چاوپیکەوتن

04:13 - 08/12/2019

بە ستراتیژیەکەمان پلانەکانی ئاکەپەمان پووچەڵ کردەوە‌

سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە ڕایدەگەیەنێت، داوا دەکەن هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا ئەنجامبدرێت، لەبەر ئەوەی ناکۆکیەکی زۆر لە ناو پارتی داد و گەشەپێدان -ئاکەپەدا هەیەو ئەمەش دەبێتە دوایین هەڵبژاردنی ئاکەپە.

تەمەللی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (کارینجا)ی تورکی، ئاماژەی بە سیاسەتی حکومەتی ئاکەپە بەرامبەر پرسە ناوخۆیی و دەرەکیەکان دا و گوتی "کۆتایی دەسەڵاتی ئەکەپە نزیکبووەتەوە".

ئێوە وەک هەدەپە داوای هەڵبژاردنی پیشوەختەتان کردووە، بۆچی هەڵبژاردنی پێشوەختە؟
- هەڵبژاردنی ٣١ی ئازار و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئەستەنبوڵ زەمینەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی خوڵقاند. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە چاودێریکردنی ڕووداوەکانەوە هەیە. کاتێک ئێمە چاودێری ڕووداوەکانی دوای هەڵبژاردنەکان دەکەین، ئاکەپە کەوتووەتە دۆخێکەوە کە ناتوانێت وڵات بەرێوەدەبات.

یەکێک لە نیشانەکان کە ئاکەپە ناتوانێت وڵات بەڕێوەبەرێت، کودەتای ١٩ی ئابە. قەیومیان لەسەر شارەوانییەکانی ئێمە دانا. ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێکانمان دەستگیرکران، فشاری سەر پارتەکەمان بەردەوامە. ئەگەر ئەم کردەوە و ڕووداوانە بەیەکەوە شی بکەینەوە، دەبینین دەسەڵات لەناو قەیرانێکی قوڵدایە. هەم لە ڕووی ئابووری، هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە تووشی قەیران بووە.

 

بە تایبەتی دەبینین دەسەڵات ناتوانێت قەیرانەکان کۆنتڕۆڵ بکات. ئەمەش زەمینەی بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختە خۆشکردووە. دەسەڵات بۆ شاردنەوەی قەیرانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە بە فشارو توندوتیژی و شەڕ دەدات.

تاکە کارتێک کە لە دەستی دەسەڵاتدا مابێتەوە، سیاسەتی شەڕ، ڕژێمی قەیوم، بەدوژمنکردنی هەدەپە، فشاری سەر گەل، هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسان، دەستگیرکردنی هاوڵاتیانە. ئەمانەش نیشانەی توانەوەی دەسەڵاتی ئاکەپەیە. تاکە ڕێگاش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، هەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە.

کاتێکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە؟
- هیچ سیاسیەک ناتوانێت وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکات. سیاسەتی ڕۆژانە وردە وردە بەرەو هەڵبژاردنمان دەبات، بەڵام وادەی هەڵبژاردینی پێشوەختە هاتووە. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین تا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە نزیکترین کاتدا بکرێت.

هەدەپە هیچ نەخشەرێگایەکی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە؟
- پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ماوەیەک بکرێتە ڕۆژەڤ. بەر لە هەڵبژاردنەکە و دوای هەڵبژاردنەکە پێویستە ڕێککەوتنێک بکرێت. بە تایبەتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەتوانن لە هاوپەیمانی دیموکراسیدا لە دەوری یەکتری کۆببنەوە. ڕیککەوتنێکی کۆمەڵایەتی کاریگەریەکی زۆری دەبێت. ئێمەش لەسەر ئەم بناغەیە نەخشەڕێیەکەمان ئامادە دەکەین. هەم داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەین و هەم هەولەکانمان بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکی بەهێز چڕ دەکەینەوە.

باسی ئەوە دەکرێت هاوڵاتیان لە پڕۆسەی دەنگدان سارد بوونەتەوە، لایەنگرانی هەدەپە بڕوایان بە هەڵبژاردن نەماوە. ئێوە ئەم پرسە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- دەسەڵات بە سیاسەتی ڕۆژانەی هەوڵ دەدات هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن سارد بکاتەوە. دەتوانین، وانەیەکی باش لە ڕاپرسی کۆمپانیای (سامەڕ) وەربگرین کە دەڵێت، 'لایەنگرانی هەدەپە لە هەڵبژاردن سارد بوونەتەوە'. ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتە و بە ئەنقەست ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکاتەوە، بەڵام ئێمە بروامان وایە، کۆمەڵگا دەیەوێت کێشەی دیموکراسی، پرسی کورد، پرسەکانی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی سیستمی پەرلەمانیدا چارەسەرببێت.

لەبارەی ڕێککەوتنەکانەوە، ئێوە بیر لە چی دەکەنەوە؟
- نەخشەڕێگاکەمان ئامادە دەکەین، لە گەڵ کەسایەتییە دیموکراتەکان، ڕێکدەکەوین. ڕێککەوتن لە گەڵ پارتە سیاسیەکان پلانی دووەمانە. بەر لە هەموو شتێک پێویستە هێڵێک بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لە فاشیزم دیاریبکرێت. ڕێککەوتن لەگەڵ پارتە کوردستانیەکان چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا، هەندێک کەسایەتی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان لە سەری بناغەی پرۆگرامێک دەتوانێت ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت.

پرۆگرامەکە لەسەر بناغەی دەستوورێکی دیموکرات و گۆڕینی ڕژێمی دەبێت. سیاسەتکردن لە ناو کۆمەڵگادا لەسەر ئەو بناغەیە زۆر گرنگ دەبێت.

ئێمە وەک هەدەپە بەرەو کۆنفرانس و کۆنگرە دەڕۆین. هەوڵ دەدەین خۆمان و کۆمەڵگا ڕێکبخەینەوە. دوای هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار سەردان و چاوپێکەوتنی گرنگمان لە چوارچیوەی هاوپەیمانی دیموکراسیدا کرد. هەوڵەکانمان لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێت.

ئەم هاوپەیمانێتیە کەسانی وەک داودئۆغلۆ و باباجان کە لە ئاکەپە جیابوونەتەوە، دەگرێتەوە؟
- تائیستا بەرنامە و پرۆگرامی ئەو پارتانەمان نەبینیوە، چاودێری چۆنیەتی دامەزراندنی پارتەکان و کادرەکانیان دەکەین. پێویستە بزانین لەسەر چ بنەمایەک لە ئاکەپە جیادەبنەوە.

گرنگە بزانین، لەسەر چ بنەمایەک بەشداری لە کاری سیاسیدا دەکەن و نوێنەرایەتی چی دەکەن. پێویستە ئەو کەسانە لە هەندێک تاوان کە بەرامبەر کۆمەڵگا کراون جیانەکەینەوە. ئەگەر ئێستا لەدژی ڕژێمی قەیوم، سیاسەتی شەڕ، قسەیان هەبێ دەتوانین بانگەوازێک بۆ ئەوانیش بکەین.

بە چ شێوەیەک لە پرسی کورد دەڕوانن؟ پرسی ڕەنجدەران و کۆمەڵگا چۆن دەبینن؟ هەڵوێستیان بەرامبەر خەبات و سیاسەتی ژنان و چۆنە؟ پێویستە پلان و بەرنامەیان لەمبارەیەوە ئاشکرا بکەن. وەک لە ئێستادا دەبینرێت، هەڵویستێکی تێکرکەر لەو لایەنانە نابینرێت.

ئێوە باسی توانەوەی ئاکەپەتان کردووە، داهاتووی ئاکەپە چۆن دەبێت؟
- ئاکەپە بە هاوکاری مەهەپە لەسەر پێ ماوەتەوە، بەڵام وردە وردە مەهەپەش بچووک دەبێتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزیراندا هەردوو پارتەکە نزیکەی ٦٦٪ دەنگیان بەدەستهێنا بەڵام لە هەڵبژاردنی ٣١ی حوزەیران دا کەمیکرد بۆ ٥٢٪ ئەمەش ئەنجامی داڕشتنی ستراتیژی ئێمە بوو.

بە تایبەتی سیاسەتی هەدەپە توانی سیاسەتی ئاکەپە پوچەڵ بکاتەوە بۆ ئەوەی نەتوێتەوە. ئاکەپە سیاسەتی شەڕی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە و یاساکان پێشێل دەکات. هەرچەندە بە جۆرێک ڕێگا دەگرێت، بەڵام ناتوانێت تاسەر ڕێگا لە تواندنەوەی بگرێت. تەمەنی ئاکەپە بە هەڵبژاردنێکی تر سنووردارە.

باجی قەیرانەکان بۆ ئاکەپە چی دەبێت؟
- تورکیا سیستمی بەگری (ئێس ٤٠٠)ی کڕیوە کە پێویستی پێنییە. پێویست ناکات تورکیا بەم ڕادەیە خۆی پڕچەک بکات. ئەگەر تورکیا سیاسەتی ئاشتیانەی بەڕێوە ببردایە، هەموو کێشەکان چارەسەر دەکران. بەڵام تورکیا چەک دەکڕێت کە پێویستی پێ نییە و بەردەوامی بە سیاسەتی شەڕ دەدات.

 

لەبەرئەوەش ڕۆژێک لەگەڵ ڕوسیا و ڕۆژێک لەگەڵ ئەمریکادا ڕێکدەکەوێ کۆمەڵگای تورکیاش باجی ئەم سیاسەتە هەڵەیە دەدات.

ڕێژەی هەژاریی لە تورکیا هاتووەتە خوار هێڵی هەژارییەوە. مافی کارمەند و کرێکار و هاوڵاتیانی تورکیا بە (ئێس ٤٠٠) و (ئێف٣٥)  دەدرێ بە چەک  وتەقەمەنی. ئەردۆغان دەڵێت، "ئیوە دەزانن فیشەکێک بە چەندە؟ واتە پارەی ئێوە بە فیشەک دەدەین. بەڵام ئێمە پێویستیمان بە فیشەک نییە، پێویستیمان بە چارەسەری کێشەکانە. کێشەکانیش بە قسەی بێواتا چارەسەر نابن، پێویستە لە بنەڕەتدا چارەسەر بکرێن.