ڕاپۆرتی کوردستانی

08:01 - 11/12/2019

شەمەندەفەری چاکسازی تاکوێ بڕ دەکات؟‌

پەیسەر پرێس

دواجار كابینه‌ى نۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كى شه‌ش كاتژمێریدا پاڵى به‌ پرۆژه‌یاساى چاكسازییه‌وه‌ ناو ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانى كرد. ئێستا تۆپى چاكسازى له‌ گۆڕه‌پانى په‌رله‌مانه‌، حكومه‌ت ده‌ڵێت، چاكسازى ده‌خزێننه‌ كه‌رته‌كانى دیكه‌ش و له‌ مووچه‌دا نایبڕێننه‌وه‌. پرۆژه‌كه‌ دواى چه‌ندین گۆڕانكارى كۆده‌نگى له‌سه‌ر دروستبوو و به‌ده‌نگى هه‌موو وه‌زیره‌كان په‌سه‌ندكرا. یاساکە دەستکراوەییەکی زۆری بەحکومەت داوە بۆ مقەسکاری مووچە.

پله‌ باڵاكان
به‌پێى پرۆژه‌كه‌ خانه‌نشینى پله‌باڵاكان، له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم یه‌كده‌خرێت. ١٥ ساڵ خزمه‌ت و ٤٥ ساڵ ته‌مه‌ن كراوه‌ به‌ مه‌رج بۆ خانه‌نشینبوون، ده‌توانن تا ته‌مه‌نى ٦٠ ساڵیش له‌ئه‌ركدا بمێننه‌وه‌. له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یه‌كێك له‌و گۆڕانكارییانه‌ى كراوه‌ ئه‌وه‌بووه‌، كه‌ به‌رپرسانى حكومه‌ت دواى چوارساڵه‌ كاركردنیان خانه‌نشین نابن، به‌ڵكو بۆ شوێنى به‌تاڵ ده‌گوازرێنه‌وه‌و ده‌بێت له‌ شوێنى دیکە خزمه‌تى خانه‌نیشنى ته‌واو بكات. مووچه‌ى خانه‌نشینیان له‌سه‌دا ٢٥ی مووچه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و نابێت سه‌دا ٧٠ تێپه‌ڕنێت.

په‌رله‌مانتاران
سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مانتاران، بۆئه‌وانه‌ى ته‌نها چوار ساڵ خزمه‌تى په‌رله‌مانییان هه‌یه‌ و خزمه‌تى دیكه‌یان نییه‌، ده‌توانن به‌كۆى سه‌دا ٢٥ى مووچه‌كانیان خۆیان خانه‌نشین بكه‌ن، واته‌ مووچه‌ى ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ دوو ملیۆن دینارى مانگانه‌ ده‌بێت، پێشتر به‌ شه‌ش ملیۆن و ٤٠٠ هه‌زار دینار خانه‌نشین ده‌بوون.

عه‌قیدو عه‌میده‌ مه‌ده‌نییه‌كان
به‌پێى پرۆژه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى حزبه‌كان به‌پله‌ى جیاجیاى سه‌ربازى له‌سه‌ر میلاكى حكومه‌ت، خانه‌نشینیان كردبوون، خانه‌نشینییه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و نامێنێت. له‌ساڵانى رابردوو چه‌ند لیستێك بڵاوكرایەوه‌ كه‌ كه‌سانى راگه‌یه‌ندكارو هونه‌رمه‌ند و چالاكوانى حزبى بوون، به‌ڵام به‌پله‌ى جیاجیاى سه‌ربازى خانه‌نشین بوون. ئه‌م كه‌سانه‌ خانه‌نشینییه‌كه‌یان ده‌بڕێت.

خانه‌نشینى ئه‌وانه‌ى له‌شاخ بوون
به‌پێى پرۆژه‌كه‌، ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر خزمه‌تى پێشمه‌رگایه‌تى شاخیان خانه‌نشین كراون، مووچه‌كانیان ده‌بڕدرێت و له‌برى ئه‌وه‌، شایسته‌یه‌كى دارایى دیكه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بڕدرێته‌وه‌، به‌پێى یاساكانى ژماره‌ ٣٣ی ساڵی ٢٠٠٧ یاساى رێزلێنانى پێشمه‌رگه‌، یاسای ژمارە ٣٤ی ساڵی ٢٠٠٧ یاساى خانه‌نشینى كه‌مئه‌ندامانى پێشمه‌رگه‌، یاساى ژماره‌ ٣٨ی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای راژه‌و خانه‌نشینى پێشمه‌رگه‌. به‌ڵام دابینكردنى شایسته‌ داراییه‌كه‌ كاتى بۆ دانه‌نراوه‌و ئه‌و پاكتاوو رێكخستنه‌وه‌یه‌شى كه‌ حكومه‌ت به‌ مه‌رجى گرتووه‌ رێكاره‌كانى رووننه‌كراوه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى خانه‌نشینى له‌سه‌ر میلاكى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌(ده‌سته‌ى خانه‌نشینى نیشتمانیى) جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه‌، خانه‌نشینى سه‌ربازى و شارستانى و هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ بۆ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌. هه‌ر به‌پێى یاساكه‌، ژمێریارى گشت یه‌كه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى حه‌فتا و هه‌شتا یه‌كده‌خرێن.

ده‌رماڵه‌
مادده‌یه‌كى ره‌شنوسه‌كه‌ هه‌رزوو كاردانه‌وه‌ى زۆرى لێكه‌وته‌وه‌، كه‌به‌رێژه‌یه‌كى به‌رچاو ده‌رماڵه‌ى بڕوانامه‌ى كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چه‌ند په‌رله‌مانتارێك هه‌رزوو روونكردنه‌وه‌یان داو گوتیان، ئه‌و بڕگه‌یه‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌ ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران و باس له‌ ده‌رماڵه‌ى خانه‌نشینان ده‌كات. مادده‌ى ١٠ی ره‌شنووسه‌كه‌ ده‌ڵێت، ده‌رماڵى پیشه‌یى و مه‌ترسى ته‌نها ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌فیعلى خزمه‌تى تایبه‌تمه‌ند ده‌كه‌ن له‌بوارى پسپۆرى خۆیاندا. به‌ده‌ر له‌یاسا هه‌ر ده‌رماڵه‌یه‌ك به‌ رێنمایى و په‌یڕه‌و رێكخرابێت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

یاساكه‌ ده‌ستى بۆ رێكخستنه‌وه‌ى پاسه‌وانى و هێنانه‌وه‌ى ساڵانى خزمه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كانیش بردووه‌، جگه‌له‌وه‌ش به‌پێى یاساكه‌ میراتگرانى مووچه‌ پێداچوونه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێت و سوودمه‌ندبوون له‌زیاد له‌مووچه‌یه‌ك به‌رته‌سك ده‌كرێته‌وه‌.

ناكۆكى سیاسى
نێوانى گۆڕان و پارتى له‌چه‌ند رۆژ رابردوو، هه‌ندێك ره‌خنه‌و گله‌یى تێكه‌وت. گۆڕان به‌ راگه‌یه‌ندراوى فه‌رمى وه‌ڵامى گوته‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌تى دایه‌وه‌وگوتى، هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى له‌ئاستى پێویستدا نین. جه‌لال جه‌وهه‌ر ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان، ره‌خنه‌ى له‌ حكومه‌ت گرت و گوتى وارێكنه‌كه‌وتبوو چاكسازى ته‌نها مووچه‌ بگرێته‌وه‌.دوێنێش شاندێکی گۆڕان لەگەڵ پارتی کۆبوونەوە.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ تیمى گۆڕان له‌ حكومه‌ت داوایانكردووه‌، چاكسازى گشتگیرو هه‌مه‌لایه‌ن بێت و هه‌موو سێكته‌ره‌كان بگرێته‌وه‌و ته‌نها خه‌رجى نه‌بێت به‌ڵكو چاكسازى له‌كۆى داهاته‌كان بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ده‌قى رێككه‌وتنى گۆڕان و پارتیدا هاتووه‌. تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌كه‌ هۆكارى یه‌كێك له‌ ناكۆكییه‌كانى پارتى و گۆڕانى ره‌وانده‌وه‌، گۆڕان په‌له‌ى بوو له‌ تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌كه‌و له‌ژێر فشارى ده‌نگده‌رانیدا بوو. هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى حكومه‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە.

یه‌كێتى نیگه‌رانه‌
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ تاڕاده‌یه‌ك ته‌وافوقێكى سێ لایه‌نى، پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكه‌ دروستبووه‌، به‌ڵام هێشتا یه‌كێتى نیگه‌رانییه‌كانى نه‌ڕویوه‌ته‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر یه‌كێتى پێش وه‌خت داوایكردبوو ره‌وانه‌كردنى پرۆژه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان رابگیرێت. مه‌سرور بارزانى بۆ راگرتنى پرۆژه‌كه‌ مه‌رجى ئه‌وه‌ى دانابوو تیمى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت یاخود فراكسیۆنه‌كه‌یان له‌په‌رله‌مان، راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوبكه‌نه‌وه‌و داواى راگرتنى پرۆژه‌كه‌ بكه‌ن و هۆكاره‌كه‌ى بۆ خه‌ڵك روون بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام تیمى یه‌كێتى ئاماده‌نه‌بوون ئه‌وه‌ بكه‌ن.

یاسایه‌كى مه‌تاتى
پرۆژه‌ یاساكه‌ ده‌ستى خستووه‌ته‌ سه‌ر زۆربه‌ى گه‌نده‌ڵییه‌كانى سیسته‌مى مووچه‌ى خانه‌نشینى، به‌ڵام كاتێك سه‌رنجى به‌نده‌كانى یاساكه‌ ده‌ده‌یت، یاسایه‌كى لاستیكییه‌ و مادده‌كانى ده‌كرێت ته‌فسیرى جۆراوجۆ هه‌ڵبگرن. چاره‌سه‌ره‌كانى ورد نه‌كردووه‌ته‌وه‌و به‌وردى په‌نجه‌ى نه‌خستووه‌ته‌ سه‌ر برینه‌كان. ره‌نگه‌ له‌ قۆناغى جێبه‌جێكردندا یاساكه‌ سه‌رئێشه‌ى زۆرى هه‌بێت و پێویستى به‌ چاودێرى وردى په‌رله‌مانى بێت. مه‌ترسى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ یاساكه‌ ده‌رگاى واسته‌و واسته‌كارى بكاته‌وه‌، یاخود به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ته‌فسیرى جۆراوجۆرى بۆ بكرێت. یاساكه‌ ده‌ستكراوه‌یى زۆرى به‌ حكومه‌ت به‌خشیوه‌ كه‌ خۆى چۆنى بوێت به‌وجۆره‌ مقسه‌كارى بكات و كه‌متر رووى له‌ پابه‌ندییه‌كانى حكومه‌ته‌.

چاكسازى گه‌وره‌تر
زۆرینه‌ى هاوڵاتیان كاتێك باسى چاكسازى ده‌كه‌ن، راسته‌وخۆ باس له‌ چاكسازى شه‌فافكردنى كه‌رتى نه‌وت و سه‌رچاوه‌كانى دیكه‌ى داهات ده‌كه‌ن، ره‌وانه‌كردنى یاساى چاكسازى بۆ په‌رله‌مان ئه‌گه‌رچى دواى چاوه‌ڕوانى زۆرهات، به‌ڵام خواستى خه‌ڵك و ئۆپۆزسیۆنى پێشوو ئێستاش، ده‌ستبردنه‌ بۆ مه‌له‌فه‌ گه‌وره‌كه‌و ساغكردنه‌وه‌ى كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌. ئه‌وه‌ش روونكردنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانى داهات و چۆنێتى خه‌رجكردنیانە بۆ هه‌موو خه‌ڵك.

دەقی پرۆژە یاساکە