چاوپیکەوتن

03:54 - 09/09/2019

سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا کۆتایی هاتووە‌

پەیسەر

ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی شاری مێردینی باکووری کوردستان دەڵێت، کۆتایی بە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا هاتووە و گەلانی تورکیا کۆتایی بەو دەسەڵاتە دەهێنن.

 ئەحمەد تورک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوارنیوز باسی لە دەستبەسەرداگرتنی گەورەشارەوانی ئامەد و وان و مێردین و ‌هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد.

 

ئەحمەد تورک دەڵێت، "دەوڵەتی تورکیا هەوڵی بێدەنگکردنی سیاسەتمەدارانی کورد دەدات و دەیەوێت خەباتی گەلی کورد لەناوببات. ئێمەش کار بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی و برایەتی گەلان دەکەین. به‌ڵام دەوڵەت بە شێوەیەک سیاسەت دەکات ئاڵۆزی لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا دروست ببێت.

گەلی تورک لە سەر بناغەی نەتەوەپەرستی پەروەردە دەکرێت. بە تایبەت سیاسەتی زەقکردنه‌وه‌ی دوژمنایەتی لە نێوان گەلی کورد و گەلی تورک په‌یڕه‌وده‌كات. دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان و دامەزراندنی قەیومەکانیش لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەدایە".

لەگەڵ دامەزراندنی قەیومەکان، دژایەتیكردنی ئاشتی دووبارەکرایەوە
ئەحمد تورک ئاماژەی بە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکەدا و ڕایگەیاند، بەڕێز ئۆجالان لەپێناو ئاشتی و ژیانێکی هاوبەش و برایەتی گەلان خەباتێکی گرنگ بەڕێوەدەبات. بەڵام دەوڵەتی تورکیا نایەوێت کێشەی کورد به‌ ئاشتیانە چارەسەر بكرێت.

بەو شێوەیە بێجگە لە شەڕ و ئاشوب هیچ شتێکی دیکە ناهێڵێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەم دەوڵەتە تەنها بە سیاسەتی شەڕ دەتوانێت لەسەرپێ بمێنێت.

دەوڵەتی تورکیا گەلی کورد وەک مەترسیەکی گەورە دەبینێت
تورک لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، " تورکیا ناتوانێت لە پراکتیکدا هیچ هەنگاوێک بنێت.

لەڕابردوودا دەوڵەتی تورکیا زۆرجار هەڕەشەی کرد، بەڵام قسەکانی نەبردە سەر. بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی دەیەوێت خەڵکەکەی هەڵخەڵەتێنێ و خۆی وانیشانبدات کە زۆر بەهێزە. دەوڵەتی تورکیا بێ ئەمریکا و ڕووسیا و ئێران ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت. بۆ ئەوەی لە ناوخۆی تورکیادا سیاسەت بکات، هەر ڕۆژه‌و هەڕەشەیەک دەکات.

ئەگەر دەوڵەتی تورکیا گەلی کورد لە خۆی نەتۆرێنێت و دژایەتیان نەکات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبووه‌ هێزێکی زۆر گەورە. بەڵام گەلی کورد وەک مەترسیەک لەسەر خۆی دەبینێت. بە هەڕەشەکانی هەوڵی تێکدانی پەیوەندی گەلانی تورکیا دەدات. بە سیاسەتە مەترسیدارەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ تورکیا بەرەو هەڵدێر دەبات. دەوڵەتی تورکیا بەو شێوەیە دەسەڵات و سیاسەتەکەی دەپارێزێت".

گەلانی تورکیا لەدەست سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا ڕزگاریان دەبێت
ئەحمد تورک لەبارەی هەڵوێستەکانی گەلی کورد و دیموکراتخوازەکانی تورکیا بەرامبەر دامەزراندنی قەیومەکان لە شارەوانیەکاندا دەڵێت، گەلی کورد بە گشتی بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان و دامەزراندنی قەیومەکان ناڕازییە. دەوڵەتی تورکیا لە رێی پۆلیسەکانیەوە هەوڵی دوورخستنەوەی گەلی کورد و پارتە کوردیەکان دەدات.
لەبەرئەوەش دەست لە پەیوەندیەکانی نێوان خەڵك و پارتەکان وەردەدات.

سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لەلایەن هاوڵاتیە تورکەکانیشەوە ڕەخنەی لێده‌گیرێت. لەمەودوا دەسەڵات ناتوانێت سیاسەتی هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتیانی تورکیا بەڕێوەببات و کۆتایی بەو سیاسەتە هاتووە.

سیاسەتی دەوڵەت گەیشتووەتە کۆتایی. بروام وایە لە زووترین کاتدا سیاسەت لە تورکیا دەگۆڕێت و گەلانی تورکیا لەم سیاسەتە ڕزگاریان دەبێت".