چاوپیکەوتن

12:12 - 02/02/2020

دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت وەک پێشوو بەردەوامی بە هێرشەکانی بدات‌

پەیسەر

مەزلۆم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە چاوپکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا باسی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و پەیوەندیەکانی نێوان هەسەدە و ئەمریکا و کاریگەری شەڕەکانی ناوچەکەی لەسەر گەلانی ناوچەکە و دانوستانکانیان لەگەڵ ڕژێمی سوریا کرد.
بەشێک لە چاوپێکەوتنەی مەزلۆم کۆبانی بەم شێوەیەیە:

لە پێناو بەرژەوەندی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندیمان بەهێز دەکەین
کشانەوەی هێزەکان ئەمریکا لە ڕۆژئاوا بووە هۆی ئەوەی تورکیا سەرێکانی و گرێ سپی داگیربکات. پلانە نوێکەی ئەمریکا گۆڕانکاری لە ڕۆژئاوا و ناوچەکانی تری سوریا دروست کرد، بەڵام ئەمریکا جارێکیتر بە جێگیرکردنی هێزەکانی لە ڕۆژئاوا و باکووری سوریا سیاسەتێکی نوێی پەیڕەو کرد. جێمس جێفری نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەبارەی دۆخی سوریا سەردانی هەندێک وڵاتی ناوچەکەی کرد. لەو چوارچێوەیەدا ئێمەش لەگەڵ جێفری کۆبووینەوە. ئێمەش هەوڵیانمادا سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە ناوچەکە شیبکەینەوە. داواکاری و هەماهەنگی خۆمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەش کرد. داوامان کرد لە رووی سەربازی و سیاسی پشتگیری لە هەسەدە بکرێت. بێگۆمان هەموو هێزەکان لە ناوچەکەدا بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن. ئێمەش لە چوارچیوەی بەرژەوەندیەکانی گەلانی ڕۆژهەڵات و باکووری سوریا دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و جێفریدا دەکەین.

لە شەڕی ئێران و ئەمریکادا ئێمە لایەنگر نین
دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، پێکدادان لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست بوو. دوای ئەو رووداوە لە ناوچەکەدا شەڕ زیاتر بڵاوبووەوە. هەروەها کاریگەری لە سەر دۆخی سوریاش دروست کرد. لە سوریاش ئاڵۆزیەکان دەستیان پێکردەوە. ئێمە لەم شەڕەدا لایەنگری هیچ هێزێک و وڵاتێک نین. ئێمە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی گەلانی سوریادا، دانوستان و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ هەموو هێزەکان بەردەوامی پێدەدەین.

هەوڵی باشکردنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەدەین
لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەکان بە تایبەتی وڵاتی میسر پەیوەندی باشمان هەیە. لە ڕووی سیاسیەوە پەیوەندیەکانمان بەهێز دەبن. میسر دەیەوێت لە چارەسەری سوریادا ڕۆلی هەبێت. ئێمەش لەم جوارچێوەیەدا لەگەڵ میسر پەیوەندیەکانمان بەهیز دەکەین. بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا، لەگەڵ میسر لە پەیوەندیدا دەبین.
تا ئێستا کە پەیوەندیمان لە گەڵ کۆمەڵگای عەرەبی نەبووە، کەموکورتیەکە. هەم ئێمە و هەم ئەو وڵاتانە کەموکورتیان هەبووە. زۆر ولاتی عەرەبی لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستیان دەربڕی. ئەوانیش پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و گەلانی سوریا دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندیەکانمان بەهێز دەکەین. کێشەی سوریا بەو دەوڵەتانەی کە دەیانەوێت داگیری بکەن چارەسەر نابێت، بە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە چارەسەر دەبێت.

تورکیا و هەندێک وڵات دەیانەوێت پەیوەندی ئێمە و وڵاتە عەرەبیەکان تێک بدەن
تورکیا و هەندێک وڵاتی تر دەیانەوێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە تێک بدەن. هەوڵیاندا هیزەکانی سوریای دیموکراتیک بکەن بە دوو لەتەوە، بەڵام نەیانتوانی و هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک یەکێتی نێوانی گەلانی بتەوتر کرد. ئێمە یەکێتی گەلی عەرەب لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بەرز لەقەڵەمدەدەین. ئەوانیش وەک گەلی کورد لە ڕیزەکانی پێشەوە لەدژی داگیرکەری تورک شەڕیان کرد. ئەو کەسانەی دەیانەوێت لەگەڵ گەلی کورد لەدژی داگیرکەری تێکۆشان بکەن، ژمارەیان ڕۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت. پڕۆژەی یەکێتی دیموکراتیکی گەلان بە خەباتی یەکگرتووی کورد و عەرەب سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. هەموو هەوڵەکانی لەیەکدابرانی کورد و عەرەب پووچەڵدەبنەوە. بە پێچەوانەوە هێرشەکان دەبنە هۆی یەکگرتنی کورد  و عەرەب.

کاریگەری سیاسەتی ئەمریکا لەسەر داگیرکردنی سەرێکانی و گرێ سپی هەبوو
لە داگیرکردنی سەرێکانی و گرێ سپیدا هەڵەی ئێمەش هەبوو. بەرلە هەموو کەسێک ئێمە خۆمان ڕەخنە دەکەین. بە هۆی کەموکورتی لە ڕووی دیپلۆماسی و سەربازی ئەنجامێکی بەم شێوەیە دەرکەوت. دەوڵەتی تورکیاش لەگەڵ ئەو هەموو ناڕەزاییە لە جیهاندا دەستی بە هێرش کرد. دەوڵەتی تورک دەیزانی ئامادەکاری تەواو بۆ بەرخۆدان دەکەین و زوو هێرشی کرد.
بێگۆمان کاریگەری سیاسەتی ئەمریکاش لەسەر داگیرکەری هەبوو. ئەمریکا نەیویست بەرژەوەندیەکانی تورکیا بخاتە مەترسیەوە. ئەمریکا بەرژەوەندیەکانی تورکیای لەبەرچاو گرت و لەبەرامبەر هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ئەم هەڵوێستەی پیشاندا.
ئێمە ئەزموونمان لەم ‌هێرشانە وەرگرت. ئێدی تورکیا ناتوانێت بە ئاسانی هێرش بکات. دەوڵەتی تورکیا ئامادەکاری بۆ هێرشی تر لە هەندێک ناوچەی تر دەکرد، بەڵام بە هۆی پیشاندانی بەرخۆدانێکی گەورە، هێرشەکانی سنوردار کرد.

دۆسیەی چارەسەر کێشەی سوریا لەدەستی ڕووسیادایە
ڕووسیا لە پرسی چارەسەری کێشەی سوریادا ئەکتەری سەرەکیە. دۆسیەی چارەسەری کێشەکە لەدەستی رووسیادایە. هیوادارین ڕووسیا ڕۆڵێکی ئەرێنی لە چارەسەریدا ببینێت. رێککەوتنی سوچی لەنێوان ڕووسیا و تورکیادا ئیمزاکراوە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئاگربەست دەبێت رابگەیەنرێت. بە پێی رێککەوتنەکە، پێویستە ڕووسیا بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا هەڵوێستی هەبێت و رێگری بکات. بەڵام ڕۆڵی سەرەکی ڕووسیا پێویستە بۆ ڕێککەوتنی ئێمە و ڕژێمی سوریا بێت. پێویستە هەوڵی ڕێککەوتنی سیاسی بدات. ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان لە ڕووسیا هەیە.

ڕژێمی سوریا ئامادەی چارەسەری نییە
پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ڕژێم بەردەوامە. لە داهاتوودا گەڕێکی تری دانوستان دەستپێدەکات، بەڵام دانوستانەکان بە قوڕسی بەڕێوەدەچن. لەبەرئەوەی عەقلیەتی بەعس هێشتا لە چارەسەر دوورە. هێشتا ماوەی نێوان ئێمە و ڕژێم زۆر لەیەکەوە دوورە. دانوستان بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕێککەوتن درێژە دەکێشێت. پێویستە ڕووسیا لەم نێوەندەدا ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت. جگە لەوە پێویستە هاوپەیمانان ڕۆلیان هەبێت. بەهێزبوونمان لە ڕووی سەربازی و سیاسیەوە، ڕژێمی سوریا زیاتر بەرەوە دانوستان و ڕێککەوتن پاڵ پێوەدەنێت.