چاوپیکەوتن

04:08 - 11/02/2020

ئێران و تورکیا و ڕووسیا هۆکاری سەرەکی قەیرانی سوریان‌

پەیسەر

نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە لە گەڵ شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەوروپایە لە چاوپیکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا باسی لە هێرشەکانی تورکیا و دۆخی ئیدلب و کاریگەریەکانی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

بەشێک لە چاوپێکەوتنی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا لەگەڵ نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە بەم شێوەیەیە.

دۆخی ئیدلب لە ئێستادا چۆن دەبینن؟
لە سوریا زۆر هێز هەیە و هەموویان بەدوای بەرژەوەندیەکانیانەوەن. یەکێک لەوانەش دەوڵەتی تورکیایە. دەمەوێت گەلانی تورکیای لێدەرکەم، واتە ئامانجم رەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتەکەی (ئاکەپە) یە. ئەردۆغان بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی و پارتەکەی دەستوەردان لە کاروباری سوریا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەردۆغان پێشتر لە ڕێگای داعشەوە دەستوەردانی دەکرد، بەلام لە ئێستادا لەگەڵ گروپە (چەتەکانی) ئیدلب بە هەموو هێزێکیەوە دەیەوێت لە سوریا بمێنێتەوە. ئەردۆغان هەروەها دەیەوێت ڕۆژئاوای کوردستانیش بگرێت و تێیایدا جێگیر ببێت. ئێرانیش بە هەمان شێوە دەیەوێت لە سوریا جێگیر بێت. تورکیا لە دەریای ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیش دەستوەردان دەکات. دەیەوێت وەک یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی بناسێنێت. ڕووسیاش دەیەوێت وەک گەورەترین هێز لە سوریا جێگیر ببێت. هەرچەندە ڕووسیا بانگەشەی چارەسەری قەیرانی سوریاش دەکات، بەڵام هیچ هەنگاوێکی بۆ ئاشتی هەمیشەیی نەناوە. دوای داعش پێویست بوو، هەنگاوی جدی بۆ ئاشتی لە سوریا بنرێت. چاوەڕێی ئەوە دەکرا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا و ئەوروپای تێدایە، هەنگاوی ئاشتی بنێن. بەڵام لە ڕووسی سیاسیەوە بێدەنگیان هەڵبژارد. شەڕی ئێستای ئیدلب، وێنەیەکی بچوککراوی شەڕی سوریایە کە هێزەکان چۆن لەدژی یەکتری سەنگەریان گرتووە. ئەگەر بەم شێوەیە شەڕەکە بەردەوام بێت، ئەگەری ڕوودانی جەنگی جیهانی سێیەمین هەیە. شەڕەکە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی سوریا دەبێت و مەترسیدار دەبێت.

ئەگەر زلهێزەکان لە سوریا ڕاستەوخۆ دەست بە شەڕ بکەن، یەپەگە لە کام بەرەدا جێی خۆی دەگرت؟
یەپەگە هێزێکی کۆمەڵایەتی و لایەنگری ئاشتی سیاسیە. یەپەگە و ڕۆژئاوا لایەنگری شەڕ نین و دەیانەوێت لە رێگای دیپلۆماسیەوە چارەسەریەک بدۆزرێتەوە. مۆدێلی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیک و تێکۆشانی یەپەگە بۆ هەموو سوریایە. مۆدێل و سیستمێکە کە هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەتوانن لەناویدا جێی خۆیان بگرن. هەوڵەکانی یەپەگەش بۆ ئەوەیە ئاشتیەکی هەمیشەیی لە سوریا دەستەبەر بکرێت و هەموو پێکهاتەکان بە ئاشتی بژین.
یەپەگە بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی و بە پێی بڕیارەکانی دەجووڵێتەوە. ئامانجی هەسەدەش ئەوەیە لەناو خاکی سوریادا ئاشتی و ئارامی بچەسپێنێت. ئێمە بۆ هەموو نەتەوەکانی سوریا خەبات دەکەین. تا ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی ستراتیژی کارمان کردووە.

ئایا شەڕی ئیدلب دەبێتە هۆی هەلگیرسانی شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕووسیا و تورکیا؟
بێگۆمان ناکۆکیەکانی تورکیا و ڕووسیا لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە سەریان هەڵدا و ناکۆکی قوڵیان بەیەکەوە هەیە. هەردوو لایەن بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان لە سوریان. هەرچەندە لە ناوەڕۆکدا ناکۆکیەکی زۆر قوڵ لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام وا پیشانی دەدەن کە لە زۆر شتدا یەکگرتوون. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئیدلبە بەڵام لە ڕاستیدا هەموو جێگایەکی تریش هەر سوریایە و جیاوازی لەگەڵ ئیدلب نییە. بۆ چارەسەری کێشەکان پێویستی بە دەستوورێکی بنەڕەتی نوێ هەیە. ئەم دەستوورە ڕێگری لە بەرژەوەندیەکانی وڵاتان دەکات و لە بەرژەوەندی گەلانی سوریادایە. تورکیا و ڕووسیا و ئێران هۆکاری سەرەکی چارەسەرنەکردنی کێشەی سوریان.

پرسی دادگاییکردنی داعشە دەستگیرکراوەکان لە چ ئاستێکدایە؟
لە کەمپی هۆڵ ٧٠ هەزار کەس دەژین. زۆر لەو کەسانە لە باخۆزەوە بۆ کەمپەکە گواسترانەوە. ئەوانە خاوەن عەقلیەتی داعشن. خۆیان بە موسوڵمان و ئەوانەی تر بە کافر دەزانن. کوشتنی خەڵک و ڕەجمکردن و سەڕبرین بە ڕەوا دەزانن. پیویستە هۆل وەک کەمپێک نەبینرێت، شارێکە ٧٠ هەزار کەسی تێدایە. خەڵکی ناو هۆڵ و زیندانیانی داعش هیوایەکی زۆریان بەوەیە ڕۆژێک ئەردۆغان ناوچەکە داگیر بکات و ڕزگاریان ببێت. ئەردۆغان خۆی وەک خەلیفەیەکی سوننی لە ناوچەکە پیشان دەدات.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دادگاییکردنی دیلەکانی داعش داوای پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی کرد، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هیچ لایەنەک بەدەم داواکاریەکەیانەوە نەهاتووە.

یەپەگە بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان هەوڵی چیدەدات؟
یەپەگە بەشێکە لە قەسەدە. لەدژی تیرۆریزم و داگیرکەری هەڵوێستی ئاشکرای هەیە. لەدژی داگیرکەری و تیرۆر هەموو کاتێک لە تێکۆشاندا دەبێت. تا کۆتایی بۆ پاراستنی گەلەکەمان لەناو خەباتدا دەبێت. تاکتیک و ستراتیژی خۆمان فراوان دەکەین.

تورکیا لە شەڕی ڕۆژئاوادا چەکی کیمیایی بەکارهێنا و ئەوەتان بە بەرپرسانی ئەوروپا ڕاگەیاند، هەڵوێستیان چۆن بوو؟
بەڵی تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێنا. منیش لە ئەوروپا شایەدی ئەوەمدا. لە سەرێکانی لەدژی هەڤاڵەکانمان فسفۆڕی سپی بەکارهێنرا. ئاگری فسفوڕی سپی ئاگرێکی ئاسایی نییە. ماوەیەکی زۆر دەسووتێت. بە ئاو یان خوڵکردن بەسەریدا ناکوژێتەوە. ئاگرەکە تا کۆتایی دەسووتێت و هەموو شتێکیش دەسووتێنێت. ئەوەش دیارە کە قەدەغەیە. بەکارهێنانی تاوانی شەڕە. لەدژی هەڤاڵەکەنمان ئەوە چەکە بەکارهێنرا.
چەکی میسکەتیش بەکارهێنرا. چەکەکە لەدژی منداڵ و ژن و خەڵکی مەدەنی بەکارهێنرا. ئەم جۆرە چەکە لەدژی هێزەکانمان بەکارهێنرا. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە تورکیا لە سەرێکانی تاوانی شەڕی ئەنجامداوە. بە سەدان خەڵکی مەدەنی شەهید بوو. بە هەزاران خەڵکی مەدەنی برینداربوون و بە سەد هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.