چاوپیکەوتن

02:42 - 03/10/2019

ئەردۆغان بە ئاشکرا بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا داوای پشتگیری دەکات‌

پەیسەر

مازڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیشانی دا دەیەوێت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیربکات. بۆ ئەوەش پیلانەکەی ئامادەیە و بە ئاشکرا بە هەموو جیهان ڕاگەیاند.

 

مازڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی میدیا هابەر باسی دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەڕەشەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی كرد بۆ سەر ڕۆژئاوا و هەسەدە.

 

مازڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیشانی دا دەیەوێت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر بکات. ئەوەشی بە ئاشکرا بە هەموو جیهان ڕاگەیاند. عه‌بدی وتی، "ئاشکرایە پیلانێكه‌ بۆ گۆڕینی دیموگرافی و پیلانێکی داگیرکەریە و سەرناگرێت. ئێمە و گەلانی سوریا و هێزه‌ نێودەوڵەتیەکانیش پیلانەکەی قبوڵناکەین. گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرفەت بەو پیلانە نادات. خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتاڵ و بێخاوەن نییە. شتێکی خەیاڵیە کە خەڵکی تر نیشتەجێ بکەن. شار و گوندیان بۆ دروست بکەن و زەوی کشتوکاڵییان بە سەردا دابه‌ش بكه‌ن. هیچ کاتێک ئەوە نایه‌ته‌دی."

 

عەبدی ڕاشیگەیاند، "ئەوەی ئێمە و هەموو کەسێک پەسەندی دەکەن بەم شێوەیە یە: پەنابەران چ لە تورکیا و چ لە دەڤەرێکی تر دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر خاکەکەیان. دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان. ئەو شتانەی لە چوارچێوەی میکانیزمی ئاسایشدا قبوڵمان کردووە ئەمانەن: ئەوانەی بە زۆر ده‌ركراون، دەتوانن بگەڕێنەوە و پشتگیری لە گەڕانەوەیان دەکرێت. لێرە بە تەنها مەرجێک هەیە، ئەوانەی دەگەڕێنەوە لەدژی گەل تاوانیان ئەنجامدابێت، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە. ئه‌گه‌ر نا هیچ كێشه‌یه‌كی تر له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌یاندا نییە.

 

عەبدی لە بەردەوامی قسەکانیدا وتیشی، "میکانیزمی ئاسایشی سنوور رێککەوتنێکە لە نێوان ئەمریکا و تورکیا – ئەمریکا و هەسەدە دا ئیمزاکراوە. پێویستە میکانیزمەکە به‌سێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت. تا ئێستا بێ کێشە بەردەوامە. وەک هه‌سه‌ده‌ ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە. دەتوانین بڵێین كه‌ تا ئێستا خاڵەکانی ناو رێککەوتنەکە جێبەجێکراون و باش بەڕێوەدەچێت. پێویست بوو تا کۆتایی ئەم مانگە هەندێک هەنگاوی دیكه‌یان بنایه‌، هەندێک قۆناغ هێشتا بەردەوامن. تا ئێستا هیچ کێشەیەک نییە و ڕێككه‌وتنه‌كه‌ لە چوارچێوەکەی خۆیدا جێبەجێدەکرێت و بەردەوامە. بەردەوام دەبێت تا کۆتایی پێدێت.

 

‘لیژنه‌ی دەستووری بنەڕەتی به‌بێ نوێنەرانی باکووری سوریا هەڵەیەکی گەورەیە'

عەبدی ئاماژەی بە لیژنه‌ی دەستووری بنەڕەتی کرد کە تورکیا، ئێران و ڕووسیا لە کۆبوونەوەی ئەنقەرەدا لەسەری ڕێککەوتن و دواتر لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیەنرا. عەبدی ئەوەی خستەڕوو، دروستكردنی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بەم شێوەیە هەڵەیەکی گەورەیە و وتی، "نەك تەنها کورد، عەرەب و سریانی و هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەرەوەی لیژنه‌كه‌ن.

یەک لەسەر سێی گەلانی سوریا لە لیژنه‌كه‌دا بەشدارییان پێنەکراوە. لیژنه‌یه‌ك كه‌ یەک لە سەر سێی گەلانی سوریا و نوێنەرەکانیان تێیدا به‌شدار نه‌بن سەرکەوتوو نابێت. بەڕای ئێمە بەهۆی فشارەکانی توركیاوه‌ یژنه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ پێكهێنرا. ئەوانەی پشتگیری دروستکردنی لیژنه‌كه‌یان کرد و قبوڵیان کرد هەڵەیەکی زۆر گەورەیان ئه‌نجامدا.

 

'هەموو ئەنجامێک ڕەتدەکەینەوە'

مازڵوم عه‌بدی وتیشی، ئەگەر پێکهاتە و نوێنەرانی ئەم هەرێمە لە پڕۆسەی ئاشتیدا بەشدارییان پێنەکرێت، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەنجامەکانی قبوڵناکەین و ڕەتیدەکەینەوە. یەک لەسەر سێی سوریا ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ ڕەتدەکەنەوە. باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ئەگەر داوای چارەسەری دەکرێت، پێویستە نوێنەرانی ئەم هەرێمە بەشدارییان پێبكرێت و پێویستە دەستووری بنەڕەتی بە پێی داواکاری گەلانی سوریا ئامادە بکرێت.