چاوپیکەوتن

06:25 - 14/08/2019

ئەو کەسانەی لە ئاکپارتی جیادەبنەوە، سیمبولی دیموکراسی نین‌

پەیسەر

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی "بیرگیون"ی تورکی باسی لە دوابڕیاری دادگای باڵای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە لەبارەی ئازادکردنی خۆی و هەروەها تاوتوێی کێشە ناوخۆییەکانی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە" و پرسە گرنگەکانی تورکیا کردووە.

ئاکەپە وەک نەعامە سەری لەناو زیخا دەشارێتەوە
دەمیرتاش لەبارەی بەڕێوەبردنی کەمپینێک لە سۆشیاڵ میدیادا بۆ ئازادکردنی ڕایگەیاندووە، لە تورکیا بە هەزاران گیراوی سیاسی هەیە. کۆمەڵگای تورکیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئاگاداری بارودۆخی تورکیان. دەسەڵاتی ئۆتۆریتەری ئاکپارتی هەرچەندە وەک "نەعامە" سەری خۆی لە ناو زیخا دەشارێتەوە، بەڵام هەموو کەسێک کردەوە شۆڤێنیەکانی دەبینێت. بەهۆی ئەوەوە کەمپینی ئازادی دەمیرتاش کە منیان وەک هێمایەک بۆ گیراوە سیاسیەکانی دیکە دیاریکردووە، پارچەیەکە لە خەباتی سیاسی و دیموکراسی. هەتا دیموکراسی و ئازادیش لە تورکیا بەرجەستە نەبێت، ئازادکردنی گیراوە سیاسیەکانیش کارێکی زەحمەت دەبێت و ئازادی و قەدەری ئێمەش بە ئازادی و قەدەری خەڵکەوە بەستراوەتەوە.

سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەم کە پشتگیریان لە کەمپینی ئازادی بۆ گیراوانی سیاسی کردووە و هیوادارم خەباتیان لە پێناو دیموکراسی لە تورکیا بەردەوام بێت.

ناچارن بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا قبوڵبکەن
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەڵێت،" دەبێت ئەوە بزانرێت، هیچ دادگایەکی تەواو سەربەخۆ کە نەکەوێتە ژێر بڕیاری سیاسییەوە نییە. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش بە تایبەتی لەو چەند ساڵەی دواییدا، کەوتووەتە ژێر کاریگەری بڕیارە سیاسی و ئابورییەکانی ولاتانی ئەوروپا و نەیتوانی هەندێک بڕیاری دروست بدات، یان بڕیارەکانی لە کاتی خۆیدا نەداوە. دەتوانین بڕیارەکانی ئەوروپا لەبارەی پەنابەرانەوە کە لە بەرژەوەندی تورکیادا داویەتی و دوورن لە ئەخلاق و یاساکانی یەکێتی ئەوروپا بە ڕوونی ببینین. هەرچەندە دادگای ئەوروپا وەک دەزگاکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا خۆی لەو ڕێکەوتن و بڕیارانە پاراستووە، بەڵام ناتوانین بڵێین نەکەوتووەتە ژێر کاریگەری بڕیارەکانەوە.
لە ٢٠ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ دا هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنیدام، بەڵام بەهۆی هەڕەشە و فشارەکانی ئاکپارتیەوە، نەیتوانی بڕیارەکەی جێبەجێبکات. ئێمەش سکاڵامان لە دادگای باڵای مافی مرۆڤی ئەوروپا تۆمار کرد. بەڵگە یاساییەکانمان زۆر بەهێزن. ئەگەر دادگا بڕیارێکی سەرسوڕهێنەر و هەڵە نەدات، لەو بڕوایەدام، بڕیارەکە لە دژی حکومەتی ئاکەپە دەبێت. ئەوەش دەبێتە وڵامێکی باش بۆ دادگاکانی تورکیا و ڕێ لە ئۆتۆریتەبوونی دادگاکانی ئەوروپا دەگرێت.
تورکیا خاوەنی هێزێک نییە کە بتوانێت، بڕیارەکانی دادگای مافی مڕۆڤی ئەوروپا و دادگای باڵای ئەوروپا ڕەتبکاتەوە. ئێمە دەزانین دەسەڵاتی ئاکپارتی هیچ بڕیارێک قبوڵناکات کە لە بەرژەوەندی ئەودا نەبێت، بەڵام خەباتی سیاسی و یاسایی ئێمەش لە هەموو بارودۆخێکدا بەردەوام دەبێت. هەروەها بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی منەوە، دەبێتە بڕیارێک بۆ هەموو گیراوە سیاسییەکان.

بەبێ هەدەپە "کۆمارێکی دیموکراتی" دروست نابێت
سەلاحەدین دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بە کاری ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" کرد و دەڵێت،" هەدەپە لە هەموو قۆناخێکدا بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆی کراوە بووە. نەتەنها لە کاتی هەڵبژاردندا بەڵکو لە هەموو قۆناخێکدا پەرەی بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ جەماوەرەکەی داوە. بەر لە کۆنگرەکەی کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ئەنجامبدرێت، هەدەپە کێشە ناوخۆییەکانی بە شێوەیەکی بوێرانە تاوتوێ کردووە و ئەنجامێکی باشیشی بەدەستهێناوە. هەدەپە باسی لەوە کردووە، پیویستە جەماوەرەکەی لە ناوەندی سیاسەتدا بێت. پێویستە دیموکراسی لە پارتەکەیدا بناغەی کارکردن بێت، پێویستە گرنگییەکی زیاتر بە ڕۆڵی ژن و گەنجان بدرێت و پێویستە هەموو کەسێک لەپێناو دەستوورێکی نوێ و هاوپەیمانییەکی دیموکراسی و ئاشتی و لە دژی شەڕ لە تێکوشاندابێت. دەبێت هەموو کادرێک و ئەندامێکی هەدەپە بە عارەقی ناوچەوانیان و بە گوڕ و تینەوە لە خەباتەکەدا بەشدار ببن. بەو شێوەیە سیاسەتی ئاشتی و چارەسەری هەدەپە زیاتر جێی خۆی دەگرێت و گەورە دەبێت. لە بەر ئەوەی بێ هەدەپە "کۆمارێکی دیموکرات" دروست نابێت و بە دڵنیایەوە هەدەپە ئامادەیە".

ئەو کەسانەی لە ئاکەپە جیادەبنەوە، سیمبولی دیموکراسی نین
دەمیرتاش ڕاشیگەیاند،" ئێمە نازانین، ئەو کەسانەی لە ئاکەپە جیادەبنەوە خاوەنی چ پرۆگرام و کادرێکن. نازانرێت دەتوانن کاریگەری لە سەر هێز و پێگەی ئاکەپە دروست بکەن یان نا؟ بەڵام دەتوانم بڵێم، ئەو کەسانە هێمای دیموکراسی نین. لایەنێک کە لەسەر بنەماکانی چەپ کار نەکات، ناتوانێت ببێتە ئەلتەرناتیف و هیوای گەل.

بەڵام ئەگەر لایەنێکی ڕاستڕەوی لیبەراڵ لە ئاکەپە و مەهەپە جیاببێتەوە، بێگومان کاریگەری دروست دەبێت. هەدەپەش هەموو کاتێک لە سەر خەباتی دیموکراسی و ئاشتی بەردەوام دەبێت. لێرەدا ڕۆڵی جەهەپە گرنگە و هەستیارە. پێویستە جەهەپە لە هەڵوێستە پراگماتییەکانی دوور بکەوێتەوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا و شەفاف ببێتە بەشێک لە بەرەی دیموکراسی. ئەگەر درەنگ بکەوێت یان خۆی بە دوور بگرێت، فاشیزم سەردەکەوێت".

سیاسەتی تورکیا لەبارەی سوریاوە لە سەرەتاوە و تا ئێستاش هەڵەیە
دەمیرتاش لەبارەی سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر سوریا و دروستکردنی ناوچەی ئارامەوە ئەوەی خستەڕوو، " سیاسەتی تورکیا لە سوریا لە سەرەتاوە هەڵە بووە و ئێستاش هەڵەیە. تورکیا سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە سوریا لە سەر لەناوبردنی کوردەکان و ئەسەد بنیاتنابوو و ئەمەش بووە هۆی لەناوچوونی سیاسەتی خۆیان. پێویستە سیاسەتی تورکیا لە سەر لەناوبردنی لایەنەک لە سوریا نەبێت، پێویستە بۆ سەرکەوتنی تورکیا بێت. دەبێت پەرە بە دانوستانەکانی نێوان کوردەکان و ڕژێمی سوریا و هەموو لایەنەکانی قەیرانی سوریا بدرێت.

بەڵام هەڵوێستێکی نەتەوەپەرست و مەزهەبی و سیاسەتێکی هەڵە، وایکرد تورکیا پشتگیری لە گروپە جیهادییەکان بکات. کوردەکانی سوریا هەوڵیاندا لە گەڵ تورکیا پەیوەندییەکانیان باش بکەن، بەڵام ئاکەپە گروپە جیهادییەکانی هەڵبژارد و ئەو سیاسەتەش وایکرد کوردەکان ڕوسیا و ئەمریکا هەڵبژێرن.

هەرچەندە کارێکی قۆرسە، بەلام باشترین ڕێگاچارە ئەوەیە، تورکیا ڕاستەوخۆ دانوستان لە گەڵ کوردەکانی سوریادا بکات. شەڕ و داگیرکاری مەترسی زیادتر لە سەر تورکیا دروست دەکات. پێویستە سیاسەتی شەڕ بەلاوەبنرێت و دەست بە دانوستان بکرێت. هیوادارم لە کۆنفرانسی سوریادا کە جەهەپە بەڕێوەی دەبات، کوردەکان لەبیرنەکرێن. دەزانم بۆچی پەیەدە بۆ کۆنفرانسەکە بانگ ناکرێت، بەڵام پێویستە نوێنەری کوردەکانیش لە کۆنفرانسەکەدا هەبێت.

ژینگەی تورکیا بە شێوەیەکی بێبەزەیی دەفرۆشرێت
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لە مەترسییەکانی سەر سروشت و ژینگەی تورکیای کرد و وتی،" دەسەڵاتی ئاکەپە، کردەوە کاپیتالیستی و نیۆلیبرالیزمییەکانی ٢٠ – ٣٠ ساڵی ڕابردوو، لە وڵاتەکەدا پەیڕەو دەکات. وڵاتە کاپیتالیستەکانی وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و کەنەدا و ژاپۆن هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ کەمکردنی هەڕەشەی سەر ژینگە و سروشت دەدەن.

تورکیا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت، بچێتە کەنەدا و دارەکان ببرێت و بەدوای "زێر"دا بگەڕێت، بەلام کەنەدا لە تورکیا ئەو کارە دەکات. ئەمرۆ دەبینرێت، جوانیەکانی سروشتی تورکیا بە شێوەیەکی بێشەرمانە پێشکەشی سەرمایەداری دەکرێت. حکومەتی ئاکەپەش ئەمە وەک هێنانی سەرمایەی دەرەکی و سەرکەوتن پیشانی خەڵکەکەی دەدات. نیۆلیبرالیزم هەموو سەرچاوەکان بۆ خزمەتی خۆی بەکاردەهێنێت. لە کاتێکدا کە قەیرانی ئابوریش قۆڵتردەبێت، دەسەڵاتی ئاکەپە زیادتر دەست بە کارەساتی ژینگەیی دەکات. ئێمە بۆ ژیان و داهات و دۆزینەوەی دەرفەتی کار، پێویستیمان بە کاپیتالیزم نییە.