چاوپیکەوتن

03:49 - 09/12/2019

تەنها ڕێگای چارەسەری لەناوبردنی فاشیزمە‌

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان –هەدەپە- ڕایگەیاند، دەسەڵاتی تاکڕەوی پارتی داد و گەشەپێدان –ئاکەپە- بە هێرشەکانی دەیەوێت، کورد و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر لەناوببات.

سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە و لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بە هۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، لەبارەی دۆخی تەندروستی خۆی و دۆخی تورکیا و گەلی کورد لە باکووری کوردستان و هەڵبژاردنی پێشوەختە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەڤرەنسەل کردووە.

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە.

هیوای تەندروستیەکی باشت بۆ دەخوازین. ئێمەت ترساند. دۆخی تەندروستیت چۆنە؟
بەداخەوە تەندروستیم باش نییە. پاریزەرەکانم و پەرلەمانتاران زانیاریان لەسەر دۆخی تەندروستیم بڵاوکردەوە. لە ڕۆژی نەخۆشبوونم و تا ئیستا هیچ پێشکەوتنێک نییە و تەندروستیم باش نەبووە. هەندێک جار ئازاری سنگم زۆر دەبێت. کیشەی هەناسەدانم هەیە. نەخۆشیەکانم چارەسەر نەکراون و تا ئیستا دیارینەکراوە چ نەخۆشییەکم هەیە.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردی. لە ژمارەیەک دانیشتنی دادگادا بێتاوانیت سەلمێنرا، بۆچی ئازاد ناکرێی؟
کۆمەڵگا ڕووبەڕووی هێرشێکی قوڕسی بێئەخلاقانە بووەتەوە. پرسی دادگاییکردنی منیش دەکەوێتە ئەو چوارچێوەیەدا. ئاکەپە_مەهەپە منیان وەک دیلێک لە زینداندا ڕاگرتووە. بە هەزاران کەسی تر بە هۆی عەقلیەتی دەسەڵات لە زینداندان. لەبەرئەوە هیچ واتایەکی ماف و یاسا و دادپەروەری نەماوە. کەی دادپەروەری، دادگا، یاسا و ماف هەبووە کە لەم قۆناغەدا هەبێت.

ئێمەش لەم دۆخە باش تێدەگەین و بە هەموو شیوەیەک بەرخۆدان دەکەین. لە هەموو دانیشتنەکانی دادگادا، ئێمە هەوڵ دەدەین، ڕاستیەکان بدرکێنین. پاکێجی ڕیفۆرمی دادگاکانی ئاکەپە_مەهەپەش جگە لە بەردەوامی فاشیزم هیچی تر نییە.

دوای هەڵبژاردنەکان قەیومیان لە جێگەی هاوسەرۆکی شارەوانییەکان دانا. هاوسەرۆکی شارەوانییەکان دەستبەسەرکران. دەگوترێت، دەیانەوێت کوردەکان لە سندوقی دەنگدان دووربخەنەوە. ئێوە لەگەڵ ئەم بۆچوونەدان؟
بەرەی فاشیزم هەوڵ دەدات پلانەکانی جێبەجێ بکات. دەسەڵاتی ئاکەپە بە پشتگیری دەوڵەت باخچەلی، ئاغار و پەرینچەک دەیەوێت گەلی کورد و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر لە شەڕ تێوەبگلێنێت.

ڕژێمی تاکپەرستی ئاکەپە بە تامەزرۆییەوە ئەم کارە دەکات. ئامانجی تەنیا ئەوە نییە کورد لە سندوقەکانی دەنگدان دوور بخەنەوە، بەڵکو دەیانەوێت بە گشتی کورد لەناوببەن. دەیانەوێت، ئیرادە، هیوا و ئامانجەکانی کورد بڕوخێنن. دوورخستنەوە لە سندوقەکان و قبوڵنەکردنی دەنگی کورد بەشێکن لەم سیاسەتە.

بە هێرشەکانیان دەیانەوێت ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا نەهێڵن. بە تایبەتی دەبێت بزانین، قەیومەکان هەبن یان نا، دەسەڵاتی فاشیست ڕێگایەکی تر بۆ هێرشەکانی دەدۆزێتەوە. تەنها ڕێگای چارەسەری لەناوبردنی فاشیزمە.

هەدەپە کۆبونەوەیەکی گشتی ئەنجامدا و لە کۆتاییدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد. بڕیارەکەی هەدەپە چۆن هەڵدەسەنگێنن و هەنگاوەکانی دوای ئەوە چی دەبێت؟
هەدەپە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد و ئەمەش وەک هەنگاوی یەکەم ڕاست بوو. هەنگاوی دوای ئەوە، بریتییە لە دروستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ تێکۆشان لەدژی فاشیزم. بەبێ ئەم هاوپەیمانییە ئامانجی هەدەپە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرناکەوێت. ئەگەر بەرنامەیەکی ڕاست لەسەر بناغەی دیموکراسی بە بەشداری کۆمەڵگای تورکیا ئامادە بکات و لە کۆنفراس و میتینگ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا بۆ خەڵک روون بکرێتەوە، ئەنجامی زۆر باشی دەبێت و داواکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە واتادار دەبێت و سەردەکەوێت.

بە ناوی کانی ئاشتی هێرش و ئۆپەراسیۆنێک بەرامبەر باکووری سوریا بەڕێوەدەبرێت، نەژادپەرستەکان هانی ئۆپەراسیۆنەکە دەدەن. هیچ هیوایەک بۆ ئاشتی و برایەتی هەیە؟ ئایا دەبێت ڕەشبین بین؟
فاشیزم لە تەمەنی کۆتایی دایە. لێیانگەرێن با هەوڵە فاشیەکانیان بێئەنجام بێت و بێهیوا ببن. هیچ هۆکارێک بۆ بێهیوابوون و ڕەشبینی خەڵک نابینم. لە کاتێکدا کە دەسەڵاتێکی ڕووخاو و پڕ لە قەیران کە هەموو ڕۆژێک پشتگیری خەڵک لەدەست دەدات، بەرامبەرمان هەیە، نابێت ڕەشبین بین و بترسین. بۆچی ئێمە ئەم هەموو باجە لە خۆڕایی دەدەین. نابێت پاشەکشێ بکەین.

ئەگەر خۆمان ڕادەستی ئەم دەسەڵاتە فاشیستە بکردایە، تەمەنی زۆر درێژ دەبووەوە. بەڵام بە ملیۆنان کەس بەرخۆدانی کرد و فاشیزمی ڕەتکردەوە. کاری ئێستامان پێویستە ئەوە بێت، لە هەڵبژاردنێکی تردا فاشیزم لەناوببەین و حوکمڕانییەکی دادپەروەرانە بە بەشداری هەدەپە و لایەنە دیموکراتەکان بێنینە سەر دەسەڵات.

دەگوترێت لەگەڵ بەرپرسانی هەدەپە ناکۆکیتان هەیە و بە تایبەتی بەرپرسانی هەدەپە هەواڵی تێکچوونی دۆخی تەندروستی تۆی درەنگ بە ڕای گشتی ڕاگەیاندووە، لەبارەی ئەم بانگەشانەوە ڕاتان چییە؟
من خۆم داوام کرد هەواڵی تێکچوونی باری تەندروستیم درەنگ بڵاوبکرێتەوە. هەدەپەش ئاگادار نەبوو. لەم دۆخەدا کە دۆخی تەندروستی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی هاوڕێمان خراپە، بڵاوکردنەوەی هەواڵی نەخۆشی من دروست نییە.

هەفتەی ڕابردوو هاورێیەکمان بە ناوی ئەمینە ئاسلان ئایدۆغان کە تەمەنی ٦٤ ساڵ بوو لە زیندانی ئورفا گیانی لەدەستدا. سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هەموو گەلی کورد دەکەم و هیوادارام خوای گەورە بە بەهەشت شادی بکات. دۆخەکە بە ڕاستی خراپە. پێویستە هەموو کەسێک لە سەر دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان بێتە دەنگ. پێویستە ببێتە ڕۆژەڤی ناو کۆمەڵگا.

لەلایەکی ترەوە بچوکترین کێشەم لەگەڵ پارتەکەم نییە. هاوڕێکانم لە دەرەوە لە کاتێکدا ڕووبەڕووی هێرشی زۆر گەورە دەبنەوە، خەبات و تێکۆشانیان بەردەوامە. پیرۆزبایی لە هەموو کەسێکی هەدەپەیی دەکەم. چاویان ماچ دەکەم. لەسەر بەرخۆدان بەردەوام دەبین. بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین.

لە زینداندا ڕۆژەکانت چۆن بەڕێدەکەی؟ چ جۆرە کتێبێک دەخوێنیتەوە و چی دەکەی؟ چاوەڕیی کتێبی نوێ بین یان نا؟
چیم دەست بکەوێت دەیخوێنمەوە. بە بەردەوامی کتێبی نوێ دەکڕم. دەستم بە نووسینی ڕۆمانێک کردووە، مانگی کانوونی دووەم هەوڵی بڵاوکردنەوەکەی دەدەم. بە بەردەوامی وێنە و کاریکاتۆر دەکێشم. بەم شێوەیە ڕۆژەکان تێدەپەڕن...

پێشتر لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا پارێزەرەکانم ڕۆژی دوو و سێ جار سەردانیان دەکردم. بەڵام لە ئێستادا رێگەیان پێ نادرێت.

من و عەبدوڵلا زەیدانی هاوڕێم (عەبدوڵلا زەیدان پەرلەمانتاری پیشووی هەدەپەی جۆلەمێرگ) ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ هاوڕێ و کەسوکار و گەلەکەمان دەنێرین.