چاوپیکەوتن

03:22 - 02/09/2019

تورکیا هەموو ڕۆژیک بەدوای داگیرکاری و کودەتای نوێوەیە‌

پەیسەر

نورەدین دەمیرتاش ئەندامی کۆمیتەی کەلتوور و هونەری پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" و برای سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی پەکەکە باسی لە ڕۆڵی تورکیا لە ناوچەکە و هێرش و هەوڵەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر پارچەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، تورکیا هەموو ڕۆژێک بەدوای داگیرکاری و کودەتای نوێوەیە.

دەستی تورکیا لە هەموو شوێنێکدا هەیە
نورەدین دەمیرتاش دەڵێت، هۆکارێکی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و خواکورک و دەریای ناوەڕاست، پەیوەندی بە رێککەوتنی تورکیا و چینەوە هەیە و هەوڵ دەدەن "رێگای ئاوریشم" کە لە سەردەمە کۆنەکانەوە ڕێگەی بازرگانی بووە، کۆنترۆڵ بکەن. بێجگە لەوە تورکیا دەستوەردان لە وڵاتانی تری وەک لیبیاشدا دەکات. باشە تورکیا کاری لە لیبیا چییە؟ کارە تێکدەرەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست لەبەرچاون. هەوڵەکانی تورکیا داگیرکاریەکی ڕوون و ئاشکرایە. هیچ دەڤەرێک نییە کە دەستی تورکیای تێدا نەبێت.

هەموو ڕۆژێک بەدوای داگیرکاری و کودەتای نوێوەیە
تورکیا باسی خەیاڵی سیستمی عوسمانی نوێ دەکات، بەڵام کاتێک لە بارودۆخی تورکیا دەکۆڵینەوە دەبینین، تورکیا لەلایەک بووەتە داردەستی هێڵی چین و ڕوسیا و ئێران و لەلایەکی ترەوە داردەستی ناتۆیە. لە سوریا و یەمەنیش فاشیزمی تورکیا دەبینرێت. هەروها شەڕ بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی سیستمی کاپیتالیزم دەکات و بەو پێیەش وا دەردەکەوێت شەڕی تورکیا بەردەوام دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە خەڵکی ناوچەکە داوای ڕیفۆرم و گۆڕانکاری دەکەن. رێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ دەبن بە جێگرەوە. بۆ ئەوەی داواکاری خەڵکی ناوچەکە ببێ بە سیستمێکی جێگرەوە، پێویستە هێزە دیموکرات و شۆرشگیرەکانی جیهان لەدژی داگیرکاری تورکیا بوەستنەوە. تورکیا وەک هیتلەر هەوڵی دروستکردنی قەیران و ئاڵۆزی و کێشە و توندوتیژی لە جیهاندا دەدات و پشتگیری لە کودەتاچییەکانی جیهان دەکات.

کورد پاروویەکی بچووک نییە
نورەدین دەمیرتاش لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی ئامەد و مێردین و وان لە لایەن حکومەتی ئاکەپەوە و دانانی قەیوم لە جێی سەرۆک شارەوانییەکان گوتی، "فاشیستەکانی تورکیا شارەوانیەکانی هەدەپەیان داگیرکرد. لەبەرئەوەی نەیاتوانی ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکەن، دەستیان بە سەر شارەوانیە کوردیەکاندا گرت.

ڕژێمی فاشیست و کودەتاچی دەستی بە سەر شارەوانیەکاندا گرتووە و تەنها بە بەرخۆدان دەتوانرێت لە دژی کودەتای ئاکەپە سەرکەوتن بەدەستبهێنرێت. هەر کەسێک کە دەنگی بە سەرۆک شارەوانیەکان داوە، پێویستە خاوەندارێتی لە دەنگی خۆی بکات. دەبێت سەدان هەزار کەس پێکەوە خۆپیشاندان بکەن و کودەتاکە لەناوببەن. خۆپیشاندەران بزوتنەوەیەکی دیموکراتخوازن و مافی ڕەوای خۆیانە.

بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەنجامێک وەربگرین، پێویستە بێدەنگ نەبین و وەک پرسی نامووس سەیری ئەم بابەتە بکرێت. بە پێچەوانەوە کودەتا و داگیرکاری بەردەوام دەبێت. کاتی ئەوەیە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە لە گۆرەپانی نێودەوڵەتی سەرکۆنە بکرێت. لە بناغەوە دەبێت دادگایی بکرێت، بەرخۆدان و ڕاپەرین ڕێبازی سەرەکی تێکۆشانە.

کاتی خەباتی پێکەوەییە
دەمیرتاش لە بەردەوامی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەدا، ئێستا کاتی ئەوەیە بەرەیەکی دژە فاشیست پێکبهێنرێت و لە شارەکاندا دەست بە ڕاپەرین بکرێت. پێویستە تێکۆشانی دیموکراسی لە سەر بناغەی بەرخۆدان و ڕاپەرین پەرەپێبدرێت. دەبێت گەنجەکانی کوردستان لەسەر ئەو بناغەیە دەست بە تێکۆشان بکەن. کاتی ئەوە نییە مرۆڤ لە ماڵەوە دانیشێت و لەبارەی خوێندنی تورکی قسە بکات و گوێ لە لێدوانی میدیایی بگرێت. پێویستە هەموو کەسێک ئاڵای ئازادی و دیموکراسی هەڵبگرێت و بچێتە ناو کۆڵان و شەقامەکان. بە بەرخۆدانی گەریلا و گەل و ژن و گەنجەکان، مۆتەکەی فاشیزمی تورکیا لە بناغەوە هەڵدەوەشێت.

داهاتووی دیکتاتۆرەکان، لەناوچوونە
 ئەندامی کۆمیتەی کەلتوور و هونەری پەکەکە ڕاشیگەیاند، بزووتنەوە جەماوەریەکان لە تونس و میسر تەنها توانیان دەسەڵاتدارەکان بگۆڕن، بەڵام بزووتنەوە جەماوەریەکەی ڕۆژئاوای کوردستان توانی ببێتە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات. نابێت مافی بزووتنەوە جەماوەریەکانی وڵاتانی عەرەبیش بخۆین. پێویستیەکی گرنگیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا. بەڵام لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی نەیانتوانی جێگرەوەیەک دروست بکەن. کۆمەڵگا دەستی بە شۆرش کرد، بەڵام لە کۆتاییدا ئیرادەکەیان ڕادەستی هەندێک لایەنی دیکە کرد.
ئەگەر کۆمەڵگا ڕێکخستنێکی باشی هەبێت، دەتوانێت دژی دەوڵەت و سوپا بەرگری لەخۆی بکات. ڕێگای ئەوەش سیستمی کۆنفیدڕالی دیموکراتییە کە ئۆجەلان بە شێوەیەکی فراوان باسی لێکردووە. فەلسەفەی سیستمی کۆنفیدڕاڵی دیموکراتی وەک مۆدێرنێتەی دیموکراتیک پێناسەکراوە و سیستمێکی جێگرەوەیە. ئێمە دەتوانین ئەو سیستمە لە هەموو دەڤەرێک پیادە بکەین. چونکە جێگرەوەی سیستمی کاپیتالیزم و دەوڵەتە.

مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەیە
لە کۆتایی قسەکانیدا نورەدین دەمریتاش دەڵێت، شۆڕشی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی مۆدێرنێتەی دیموکراتیکدا، مۆدێلێکی نوێی دروست کردووە. هەندێک کەس بە زمانێکی نێگەتیڤ قسە لەبارەی سیستمی ڕۆژئاوا دەکەن و ڕەخنەی لێدەگرن. بەڵام رەخنەکانیان دروست نییە و ناحەقیەکی گەورەیە. پێویستە ئەوە لەبیرنەکرێت کە لە قۆناغێکی سەختی شەڕی داعش و هێرشەکانی تورکیا و کاریگەریی سیستمی دەوڵەتداین. مرۆڤ دەتوانێت باس لە هەلەکان و ئاستەنگەکان بکات، بەڵام پێویستە ئێمە بەدوای چارەسەرەوە بین و ئەو هێڵە بپارێزین کە ڕۆژئاوا لەسەری دامەزراوە.

هەموو شۆڕشگێرەکانی جیهان، دەتوانن شانازی بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بکەن و وەک بەرپرسیاریەک پشتگیری لێبکەن. دەتوانن لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا بن، لەبەرئەوەی شۆرشی ڕۆژئاوا هیوا و ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی. پێشڕەوی کرێکاران و چەوساوەکان دەکات.