لێکۆڵینەوە

04:24 - 17/08/2019

خوێندنەوەیەک بۆ رەوتی چەپی ئێران لەنێوان ساڵەکانی(١٩٠٥) بۆ (١٩٤١)‌

ئیسماعیل مەحمودی

پوختەی توێژینەوە:
سەرهەڵدانی چەپ لە مێژووی ئێراندا لە رێزی کاریگەرترین رووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێرانه. سەرهەڵدانی و دامەزرانی حیزب لە ئێران، کاریگەری لە گوتاری رۆشنبێری و راکێشانی رۆشنبیران بەرەو گوتاری چەپ، دەستپێکردنی شەڕی چەکدارانەی دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی، تیرۆرکردنی هەزاران مرۆڤ بە بیانووی دژایەتی لە گەڵ چەپ و هەروەها لە سێدارەدانی هەزاران مرۆڤ بە بیانووی چەپ بوون، بەشێکە لە دەرنجامەکانی سەرهەڵدانی بزاڤی چەپ لە وڵاتی ئێراندا.

ئەم توێژینەوە دەیەوت باس لە مێژووی سەرهەڵدانی چەپ و زەمینەکانی سەرهەڵدانی لە  وڵاتی ئێران  بکات و پاشانیش باس لە مێژووی حیزبی ئیجتیماعیونی عامیون(سۆسیال دیموکرات) وەک یەکەم حیزبی چەپ و هەروەها حیزبی تودە  وەک یەکەم حیزبی بەهێزی چەپ لە ئێراندا بکات.

ئه­م توێژینەوە پێیوایه کەش و هەوای سیاسی ئازەربایجان و بە گشتی ناوچەی قەفقاز، کاریگەری ئەندیشەی چەپ لە ناوچەی قەفقاز، پێشوازی خوێندکارانی قەفقاز و ئێرانی لە ئەندیشەی چەپ، ئامادەبوونی بەرچاوی کرێکارانی ئێرانی لە قەفقاز و بە تایبەت لە شاری باکۆ - ناوەندی کۆماری ئازەربایجان– و دۆخی نالەباری ژیانی کرێکاران، لە سەرهەڵدانی بزاڤی چەپ لە ئێراندا، رۆڵی سەرەکییان هەبووه.

وشە سەرەکییەکان: 
چەپ، ئێران، قەفقاز، ئیجتیماعیونی عامیون (سۆسیال دیموکرات)، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران  

پێشەکی:
زاراوەی «چەپ» لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران، بەکارهێنانەکی دوو لایەنی هەیە، یەکەم بە شێوازێکی بەربڵاو ئاماژە بەو گروپ و تاقم و هێزە سیاسیانە دەکات کەوا خاوەن بۆچوونی مارکسین، ئەم گروپانە بەشێکی بەربڵاو لە سۆسیال دیموکراتەکانی بەشدار لە شوڕشی مەشرووتە (١٩٠٥) تا حیزبە چەپە دیموکراتەکان و تەنانەت چەپی ئایینی ئەم ساڵانەی دواییە دەگرێتەوە. دووەم، چەپ بۆ ئەو تاقم و دەستە مارکسی _ لینینی یان کۆمۆنیستیانە بەکاردەهێنرێت کە لایەنگەری خەباتی شوڕشگێرانە و پێکهینانی حکومەتی سۆسیالیستی بە لاسایکردنەوە لە سۆڤییەت یان هەر وڵاتێکی دیکەی کۆمۆنیستی بوون.(بهروز،١٣٨٠:١٩)

 مەبەست لە زاراەوی چەپ لەم توێژینەوەدا ئەو گروپ و تاقم و هێزە سیاسیانەیە کەوا خاوەن بۆچوونی مارکسی بوون و خوازیاری شۆڕش و رۆخانی دەسەڵات و دامەزرانی سیستەمی سۆشیاڵ بوون، ئەم گروپانە بریتیین لە سۆسیال دیموکراتەکانی بەشدار لە شوڕشی مەشرووتەی ئێران(١٩٠٥) و هەروەها حیزبی ئیجتماعیونی عامیون(سۆسیال دیموکرات) واتە یەکەم حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئێران و هەروەها حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.

مێژووی پێکهێنان و دامەزرانی حیزب و تاقم و گروپی سەر بە چپ لە ئێران، دەگرێتەوە بۆ سەردەمی پێکهێنان و دامەزرانی حیزب و گروپی سۆسیال دیموکرات و کۆمۆنیست لە وڵاتانی ڕوسیا و قەفقاز[1]. پاش پێکهێنانی رێکخراوەی «هیممەت» لە کۆتایی ساڵی (١٩٠٤)، زەمینە بۆ سەرهەڵدان و دروستبوونی حیزب و  گروپی سەر بە چپ لە ئێراندا ئامادەبوو.

لە ساڵی (١٩٠٥) بە یارمەتی و کاریگەری رێکخراوەی «هیممەت» کومیتەی سۆسیال دێموکرات یان حیزبی ئیجتماعیونی عامیون (سۆسیال دیموکرات) لە «باکۆ»ی ناوەندی ئازەربایجان دامەزرا و توانی لە ماوەیەکی کورتدا دەست بە چالاکی سیاسی لە بەشێک لە شارەکانی ئێران بکات و بە واتایەکی­تر ناوەندی چالاکی بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی وڵات.

حیزبی ئیجتماعیونی عامیون لە ساڵانی (١٩٠٥) بۆ ساڵی (١٩١٢)  یاریکەرێکی تا رادەیەک دیاری گۆڕەپانی سیاسی ئێران بوو. بەشداری لە شۆڕشی مەشرووتە ، دروستکردنی تیمی تیرۆر، پەرەێپدانی ئەندێشەی چەپ و بە گوتارکردنی داخوازەکانی چینی کەمدەسەڵات و جوتیار و کرێکار، بەشێک لەو کاریگەرییەکانی حیزبی ئیجتماعیونی عامیون لە کەش و هەوای سیاسی ئەو کاتەی ئێران بوو.

حەوت ساڵ پاش هەڵوەشانەوەی حیزبی ئیجتماعیونی عامیون(سۆسیال دیموکرات)، واتە لە ساڵی(١٩١٧)  هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی روسیا ژمارەیەک کرێکاری ئێرانی دانێشتووی باکۆ، حیزبی«عەدالەت»یان لە شاری باکۆی ئازەربایجان دامەزراند کە لە راستیدا بناغەی دامەزراندنی یەکەم حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو کە دواتر دامەزرانی لە شاری «بەندەرئەنزەلی» ئێران راگەیەندرا.

پاش چەند ساڵ چالاکی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و رووبەرووبوونەوە لە گەڵ زۆر کێشەی ناوخۆیی، رەزاشا، لە ساڵی (١٩٣١) یاسایەکی دژ بە کۆمۆنیستییەکان دەرکرد، دەرئەنجامی ئەم یاسایە، دەستگیرکردنی زوربەی ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەها کۆتاییهێنان بەو حیزبە بوو.

ئەم توێژینەوە باس لە رەوتی چەپ لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بۆ ساڵی (١٩٤١) واتە دامەزراندنی حیزبی توودە وەک یەکەم حیزبی چەپی ناسراو و بەناوبانگ دەخاتە بەرباس و خوێندنەوە.

1)زەمینەکان دامەزراندنی یەکەم حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئێران(ئیجتماعیونی عامیون)
دەرەنجامی چاکسازییەکانی ساڵی (١٨٦١)ی ڕووسیا ، گەشەسەندنی رەوتی سەرمایەداری لە ڕووسیا بوو و گەشەسەندنی  سەرمایەداری و پیشەسازی لە ڕووسیا زەمینەی بۆ کار و چالاکی گروپە مارکسیی و کرێکارییەکانی ناوخۆی روسیا رەخساند بە شێوەیەک  کەوا لە ساڵی (١٨٩٥) گروپی «یەکیێتی خەبات بۆ ئازادی چینی کرێکار» بە هاریکاری و بەشداری «لینین» پێکهات (یزدانی،١٣٩٠:٥٠).  ئەم گروپە بوو بە هاندەری دانیشتن و کۆبوونەوەی بەردەوامی گروپ و تاقمە سۆسیالیستەکانی ڕووسیا. لە دەرئەنجامی کۆبوونەوە بەردەوامەکانی ئەم گروپ و تاقمانە، کۆبوونەوەی  گشتی ساڵی (١٨٩٥) بوو کە بۆ یەکەم جار هەموو گروپە سۆسیال دیموکراتەکانی ڕووسیای لە شاری «مینێسکی»  ڕووسیا کۆبوونەوە و هاودەنگی خۆیان راگەیاند و بۆ بەرەوپشبردنی ئامانج و داخوازی و ئەندێشەکانیان بڕیاریاندا بە دەرکردەنی رۆژنامەی«ئیسکرا» لە وڵاتی ئەڵمانیا، ئەم کۆبوونەوە و هەروەها چالاکی نووسەرانی گۆڤاری ئیسکرا، زەمینەی بۆ پێکهێنانی حیزبی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیا لە شاری «برۆکسێل»ی وڵاتی بەلجیکا و یەکگرتنی چەپەکانی ڕووسیای رەخساند. چالاکی سیاسی و تەنانەت سەربازی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی ڕووسیا لە دەرنجامدا، شۆڕشی ئۆکتۆبەری (١٩١٧) و پێکهینانی حکومەتی کۆمۆنیستی سۆڤییەت بوو (کروپسکایا،١٣٦٠ :٩١ )

لە رەوتی چالاکی چەپەکانی ڕووسیا و دەرەوەی وڵات، ناوچەی قەفقاز رۆڵی پەیوەندی نێوان ئەندامانی چەپی ناوخۆی ڕووسیا و دەرەوەی ڕووسیای ئەگێرا، بەڵگەکان پێشاندەری ئەو راستییەن لە شاری تەورێزی ئێران، لە ساڵانی نێوان (١٩٠٠) بۆ (١٩٠١) کەسانێک هەبوون کە لەگەڵ حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ڕووسیا پەیوندەیان هەبووە، ئەو نامانەی کە لەلایەن لینین و کرۆپێسکایای هاوسەریەوە بەجێماوە، پیشاندەری ئەوەن کە ئەوان رۆژنامەی نهێنی «ئیسکرا» یان لە رێگەی بەرلین- تەورێزەوە بۆ باکۆ ناردووە(کامبخش،١٩٧٢ :٤-١٣ )

جیا لەوەی قەفقاز رۆڵی پردی پەیوندەی نێوان ئەندامانی چەپی ناوخوی ڕووسیا و دەرەوەی  رووسیای ئەگێرا، گەشەسەندنی سەرمایەداری لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی (١٩)ی ڕووسیا، قەفقازیشی گرتەوە بە شێوازێک کە بە هۆی وەبەرهێنانی نەوت و خەڵۆزی بەردینەوە، قەفقاز بوو بە یەکێک لە سەنتەرە ئابووری و پیشەسازییەکانی ئێمپراتۆریی ڕووسیا (یزدانی،١٣٩١:٦٨)

گەشەسەندنی ئابووری و پیشەسازی قەفقاز بووە هۆی گەشەکردنی شارنشینی و کۆچی کرێکاران بەرەو قەفقاز و بە تایبەت شاری باکۆ. گرفتی کرێکارانی شاری باکۆ لە لایەکەوە و سەرهەڵدانی ئەندیشەی مارکسی لەلایەکی دیکەوە زەمینەی بۆ کۆبوونەوەی چالاکانی کرێکاری و هەورەها بۆ کاروباری حیزبی لەو شارە رەخساند بە جۆرێک لە ساڵی (١٨٩٦) لە باکۆ، یەکەم گروپی سۆسیال دیموکرات دەستی بە کار کرد(علی ئۆف،١٣٦٠ :٢٩ ) و لە سەرەتای سەدەی (٢٠) ئێسکراچییەکان (چەپەکانی لایەنگری لینین) لە شارەکانی باکۆ و تفلیس(ناوەندی جورجیا) دەستیان بە چالاکی کرد(دویچر،١٣٦٨ :٥٦ ) و ئەو گروپە سۆسیال دیموکراتانە لە ساڵی(١٩٠٣) کومیتەی یەکێتی قەفقازیان پێکهینا و نوێنەریان نارد بۆ کۆنگرەی دامەزرانی حیزبی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیا لە بەلجیکا. (یزدانی،١٣٩١:٧٥ )
پاش ماوەیەک، پرس و جیاوازی رەگەزی و قەومی و ئایینی، هێدی هێدی بۆچووونی جیاوازی  لەنێوان ئەندامانی کومیتەی یەکێتی قەفقاز دروستکرد و ئەمەش ئەندامەکانی بەرەو دابەشبوون و دامەزرانی رێکخراوە و حیزبی سەربەخۆ هاندا و لە یەکەم هەنگاودا حیزبی «هیممەت» لە ساڵی (١٩٠٣) و لە شاری باکۆ دامەزرا.

رێکخراوە یان حیزبی«هیممەت» لە ساڵی (١٩٠٣) و لە سەر دەستی گروپێک روشنبیری تورک دامەزرا. جیا لەوەی سۆسیال دیموکراتەکانی ناوچەکە لەگەڵیان هاوکاربوون. دامەزرێنەران و رێبەرانی هیممەت، لەژێر کاریگەری سۆسیالیزمدا بوون، هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکرێت ئەوان بە تەواوی مارکسی نەبوون و لە ئەساسدا زیاتر لەوەی کە ملکەجی ئایدۆلوژیایەکی تایبەت بن، لە بیری خەبات و شۆڕش و گۆڕانی شۆڕشگێرانەی کومەڵگای خۆیان واتە قەفقاز بوون(یزدانی،١٣٩١ :٩٤ )

ئەندامانی حیزبی هیممەت لە ئۆکتۆبەری( ١٩٠٤) رۆژنامەی نهێنی «هێممەت[2]»یان بە زمانی تورکی بڵاوکردەوە و پاش ٦ ژمارە لەلایان پۆلیسەوە داخرا(یزدانی،١٣٩١:٨٠) ئەندامانی هیممەت نزیکەی (١٠٠٠) کەس بوون کە لەم (١٠٠٠)کەسە، نزیکی(٢٥٠)کەسیان پەنابەری ئێرانی بوون(یقیکیان،١٣٦٣ :٤٠٦)بێگومان پاش ریفۆرمی پیشەسازی لە ڕووسیا، بەشێک لە هێزی کاری ناوچەی قەفقاز و بە تایبەت باکۆ، ئێرانییەکان بوون.

سەرژمێری ساڵی (١٩٠٤) پیشاندەری ئەوەیە کە نزیکەی (٧١٤٠٧) پەنابەر و کرێکاری ئێرانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رووسیا کاریان دەکرد(حکیمیان،١٣٧٤ :٥٣ ) ئەمە جگە لەو پەنابەرە و کرێکارانەی کە بە شێوەی نهێنی و نایاسایی  چووبوونە ناو خاکی ڕووسیاوە، بۆ نمونە خاتوو «بەلوا» باس لە (٣٠٠) هەزار کرێکاری ئێرانی دەکات کە لە ساڵی (١٩٠٥) لە ڕووسیادا دەژیان(عبدالله یف،١٣٦٠ :١٠٢ ) کەواتە نزیکەی (٢٣٠) هەزار کەس بە شێوەی نهێنی و نایاسایی لەوڵاتی ڕووسیا نیشتەجێ بوون.

بە گشتی کەش و هەوای قەفقاز ، ئامادەبوونی کرێکارانی ئێرانی لە قەفقاز ، دۆخی خەراپی کریکارانی ئێرانی و بەشداریکردنیان لە مانگرتنەکانی ساڵەکانی (١٩٠٤) و (١٩٠٥)بە هۆی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری قەفقاز (اردوبادی،١٣٨٠ :٨-١٥٤ ) و لە هەمووی گرنگتر، شارەزابوون بە داخوازییەکان و مافی کرێکاری و بە واتایەکی دیکە ئاشنا بوون بە بۆچوونە مارکسیەکان و بیرۆکەی پاراستنی کرێکارانی ئێرانی دەرەوەی وڵات و نیشتەجێ لەقەفقاز (کسروی.١٣٥٤ :١٢٣.)زەمینەی بۆ چالاکی و کاری حیزبی و بە گشتی بۆ دامەزراندنی حیزبی سەربە باڵی چەپی لە ئێراندا رەخساند.

٢)دامەزرانی یەکەم حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئێران(ئیجتماعیونی عامیون)
لە ساڵی (١٩٠٥) هاوکات لە گەڵ شۆڕشی ڕووسیا و دەسپێکردنی بزاڤی مەشرووتەخوازی و بە واتایەکیتر شۆرشی مەشرووتە لە ئێراندا، ١٣ کەسایەتی ئێرانی کە بریتی بوون لە چەندین بازرگان، چالاکی کرێکاری، پەنابەری ئێرانی، روناکبیر و ئەندامانی حیزبە چەپەکانی ڕووسیا، یەکەم حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئێرانیان لە شاری باکۆ دامەزراند.(کسروی،١٣٥٤: ١٩٤) بۆ ئەم حیزبە ناوی «ئیجتماعیونی عامیون»یان هەڵبژارد کە لە راستییدا وەرگێڕدراوی فارسی «سۆسیال دیموکرات» بوو(یزدانی،١٣٩١ :١١٨ ). شایانی باسە تەنیا یەک کەس لەم ١٣ کەسە ئێرانی نەبوو. نەریمانۆف  خەڵکی ئازەربایجانی ڕووسیا و ئەندامی حیزبی بەلشەفیکی ڕووسیا بوو و بەرپرسی یەکەمی ئیجتماعیونی عامیون بوو. (کسروی،١٣٥٤: ٣٩١)

دامەزرێنەرانی ئیجتماعیونی عامیون«سۆسیال دیموکرات» پاش چەند مانگ لە دامەزرانی حیزبەکە لە دێسەمبەری (١٩٠٦) پرۆگرامی حیزبیان لە سێ هەزار نوسخەدا بڵاوکردەوە و کورتەی ئامانجەکانیان راگەیاند کە بریتی بوون لە دابەشکردنی زەوییە کشتۆکاڵییەکان بەسەر جوتیاراندا، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن بۆ (٨) کاتژمێر لە رۆژدا، دابینکردنی خانوو بۆ هەژارەکان، کردنەوەی خوێندنگا بۆ چەوساوەکان، دابینکردنی ئازادی بیرورادەربرین و ئایین و ئازادی کۆبوونەوە و.....( شاکری،١٣٥٧ :٤١-٣٨ )

پاش دامەزرانی ئیجتماعیونی عامیونەوە بەهۆی شۆڕشی مەشرووتە[3] لە ئێراندا زەمینە بۆ گەڕانەوەی  کرێکار و پەنابەرە ئێرانییەکانی دانیشتووی قەفقاز بۆ ناوخۆی ئێران سازببوو، بە واتایەکی دێکە شۆڕشی مەشرووتە بوو بەهۆی گەڕانەوەی کرێکاران و پەنابەرانی ئێرانی و بە تایبەت ئەندامانی ئیجتماعیونی عامیون بۆ ناوخۆی وڵات. پاش گەڕانەوە، ئەندامانی ئیجتماعیونی عامیون لە ماوەیەکی کورتدا لە شارەکانی تاران، تەوریز، رەشت، ئەنزەلی، ورمێ، ئەسفەهان و مەشهەد نووسینگەیان کردەوە و دەستیان بە چالاکی حیزبی  و پەرەپێدانی بیرۆکەی چەپ لە وڵاتدا کرد. (یزدانی،١٣٩١ :١٢٨ )

لقی تارانی ئیجتماعیونی عامیون بە بەشداری کەسایەتییە سیاسیە ناودارەکانی پایتەخت و هەروەها ئەنجومەنە تازە دامەزراوەکانی سەردەمی مەشرووتە و بە تایبەت بەشداری «حەیدەر عەمۆ ئۆغلی»[4]ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکراتی قەفقاز و سیاسەتمەدارانی بەناوبانگ و ناسراوی ئێرانی وەک ئەندامانی «ئەنجومەنی نیشتمانی» زۆر چالاک و بەهێز بوو و تەنانەت لە ناوەندی دەسەڵات و بە تایبەت لە یەکەم خولی پەرلەمانی ئێران لە ساڵی (١٩٠٦ ) بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبوو.(یزدانی،١٣٩١ :٤٠ -١٣٧ )
پاش ئەوەی یه­كه­مین خولی پەرله­مانی ئێران له (١٩٠٦) كرایه­وه، موزەفەرەدین شاه پاشای ئەو کاتەی ئێران به هۆی نه­خۆشیەوە كۆچی دوایی كرد و موحه­مه­د عه­لی شای كۆڕی بوو بە شای ئێران. توندڕەوی مه­شرووته­خوازان و سه­رهه­ڵدانی موزایدەی سیاسی و پۆپۆلیزم و گه­شه­سه­ندنی توندوتیژی لەلایه­كه­وه و  لەلایەکی دیکەشەوە سروشتی دیكتاتۆرانه­ی پاشای نوی لەلایه­كی دیکەوە بوو بە هۆی داخستنی پەرله­مان و كوشتن و گرتن و ده­ركردنی رۆشنبیران و مه­شرووتەخوازان و بە گشتیی ئاڵوزبوونی کەش و هەوای سیاسی ئێران و لەم بارۆدۆخدا بەشێک لە ئەندامانی ئیجتماعیونی عامیون لە جیاتی کاری حیزبی و پرۆپاگەندەی بیرۆکەی چەپ ، دەستیاندایە دروستکردنی رێخکراوەی نهێنی بە مەبەستی تیرۆری نەیارانی مەشرووتە و بەشداری لە شۆڕشی مەشرووتە.

دەزگای«نهێنی» و «کومیتەی نهێنی» کە لە ژێر چاودێری «بەشی نهێنی» حیزبی ئیجتماعیونی عامیوندا بوو و هەروەها «لیژنەی تۆقاندن» کە لەژێر سەرپەرشتی کومیتەی نهێنی دا بوو و ئەرکەکەی تێرۆرکردنی نەیارانی مەشرووتە بوو لە ریزی ئەو رێخراوە نهێنیانەدا بوون کە لقی تارانی حیزب بە مەبەستی کوشتن و تۆقاندن پێکیهێنابوون.

 تێرۆرکردنی ئەمین سوڵتان کەسی دووەمی حکومەتی قاجار[5] و بەناوبانگترین نەیاری مەشرووتە کاری ئەم لیژنەیە بوو(یادگار،١٣٢٥ :١-٥٠ ) حەیدەر عەمو ئۆغلی(بەرپەرسی پێشووی گەیاندنی کارەبا بۆ گەڕەکەکانی تاران و تیرۆریستی تۆقێنەری سەردەمی مەشرووتە) بەرپەرسی «لیژنەی تۆقاندن» و تیرۆر بوو.(افشار،١٣٥٩ :٢٦٤ )

جێ ئاماژەیە جگە لە تاران لە شارەکانی­تری ئێران وەک  تەوریز، رەشت، ئەنزەلی،... ئیجتماعیونی عامیون چالاک بوون، بڵاوکردنەوەی رۆژنامە، دژاییەتیکردنی  نەیارانی مەشرووتە و بەشداریکردن لە شۆڕشی مەشرووتە بەشێک لە چالاکییەکانی ئەندامانی ئیجتماعیونی عامیون لە دەرەوی تاران بوون. هەرچەندە لقەکانی ئیجتماعیونی عامیون قەت نەیانتوانی پەیوەندییەکی باش لە گەڵ تاران و هەروەها لقەکانی دیکەدا دروست بکەن(یزدانی،١٣٩١ :١٦٣-١٤٣) بەڵام لە شۆڕشی مەشرووتەدا رۆڵی دیار و بەرچاویان گێڕا.

خاڵی گرنگ لەم نێوانەدا  ئەوەیە کە کەش و هەوای شۆڕش و پشێوی سەردەمی مەشرووتە، بەرپەرسان و دامەزرێنەرانی حیزبی ئیجتماعیونی عامیونی لە ئامانج و دروشمە سەرەکییەکانی خۆی واتە دابەشکردنی زەوییە کشتۆکاڵییەکان، کەمکردنەوەی کاتی کارکردن بۆ (٨) کاتژمێر، دابینکردنی خانوو بۆ هەژارەکان، کردنەوەی خوێندنگا بۆ چەوساوەکان، دابینکردنی ئازادی بیرورادەربرین، ئازادی ئایین، ئازادی کۆبوەنەوە و....( شاکری،١٣٥٧ :٤١-٣٨ )دوور خستەوە و  تەنانەت فەرامۆشیان کرد کە ئیجتماعیونی عامیون لە سەر بنەمایەکی سۆسیال دیموکرات دامەزراوە . ئەڵبەت شایانی ئاماژەیە ئەندامانی ئەرمەنی تەورێزی حیزبی ئیجتماعیونی عامیون وەک «ئارشاوير چەلێنگريان» و «تیگرانی دەروێش»[6] کە لە ئەندێشەی مارکسی خاوەن ڕا و بۆچوون بوون لە تەورێز خەریکی بڵاوکردنەوەی وتار بە زمانەکانی ئەڵمانی و فەرەنسی و رووسی لە گۆڤارە بەناوبانگەکانی دونیای چەپ بوون، هەروەها لەگەڵ تیۆریسەنە بەناوبانگەکانی رووس وەک «کائۆتێسکی» و «پولخانۆف» لەڕێی نامە گۆڕێنەوە خەریکی باس و موناقشەکردن بوون سەبارەت بە شۆڕشی مەشرووتە و ئەرکی چەپەکانی ئێران لە رەوتی شۆرشدا. (شاکری،١٣٨٨ :١٠٩-٣٣ )

نامە و وتارەکانی «ئارشاوير چەلێنگريان» و «تیگرانی دەروێش» دوو ئەندامی خاوەن ئەندیشەی مارکسی ئێران لە تەورێز پیشاندەری بۆچوونی ئایدیالیستانەی چەپەکانی ئێران و بایەخ نەدانیان بوو بە واقیعی نەریتی و ئایینی ئەو سەردەمەی ئێران.
٣- دەرنجام و چارەنووسی حیزبی ئیجتماعیونی عامیون

حیزبی ئیجتماعیونی عامیون، پاش نزیک بە پێنچ ساڵ چالاکی ، کۆمیتەی ناوەندی حیزب، لە ساڵی (١٩١٢) بە راگەیاندنێکی فەرمی لە رۆژنامەی« ئێرانی نۆی» کۆتایی چالاکی خوی راگەیاند و لەو راگەیانراوەدا سەرەتا پاش ئاماژەدان بە هەوڵی حیزب لە دابینکردنی «بنەمای ئازادی و مەشرووتە بۆ ئێران» رایگەیاندووە :« لەم ساتەوەختەدا کە ئاواتەکانی ئیجتماعیونی عامیون بە ئاکام گەیشتووە و زەمینەی عەدالەت و مەشرووتە دابیینکراوە، مەخابن هەندێک  کەس لە ئەندامبوونی حیزب، کەڵکی خراپ وەرئەگرن وخەرێکی گەندەڵین و هێشتا نازانن کە بەکارهێنانی خراپی حیزب چ دەرەنجامێکی نالەباری بۆ کۆمەڵگای ئێران لێ دەکەوێتەوە. لێرەوە کە ئەم کارانە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە سەربەخۆیی ئێران و هەروەها بیری مەشرووتەخوازان، بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی هەموو لقەکانی حیزبی ئیجتماعیونی عامیون رادەگەیەنین...(ایرانی نو،١٢٨٨ :٤ )

حیزبی ئیجتماعیونی عامیون(سۆسیال دیموکرات) تەنیا رێکخراوەیەکی سیاسی بوو کەوا لە سەردەمی پر لە کارەساتی خولی یەکەمی(١٩٠٧) پەرلەمانی ئێراندا دامەزرا و گرنگتر لەوەش  لە وڵاتێک دامەزرا کە خاوەنی هیچ چەشنە ئەزمونێکی سیاسی نەبوو. هەرچەندە ئەندامانی ئیجتماعیونی عامیون بە گشتی تەبا و هاودەنگ و یەک ریز نەبوون  و خاوەنی دەنگ و ئەندیشەی زۆر جیاواز بوون بەڵام بە گشتی هەموویان، خوازیاری پێشکەوتنی وڵات، دابینکردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی بارۆدوخی ژیانی چینی هەژار بوون، ئیجتماعیونی عامیون، هەر چەندە نەیتوانی بگاتە ئاستی حیزبێکی یەکدەست و خاون دیسپلین، بەڵام نابێت نکۆڵی لەو راستیەش بکرێت ئەم حیزبە  زۆر کەسی فێری خەبات و کاری سیاسیی و حیزبی کرد، بە تایبەت ئەوانەی کەوا خاوەنی رۆئیا و خەونی گەورە بوون و پاش جەنگی جیهانی دووەم دووبارە گەڕانەوە گۆڕەپانی سیاسەتی ئێران(یزدانی،١٣٩١ :٢٨٤)

بە گشتی حیزبی ئیجتماعیونی عامیون وەک یەکەم حیزبی سەر بە چەپ و هەروەها یەکەم حیزبی دامەزراو لە ئێراندا بە هۆی کەش و هەوای نەریتی ئەو سەردەمەی ئێران و هەروەها سەردەمی مەشرووتە کە هەموو حیزب و گروپە سیاسیەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو و بە واتایەکیتر یاساخوازی، پەرلەمانخوازی و پاشایەتی مەشروتە، گوتاری زاڵی گۆڕەپانی سیاسەتی ئەو کاتەی ئێران بوو، نەیتوانی بگاتە ئامانجە سەرەتاییەکانی خۆی و لە راستیدا لەو سەردەمە زەمینە بۆ کاریگەری گوتاری چەپ لە سیاسەتی ئێراندا زۆر کەم بوو. بەڵام ناکرێت نکوڵی لەم راستییەش بکرێت کە زەمینەی بۆ کاری حیزبی و بە تایبەت بۆ  دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران رەخساند و ئەندامانی حیزبی ئیجتماعیونی عامیون دواتر لە دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران رۆڵی کارا و سەرەکی و دیاریان هەبوو.

٤- دامەزرانی یەکەم حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
حەوت ساڵ پاش هەڵوەشانەوەی حیزبی ئیجتماعیونی عامیون(سۆسیال دیموکرات)واتە لە ساڵی(١٩١٧) ژمارەیەک ئێرانی دانیشتووی باکۆ، حیزبی«عەدالەت»یان دامەزراند کە دواتر بوو بە بنەمای دامەزراندنی یەکەم حیزبی کومۆنیستی ئێران.(احمدی،١٩٩٤ :٥ )
سۆسیال دیموکراتەکانی ئێران پاش شکستی شۆڕشی مەشرووتە و لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا(١٨-١٩١٤ )بە یارمەتی ئەندامانی پێشووی ناوخۆی وڵات و دەرەوی وڵات و هەروەها کرێکارانی ئێرانی کۆمپانیای نەوتی باکۆ بە سەرۆکایەتی ئەسەدوڵای غەفارزادە  لە دامەزرانی حیزبی «عەدالەت»دا پێشەنگ بوون. بە واتایەکیتر حیزبی عەدالەت بەرهەمی هەوڵەکانی ئەندامانی پێشووی سۆسیال دیموکراتەکانی ئێران واتە حیزبی ئیجتماعیونی عامیون بوو. ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بریتی بوون لە حەیدەر عەمو ئۆغڵی، کەریم نیک بین ، ئاویتس سولتانزادە، پیشەوری و سەڵاموڵای جاوید، بەرپرسی کۆمیتەی ناوەندی حیزب  ئەسەدوڵای غەفارزادە بوو. ئەسدولا غەفارزادە لە سەرەتای دامەزرانی حیزبەوە تا کاتی کوژرانی، وەک بەرپرسی یەکەمی حیزبی عەداڵەت کاری دەکرد.(ابراهیم،؟:١١٩)پێکهاتەی ئەندامانی حیزب بریتی بوون لە  کرێکار ٦٠./. فەرمانبەر ٢٠./. کاسبکار ١٧./. و رۆشنبیر ٣./. (خسروپناه،١٣٨٨ :١١-٣٣ )

ناوەندی حیزبی عەداڵەت، خوێندنگای تەمەدونی ئێرانییەکانی باکۆ بوو،(پیشەوری،١٣٥٩ :٢٤)،ئامانجەکانی حیزب بریتی بوون لە دابینکردنی یەکێتی سەرجەم کرێکارانی ئێران، یارمەتیدانی شۆڕشی ڕووسیا ، هەڵکردنی ئاڵای بزاڤی ئازادیخوازی نەتەوەیی لە ئێراندا(پیشەوری،١٣٥٩:٢٧ )

پاش ماوەیەک کار و چالاکی لە دەرەوەی وڵات، کومیتەی ناوەندی حیزب،غەفارزادە( سەرۆک و بەرپەرسی حیزب) و ١٣ ئەندامی حیزبی ڕاسپارد کە پەیوەندی  بە بزاڤی جەنگەڵ و میرزا کوچیک خانی جەنگەڵییەوە(رێبەری شۆرشی جەنگەڵ) بکەن، بەڵام لەم ١٣ ئەندامە، تەنیا سێ ئەندام توانیان بگەنە گیلان( ناوەندی شۆڕشی جەنگەڵ) و گرنگتر لەوەش غەفارزادە (کەسی یەکەمی حیزب )لە شاری رەشت(ناوەندی پارێزگای گەیلان ) لە پیلانێکدا تیرۆر کرا. ئەم کارەساتە حیزبی بۆ ماوەیەک زۆر لاواز کرد، بەڵام بە هاتنی ئاوتیس سولتانزادە[7]( راوێژکاری لینین و تیۆریسیەنی بەناوبانگی چەپ و کۆمۆنیست )تا رادەیەک حیزب دووبارە گەشایەوە.

 سولتانزادە و ئەندامانی حیزبی عەداڵەت، لە مارسی ساڵی(١٩٢٠ )کۆنفرانسی ناوچەیی حیزبی«عەداڵەت»یان بە بەشداری(٥٦٣٠)ئەندامی حیزب، لە شاری تاشکەند(ناوەندی ئۆزبەکەستان)بەڕێوە بەرد و ئەم کۆنفرانسە، زەمینەی بەڕێوە بردنی یەکەم کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی رەخساند و یەکەم کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا و لە شاری بەندەر ئەنزەلی (سەر بە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران) بەڕیۆەچوو. لەم کۆنگرەدا ئاوتیس سولتانزادە وەک بەرپەرسی یەکەمی حیزب هەڵبژیردرا و هەموو پرۆگرامەکانی حیزب لە ژێر کاریگەری ئەندێشە و بیرۆڕای ئەودا نووسرانەوە(خسروی و حیدریان،١٣٨٢ :٤٢ )

لەم کۆنگرەیەدا چەند بابەتێکی سەرەکی وەک دۆخی ناوخۆ و دەرەوی ئێران، رێکخستنەکانی حیزب، بابەتی دابەشکردنی زەوی لە ئێراندا، بڵاوکراوەکانی حیزب، هەڵبژاردنی لقەکانی حیزب باس و تاووتۆێ کران و بریارێک لە(٨)بەشدا دەرکرا(رواسانی،١٣٦٨ :١-١٤١ ) و ناوی حیزبی عەداڵەت بە فەرمی گۆڕا بۆ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (شاکری،٧٠ /١)دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ، لە بنەرەتدا ژیانەوی حیزبی عەداڵەت بە هەوڵی یەکێتی سۆڤییەت بوو.

دامەزران و راگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هاوکات بوو لە گەڵ بزاڤی جەنگەڵ بە رێبەرایەتی میرزا کوچیک خانی جەنگەڵی و روخانی پاشایەتی قاجار و بە دەسەڵات گەیشتنی رەزاشای پەهلەوی و راگەیاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی پەهلەوی لە ئێراندا[8] . خاڵی گرنگ لەم نێوانەدا هەوڵی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو بۆ لاساییکردنەوەی سۆڤییەت لە جێبەجێکردنی شۆڕشی کۆمۆنیستی لە ئێراندا (تبری،١٣٦٦ :١٣٠ ) و ئەمە زۆر دوور بوو لە واقیعی کۆمەڵگای ئێران کە کۆمەڵگایەکی پێش مودێرن و نەریخواز و ئایینی بوو. جیا لەم هەڵە ستراتێژیانەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵەی بەرچاو و گرنگیان، هەوڵدان بوو بۆ بەشداری لە بزاڤی جەنگەڵ و هەروەها هەوڵدان بوو بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی کۆمۆنیستی لە باکووری ئێران واتە پارێزگای گیلان.(رئیس نیا،١٣٦٠ :٢٨٢)
پاش بەشداریکردنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بزاڤی جەنگەڵ و سەرهەڵدانی کێشە لە نێوان ئەندامانی جەنگەڵ بە هۆی جیاوازی بیروڕا، ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی بەشدار لە بزاڤی جەنگەڵ و هەرەها ئەندامانی چەپی بزاڤی جەنگەڵ بە یارمەتی ئێحسانوڵاخانی دووستدار[9] ئەندامی دەستڕۆیشتووی بزاڤی جەنگەڵ لە غیابی میرزا کوچیک خانی جەنگەڵی و بە ئەمری سۆڤییەت دەوڵەتی «کۆماری سۆسیالیستی گیلان»یان پێکهێنا و هێرشیان کردە سەر تاران و ئەم هێرشە بۆ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران زۆر گران تەواو بوو.(ایوانف،١٣٥٦ :٤١ )

پاش چەند ساڵ لە دامەزرانی حیزب، بە هۆی هەندێک کاری تێکدەرانە و تاکڕەوانە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تووشی کێشەی جدی بوو و لە یەکەمین «کۆنگرەی نەتەوە رۆژهەڵاتییەکان»ی  باکۆ لە سێپتەمبەری (١٩٢٠ ) ئەم کێشە و گرفتانە خۆیان دەرخست و کەش و هەوای کۆنگرەیان ئاڵۆز کرد. هەروەها دژایەتی ستالین لەگەڵ بۆچوونەکانی ئاوتیس سولتانزادە بووە هۆی ئاڵۆگۆڕ لە دەستەی سەرکردایەتی حیزب بە شێوەیەک ٤ رۆژ پاش کۆنگرە لە کودەتایەکی حیزبی و بە یارمەتی ستالین، سولتانزادە و (١١)کەس لە دەستەی سەرکردایەتی حیزب لابران و لە حیزب دەرکران(احمدی،١٩٩٣ :٤ )

هەر چەندە ئەم بریارە لە لایان دەستەی سەرکردایەتی و زۆرینەی حیزب قبوڵنەکرا بەڵام بووه هۆی دووبەرەکی و لەت بوون و بە واتایەکیتر دوو بەش بوونی حیزب کۆمۆنیستی ئێران. ئەم دابەشبوونە هەر چەندە بەرهەمی دەستێوەردانی سۆڤییەت بوو بەڵام لە دەرەنجامدا بووە هۆی ناڕەزایی سۆڤییەت، بۆیە بە رێنوێنی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت، کودەتایەکی دیکە لە حیزبی دوولەتکراوی حیزب کۆمۆنیستی ئێران رویدا و کومیتەیەکی ناوەندی سێیەم لە ساڵی (١٩٢١) پێکهات. ئەم دەستێوەردانەی سۆڤییەت ئاڵۆزییەکانی ناو حیزبی زیاتر کرد، بۆیە  سۆڤییەت ناچار بوو جارێکیتر دەستێوەردان بکات و ئەمجار کۆمینتێرن( بەشی رۆژهەڵاتی نێۆنەتەوەیی حیزبی کۆمۆنیست) ، ئۆر جونیکدەزە(بەرپرسی کۆمۆنیستەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستی) راسپارد تا سێ کۆمیتەکەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵوەشێنێتەوە و لە جاتی ئەم سێ کۆمیتە، کۆمیتەیەکی ناوەندی بە بەشداری ئەندامانی هەر سێ کۆمیتەکە پێکبهێنێت(شاهین،١٣٦٠ :٦٠)

بە پێکهێنانی کۆمیتەی ناوەندی نۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران جارێکیتر ئاوتیس سولتانزادە بوو بە ئەندامی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەها بە نوێنەری حیزب لە کۆمینتێرنی  گشتی حیزبی کۆمۆنیست هەڵبژیردرا. (خسروی و حیدریان،١٣٨٢ :٤٤ )
بڵاوکردنەوەی چەندین رۆژنامە و مانگنامەی وەک رۆژنامەی «حەقیقەت» بە سەرنووسەری «مەحمەدی دهقان» بە دروشمی « رەنجدەرانی سەر زەوی یەک بگرن»، رۆژنامەی «کار» پاش داخستنی حەقیقەت، رۆژنامەی «پەیکان»، هەفتەنامەی «خەلق»، مانگنامەی «جەرەقە» و هەروەها دامەزراندنی چەندین رێکخراوە وەک «کۆمەڵەی کلتووری» لە شاری رەشت(ناوەندی پارێزگای گیلان)«کۆمەڵەی فەرهیخت» لە بەندەر ئەنزەلی، «ئەنجۆمەنی پەروەرەش» لە پارێزگای قەزوێن، «کۆمەڵەی ژنانی نیشتمانپەروەر» لە تاران و دامەزراندنی «یەکێتی کرێکاری» و بەڕێوەبردنی یەکەمین جەژنی کرێکاری لە رۆژی کرێکار(کامبخش،١٣٦٠ :٣١-٢٩) بەشێک لە چالاکییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوون بۆ راکێشانی ڕای گشتی خەڵکی ئێران و هەروەها ئاشناکردنی خەڵک بە ئەندێشەی چەپ و پرۆگرامەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. بەڵام دەسکەوتی ئەوتۆی نەبوو، چونکە  حیزب کەوتە بەر پەلامار و هەڕەشەی حکومەتەوە.

جێی ئاماژەیە دامەزرانی حیزب هاوکات بوو لە گەڵ روخانی پاشایەتی قاجار و سەرهەڵدانی پاشایەتی پەهلەوی و رەزاشای پەهلەوی لە بەر سەقامگیر کردنی پاشایەتی و دەسەڵاتی خۆی و هەروەها دامەزرانی یەکەی دەوڵەت-نەتەوە لە سەر بنەمای فەرهەنگ و زمانی فارسی کەوتە لێدان و سڕینەوەی ئەو حیزبانەی کەوا هەستی دەکرد بۆ دەسەڵات و بەرنامەکانی مەترسیدارە.  حیزبی کۆمۆنیستی ئێران  و بە گشتی چەپەکانی ئێران لە ریزی ئەو تاقم و گروپانەدا بوون کە هەر زوو کەوتنە بەر هێرشی رەزا شاە.
 لێرەوە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە سەردەمی پەهلەوی یەکەم (١٩٤١ -١٩٢٥)کەوتە ژێر زبر و گۆشاری حکومەتەوە. بەڵام حیزب سەرەڕای گوشاری دەسەڵاتی پەهلەوی یەکەم واتە رەزا شاە، تا ماوەیەەک توانی لە ئاست ئەم هەڕەشە و هێرشانە دریژە بە ژیانی خۆی بدات. بۆیە حیزب  هەرچەندە نەیتوانی کۆنگرەی دووەم لە ئێراندا ببەستێت، بەڵام کۆنگرەی دووەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ساڵی (١٩٢٧) بەڕێوەچوو. هەڵبەت لە سەر شوێنی کۆنگرە بۆچوونی جیاواز هەیە. ئۆکرانیا، ورمێ و ستالینگراد لە ریزی ئەو شارانەن کە شارەزایان پێیانوایە کۆنگرە لەوێ بەڕێوەچووە.

«هەڵوەشانەوی پاشایەتی، دامەزرانی حکوومەتی کۆماری»، دروشمی سەرەکی کۆنگرەی دووەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو. کۆنگرەی دووەم بریاریدا بۆ گەیشتن بەم ئاواتە و ئامانجەی حیزب پێویستە هەوڵی جدی بۆ « داکۆکی لە سەربەخۆیی ئێران، پەلکێشانی کەسانی شۆڕشگێر، دابینکردنی ئازادی و پەسەندکردنی یاسای کار» بدرێت(کامبخش،١٣٦٠ :٤٥)

٥-دەرنجام و چارەنووسی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
روانگەی دژە کۆمۆنیستی رەزاشا و هەروەها دروشمی « هەڵوەشانەوی پاشایەتی، دامەزرانی حکومەتی کۆماری» کۆنگرەی دووەم بووە هۆی توڕەیی لە رادەبەری رەزاشاە لە ئاست چەپەکان و هەر لەم ئاراستەیەدا رەزاشاە بە پەلە پەرلەمانی ئێرانی بە دەرکردنی یاسایاکی دژە کۆمۆنیستی ڕاسپارد.  پەرلەمانیش لە  ساڵی (١٩٣١) یاسایەکی بەم ناونیشانە دەرکرد « سزای بەشداریکردن لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چالاکیی کۆمۆنیستی،٣  بۆ ١٠ ساڵ زیندانە »(ابراهامیان،١٣٨٤ :١٩٢ )

ئەم یاسایە کە کۆمۆنیستیەکان وەک یاسای رەش ناویان برد، لێدان و زیندانی کردنی سەرجەم رێبەران و ئەندامانی  حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و تەنانەت چەپە تازە پێگەیشتووکانی وەک گروپی تەقی ئەرانی[10] لێکەوتەوە. بە گشتی ئەم یاسایە، کۆتایی هێنا بە چالاکی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سەرجەم کۆمۆنیستەکانی ئێران لە سەردەمی رەزاشای پەهلەوی یەکەمدا.

 بە دوورخستنەوەی رەزا شا لە ئێران و هاتنی محەمەدرەزا شا لە ساڵی (١٩٤١ )، زەمینە بۆ چالاکی چەپەکان جارێکی تر ڕەخسایەوە و ئەمجارە ئەندامانی ئازادکراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و گروپی  دکتۆر تەقی ئەرانی و سەرجەم چەپەکانی ئێران بە راگەیاندراوێکی فەرمی دامەزرانی حیزبی «توودە»یان راگەیاند.(ابراهامیان،١٣٨٤ :٣٤٦ ) بە دامەزرانی حیزبی توودە لاپەرەیەکی نوێ و پر لە کارەسات لە مێژووی چەپی ئێران هەڵدرایەوە.

پاشنووسەکان:
٢- قەفقاز کەوتووەتە باشووری چیاکانی قەفقاز و نێوان دەریای خەزەر و دەریای رەش  و لە سێ وڵاتی جۆرجیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان پێکهاتووە(عڵییف،١٣٦٠ :١٨ /٢)

٣- گوتاری ئەم گوڤارە بە گشتی ، رخنە لە دوو چین بوو، یەکەم ئەو روشنبیرانەی کەوا  بە سووکایەتییەوە سەیری خەڵکیان دەکرد و دووەم مەلاکان کە پارێزەری دەزگا کونسێرڤاتیڤەکان بوون(رواسانی،١٣٦٣:٥٨).  بەگەشتی سەبارەت بە ناوەڕۆکی گۆڤارەکە، سەمەدۆف دەنووسیت: «وتارەکان لە روانگەیەکی نامارکسیانەوە نووسران و بە پێچەوانەوە بە ڕاشکاوی لایەنگری ناسیونالیزمیان دەکرد»(سویتوخوسکی،١٣٨١ :٦٤)

٤- موزه­فه­ردین شاه كوڕی ناسره­دین شا پاش كوژرانی باوكی بوو بە پاشای ئێران و له سەرده­می ئه­و گه­وره­ترین رووداوی مێژووی ئێران واته مه­شرووته روویدا. مه­شرووته بەرهه­می هه­وڵ و ته­قه­ڵای یه­ك سه­ده رۆشنبیران و بیرمه­ندانی ئێران بوو بۆ یه­كسانی، مافی هاوڵاتیبوون، حكومه­تی یاسا، گەشەپێدانی سیاسی و به گشتی حكومه­تی یاسا بوو كه به فەرمانی شا له (١٩٠٦) حكومه­تی یاسا  و بە واتایەک پاشایەتی مەشرووتە راگه­یەندرا و پاش ماوه­یه­كی كورت دەستور ئاماده­كرا و شاه واژۆی کرد و یه­كه­مین خولی پەرله­مانی ئێران له (١٩٠٦) كرایه­وه و چه­ند رۆژ پاش واژۆکردنی به­ڵگه­نامەی مه­شرووتە، شاه به هۆی نه­خۆشی كۆچی دوایی كرد و موحه­مه­د عه­لی شای كوڕی بوو بە شای ئێران.

٥- حەیدر تاری وەردیۆف ناسراو بە حەیدەر عەمو ئۆغلی لە دایکبووی ساڵی ١٨٨٠ شاری ورمێیە، لە تەمەنی چوار ساڵاندا خانەوادەکەی بەرەو ڕووسیا کۆچیان کرد و لە ئەرمینیا نیشتەجێ بوون و لە تەمەنی (١٨ )ساڵاندا چووە زانکۆی پۆلی تەکنیکی تفلیسی جۆرجیا و لێرەوە لە گەڵ بیری مارکسی ئاشنا بوو و بە نافەرمی بوو بە ئەندامی یەکێک لە حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی ڕووسیا، هاوڕێیانی ئەو سەردەمەی حەیدەر دواتر بوون بە ئەندامانی باڵای حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت.

پاش ئەوەی حەیدەر عەمو ئۆغلی، بەشی ئەندازیاری کارەبای تەواوکرد ، بۆ کارکردن رووی کردە باکۆ. ئەوکات باکۆ یەکێک بوو لە ناوەندەکانی سۆسیال دیموکراتەکان و بە تایبەت ئێسکراچییەکان(لایەنگرانی لێنین و هاوسەرەکەی) حەیدەر عەمۆ ئۆغلی لە ساڵی ١٩٠٢ گەڕایەوە ئێران و لە شاری مەشهەد،(ناوەندی پارێزگای خوراسان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران) نیشتەجێ بوو. ناوبراو هەوڵی زۆریدا لە مەشهەد، لقێکی حیزبی سۆسیال دیموکرات بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئاستی نزمی وشیاری خەڵک نەیتوانی. بۆیە لە ساڵی ١٩٠٣ بەرەو تاران رۆیشت و لە سەرەتادا لە کۆمپانیای کارەبای بازرگانێکی بەناوبانگی ئەو کاتەی ئێران واتە «ئەمینۆلزەرب» دامەزرا. دامەزرانی لە تاران هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی مەشرووتە، ئەویش کە خاوەن کەسایەتییەکی سیاسی و دژە دەسەڵات بوو لە زۆربەی رووداوەکان و بە تایبەت تیرۆرکردنی نەیارانی مەشرووتە بەشداری کرد و تەنانەت رۆڵی سەرەکی هەبوو لە تیرۆرکردنی ئەمین سولتان سەدری ئەعزەمی ئێران.بە گشتی دەستپێکردنی تیرۆری نەیارانی مەشرووتە بیرۆکەی حەیدەرخانی عەمو ئۆغلی بوو،
حەیدەرخانی عەمو ئۆغلی پاش سەرکەوتنی مەشرووتەخوازان بە هۆی کاری تیرۆر کەوتە لیستی رەشی مەشرووتەخوازان و بە ئەمری «یەپرەم خانی ئەرمەنی» بەرپرسی پۆلیسی ئەو کاتەی ئێران لە وڵات دەرکرا و پاش چەند ساڵ ژیان لە فەرانسە و سویسرا و پەیوندی بە هاورێیانی لێنینەوە گرت و گەڕایەوە بۆ ئێران و لە دامەزرانی یەکەم حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەشداری چالاکانەی کرد و هاوکات لە گەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی جەنگەڵ، چووە ریزەکانی شۆڕش و پاش شکستهێنانی شۆڕش لە ساڵی ١٩٢١ لە بۆسەیەکدا کوژرا.

٦- قاجار ناوی خێڵه­كی بە رەچەڵەک توركە  كه له گه­ڵ هێرشی توركه­كان هاتنه ناو ئێران و له سه­رده­می پێكهێنانی ده­وڵه­تی سه­فەوییه یارمەتی شاه ئیسماعیلیاندا  و به­م شێوەیە هاتنه نێو گۆڕەپانی سیاسی ئێرانەوە. پاش مه­رگی كه­ریم خانی زەند، ئاغا محه­مه­دخانی قاجار كه وه­ك بارمته له كۆشكی كه­ریم خاندا بوو ڕایکرد و توانی له ماوه­یه­كی كورتدا خێڵی قاجار یەكبخات و لوتفعه­لی خانی زه­ند شكست بدات و حكومه­تی قاجاری له ساڵی  (١٧٩٧ ) دامەزراند.

ئاغا محه­مه­د خان، تارانی كرده پایته­ختی خۆی و پاش دوو ساڵ حكومه­ت كوژراو و برازایەکی خۆی واته  فه­تح عه­لی شا بوو به شای ئێران. سه­رده­می فه­تح عه­لی شاه سەردەمی رووبه­رووبوونه­وه له گه­ل رۆژئاوای مۆدێرنه، بۆیه له مێژووی هاوچه­رخی ئێران به­ یه­كێك له گرنگترین سەردەمەکانی مێژووی ئێران دێته ئه­ژمار. پاش فه­تح عه­لی شاه، محه­مه­د شا بۆ به جێنیشینی و پاش ئه­ویش ناسره­دین شاه كه (٥٠ ) سال حكومه­تی كرد و سه­رده­می ئه­و به یه­كیك له پر رووداووترین سه­رده­می مێژووی ئێران دێته ئه­ژمار.
موزه­فه­ردین شاه كوڕی ناسره­دین شا پاش كوژرانی باوكی بوو با پاشای ئێران و له سەردەمی ئه­ودا گه­وره­ترین رووداووی مێژووی ئێران واته مه­شرووته روویدا. مه­شرووته به­رهه­می هه­وڵ و ته­قه­لای یه­ك سه­ده روشنبیران و بیرمه­ندانی ئێران بوو بۆ یه­كسانی، مافی هاووڵاتیبوون، حكومه­تی یاسا و گەشەپێدانی سیاسی بوو كه به ئه­مری شاه له (١٩٠٦) حكوومه­تی یاسا راگه­یەندرا و پاش ماوه­یه­كی كورت دەستوری ئاماده­كرا و شاه واژۆی لەسەر کرد و یه­كه­مین خوولی پارله­مانی ئێران له (١٩٠٦) كرایه­وه،  چه­ند رۆژ دوای واژۆکردنی فەرمانی مه­شرووتییه­ت، شا به هۆی نه­خۆشی كۆچی دوایی كرد و موحه­مه­د عه­لی شای كوڕی بوو شای ئێران.

توندڕەوی مه­شرووته­خوازان و سه­رهه­ڵدانی پۆپۆلیزم و موناقشەی بێ ئەنجام لەلایه­كه­وه و لەلایەکی دیکەشەوە سروشتی دیكتاتۆرانه­ی شا بوونە هۆی داخستنی پەرلەمان و كوشتن و گرتن و ده­ركردنی رۆشنبیران و مه­شرووته خوازان به ئه­مری شاه و به واتایه­كی تر كۆتایی مه­شرووتیه­ت و سه­رهه­ڵدانەوەی دووباره­ی دیكتاتۆری.

به ڵام به­رخودانی خه­ڵكی ئازه­ربایجان بووه هۆی شكستهێنانی شاه و سەرکەوتنی دووباره­ی مه­شرووتە خوازان، سه­ركه­وتنی مه­شرووتە خوازان بووه هۆی لابردنی محه­مه­د عه­لی شاه. مه­شرووته خوازان له جیاتی ئه­و ئه­حمه­د شای 12 ساڵه­ی كوڕی محه­مه­د عه­لی شایان كرد به شای ئێران. چاوه­روانی ده­كرا ئه­م جاره حكوومه­تی یاسا و مه­شرووته سه­ر كه­وتووبێت به­ڵام جارێكی تر بازنه­ی دیكتاتوری، شۆڕش و پشێوی  سه­ریهه­ڵدا و زه­مینه بۆ سەرهەڵدانی دەسەڵاتی پاشایەتی پەهلەوی واته ره­زا شاە ئامادەکرا.
٧- بۆ ئاگاداربوون لە نامەکانی تیگران و چێلنگریان برواننە:شاکریان،خسرو(١٣٨٨ ) نقش ارامنه در سۆسیال دموکراسی ایران (١٩٠٥ -١٩١١ )تهران.شیرازە

٨-ئاوتیس مێکاییلیان(١٩٣٨ -١٨٨٩ ) ناسراو بە سوڵتانزادە لە دایکبووی شاری مەراغەی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێرانە. سوڵتانزادە لە تەمەنی (١٢)ساڵاندا بۆ خوێندن رووی لە وڵاتی ڕووسیا کرد و لە یەرەوان(ناوەندی ئەرمینیا) چووە زانکۆ و پاشان لە کۆلێژی بازرگانی مۆسکۆ درێژەی بە خوێندن دا و لە ساڵی (١٩١٣) بووە ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیا و لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری(١٩١٧ ) بەشداری چالاکانەی هەبوو.

سوڵتانزادە لە ساڵی(١٩١٩) لەلایان کۆمینتیرن(بەشی رۆژهەڵاتی نێۆنەتەوەیی کۆمۆنیست)ڕاسپێردرا بچێتە شاری تاشکەند بۆ کۆکردنەوەی کرێکارانی ئێرانی کە لە دوخێکی زوور نالەباردا بوون. سولتانزادە بە یارمەتی ئەندامانی حیزبی عەداڵەت، لە مارسی ساڵی(١٩٢٠ )کۆنفرانسی ناوچەیی حیزبی عەداڵەتیان بە بەشداری(٥٦٣٠ )ئەندامی حیزب لە شاری تاشکەند-ناوندی ئوزبەکەستان- بەرێوەبرد و ئەم کۆنفەرانسە زەمینەی دانان و بەڕێوەبردنی یەکەم کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی رەخساند و یەکەم کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا و لە شاری بەندەر ئەنزەلی - سەر بە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران- بەریۆەچوو و لەم کۆنگرەدا ئاوتیس سولتانزادە وەک کەس و بەرپەرسی یەکەمی حیزب هەڵبژیردراو و هەموو پرۆگرامی حیزب لە ژێر کاریگەری ئەندێشە و بیرۆرای ئەودا نووسرایەوە.

سوڵتانزادە جیا لە کاری رێکخستن لە بەشی چاپەمەنی حیزبیشدا چالاک بوو. بە ڕای ئەردەشیر ئاوانسیان،  ئاوتیس سولتانزادە،رۆحی چاپەمەنیەکانی حیزب وەک ستارە سرخ(ئەستێرەی سۆر)و پیکار(خەبات)بوو و هەروەها لە ژێر چاودیری ئەودا چەندین بەرهەمی مارکس وەک موچە، سود، کارو سەرمایە و مانیفێست لەسالانی ١٩٢٠ بۆ١٩٣٠ وەرگێردرانەوە سەر فارسی و بە گشتی لە سۆڤییەت وەک مارکسییەکی شارەزا دەناسرا. کەسایەتی سەربەخۆ وهەروەها شارەزایی لە ئەندێشەی مارکس و بە گشتی ئەندیشەی چەپدا هەبوو و ئەمە بووە هۆی رقی ستالین و لە دەرەنجامدا بوو بە قوربانی پاکتاوی ئایدولۆژیانەی ستالین  لە ساڵەکانی ٣٠  و لە ساڵی ١٩٣٨ لە دادگایەکی ساختەدا بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ کۆمۆنیزم ئیعدامکرا. بۆ زانیاری زۆرتر بروانە(امیر خسروی و حیدری،١٣٨٢ :٨-٤٠ )
٩- ره­زاشاە ئه­ندامی پێشووی سوپای «قه­زاق» كه لەلایان ئینگلیزه­كانه­وه ته­نیا بۆ یارمه­تی سەربازی هه­ڵبژێردرابوو له ماوه­یه­كی كورتدا توانی ئینگلیزەكان فریو بدات و ناتوانی ئەحمەد شا و ویستی خه­ڵك بۆ ئاسایشی قۆزتەوە و به هێزی ئەو سوپایەی كه خۆی پێكیهێنابوو توانی ئاسایش بەرقەرار بكات و ئه­حمه­دشای به بیانووی پشوودان ره­وانه­ی پاریس کرد و به یارمه­تی سوپا، رۆژنامه­ نووسان كه بانگه­شه­ی لێهاتووی ره­زاخانیان ده­كرد وهه­روه­ها روشنبیران (كه ئاواتیان هاتنی پیاوێكی به ده­سه­ڵات بۆ دامه­زراندنی ده­وڵه­ت-نه­ته­وه بوو ) و هه­روها ئه­ندامانی پەرله­مان له ماوه­ی  چوار سالدا له ئه­فسه­رێکەوە بوو بە وزیری به­رگری و دواتر سه­رۆكوزیران و له کۆتاییشدا له ساڵی (١٩٢٥ ) بووە پاشای ئێران و ناوی خۆی كرده ره­زاشای پەهلەوی و بۆ ماوه­ی (١٦ ) ساڵ واتە تا(١٩٤١ ) پاشایه­تی كرد و پاش ئەو محەمەدرەزا شای کوڕی تا (١٩٧٦ )لە ئێراندا حکومەتی کرد.

١٠- ئێحسانوڵاخانی دووستدار:(١٩٣٩ -١٨٨٤ ) لە بەرپرسان و دامەزرێنەرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو کە بە هۆی ئەوەی کە هاوشاری میرزا کوچیک خانی جەنگەڵی بوو توانی لە بزاڤی جەنگەڵدا وەک کۆمۆنیستێک بەشداری بکات و دواتر رەوتی بزاڤی جەنگەڵی بەرەو ئاراستەی حیزبی کۆمۆنیست گۆڕی، هەر چەندە لە دەرئەنجامدا سەرنەکەوت. شکستی بزاڤی جەنگەڵ و یاسای دژە کۆمۆنیستی رەزا شاە ، ئێحسانوڵاخانی دووستداری ناچار کرد وەکوو پەنابەر بچێتە وڵاتی سۆڤییەت. کەسایەتی سەنگین و شۆڕشگێرانەی ئێحسانوڵاخان بۆ ستالین گران بوو بۆیە ئەویش وەک ئاوتیس سوڵتانزادە بوو بە قوربانی پاکتاوی ئایدولۆژیانەی ستالیین  لە ساڵەکانی ٣٠  و لە ساڵی(١٩٣٩ )ئیعدامکرا . بۆ زانیاری زۆرتر بروانە(امیر خسروی و حیدری،١٣٨٢ :٧٢-٦٣ )

١١-دکتۆر تەقی ئه­رانی خوێندكاری دوكتۆرای كیمیا له ئەڵمانیا له ساڵی (١٩٢١ ) هاوكات له یه­كه­مین ساڵی دامه­زرانی پاشایه­تی پەهلەوی لهگه­ڵ چه­ندین خوێندكاری تری ئێرانی  وەك مورته­زای عه­له­وی گروپی فیرقه­ی كۆماری شۆڕشگیرانی ئێرانیان كه سه­ر به چه­پ بوو دامه­زراند(احمدی،١٣٨٥ :١١ )ته­قی ئه­رانی خه­ڵكی ته­وریز بوو و له ریزی ئه­و شه­ست خوێندكارەدا بوو كه له ساڵی (١٩١٩ )، حكوومه­تی ئێران بۆ خوێندن رەوانه­ی ئەڵمانیای كردن(بهار،١٣٢٢ :٤-٢٧٣ ).ئه­رانی له سه­ره­تا ناسیۆنالیست بوو و له گه­ڵ گروپی نووسه­رانی گۆڤاری فه­ره­نگستان و ئێرانشه­هر كه بۆچوونی ناسیۆنالیستیان هەبوو و خوازیاری دروست كردنی ده­وڵه­ت-نه­ته­وه به شێوازی رۆژئاوایی بوون و هه­روه­ها بۆ دامەزرانی ده­وڵه­تیكی ناوه­ندخوازی مودێرن له سه­ر بناغه­ی زمان و كلتووری فارسی كار و پروپاگه­نده­یان دە­كرد. (بهنام،١٣٧٩ :٩-٧٠ )  به­ڵام دوای ماوه­یه­ك تووشی گۆرانكاری بوو و ده­ستی كرد به نووسینی وتاری فکری سه­باره­ت به چه­پ و كۆمۆنیست .ئه­رانی پاش گه­رانه­وه­ی بۆ ئێران  له ساڵی (١٩٣٤ ) وه­ك مامۆستای زانكۆ ده­ستی به كاركرد و  گوڤاری« دونیا»شی بڵاوكردوه و به نووسینی وتاری زانستی سه­باره­ت به بیری چه­پ، هێدی هێدی بوو به باناوبانگ­ترین بیرمەندی بیری چه­پ له ئێراندا و له ساڵی ١٩٣٧ به تاوانی بیری كۆمۆنیستی له گه­ڵ هاوڕێیانی كه دواتر به ناوی گروپی (٥٣ ) نه­فری ئه­رانی ناوبانگیان ده­ركرد دەستگیرکران و پاش ئازاری زۆر به (١٠ )ساڵ زیندان حوکمدرا به­ڵام پاش یه­ك ساڵ و سه مانگ به شێوازێکی گوماناوی له زیندانداا كوژرا له كاتیكدا ته­مه­نی هێشتا (٣٦ ) ساڵ بوو(احمدی،١٣٨٥ :٩٩-٣٠ )

سەرچاوەکان:
آبراهامیان،یرواند(١٣٨٤ ) ایران بین دو انقلاب، احمد گل­محمدی و محمد­ابراهیم فتاحی، تهران، نی، 
آبراهامیان،یرواند(١٣٨٩ )تاریخ ایران مدرن،ترجمه ابراهیم فتاحی،تهران،نشر نی
ارتورنیان(١٣٨٥ )انقلاب ایران و بلشویک های ماورای قفقاز.محمد نایف پور.تهران.
احمدى،حمید(١٣٨٥ )تاریخچەی فرقه جمهورى انقلابى ایران و گروه ارانى  تهران ،اختران
اردوبادی،محمد سعید(١٣٨٠ )سالهای خونین،ترجمە علیرزا نقی پور.تبریز،اختر
اسكندری،ایرج(١٣٧٩ )خاطرات بنیانگزار حیزب توده،تهران.موسسه مطالعات و پژوهش­های ایران.
امیر خسروی،بابك(١٣٨٢)مهاجرت سۆسیالیستی و سرنوشت ایرانیان،تهران.پیام امروز.
ایوانوف، میخائیل سرگی‌یویچ(١٣٥٦ ) تاریخ نوین ایران،ترجمه هوشنگ تیزابى و حسن قائم‌پناه، استكهلم
بهروز،مازیار(1380 )شورشیان ارمانخواه(تاریخ ناكامی چپ در ایران،ترجمه مهدی پرتوی،ققنوس
پیشه‌ورى، جعفر(١٣٥٩) تاریخچه حیزب عدالت، تهران.علم
خسروپناه،محمد حسن و  اولیورباست(١٣٨٨ ) فرقه عدالت ایران( از جنوب قفقاز تا شمال خراسان ۱۹۱۷–۱۹۲۰ )تهران، پردیس دانش با شیرازه کتاب 
رواسانى، شاپور(١٣٦٨) نهضت میرزاكوچك‌خان جنگلى و اولین جمهورى شورایى در ایران، تهران.
رئیس‌نیا، رحیم(١٣٦٠) حیدر عمواوغلى در گذر از طوفانها،تهران،دنیا
شاهین ،تقى (١٣٦٠)پیدایش حیزب كمونیست ایران، ترجمه ر. رادنیا، نشر گونش، 
شاكرى، خسرو(١٣٨٤) پیشینه‌هاى اقتصادى ـ اجتماعى جنبش مشروطیت و انكشاف سۆسیال دموكراسى ، تهران 
شاکری،خسرو(؟)اسناد تاریخى جنبش كارگرى، سۆسیال ـ دموكراسى و كمونیستى ایران، ج 1تهران: علم
شاکری،خسرو(١٣٨٢ )نقش ارامنە در سۆسیال دموکراسی ایران.تهران.شیرازە.
سویتو خسکی،تادیوس(١٣٨١ )ازبایجان و روسیە.ترجمە کازم فیروزمند.تهران.شادگان
علییف،ا.ق و دیگران(١٣٦٠ )تاریخ ازربایجان.ترجمە نسراللە اسحقی،تبریز.ارک
عبدالصمد كامبخش، عبدالصمد(١٣٦٠) شمه‌اى درباره تاریخ جنبش كارگرى ایران: سۆسیال دمكراسى انقلابى، حیزب كمونیست ایران، حیزب توده ایران، تهران
فایجس،اورلاندو(١٣٨٨ )تراژدی مردم،ترجمە احد علیقیلیان.تهران.نی
کسروی،احمد(١٣٥٤ )تاریخ مشروتە،تهران.امیر کبیر.
مویسى آرونوویچ پرسیتس،مویسى آرونوویچ(١٣٦٠)«انترناسیونالیست‌هاى خاور در روسیه و پاره‌اى مسائل جنبش آزادیبخش ملى (1918 ـ ژوییه 1920)»، در كمینترن و خاور، ترجمه جلال علوی‌نیا، تهران، نشر بین‌الملل، 
یقیکیان،گریگوری(١٣٦٣ )شوروی و جنبش جنگل،برزویە دهگان،تهران.نوین.
یزدانی،سهراب(١٣٩١ )اجتماعیون عامیون،تهران.نی.
رۆژنامەکان:
........(١٣٢٥ ) ما و خوانندگان:قاتل امین السلتان))یادگار.سال سوم،ش ٦ و ٧.س ٩-١٢٩