزانێت و بە زمانێکی تاڵ و توند و دەستەواژه‌ی تووڕە، ئازادی ژنی ڕۆژئاوایی دەخاتە بەر ڕەخنە و لۆمەکردن و بە واتای سووکی و هەڵە و هەرزەیی و گەندەڵی دادەنێت و پێناسەی دەکات.

 ئەم دوو خستنه‌ڕووه‌ دژبەیەک و جیاوازە بۆ ژنی ڕۆژئاوایی لە ئێراندا، جگه‌ لەوەی بووه‌تە هۆی تێگەیشتنێکی رووکەشانە، یان بە واتایەکی تر لار و چەوت لە ڕۆژئاوا، له‌ هه‌مان كاتدا بووه‌تە هۆی کۆمەڵێک دەمەتەقە و کێشەی پووچ و بێ مانا لە بواری ئازادی و بە تایبەت ئازادی ژناندا، چونکە ڕۆژئاواخوازەکان بەبێ رەچاوکردنی كه‌لتووری سەرهەڵدانی ئازادی لە ڕۆژئاوا و رەوتی مێژوویی ئەم سەرهەڵدانە، خوازیاری ئازادی بە شێوەی ڕۆژئاوا و هاوشانیی ژنی ئێرانن لە گەڵ ژنی ڕۆژئاواییدا. لە بەرامبەردا ئایین خواز و سوننەت خوازەکان کە هەستیان بە ترس دەکرد بە توندترین شێوە بەگژ ئەم دۆخەدا چوون و ئازادی ژنیان بە مانای هەڵە و هەرزەیی و گەندەڵی و رووتی و لەناوچوونی دین لێکدایەوە تا ئەو راده‌یه‌ی کە کرمانی ده‌نگی هەڵبڕی: «ئایا هیچ موسوڵمانێک رازی دەبێت ژنەکەی خۆی بڕازێنێتەوه‌ و بە بازاڕ و کووچە و کۆڵاندا بگەڕێت»، هەروەها دەنووسێت: «ئایا هیچ کەسێك رازی دەبێت ناوی ئازادی به‌سەر خەڵکدا ببڕێت و کەس دەسەڵاتی ژن و کچ و کوڕ و نۆکەر و کەنیزەکەكانی نەبێت». (کرمانی،:٣٨٩ ) میرزای قاجاریش  لەمبارەیه‌وە بە راشکاوی دەنووسێت: «یەکێک لە جیاوازییەکانی میللەتی ئیسلام لەگەڵ کۆی میللەتانی تر کە ئێستا لە دونیادان باسی حیجاب و داوێنپاکییە، هۆکار ناهێنمەوە تۆ و ویژدانت کامەیان چاکە؟ حیجاب و پۆشتەیی لە چاوی پیاوان و لاوانی هەوەسبازدا یان رووتی و بێ حیجابی ئەوان؟» (میرزای قاجار،١٣٢٤ :٨٥)

هەڵبەت نابێت لەم خاڵە خافڵ بین کە خستنه‌ڕووی ئەم گەشتامەنووسانە سەبارەت بە ڕۆژئاوا و داخوازییەکانی ڕۆژئاوا لە بواری ئازادی ژنان، کۆمەڵێک دەستکەوتی ئەرێنیشی بە شوێن خۆیدا هێناوە، هەوڵ بۆ ئامادەبوونی ژن لە كایه‌ی گشتیدا، ئامادەیی لە ناوه‌نده‌كانی خوێندن، هەڵبژاردنی جلوبەرگ، گەیشتن بە مافی دەنگدان، دەربڕینی بیروڕای فیمێنیستی و... لەو دەستکەوتانەن کە ژنانی ئێران بە شوێن ژنانی ڕۆژئاوادا بە بەشێکیان گەیشتن. (آزاد،١٣٦٤ :٣٢٠ )، بە جۆرێك گەیشتنی ژنانی رۆژهەڵاتی بەگشتی و ژنانی ئێران بە تایبەت بە هەندێك دەستکەوت و مافی سەرەتایی، بەرهەمی ڕۆژئاوا و بارودۆخی ژنانی ڕۆژئاوا بوون. (سلامی و نجم آبادی،1389 :13 )

بەگشتی سەرەڕای هەندێك دەستکەوت، کۆی ئەم دوو بۆچوونە بووە هۆی کۆمەڵێک مشتومڕ و ئاژاوەی نەفەسبڕ لە بواری ئازادی ژناندا، کە سەرچاوەکەی دەگەڕایەوە بۆ تێنەگەیشتن لە كه‌لتوورێك کە ئازادی ژنان و ئامادەبوونیان لە كایه‌ی گشتی و داخوازی یه‌كسانی مافی ژنان و پیاوان، خاوەن ئەزموونێکی مێژوویی بوو، بە جۆرێك بەرهەمی لاساییکردنەوە و یەک رۆژە نەبوو بەڵکو مێژوویەکی لە پشتەوە بوو. بێگومان خستنه‌ڕووی‌ رووکەشانە و تاکەکەسی و خودیه‌كانی گەشتنامەنووسانی ئێران لە بارەی ژنانی ڕۆژئاواوە، لە سەرهەڵدانی ئەم دوو گوتاره‌ دژبەیەک و رووکەشانه‌یە و تێنەگەیشتنی بنەڕه‌تی لە چەمکی ئازادی ڕۆژئاوایی لە ناو ئێرانیەکاندا، رۆلێکی سه‌ره‌كی و بەرچاو و کاریگەریان هەبووە کە تا ئێستا به‌رده‌وامه‌.


سه‌رچاوه‌كان:
آبراهامیان، یرواند (١٣٨٤) ایران بین دو انقلاب، ترجمە گل محمدی و محمد ابراهیم فتاحی، تهران، نی
‌آرین پور، یحیی (١٣٧٢ )از صبا تا نیما ، تهران، زوار،
آزاد، ح (١٣٦٤ )پشت پرده های حرمسرا، ارومیە. انزلی.
ایلجی، ابوالحسن خان (١٣٦٤ ) حیرتنامە،بە کوشس حسن مرسلوند، تهران، رسا
بیات، عزیزاللە (١٣٨٣ )شناسایی منابع و ماخز تاریخ ایران، تهران، امیر کبیر
توکلی طرقی، محمد (١٣٨٢)تجدد بومی و بازاندیشی تاریخ، تهران ،  نشر تاریخ ایران.
سلامی، غلامرضا و افسانه نجم آبادی (١٣٨٢ )نهضت نسوان شرق ، تهران،شیرازە
شمیم، علی اصغر (١٣٨٤ )ایران در دورە سلطنت قاجار ، تهران، ،مدیر
طباطبایی، سید جواد (١٣٨٢ )دیباچه برانحطاط ایران، تهران، نگاه معاصر
طالبی،میرزا ابوطالب خان(١٣٨٣ )مسیر طالبی، حسین خدیو جام، تهران: انتشارات علمی و فرهنگی
علی بخشی، میرزای قاجار(١٣٢٤ )میزان الملل ، بە کوشش جلال الدین محدس، تهران ، اسلامیه.
کرمانی، حاج محمد خان (١٣٤٨ )رسالە ناصریە، کرمان، انتشارات فرهنگ و هنر.
گرمرودی، میرزا فتاح (١٣٤٧ )شب نامە، بە کوشش فتاحی، تهران،  بانک بازرگانی ایران.