چاوپیکەوتن

07:55 - 28/09/2019

تورکیا دەیەوێت پڕۆژەیەکی وەک کەمبەری عەرەبی دووبارە بکاتەوە‌

پەیسەر

بە ڕای ساڵح موسلیم گوتەبێژی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) تورکیا دەیەوێت پڕۆژەی کەمبەری عەرەبی کە رژێمی سوریا نەیتوانی بە تەواوی جێبەجێی بکات، بە ئەنجام بگەیەنێت.

ساڵح موسلیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەتکین (ئەتها) ئاماژەی بە هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژئاوای سوریا کرد.

پێویستە دەوڵەتی تورکیا واز لەم سیاسەتانەی بهێنێت
ساڵح موسلم گوتەبێژی پەیەدە باس لە چۆنیەتی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سەر سنوری نێوان باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند، "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەر بیانووی تورکیا دەستی بە کارکردن بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام کرد. لە ئێستادا لە سنور خالی چاودێری هەیە و بیانووی تورکیا نەماوە و کەس هەڕەشە لە سنورەکانی ناکات، بەڵام ئەمە بۆ دەوڵەتی تورکیا کۆتایی مەسەلە نییە. لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات و هەرێمێکی بێ کوردی دەوێت. ئەوەش قبوڵناکرێت. بە ڕای من پێویستە تورکیا واز لەو سیاسەتەی بهێنێت."

تورکیا پەشیمانە
ساڵح موسلیم باسی لە پرسی پاراستنی سنورەکان کرد و وتی، "ئێمە هیچ کاتێک نەبووین مایەی هەڕەشە بۆ سەر تورکیا، هیچ کاتێک دوژمنایەتی تورکیامان نەکردووە. ئێمە زیاتر سنورمان پاراستووە. لە ئێستادا تورکیا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش پشتگیری لێدەکات. هەسەدە بە پێی ڕێککەوتنەکە دەجووڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەدا لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا بەدوای رێگەیەک دەگەڕێ بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە تێکبدات. ئەمەش پرسی کورد نییە، بەڵکو پرسی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیە و پێویستە چارەسەر بکەن."

تورکیا لاسایی پڕۆژەی کەمبەری عەرەبی دەکاتەوە
ساڵح موسلم باسی لە هەوڵەکانی ڕژێمی سوریا بۆ تەعریبکردنی ناوچە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و  ئەوەی خستەڕوو، لە ساڵی ١٩٦٢ ڕژێمی سوریا دەستی بە پڕۆژەیەک بە ناوی کەمبەری عەرەبی کرد و لە ئێستادا تورکیا لاسایی ئەو پڕۆژەیە دەکاتەوە. ئایا نیشتەجێکردنی چەکدارە ئیسلامیەکان لەو هەرێمانەی کە موڵکی ئەوان نین ڕاستە؟ ئێمە دەڵێین با هەر کەسەو لە ناوچەکەی خۆیدا بژی. نیازی تورکیا لە نیشتەجێکردنی خەڵکی بیانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دیارە.

هاوپەیمانی شەڕیان پێکهێناوە
موسلیم لە بەردەوامی قسەکانیدا دەلێت، "لە ئێستادا هاوپەیمانی ئاکەپە – مەپەهە و ئەرگەنەکۆن و حزبوڵا بەڕێوەدەبات. بەو شێوەیە هاوپەیمانی شەڕیان پێکهێناوە. تەئکیدکردن لە سەر ئاشتی دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەو هاوپەیمانیەتیە. ئەگەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی فشار لە سەر تورکیا دروست بکات، پاشەکشێ دەکات. هاوپەیمانی شەڕ هەڵدەوەشێتەوە و نابێت ئەو هاوپەیمانیە فەراموش بکرێت.

بەرگری لە خۆمان دەکەین
گوتەبێژی پەیەدە ڕاشێگەیاند، ئەگەر هێرش ئەنجامبدرێت، گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بەرگری دەکات. دەست و قاچیان نابەستنەوە و خۆیان ڕادەستی مردن ناکەن. ئاشتی بە هەردوولا و شەڕیش یەکلایەنەیە. بەڵام ئەگەر هێرش ئەنجامبدرێت، ڕۆژئاوا بەرگری لە خۆی دەکات.

منداڵان بە زۆر فیری تورکی دەکەن
ساڵح موسلم گوتیشی، "لە عەفرین کە لە ژێر داگیرکاری تورکیادایە هەوڵەکانی گۆڕینی دیموگرافی بەردەوامە. لە ناوچەی بلبلی عەفرین نزیکەی دوو هەزار و ٢٠٠ خێزانی تورکمان نیشتەجێکراون و دەیانەوێت ناوچەکە تەتریک بکەن. لە خویندنگاکاندا بە زۆر منداڵان فێری تورکی دەکرێن. زۆربەی خوێندنگاکانی عەفرین لە لایەن چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بوونەتە بارەگای سەربازی  و لە خوێندنگاکاندا سروودی سەلەفیەکان فێری منداڵان دەکرێت. ئەو خێزانانەی کە لە عەفرین کۆچیان کرد و لە شەهبا نیشتەجێبوون، کێشەی نیشتەجێبوون و خوێندنیان هەیە. کۆمیتەی پەروەردە هەوڵی چارەسەری دەدات، بەڵام ڕژێمیش گەمارۆی ناوچەکەی داوە  و چەکدارەکانیش هەرێمەکە تۆپبران دەکەن.