چاوپیکەوتن

04:39 - 31/12/2019

ئێمە لە باکووری سوریا پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک جێبەجێدەکەین‌

پەیسەر

ساڵح موسلم هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەیدنیە گشتیه‌كانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)و وتەبێژی پەیەدە ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٩ی شیکردەوە.

ساڵح موسلم ڕایگەیاند، کاتێک هێرش و داگیرکەری ئەنجامدەدرێت، گەل بەرخۆدان دەکات و ئەوانەی بێدەنگیش دەبن، سەر بە وڵاتانی بێگانەن.

ئاستەنگی و ڕێبازەکانی چارەسەری و یەکێتی نەتەوەیی
ساڵح موسلم وتی، لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوه‌ تا ئێستا بانگەواز بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەکەین و هەوڵی نزیککردنەوەی لایەنەکان دەدەین، بەڵام هەندێک لایەن هەموو جارێک خۆیان دەشارنەوە. لەسەر گۆڕەپانی دوژمنەکان یاری دەکەن و بە بەرژەوەندی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەجوڵێنەوە. لەبەرئەوە ئێمە لەم بڕوایەداین پێویستمان بە بوێری و هەنگاوی پراکتیکیە. بەڵام ئەو هەڵوێستە لای هەندێک پارت و لایەن نابینرێت.

ئەو پارتانە بە فەرمانی دەوڵەتە دەرەکیەکان دەجووڵێنەوە و زیان لە کورد دەدەن. گەلی کورد لە هه‌ر چوار پارچە وابەستەی یەکێتی نەتەوەییە و ئەمە بە ئاشکرا دەبینرێت.

گەل یەکگرتووە. یەکێتیەکە لە کۆبانی دیار بوو. کاتێک هێرشەکان دژوار بن، گەل ئامادەیە و بەرخۆدان دەکات، بەڵام هەندێک لایەن خۆیان دەشارنەوە.

هیوامان بە داهاتوو هەیە
دەستپیشخەریەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە بە ڕوونی دەبینرێت. گەلی کوردیش دەیەوێت یەکێتی دروست ببێت و لەو پێناوەدا باجیش دەدات. گەل تێگەیشتووە و لە قۆناغێکی گرنگ دایە. لە ساڵی ٢٠١٩دا زۆر هەوڵی یەکێتی نەتەوەیی درا و ئەوەش بە تەنها هەوڵی پارتە سیاسیەکان نەبوو، زۆر رێکخراو و ناوەندیش هەوڵیان بۆ یەکێتی نەتەوەییدا. بۆیە هەوڵەکان بەردەوامن و هیوامان بە داهاتوو هەیە.

قۆناغی دوای داعش و کاریگەریی لەسەر هەرێمەکە
لەبارەی تێکشکاندنی داعش لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و قۆناغی دوای داعش ساڵح موسلم دەڵێت، "ئەوان خوێندنەوەی باشیان بۆ قۆناغی دوای داعش کرد، بەڵام زلهێزەکان پلانەکانیان لەم قۆناغەدا جێبەجێ دەکەن. پێویستە دادگایەکی نێودەوڵەتی ئەرکی دادگاییکردنی تیرۆریست و داعشەکان بگرێتە ئەستۆ.

لە سەرەتای شۆڕشی سوریا و ئاڵۆزیەکاندا گروپی توندڕەو نەبوو. شۆڕشی سوریا لە سەرەتادا خۆپیشاندانی ئاشتیانە بوو. دواتر گۆڕا بە شۆڕشی چەکداری. ڕژێم توندوتیژی بەکارهێنا و هێزەکانی تریش چەکیان هەڵگرت. هەندێک گروپی ئیسلامی سەر بە ئیخوان موسلمین هەبوون، بەڵام داعش نەبوو، دەوڵەتانی جیهان گروپیان دروست کرد و دانیان بەو گروپانەدانا و لەدژی ڕژێم بەکاریانهێنا.

دیارە کە بە دەستی هەندێک هێزی ناوچەکە داعش دروست بوو بۆ ئەوەی ئامانجەکانیان بەدیبهێنن. بەڵام مەترسی داعش لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کوشتن و تەقینەوە و هێرشیان ئەنجامدا.

'ئامانجی سەرەکی داعش لەناوبردنی کورد بوو'
ئامانجی سەرەکی داعش هێرشکردنە سەر کورد بوو. سەرەکیترین وڵات کە پشتگیری داعشی کرد تورکیا بوو. لەبەرئەوەی خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی دەکات. بۆیە داعش هێرشی کردە سەر شنگال و گەیشتە سنوری هەولێر و لەنێوان باشوور و ڕۆژئاوادا هێڵێکی دروستکرد. دواتر ڕووی کردە کۆبانی و دەستی بە قڕکردنی گەلی کورد کرد.

لەدژی ئەو هێزە مەترسیدارە کە هەڕەشەی لە هەموو جیهان دەکرد، لە سوریا جگە لە یەپەگە و یەپەژە هیچ هێزێکی تر شەڕی نەکرد. دواتر هاوپەیمانان بە ناچاری هاوکاریان پێشکه‌شکرد. لە ئێستاشدا ئەگەر جیهان لە پشتگیریکردنی هەسەدە پاشگەزبێتەوە، مەترسیەکە سەرهەڵدەداتەوە.

ئێمە دەمانەوێت دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی داعشەکان و ئەو دەوڵەتانەی پشتگیریان کردووە پێكبهێنرێت. پێویستە جیهان کۆتایی بەم پرسە بهێنێت و چارەسەری بکات. بەڵگەمان لەبەردەستە کە تورکیا بە ئاشکرا پشتگیری لە داعش کردووە. تورکیا لە رێی داعشه‌وه‌ هەوڵیدا ئامانجەکانی کە قڕکردنی گەلانی ڕۆژئاوایە جێبەجێ بکات.

کشانەوەی ئەمه‌ریکا لە سوریا
کشانەوەی هێزەکانی ئه‌مه‌ریكا لە سوریا کارێکی هەڵەیە. هەموو وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بڕیارەکەیان ڕەتکردەوە. پنتاگۆن، کۆنگرێس و ڕایگشتی ئه‌مه‌ریكاش ئەو هەنگاوەیان وەک خیانەت لەقەڵەمدا. دیاربوو ئەوە بڕیارێکی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ بوو.

 

لە نێوان ئێمە و ئه‌مه‌ریكادا ڕیککەوتن هەبوو، بۆیە ئێمە ئەو هەنگاوە وەک خیانەت دەبینین. پێویست بوو تا کۆتایی داعش ئه‌مه‌ریكا بمێنێتەوە، بەڵام بەر لە کۆتاییهاتنی داعش ترەمپ بڕیاری کشانەوەی دا. بوونی ئه‌مه‌ریكا لە هەرێمەکەدا بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی و ستراتیژی خۆی لە هەرێمەکە دەپارێزێت.

هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بەرامبەر باکووری سوریا
تورکیا کاریگەری زۆری لەسەر ناوچەکە هەیە. کارتی زۆری لەدەستدایە و وەک فشار بەکاریاندەهێنێت. سەرەکیترین دەوڵەت کە سوود لە ناتۆ وەردەگرێت تورکیایە. لەبەرئەوەی وا خۆی پیشان دەدات بەرژەوەندیەکانی ناتۆ دەپارێزێت.

ئەمڕۆش هەم رووسیا و هەم ئه‌مه‌ریكا هەوڵی جێبەجێکردنی مەرامەکانیان دەدەن. تورکیاش سوود لەم ناکۆکیانە وەردەگرێت. بە شێوەیەک سوود وەردەگرێت کە دیوارەکانی نێوان ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان بە پارەی ناتۆ دروست کران. هەروەها لەم نێوەندەدا کارتە فشارەکان بەکاردەهێنێت و هێرش دەکاتە سەر باکووری سوریا و وڵاتانیش بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

ئێمە لە باکووری سوریا پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک جێبەجێدەکەین
ئێمە دەزانین دیموکراسیە ڕێبازی چارەسەركردنه‌. پێویستە ڕێز لە بەهاکانی هەموو پێکهاتەکان بگیرێت. ئێمە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک جێبەجێ دەکەین. هەموو ناوچەکە پێویستی بەم پڕۆژەیەیە هەموو پێکهاتەکان کۆمەڵگای سوریا پێدەهێنن. بۆیە پێویستە سیستمی سوریا دیموکرات بێت.

لەلایەکی تره‌وه‌ زۆربەی هاوڵاتیانی سوریا ئەم ڕژێمە قبوڵ ناکەن. نزیکەی ٦ ملیۆن کەس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژین. گەل داگیرکەری تورک و دەسەڵاتی ڕژێمیش ڕەتدەکەنەوە. سیستمی سوریای یەکگرتوو و دیموکراتیان لا قبوڵه‌. لەلایەکی تره‌وه‌ خوێنی پێکهاتەکان تێکەڵ بەیەک بووە. گەلی هەرێمەکە جگە لە دیموکراسی و دادپەروەری و مافەکانیان هیچیان ناوێت و هیچی تر قبوڵ ناکەن.