ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:27 - 10/11/2019

بۆچی دەسەڵاتدارانی عێراق لە گرتنی پردەكانی بەغداد دەترسن؟‌

ئه‌رسه‌لان تۆفیق

بە پێچەوانەی پێشبینیەكانەوە خۆپیشاندانەكانی عێراق تا دێت پەرەدەسەنێت و بەردەوام دەبێت، هەر رۆژەش شێوازێكی نوێ دەهێنێـتە پێشەوە، سەرەڕای ئەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكە سەرقاڵی چۆنیەتی كۆتایی هێنانی خۆپیشاندانن، بەڵام تائێستەش هەوڵەكان دەرئەنجامێكی ئەوتۆیان نەبووە.
بەشێك لە شرۆڤەكارانی خوپێشاندانەكانی عێراق، باسیان لەوە كردووە خۆپیشاندان بەو شێوەیەی كە تائێستە پەیڕەوكراوە كاریگەریی زۆری نابێت و بەرپرسانی وڵاتیش وەڵامی یەكلاكەرەوە نادەن بەدەستەوە، چوون ئەوان ئەوەندەی لە خەمی خۆیان و مانەوەی دەسەڵاتەكەیاندان ئەوەندە لە بیری وڵات و پاراستنی دامودەزگای حكومی و گشتی دا نین.


لە لایەكی دیكەشەوە باسیان لەوەكردووە كە بەردەوامی ژیانی گشتی و كردنەوەی بازاڕو دوكانەكان لە لایەن زۆربەی خەڵكەوە، بووتە هۆی ساردكردنەوەی بەشێك لە رۆحیەتی خۆپیشاندان و وەك دەگوترێت: (ئەوەی ئەوان بەخوێن و فرمێسكی خۆیان دەیڕێسن ئەوان بە گوێ نەدان و بەڕێوەچوونی كارەكانی خۆیان دەیكەنەوە بە خوریی)، هەر بۆیە لە قۆناغێكی نوێدا خۆپیشاندەران بڕیاری چەند هەنگاوێكی دیكەیان داوە، لەوانەش وەستاندنی جموجوڵی گشتییە بە چەند ئاڕاستە:
1-داخستنی پەیوەندی نێوان هەردوو بەشەكەی بەغداد بە گرتنی پردەكان و پەكخستنی هاتوچۆ، ئەوەش دبێتە هۆی فشارێكی گەورەو زیاتر توڕەكردنی جەماوەرو فشارێكی گەورەش دروست دەكات .
2-داخستنی سەرجەم ئەو ڕێگایانەی كە بەغداد بە پارێزگاكانەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەتیش پارێزگاكانی باشووری عێراق.
3-چوونە سەر ناوچەی سەوزی بەغداد، كە بارەگای هەرسێ سەرۆكایەتیەكەو شوێنی نیشتەجێبوونی بەرپرسانی باڵای حكومیە، ناوچەی سەوز بە گەڕەکی نێودەوڵەتیش ناسراوە، چونکە سەرجەم باڵیۆزخانە و رێکخراوە بیانییەکان تێیدا جێگیربوون و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش کە گەورەترینە لەسەر ئاستی جیهان لەو ناوچەیەدایە.
هەرچەندە لە ساڵی 2003 ەوە تائێستە بەردەوام هێرشی جۆراوجۆر كراونەتە سەر ئەو ناوچەیە، بەڵام زەنگی مەترسیداریەكەیان وەك ئەوە نەبووە كە هێرشی خۆپیشاندەران ڕوو لەو ناوچەیە بكەن، نموونەی ئەو هێرشەش لە خۆپیشاندانەكانی پێشووتردا خەڵك چوونە ئەو ناوچەیەو تەنانەت چوونە ناو ئەنجومەنی نوێنەران و زۆرینەی كەل وپەل و پێداویستیەكانیان شكاندو برد.


ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە شەقامی عێراقیدا دەنگێكی بەرز هەیە بۆ كۆتایی هێنان بەو ناوچەیە لەبەر هۆكاری زۆری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنی، لەناو ئەوانەشدا موقتەدا سەدر و ئەوانەی لە ژێركاریگەری بۆچوونەكانی ئەودان بەردەوام جەخت لەسەر داخستنی ناوچەی سەوز دەكرێتەوە، بەڵام تائێستاش بەردەوامی هەیە.
بەپێی وتەی میدیاكان هەوڵی ئەمجارەی خۆپیشاندەران بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو پردانەیە كەلەسەر ڕووباری دیجلە هەڵبەستراون و ئامانجیشیان ئەوەیە دواتربگەنە ناوچەی سەوزو بەشێك لەو دامودەزگایانەی حكومەت و سەفارەتەكان. هەربۆیە ئەو هێزانەی بەرپرسن لە كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكان هەموو جۆرە هۆكارێك بەكاردەهێنن بۆ ڕێگریكردن لە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو پردانە، یەكێك لەو هۆكارانەش ڕشتنی گازی فرمێسكڕێژە لە دژی هاوڵاتیان لە جۆرە زۆرخراپەكەی و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەند خۆپیشاندەرێك.
پردەكانی (احرار و سنك) ی ناوەڕاستی بەغداد بوونەتە شوێنی ململانێی و شەڕی نابەرامبەری خۆپیشاندەران و هێزە چەكبەدەستەكان، ئەمە جگە لەوەی پردی (جمهوری)بەردەوام شوێنی بەیەكدا دانی هەردوولایە، ئەم پردە ناوچەی صاڵحیە بە وەسبەوە دەبەستێتەوەو پردێكی ستراتیژی زۆر گرنگە راستەوخۆ دەچێتە ناوچەی سەوزەوە، شوێنی پەڕینەوەی سەرجەم شاندە سیاسیەكان و ئەو كەسانەیە هاتوچۆ دەكەن بۆ ناوچەی سەوز، (پردی سنك)یش ساڵحیە دەبەستێتەوە ناوچەی كەڕادەوەو ڕاستەوخۆش دەچێتە بەردەم سەفارەتی ئێران لە بەغداد و ئەوەش ترسی زیاتری دروستكردووە كە پەلاماربدرێت سەفارەتی بەغداش بەمەرەدی كۆنسوخانەكەی كەربەلا بچێت، پاشان وەزارەتی دەرەوەش لەنزیكی ئەو پردەدایە.
پردی – احرار- یش یەكێكی دیكەیە لەو پردە گرنگانەی كە خۆپیشاندەران لە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی بەردەوامیدان و هێزە ئەمنیەكانیش هەرچییان پێبكرێت دەیكەن بۆ ئەوەی لە دەستی خۆپیشاندەراندا نەمێنێتەوە.لەبەر ئەوەی دەچێتە بەردەم بارەگای سەرەكی عادل عەبدولمەهدی و بینای دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران و تەلەفزێۆنی فەرمی عێراق.


پردی (شوهەدا) هەردوو بەری بەغداد (كەڕادەو رەسافە) پێكەوە دەبەستێتەوە، بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان لە پێناوی كۆنترۆڵنەكردنی پردەكانی بەغداد سوپای عێراق دەستێوەردانی كردووە و چووە بە هانای هێزە چەكدارەكانی ترەوە، بۆ ئەو مەبەستە توانیویانە پردەكانی (شوهەدا و ئەحراو جمهوری سینەك )كۆنترۆڵ بكەن بەدانانی چەندین بەربەستی كۆنكرێتی گەورە، ئەوەش نەبووەتە هۆی كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندەران و وازیان لە ئامانجەكەی خۆیان نەهێناوە.
یەكێكی دیكە لەو كێشانەی كە لەنێو خۆپیشاندەرەكاندا بووەتە جێگەی بایەخی بەرپرسانی عێراقی دەستبردنە بۆ سەرچاوەی نەوتیەكان و ئەو دامەزراوانەی پەیوەندییان بەو بوارەوە هەیە، هەربۆیە جاروبار لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆشدارییی ئەوە دەدەن خۆپیشاندانەكان سەر نەكێشێت بۆ پەلاماردانی سەرچاوە نەوتیەكان بەو پێیەی كە نەوت سەرچاوەی یەكەمی داهاتی عێراقە. بەڵام تا ئێستا هەواڵی لەو جۆرە لە ئارادا نیە كە خۆپیشاندەران چووبنە سەر دامەزراوەیەكی نەوتی.
لە هەمان كاتدا پەلاماردانی ناوچەی سەوز ، ئەمەریكیەكانی هێناوەتەسەر خەت و بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە بەرپرسانی عێراقی كردووە داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكەن .


لەگەڵ هەموو خۆپیشاندانەكاندا كە چەندین رۆژە بەردەوامە رۆژانە دەرگای دوكان و بازاڕەكان ناكرێنەوەو هێزە ئەمنیەكانیش بەردەوام لە خەمی بانكە حكومیەكانی سەرشەقامەكانن،بۆیە هێزی زۆریان لە نزیك نیشتەجێكردوون. شایانی باسە لە كۆی نۆ پردی بەغداد حەوت پردیان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە كۆنترۆڵكراوە و تەنها دوو  پردیان كار دەكەن و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی فشارێكی زۆری لەسەر بێت.