ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:06 - 11/11/2019

چیای ئوحود لە بەغداد ئەنجامی خۆپیشاندانەكان یەكلایی دەكاتەوە‌

ئه‌رسه‌لان تۆفیق

لەنێو بینای چێشتخانەیەكدا كەبە (توركی) ناوی دەركردووە لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە كۆمەڵێك گەنجی خۆپیشاندەری عێراقی ماونەتەوە ڕێك لەو شوێنەدا كە لەخۆپیشاندانەكانی پێشوودا بە چەكی (قەناس)تەقەیان لێدەكرا و خۆپیشاندەریان شەهید دەكرد، بینایەك لە هەشتاكاندا دروستكراوەو بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە چۆڵكراوە، بووەتە شوێنی مانەوەی شەووڕۆژی خۆپیشاندەران.
ئەو بینا بەرزەی كە بەسەر (ناوچەی سەوز)ی بەغداد دا لەلایەك و لایەكەی تریشی بەسەر گۆڕەپانی (تەحریر) و (پردەكانی سەر ڕووباری دیجلە) دا دەڕوانێت بووتە شوێنی بەرگریكردن لە خۆپیشاندەران بۆ ئەوەی لەوێوە جارێكی دیكە زەفەریان پێنەبرێت و بە فیشەكی قەناس و دووراودوور  خۆپیشاندەران شەهید نەكەن.


ئەو گەنجانەی كە شەووڕۆژ لەو بینا  (14)نهۆمییە دا دەمێننەوە ناویان لێناوە (چیای ئوحود) بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئێستای حكومەتی عێراقی بە سەردەمی جەنگی ئوحود بچوێنن، چوون چیای ئوحود جەنگەكەی سەرەتاكانی ئیسلامی یەكلایی كردەوە، ئەو كاتانەی سوپای قوڕەیش سەركەوتنە سەر چیاكە براوە بوون، بەڵام كاتێك چیاكەیان لەدەستداو كەوتەوە دەستی موسڵمانەكان شكانەوەو جەنگەكەیان دۆڕاند، هەرچەندە قوربانیەكان زۆریش بوون.
دروستكردنی ئەو بینا بەرزە دەگەڕێتەوە هەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو، كۆمپانیایەكی هیندی لە ساڵی 1983 دا كارەكانی تەواوكرد، ژێر زەمینە فراوانەكەی بۆ گەراجی ئۆتۆمبێل و نهۆمەكانی دیكەی بۆ بازاڕو شوێنی بازرگانی، بەجۆرێك ببوە بازاڕێكی گەورەو فراوان، لەو سەردەمانەداو تا ئێستەش بیناكە ناوبانگی تایبەت بەخۆی هەیە،  نهۆمی سەرەو سەربانی ئەو بینایە دەیڕوانی بەسەر شاری بەغداددا و لەوێوە جوانیەكانی ئەو شارە بەباشی دەكەوتە بەرچاو، ئەو بینایە لە لایەن وەزارەتی وەزرش و لاوانی ڕژێمی پێشووەوە سەرپەرشتی دەكرا، بەڵام بە (چێشتخانەی توركی) ناوبانگی دەركردبوو.


دیاردەی قەناس:
بەهۆی ئەوەی چەند جارێك كەوتۆتە بەرهێرشی جۆراوجۆر، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگەوە چۆڵكراوە، خۆپیشاندەران ئەوەیان بەهەلزانیوەو چوونەتە ناو بیناكەوە، چوون لە خۆپیشاندانەكانی پێشوودا لەسەر ئەو بینایەوە بە قەناس هێرش دەكرایە سەر خۆپیشاندەران و چەند خۆپیشاندەریشیان كوشت، ئەوان بە چوونیان بۆ ناو ئەو بینایەو مانەوەیان بەشێوەیەكی بەردەوام بوونەتە ڕێگر لە هاتنی هێزە ئەمنیەكان، لە لایەكی دیكەشەوە توانای بینینی هەموو جۆرە جموجوڵێكی نائاساییان هەیە لە ناوچەی سەوزدا، بۆیە ئەوانەی سەرەوە دەتوانن بە خێرایی خۆپیشاندەرانی لێ ئاگادار بكەنەوە. وەك خۆپیشاندەرانیش بۆ میدیاكان باسیان كردووە لانی كەم توانیویانە ڕێگری لەوە بكەن قەناس بەدەستەكانی حكومەت ئەو شوێنە بەكارنەهێنن و لەوێوە خەڵكی نەكوژن.


نهۆمی هەشتەم پێشینەی هەیە:
بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە ساڵی 2011 و لەسەردەمی سەرۆك وەزیرانی نوری مالیكیدا كاتێك خۆپیشاندانەكان لە پەرە سەندندا بوون لە نهۆمی هەشتەمی ئەو بینایەوە پلانی جموجوڵەكان دادەنرا، ئەوانەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانیان دەكرد، سەركردە سیاسەیەكان، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەوانەی پەیوەندیداری خۆپیشاندانەكان بوون، بەردەوام دەچوونە نهۆمی هەشتەمی ئەو بینایەی پێی دەگوترێت چێشتخانەی توركی، ئەوان لەنهۆمی هەشتەمەوە وێنەو ڤیدیۆو سەرجەم چالاكیەكانیان دەخستە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و هەر لەوێشەوە خۆپیشاندانەكانیان ئاڕاستە دەكرد، بەڵام دواجار بۆیان دەركەوت لە نهۆمی چواردەیەمدا لایەنگرانی نوری مالیكی و قەناس بەدەستەكان كاری خۆیان دەكردو تەقەیان لە خەڵك دەكرد، بۆیە بووە هۆی شكستی خۆپیشاندانەكان و بڵاوە پێكردنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر،  هەربۆیە دەكرێت بگوترێت لەبەر گرنگی بیناكە هەردوو لایەنی حكومی و خۆپیشاندەرانیش سوودیان لەو بینایە وەرگرتووە، بەڵام ئەمجارەیان خۆپیشاندەران دەستپێشخەرییان كردو  بەتەواوی كۆنترۆڵیان كردووەو نەیانهێشتووە دەستی چەكدارەكانی حكومەتی بگاتێ.


دابەشكردنی كارەكانی ناو بیناكە:
بە پێی وتەی ئەو گەنجە خۆپیشاندەرانەی ناو بینای چێشتخانەی توركی خەڵك بەردەوام هاوكارییان دەكات، نان وئاویان بۆ دێنن، پۆشاك و جێگەوبانی خەوتنیان بۆ دابیندەكەن، تەنانەت پارەشیان دەدەنێ بۆ ئەوەی پێداویستی تری پێ بكڕن. كارەكانی ناو ئەو بینایەیان دابەشكردووە، ژمارەیەك كاریان ئەوەیە چاودێری جموجوڵی نائاسایی بەتایبەت هێزە ئەمنیەكان دەكەن. هەندێكی دیكەیان چاودێری پردەكانی سەر ڕوباری دیجلە دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش كردوویانن بە نۆرەو هەرجارەی گروپێك ئەو كارانە ئەنجام دەدەن، ئەوانەی كە لەناو بیناكەدان بەشێوەی شەووڕۆژی دەمێننەوەو هەر لەوێش پشوو دەدەن و شەوانەش لەوێ دەخەون.
پشتیوانی بەهێزی گۆڕەپانی تەحریرە:
بە پێی وتەی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر، لەبەر ئەوەی مەترسیی تەقەكردنی دوراودوور لە سەر هاوڵاتیان و خۆپیشاندەران نەماوە ژمارەیەكی زۆر لە خێزانەكان بەردەوام ئێواران دێنە گۆڕەپانی تەحریر و پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دووپات دەكەنەوە، ئەوان هەست بە ئارامی دەكەن چوون لە پێشوودا بینا چواردە نهۆمیەكە مەترسی گەورە بووە بۆ سەرژیانیان، ئەوانەی كە یەكەمجاریانە دێنە نێو گۆڕەپانی تەحریر و تا ئەو كاتەش گرنگی ئەو بینایان هەستنەكردووە بە بەرزكردنەوە دەستەكانیان سوپاسگوزاریی و ماندوو  نەبوونی بۆ ئەو گەنجانە دەردەبڕن كە لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانی سەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە چوونەتە ناو بیناكەو بەردەوام تیایدا دەمێننەوە.


پشت و پەنا:
بەپێی وتەی خۆپیشاندەران كاتێك خۆپیشاندەرێك بریندارێكی بچووك دەبێت یان گازی فرمێسكڕێژی بەردەكەوێت، یان هەر پێداویستیەكی دیكەی هەبێت بە خێرایی پەنا بۆ ئەو بینایە دەبات و گەنجەكان بە خێرایی پێداویستیەكانی دابیندەكەن، چوون لەناو بیناكەدا بەشێكێان تەرخان كردووە بۆ فریاكەوتنی سەرەتایی و خێرا، ئەو بینایە لەم خۆپیشاندانانەدا ئەوەندە بووتە جێگەی سەرنجی میدیاكان كە هەموویان بەرنامەیان لەسەر كردووەو لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیشدا بووەتە سومبولی خۆپیشاندان وبەرگری لە خۆپیشاندانەكان و ڕێگرییەكی باشیشە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.
چێشتخانە توركیەكەو گۆگڵ:
لەبەر گرنگی شوێنەكەو بایەخی زۆری ئەو بینایە لە خۆپیشاندانەكی ئێستای عێراقدا، كۆمپانیای گۆگڵ لەسەر نەخشەكانی خۆی و گەڕاەنەكانی بەڕوونی شوێنی چێشتخانەكەی دیاری كردووە، تەنانەت ناوی چیای ئوحودیشی خستۆتە پاڵی ، هەر كەس بیەوێت وێنەو نەخشەو سەرجەم زانیارییەكانی ئەو بینایەی بە ئاسانی دەست دەكەوێت، هەربۆیە هێندەی تر بایەخی پەیدا كردووە.


چیای ئوحود یەكلایی دەكاتەوە:
هاشم عەباس كە رۆژنامەنوسێكی خەڵكی بەغدادە گوتوویەتی پشتیوانی گۆگڵ بەدانانی دەستەواژەی –چیای ئوحود- بۆ بینای چێشتخانە توركیەكە واتای گرنگیدانی ئەو كۆمپانیایە بە خۆپیشاندانەكان و خواستی بینەرو چاودێرەكانی تۆڕی ئینتەرنێتە، كەواتە دەبێت هەمووان لەوە تێبگەین كە گۆگڵ دەیەوێت بڵێت ئەوەی بتوانێت دەست بەسەر چیای ئوحود –چێشتخانەی توركی-دا بگرێت داهاتووی خۆپیشاندانەكانی بەدەستەوەیە.
ماوەتەوە بگوترێت زۆرینەی خۆپیشاندانەكان بە هەڵكوتانە سەری بێبەزەییانەو دڕندانە كۆتاییان پێهاتووە، زۆربەی جارەكان حكومەتەكان توندوتژیی و باری نائاسایی پەیڕەو دەكەن بۆ كۆتایی هێنان بەو جۆرە بابەتانە، پرسیار ئەوەیە ئاخۆ حكومەتی عێراقی چۆن ڕەفتار لەگەڵ چیای ئوحودەكەی بەغداد دا دەكات و وەڵامی خۆپیشاندەرانیش بۆ فیشەك و بۆمبەكان تەنها قەڵغانیان سنگی ڕووتیانە یان چی؟