چاوپیکەوتن

10:47 - 05/02/2020

بەریتانیا وەکو سەد ساڵ لەمەوبەر پێیوایە کورد بۆ هاوسەنگی عێراق گرنگە‌

پەیسەر پرێس

کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا، گەشبین و خۆشحاڵە بە بەشداری کورد لە سێکتەرە جیاوازەکانی بەریتانیا هەر لە سیاسەت و حکومەتە خۆجێیەکانەوە بیگرە تا بزنس و هونەر و زانستدا.
لەم دیدارەدا لەگەڵ پەیسەر کاروان دەڵێ: بۆ ٢٠٢٠ پلانیان داناوە کە پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێم زۆر پێش بخەن و قەرەبووی چوار ساڵی پیشوو بکەنەوە کە ئاستەنگی زۆر هاتووەتەڕێی ئەو پەیوەندییانە.
 سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا، ئاماژە بەوە دەکات لەبەر ئەوەی زۆرترینیان کیشەی شەخسین، ئەوان دەستوەرنادەنە کێشە کۆمەڵایەتی و شەخسییەکانەوە.


* وا نزیک دەبینەوە لە ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی عێراق کە بەریتانیاییەکان ئەندازیارو نەخشەکێشی بوون، ئێستا بەریتانییەکان چۆن دەڕواننە عێراق و کوردستان؟

- ڕاسته‌ سه‌ده‌یه‌ک مێژوویه‌کی دووره‌، به‌ڵام ڕوداوه‌کان و لێکه‌وته‌کانی ئه‌و وه‌خته‌ ئه‌وه‌نده‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ بووه‌ که‌ تائێستاش ئاسه‌واره‌کانی هەرماون. به‌ریتانیاییه‌کان ئه‌م ڕاستییه‌ مێژووییه‌ باش ده‌زانن کە تێڕوانینی ئه‌وکاته‌یان بۆ دروستکردنی عێراق،‌ به‌بێ خواستی خودی گه‌لی کورد دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌بووه‌، یه‌که‌م عێراق که‌ ده‌که‌وته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ‌به‌ر به‌ریتانیاییه‌كان ده‌که‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتربێ له‌ڕووی سه‌رچاوه‌ی سروشتی، دووه‌میش پێیانوابووه‌ لکاندنی ناوچه‌کوردنشینه‌کان عێراق شارستانیی ده‌کات ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌رازوی پێکهاته‌ی سوننه‌و شیعه‌ ڕاده‌گرێ. هاوکات له‌ڕووی جوگرافیاشه‌وه‌ ناوچه‌کانی کوردستان ده‌بێته‌ ته‌واوکه‌ری بیابانه‌کانی باشوور، ئه‌م تێڕوانینانه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌کانی به‌ریتانیادا هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیادا هێشتا گۆڕانکاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. پێیانوایه‌ کورد و ناوچه‌ کوردستانییه‌کان بۆ به‌شارستانێتیبوونی عێراق و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی گرنگه، ‌ئه‌مه‌ش له‌زاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا پشتڕاستکرایه‌وه‌ کە له ‌دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆ‌م و ڕووداوه‌کانی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر، لە پەرلەمانی بەریتانیا پرسیاریان لێکرد سەبارەت مافی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان. وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌بوو گوتی " کورده‌کان و ناوچه‌ کوردستانییه‌کان بۆ به‌شارستانیکردنی عێراق و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی گرنگن"سه‌رۆکی لیژنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان گوتی" پێم سه‌یره‌ دوای تێپه‌ڕبوونی ١٠٠ ساڵ وه‌زیری ده‌ره‌ی به‌ریتانیا هه‌مان ڕسته‌ی وه‌زیری موسته‌عمه‌ره‌ی ئه‌و وەختە به‌کارده‌هێنیته‌وه‌"

پێدانی ڤیزەی بەریتانی بە هاوڵاتیانی هەرێم زۆر زیادیکردووە

به‌ریتانیاییه‌کان پێیانوایه‌ که‌ پێکهاته‌ی عێراق ئالۆزه‌و کورد ده‌توانێ و هه‌میشه‌ش ڕۆڵی گرنگی بینیوه‌ له‌ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی عێراق، ده‌زانن که‌ سه‌ده‌یه‌ک پێش ئێستا خواستی کوردیان پشتگوێخستووه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ش هه‌وڵی ئه‌وه‌یانداوه‌ که‌ که‌س نه‌توانێ  شوناسی کورد بسڕێته‌وه‌ و خواستی گه‌وره‌یان هه‌رێمێکی کوردستانی به‌هێزه‌ و له‌و تێڕوانینه‌شه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی به‌هێزکردن و پێشخستنی هه‌رێمی کوردستاندان.‌
* بەراورد بە وڵاتانی تر، بەشداری کۆمپانیا بەریتانییەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان کەمن.
- له‌ڕاستیدا ئاماری کۆمپانیا بیانییه‌کانم لانییه‌‌ له ‌هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام کۆمپانیا به‌ریتانیاییه‌کان که‌ له‌ هه‌رێم کارده‌که‌ن ئێستا ژماره‌یان ١٤٠ کۆمپانیایه‌ له‌ سێکته‌ره‌ جیاجیاکاندا.‌ هه‌میشه‌ خواستی دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنانیان هەیە له ‌هه‌رێم‌. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ دۆخی سیاسی عێراق و ناوچه‌که‌ که‌ زۆربه‌ی کات ناسه‌قامگیرییه‌ک هه‌یه‌ و چوار ساڵی سه‌رهه‌ڵدانی داعش و ئەو رێنماییانەی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا بۆ هاوڵاتیانی بۆ گەشتکردن بۆ عێراق که‌ هه‌میشه‌ به‌ "ناوچه‌یه‌كی نائارام" وه‌سفیکردووه‌، ئەمانە کاریگه‌ریان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانی به‌ریتانیی له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان.
بۆ زیادکرنی وه‌به‌رهێنانی به‌ریتانیی، نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌مان بێوچان کارده‌کات له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستان و خاوه‌ندکاران و ناوه‌نده‌ بازرگانی و وه‌به‌رهێنانه‌کان به‌ئامانجی فراوانکردنی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری له ‌نیوان هه‌رێم و به‌ریتانیادا.
یەکێك لە کاره‌ له‌پێشینه‌کانمان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ژیاندنەوەی پەیوەندییە ئابورییەکانه‌ لەگەڵ بەریتانیادا که‌ لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا دووچاری چەندین ئاستەنگ بوویەوە. خواستێکی به‌هێزی ترمان هاندانی به‌ستنه‌وه‌ی ئاسمانی ڕاستەوخۆی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیایە له‌لایه‌ن هێڵی ئاسمانیی به‌ریتانیاییەوەبێ یان هه‌ر هێڵێکی تری ئەم وڵاتە، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ گه‌شتیاری زیاتری به‌ریتانیی بهێنین تا سه‌ردانی شاره‌ جوانه‌کانمان و گونده‌کانمان بکه‌ن له‌ هه‌رێمی کوردستان چونکە دڵنیام که‌ سه‌رسام ده‌بن به‌وه‌ی ده‌یبینن.
* لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا کۆمپانیاکانی بەریتانیا زۆر دەستوبرد کەوتنە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە کەرکوک، ئایا بەریتانییەکان دەیانویست کەرکوک بگەڕێتەوە ژێر رکێفی بەغدا؟
- من نازانم مه‌به‌ستتان له‌ کۆمپانیاکانی به‌ریتانیا کێیه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان پریتش پترۆلێۆمه‌BP ئه‌وه‌ به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌ که‌ کاتی خۆی باسی لێده‌کرا. بی پی کۆمپانیایه‌کی زەبەلاحی بواری نه‌وته‌، وابزانم ساڵی ٢٠٠٥ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ عێراق هه‌بووه‌‌ بۆ دیراسه‌کردنی یه‌ده‌گی کێڵگه‌ی که‌رکوک کە به‌هۆی خراپ به‌کارهێنان و هه‌ڵهێنجانی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی نازانستی له‌لایه‌ن حکومه‌تی دیکتاتۆرەوە. هاوکات پێشکه‌شکردنی پرۆژه‌ی چاککردن و گه‌شه‌پێدانی کێڵگه‌که‌ پاش دیراسه‌تکردن. جێبه‌جێکردنی ئه‌م گرێبه‌سته‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمەوە ڕه‌خنه‌ی لێگیرا به‌تایبه‌ت پاش ڕاگه‌یاندنی ڕ‌شنووسی یاسای هایدرۆکاربۆنی عێراق و پاشانیش ده‌رچوونی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مه‌ش وایکرد کۆمپانیای ناوبراو گرێبه‌سته‌که‌یان هه‌ڵپه‌سێرن.

لە بەریتانیا بازرگان و هونەرمەند و کەسانی بلیمەتی کورد هەڵکەوتوون

پاش ڕوداوه‌کانی ١٦ ی ئۆکتۆبه‌ر، له‌به‌ر خێرایی ڕووداو و کاردانه‌وه‌کان و نه‌شئه‌ی سه‌رکه‌وتن له‌لایه‌ن زۆرێک له‌ کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی عێراقەوە، داوایان له‌ کۆمپانیای ناوبراوکرد که‌ به‌خێرایی ده‌ست بکات به‌ جێبه‌جێکردنی گرێبه‌سته‌که‌یان. ئه‌مه‌ش بۆ پیشاندانی ئه‌وه‌ی که‌ حکومه‌تی عێراق پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆ که‌رکوک وه‌به‌رهێنان و که‌رتی نه‌وتی که‌رکووک باشتر ده‌کات. به‌ڵام حکومه‌تی عێراق موه‌فه‌ق نه‌بوو تێیدا، ئێستا کۆمپانیای بی پی له‌به‌ر چەند هۆکارێک وازی له‌کاره‌کانی هێناوه‌.
بێگومان به‌ریتانیا ده‌یه‌وێ وه‌به‌رهێنەران و کۆمپانیاکانیان ده‌رفه‌تی گه‌وره‌و زیاتر بدۆزنه‌وه له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا‌، به‌ڵام نایه‌نه‌وێت له‌سه‌ر حسابی نه‌هامه‌تی لا‌یه‌نی تربێ. به‌ریتانیا زۆر به‌ هه‌ستیاری له‌و هاوسه‌نگییه‌ ده‌ڕوانێ و هەمیشە هه‌رێمی کوردستان به "‌دوورگه‌یه‌کی ئارامی وه‌به‌رهێنان" هه‌ژمار ده‌کات.
* پار باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەردانی هەولێری کرد و بەڵێنی ئەوەیدا کە لەمەودوا ئاسانکاری زیاتر بکرێ بۆ پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیانی هەرێم، ئێستاش وەرگرتنی ڤیزای بەریتانیا ئاسان نییە.
- پرسی ڤیزه‌ پرسێکی گه‌وره‌یه‌و هه‌میشه‌ گوێمان له‌ ڕه‌خنه ‌ده‌بێ له‌و ڕووه‌وه‌. به‌ڵام ڕه‌خنه‌کان هه‌ندێکیان دروستن و هه‌ندێکیان په‌یوه‌ندی به‌شێوازی پێشکه‌شکردنی ڤیزه‌و به‌ڵگه‌کانەوە هه‌یه‌. بۆ ره‌خنەکان ئێمه‌ لێره‌ لۆبیمان بۆ کردووه‌ و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رمان بۆ داون، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی سیستمی ڤیزه‌ی به‌ریتانیا سیستمێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ و تاڕادەیەک ئاڵۆزه‌. به‌ڵام که‌سی پێشکه‌شکار ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوه‌تی پابه‌ندی ڕێنماییه‌کانی پیشکه‌شکردنبێ به‌بێ که‌موکوڕی، ئه‌وا هیچ کێشه‌یه‌کی نابێ‌. به‌ڵام بچووکترین هه‌ڵه‌ له‌ فۆڕم و به‌ڵگه‌کان یان نوقسانی ئه‌وا یه‌کسه‌ر داواکارییه‌که‌ ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ که‌سی پێشکه‌شکار وردبێ له‌ دۆکۆمێنته‌کانیدا. ئێستا رێژه‌ی پێدانی ڤیزه‌ زیادی کردووه‌ به‌ به‌راورد به‌ دووساڵ پیش ئێستا.
* بەشداری رەوەندی کوردی لە بەریتانیا ئێستا بەشدارییەکی چۆنە لە بواری سیاسەت و بزنس و ئیدارەی ئەو وڵاتەدا؟
تاڕاده‌یه‌کی باش له‌ گه‌شه‌کردندایه‌ و کوردستانیان و نه‌وه‌ی دووه‌م له‌ به‌ریتانیا چالاکن. به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌کان بوونه‌ته‌ به‌شێک له‌ لۆبیکردن بۆ کوردستان، به‌ڵام بێگومان ئه‌م لۆبیکردنانه‌ پێویستیان به‌ ڕێکخستن و ئاراسته‌کردن هه‌یه‌ و‌ پێویسته‌ زیاتر لۆبی نیشتمانیی بن. ناوی کورد و کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان ناسراوه‌ له‌ به‌ریتانیادا، خودی کوردستان و ئه‌و ڕۆڵه‌ی ده‌یگێرێت له‌ هاوکێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا، ڕۆڵ و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ له‌ بەرپەرچدانه‌وه‌ی تیرۆر، ده‌رفه‌ته‌ ئابوورییه‌کان. هه‌روه‌ها له‌ به‌ریتانیاش ئێستا به‌شێوه‌یه‌کی فراوان کوردستانییان خۆیان به‌شدارن له‌ سیاسه‌ت و ژماره‌یه‌کی باش له‌ حزبه‌کانی به‌ریتانیادا  کاری حزبیی ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش وایکرد که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کانوونی دووه‌می ٢٠١٩ چوار کاندیدی کورد هه‌بن له‌ حزبه‌ جیاجیاکان که‌ خۆشبه‌ختانه‌ دووانیان بوونه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان.

ئێستا ١٤٠ کۆمپانیای بەریتانیا لە هەرێمی کوردستاندا سەرمایەگوزاری دەکەن

ژماره‌یه‌ک کورد له‌ شاره‌وا‌نییه‌کان و ده‌زگا حکومییەکاندا کارده‌که‌ن، له‌ڕووی بزنسه‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر کورد خاوه‌ن بزنسن و به‌شدارن له‌ ئابووری به‌ریتانیادا. ته‌نانه‌ت داهێنه‌ریش له‌ ناو کوردانی به‌ریتانیا ده‌رکه‌وتووه‌  که‌ خه‌ڵاتی داهێنه‌ری ساڵی ٢٠١٩ی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ نه‌وه‌ی دووه‌میش ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ گه‌نجان بوونه‌ته‌ نموونه‌ی سه‌رکه‌وتوو له‌ بواره‌کانی هونه‌ر و وه‌رزش و شێوه‌کارییدا.
هه‌روه‌ها کەسانی زانستیی که‌ خه‌ڵاتیان به‌ ده‌ستهێناوه‌،‌ له‌بواری هونەری کۆمیدیاشدا کەسانی هه‌ڵکه‌وتوو دەرکەوتوون‌ و کارەکانیان له‌ گه‌وره‌ترین و به‌ناوبانگترین هۆڵه‌کانی له‌نده‌ن (هۆڵی ئه‌پۆڵۆ) نمایش کراوه‌، که ‌به‌ڕاستی ئه‌م نموونه‌ سه‌رکه‌وتووانه‌ بونه‌ته‌ باڵێۆزی ڕاسته‌قینه‌ی کوردستان.
* ئەو دوو پەرلەمانتارەی کورد لە پەرلەمانی بەریتانیا، چ کاریگەرییەکیان دەبێ بۆ پرسە جیاوازەکانی کورد؟
به‌دڵنیاییه‌وه‌ کاریگه‌ری زۆریان ده‌بێ، خاتوو فریاڵ که‌ ته‌نیا مانگێکه‌ بووەته‌ په‌رله‌مانتار، بووەتە ئه‌ندامی گروپی په‌رله‌مانتارانی به‌ریتانیا بۆ دۆستایه‌تی هه‌رێمی کوردستان. له‌ ئاینده‌دا له‌گه‌ڵ دۆسته‌کانی ترمان له‌ په‌رله‌مان پرس و بابه‌ته‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌خه‌نه‌ڕوو. هه‌روه‌ها کاک نه‌دیم زه‌هاوی که‌ ئێستا ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیریشه‌ له‌کابینه‌ی حکومه‌تی به‌ریتانیا هاوکار و پشتیوانێکی به‌رده‌وامی کوردستانه‌ له‌گشت مه‌حفه‌له‌کاندا.
* پەیوەندی ئێوە بەو پەرلەمانتارانەی کوردەوە چۆنە؟
په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌ردووپه‌رله‌مانتار زۆر زۆر باشه‌و له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین.
* ئەی بە گشتیی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا زیاتر لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟ کێشەی شەخسیی زۆرە یان کێشەی خێزانیی؟
- ئەوانەی کە لێرە هەن، کێشه‌و گرفتی تایبه‌تیی و شه‌خسین و په‌یوه‌ندییان به‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانەوە نییه‌. ئه‌رکی ئێمه‌ نییه‌ ته‌داخول له‌و جۆره‌ کێشانه‌دا بکەین.
* کوردان زیاتر بۆ چ کارێک دێنە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا؟
ئه‌وخزمه‌تگوزارییانه‌ی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم پێشکه‌شی ده‌کات خزمه‌تگوزاریی کونسوڵگه‌ریین له‌وانه‌: ده‌رهێنانی بریکارنامه به‌ هه‌موو جۆره‌کانییەوە، ڕاستاندنی به‌ڵگانامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌کانی زانکۆ و کۆلێژ و ئه‌ستۆپاکی، به‌رزکردنه‌وه‌ی داواکاری ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی که‌ فه‌رمانبه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمن و له‌ به‌ریتانیا نیشته‌جێن، هه‌ر پرس و بابه‌تێکی تر که‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاته‌کانی نوێنه‌رایه‌تیماندابێ. تێکڕای ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه‌ بێبه‌رامبه‌ر پیشکه‌ش به‌ کوردان ده‌کرێ.
* بڕیارە ئەمساڵ سەرژمێری گشتیی بکرێ لە عێراق، بۆ دەرەوەی عێراق هیچ ئامادەکارییەک کراوە؟
- تائێستا ئاگادارنین و پێمان ڕانه‌گه‌یەنراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیاری سه‌رژمێری بردێت ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌رک و ڕۆڵی خۆمان ده‌بێ.
* ئامار و داتان لایە لەسەر کوردە بەندکراوەکانی بەریتانیا؟
نه‌خێر هێچ ئامارێکمان لا نییه‌، هه‌ندێک جار له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی گرتووخانەکان یان زیندانییه‌کانەوە په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ده‌کرێ، ئێمه‌ش به‌پێی پێویست هاوکاریان پیشکه‌ش ده‌که‌ین.
* زۆرترین هۆکارەکانی سزادانی ئەوانە چی بووە؟
- ببورن ئامارو زانیاری ئەوەمان لانییه‌.

 

ئەم دیدارەی کاروان جەمال تاهیر، لە ژمارە ٨ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوتەوە