چاوپیکەوتن

04:50 - 01/11/2019

کورد پاشەکشێ قبوڵ ناکات، سەرکەوتن بۆ کوردە‌

پەیسەر

سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت، "ئاکەپە باش دەزانێت، ئەگەر سیاسەتی شەڕ پەیرەو نەکات، مانگیکیش خۆی لەسەر پێ ناگرێت، بەڵام بەم شێوەیەش شەڕ فریای ناکەوێت."
سەلاحەدین دمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە وڵامی پرسیارەکانی مالپەڕی (یەنی ئوزگور پۆلیتیکا) دا بۆچوونەکانی لەبارەی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژئاوای سوریا خستەڕوو و ڕایگەیاند، زۆربەی کۆمەڵگای تورکیا پشتگیری لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ناکات، بەڵام لە ترسی دیکتاتۆری ئاکەپە ناوێرن ناڕەزایی دەرببڕن.

زۆربەی کۆمەڵگا لەگەڵ ئاکەپەدا نییە، بەڵام خۆیان دەپارێزن
سەلاحەدین دمیرتاش ئاماژە بەوەدەدات، " بەرپرسانی ئاکەپە باش دەزانێت، ئەگەر سیاسەتی شەڕ پەیرەو نەکەن، مانگیکیش خۆیان لەسەر پێ ناگرن. لە ڕاستیدا شەڕ، هۆکاری هەبوونی ئاکەپەیە. بەڵام شەڕ وەک چەقۆیەکە کە هەردوولای تیژە، ئەگەر ئەنجام بەدەست نەهێنن، خۆیان دەبرێت.

 

ئاکەپە لە ناوخۆیدا تووشی کێشە بووە و لەدەرەوەش بە تەنها ماوەتەوە. ناتوانێت ئەم شەڕە ناحەقە بە هیچ کەسێک بەقبوڵکردنی بدات.

ئاکەپە دەڵێت، ٩٠٪ی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەم شەڕەدایە، بەڵام ڕاست نییە و بە تەنها بانگەشەی خۆیانە. لە تورکیا ٣٥٪ی کۆمەڵگا پشتگیری لە شەڕی دژی ڕۆژئاوا دەکەن، ئەویش فاشیتەکانن. بەشەکەی تر یان بە هۆی فشارەکانەوە خۆیان بێدەنگ کردووە، یان بۆ ئەوەی پاریزراو بن، وا خۆیان نیشاندەدەن کە پشتگیری لە شەڕەکە دەکەن.

لەماوەیەکی کەمدا ناڕەزاییەکان لەناو ئاکەپەدا دەبیسترێن
دەمیرتاش لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، جیهان ئیتر سەربازی تورک لەناو خاکی سوریادا ڕەت دەکاتەوە و وتی، " دەیبینین، لەماوەیەکی کەمدا نارەزایییەکان بەرامبەر هێرشەکە لەناو ئاکەپەشدا دەبیسترێن.

ئەم شەڕە نوێیە، نەیتوانیوە ئاکەپە لە فشار و ناڕەزاییەکان بپارێزێت. بەم شەڕە پرۆسەیەکی نوێ لە سوریا و رۆژئاوا کوردستان دەستپێکرد، بەڵام هیچ سوودێکی بۆ تورکیا نەبوو. سەربازانی تورک لە لایەن ئەمریکا و رووسیاوە لە خاکی سوریا دەردەکرێن. دانوستانەکانی جنێف بەرەو کۆتایی دەچن و هیچ پێویستیەک بە سەربازانی تورک لە سوریا نەماوە.

 

هەموو هێزێکی بیانی لە سوریا دەچێتە دەرەوە. بەرخۆدانی کوردان و پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانیش پێگەی کورد لە سوریا دیاری دەکەن.

گەلی کورد پاشەکشێ قبوڵ ناکات
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە وتیشی، "هەرچەندە لە ئیستادا دۆخەکە نادیارە، بەڵام لەمەودوا هاوپەیمانی نوێ و کاری نوێ دەستپێدەکات و تابلۆیەکی نوێ دەکێشرێت. بەڵام گەلی کورد هیچ کاتێک ناگەڕێتەوە بۆ سەد ساڵ لەمەوبەر و پاشەکشێ قبوڵ ناکات. بە دڵنیایەوە سەردەکەوێت.

 

لە سوودی تورکیادایە، بگەرێتەوە و لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا لەگەڵ کورد دانیشێت هەوڵی یەکێتی و ئاشتەواییی بدات.

بەڵام بەم عەقلیەتی ئێستا کە تورکیا بەڕێوەدەبات، مەحاڵە کارێکی بەو شێوەیە بکرێت. بەداخەوە ئاڵۆزی و قەیرانەکان تا ماوەیەکی تر بەردەوام دەبن.

پێویستە گەلان دژایەتی یەکتری نەکەن
گەلەکەمان لەسەر حەقە و تووڕەییەکی زۆریان پێوە دیارە، بەڵام پێویستە لەدژی دەسەڵات و عەقلیەتیان تووڕە بن. ئێمە هەموومان باس لە برایەتی گەلان دەکەین. بەڵام لە ڕووی سیاسەتەوە ئەگەر لە جێگەی برایەتی وشەی "یەکسانی" بەکاربهێنین ماقۆڵتر دەبێت. کاتێک هەموومان یەکسان بووین بە ئاسانی دەتوانین ببن بە برا.

گەلی کورد تووڕەیە و لە گەلانی تر دوورکەوتووەتەوە، ئەمەش لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە. نابێت لەم دۆخەدا بە هەستەکانمان بجووڵێینەوە. پیویستە بە عەقلمان بیربکەینەوە و بڕیار بدەین.

بەڵام بێگۆمان هیچ کەسێک ئەم ڕۆژانە لەبیرناکات. هەروەها ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە لە پشت شەڕەوە خۆی شاردووەتەوەش پێویستە تووڕەیی کورد بە کەم نەزانێت. پێویستە هەنگاوی بەو شێوەیە بنێن کە گەلی کورد لێیان ببورێت.

بە پێچەوانەوە داهاتوو درەنگ دەبێت. ئەوانەی بەرامبەر ئەم شەڕە بێدەنگن و بە شاراوەیی پشتگیری لێدەکەن، دەبێت بێنە بەردەم ئەم گەلە و خۆیان ڕەخنە بکەن. ئەو کەسانەی بە تەنها کوشتن و شەڕ بۆ کورد بە ڕەوا دەبینن، ڕۆژێک دێت و گەلی کورد ئەوان ناناسێت.

 

دەسەڵاتێک هەیە کە لەگەڵ هەموو جیهان دادەنیشێت و دیالۆگ دەکات بەڵام کە پرسەکە کورد بێت، دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ تیرۆریستان دانانیشین".

کوردەکان ئەم هەڵوێستەی دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنیش لەبیرناکەن. پێویستە ئاگاداری ئەم هەڵویستەیان بن چۆنکە ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی هاوڵاتیە کوردەکان.

هەدەپەش لە هەموو دۆخێکدا بۆ دیموکراسی هەوڵ دەدات. ئەوانەی دەدۆڕێن هەدەپە و هێزە دیموکراتەکان نین، ئەو دەسەلاتەی لە جێگەی ئاشتی دەست بە شەڕ دەکات، ڕووبەڕووی تێکچوون دەبێتەوە.