چاوپیکەوتن

08:38 - 29/01/2020

ڕێککەوتنی لایەنەکانی سوریا ڕێگا لە دەستوەردانی دەرەکی دەگرێت‌

پەیسەر

ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) دەڵێت، سەرەکیترین و گرنگترین کاری لایەنە سوریەکان ئەوەیە بگەنە رێککەوتن و بەو شێوەیە رێگا لە دەستوەردانی دەرەکی بگرن.

 ئیلهام ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هاوارنیوزی ڕۆژئاوای کوردستان باسی لە ڕێگاکانی چارەسەری کێشەی سوریا، کۆنگرەی قاهیرە و کارەکانی کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی سوریا کرد.


ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بە ڕێککەوتنی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەر بناغەی یەکترقبوڵکردن کرد بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا و وتی، "پێویستە لە سەرەتادا زەمینەیەکی گشتی بخوڵقێنرێت و لایەنەکان لەسەر کۆک بن. پێویستە ئۆپۆزسیۆن سیاسەتی کۆنی خۆی لەبەرچاو بگرێت و سیاسەتێک پەیرەو بکات کە سوریا بەرەو ڕزگارکردن ببات.


گەلانی سوریا دەتوانن یەکبگرن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن
ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) باسی ئەوەی کرد، دەرفەتی رێککەوتن هەیە و شتێکی ئەستەم نییە. لەگەڵ هەموو هێرشە سەربازیەکانیش و داگیرکاری و گۆڕینی دیموکرافی، بە ڕێککەوتن و یەکترقبوڵکردن دەتوانرێت چارەسەریەک بدۆزرێتەوە. ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسی لەنیوان لایەنە سیاسیەکانی ناوخۆی سوریادا دەکرێت. پێویستە ڕێککەوتن بکرێت و بۆ هێزە جیهانی و هەرێمیەکان ئاشکرا ببێت کە سوریەکان دەتوانن لە دەوری یەکتری کۆببنەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.


ئێمە لە کۆنگرەی قاهیرەدا لایەنێکی بەهێزین
لەبارەی ئەنجامدانی کۆنگرەی قاهیرە لەبارەی قەیرانی سوریا کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامبدرێت و ڕۆڵی ئەنجومەنی دیموکراتیک لەو کۆنگرەیەدا ئیلهام ئەحمەد وتی، "لە ئێستادا دەستەی دیالۆگ پێکدەهێنرێت. کەسانی سەربەخۆ لە دەستەی دیالۆگدا گۆڕدران. ئێمە لە ئێستادا لایەنێکی بەهێزی کۆنگرەی قاهیرەین. لەگەڵ ئەوەی هەوڵی گۆڕانکاری دەستەکانی کۆنگرەی قاهیرە دەدرێت، بەڵام هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت.


ئیلهام ئەحمەد لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئەوان لە کۆمیتەی دەستووردا بەشداریان پێنەکرا. ئەنجومەنی دیموکراتیک چ لەگەڵ کۆمیتەی دەستوور و چ لەگەڵ لایەنەکانی تر لەناو دیالۆگ و پەیوەندیدایە. هەروەها دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی سوریا بەردەوامە، ئەنجامی دانوستان و چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ لایەنەکان ئەرێنی دەبن.


ڕووسیا و ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی لە ئالۆزیەکانی سوریادا دەبینن
لەبارەی ڕۆڵی ڕووسیا و ئەمریکا لە داهاتووی سوریا و قەیرانەکەیدا سەرۆکی دەستەی ئەنجومەنی دیموکراتی ڕاشیگەیاند، دوو لایەنی چالاک و سەرەکی لە سوریا بوونیان هەیە. ئەوانیش ڕووسیا و ئەمریکان. تورکیاش بە هەموو شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری سوریادا دەکات. تورکیا هەوڵ دەدات ڕۆلێ سەرەکی لە نەخشەی دواڕۆژی سوریادا هەبێت. لە لایەکی ترەوە ئەمریکا و ڕووسیا ڕۆڵی سەرەکیان لە ئاڵۆزیەکانی ناوخۆی سوریادا هەیە. بۆ بەرژەوەندیەکانیان کار دەکەن. بەڵام لایەنە سوریەکان داوا لە وڵاتانی جیهان و هەرێمی دەکەن، پشتگیری سوریا بکەن و بەرەو چارەسەری ببەن.


ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، پێویستە پشتگیری لە گەلانی سوریا بکرێت و شەڕ کۆتایی پێبهێنرێت و هاوکاریکردنی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان لە سەر خاکی سوریا ڕابگیرێت. هەروەها پشتگیری هێڵی سیاسی بکرێت و هاوکاریکردنی هێڵی سەربازی ڕابگیرێت. پێویستە هەموو لایەنەکانی سوریا بەشداری لە پڕۆسەی چارەسەری ببن و هێزە دیموکراتەکانی جیهان و هەرێمەکە پشتگیری لە سەرلەنوێ ئاوەدانکردن و بونیاتنانەوەی سوریا و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی بکەن.


'گەلی سوریا دەتوانێت نەخشەڕێی چارەسەری خۆی ئامادە بکات'
ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی لە کۆتایی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد، گەلانی سوریا دەستوەردانی دەرەکی قبوڵ ناکەن و بێ دەستوەردانی دەرەوە، هێز ، ئیرادە و پڕۆژە و نەخشەڕێی خۆیان هەیە و وتی، "سوریا بە سروشتی دەستوەردان قبوڵ ناکات. گەلانی سوریا لەگەڵ دەسەڵاتی ڕابردوودا نییە کە چەندین ساڵ حوکمی کرد. لەسەر ئەم بناغەیە پێویستە سیاسەت بگۆڕدرێت  و چ ڕژێمی سوریا و چ لایەنەکانی تر پێویستە گۆڕانکاری لە خۆیاندا بکەن و پڕۆسەیەکی نوێ دەستپێبکەنەوە.


ئیلهام ئەحمەد بانگەوازێکی ئاڕاستەی لایەنە سیاسیەکانی سوریا کرد و داوای کرد فشار لە سەر هێزە دەرەکیەکان دروست بکەن بۆ ئەوەی هەبوونیان بۆ خزمەت و پشتگیری سوریەکان بێت. هەروەها بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی کار بکەن. پێویستە لایەنەکان بەیەکەوە بەرەو پڕۆسەیەکی سیاسی هاوبەش هەنگاو بنێن و ببنە دۆستی ڕاستەقینەی گەلانی سوریا.