ڕاپۆرتی کوردستانی

04:24 - 17/02/2020

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بە نیازی ئەمارەتێکی سەربەخۆبووە بۆ کورد‌

ئەژی ئازاد ئەبوبەکر


ڕاپەرینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری لە ساڵی ١٨٨١، لە دیدی بەشێکی زۆر لە لێکۆڵەرانی ڕۆژئاوایی و کوردناسان و مێژوونووسانی کوردەوە، بە سەرەتای "بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی کورد" دادەنرێ کە ئامانجەکانی بریتی بوون لە: ڕەتکردەوەی دەسەڵاتی ستەمکاری قاجار (دواتر عوسمانیی) و داوکاریی نەتەوەیی بۆ پێکھێنانی کیانێکی کوردی کە تیایدا مافە ئیداری، سیاسی و کولتوورییەکانی کورد پارێزراوبێ.

 
سەبارەت بەوەی کە ئایا ئامانجی ڕاستەقینەی ڕاپەرینی شێخ عوبەیدوڵڵا بۆ پێکھینانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە یان حکومەتێکی خۆجێیی؟ ڕای جیاواز ھەیە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کوردەکان ڕاشکاوانە و ئامانجدار، خواستی نەتەوەییەکانی خۆیان پێشان داوە و لە پێناویدا خەباتی چەکداریی گرتووەتەبەر.

ئەگەرچی راپەڕینەکە لە لایەن دەسەڵاتدارانی قاجارەوە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک سەرکوتکرا، بەڵام بووە ھەوینی ڕاپەڕینەکانیتری کورد لە ئێران و دەوڵەتی عوسمانییدا.

لەگەڵ ئەمەشدا ڕاپەرینی شێخ عوبەیدوڵڵا، لە لای بەشێکی بەرچاو لە نووسەرانی ئێران، بۆ ئاستی جووڵانەوەیەکی چەکداریی کە ئامانجی لێکترازان و جیاکردنەوەی بەشێکی خاکی ئێران بووە، لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیی و بەریتانیا ھانداروەو بچووک کراوەتەوە بۆ ئاژاوەگێڕی و فیتنەگێڕی. هەربۆیە ئامادەنەبوون کە دان بە ئامانجە ڕزگاریخوازی و نەتەوایەتییەکەیدا بنێن.

بەڵام بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی قاجار کە بۆ وەزارەتی دەرەوەی عوسمانیی نێرداروە، دانپێنانێکی ئاشکرایە بەوەی کە دەوڵەتی ئێران پێیوابووە کە جووڵانەوەکەی شێخ عوبەیدوڵڵا ئامانجی پێکھێنانی دەوڵەت و ئەمارەتێکە بۆ کورد، بۆیە ئەمە مەترسییەکی ھاوبەشە بۆ ھەردوو دەسەڵاتی قاجاریی و عوسمانیی.

دەقی بەڵگەنامەکە
بەپێی بەڵگەنامەیەکی ئەرشیفی عوسمانیی کە مێژووەکەی بۆ ڕێککەوتی (٢٩ زیلحەجەی ١٢٩٨ کۆچیی بەرامبەر بە ٢٢ تەشرینی یەکەمی ١٨٨١ز) دەگەڕێتەوە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی قاجارییەوە بۆ باڵێۆزخانەی عوسمانیی لە ئێران نێردراوە ئەمە دەقی وەرگێڕاوی نامەکەیە.
تەلەگرافنامە لە ئێرانەوە بۆ جەنابی شاھانەی عوسمانیی نێردراوە، تێیدا راستییەکانیان بە جەنابی شاھانە رانەگەیاندووە. شێخ عوبەیدوڵڵا لەگەڵ ئەوەی چەکی فڕێداوە، بەڵام سەرپەرشتی چەتەکان دەکات، لە خاکی رۆمدا کاری ھێرش بردن و کوشتنی ئەنجامداوە، تەنانەت تا دەروازەی سووری رۆیشتووەو لەلایەن سەربازانی ئێرانەوە شێخی ناوبراو و ھاوەڵە چەتەکانی بە تۆپ و تفەنگ بۆ دووری یەک سەعات لە شار دوورخراونەتەوە.

سەربازانی ئێران شوێنیان کەوتوون و چاودێریان کردوون، شێخی ناوبراو چووەتە ناو ھۆزی شکاک و دواتر بینراوە چووەتەوە ناو خاکی عوسمانییەوە.


لە درێژەی نووسراوەکەدا هاتووە: یەک مانگ پێش ئێستا لەلایەن حەزرەتی شاھانەوە بۆ لایەنی حەزرەتی شاھنشا تەلەگراف نێردراوە، تەلەگرافنامەی ھومایۆن و باڵیۆزی گەورە فەخری بەگ ئەفەندی دڵنیایی داوە کە ئەگەر شێخی ناوبراو و ھاوەڵانی بە رێگەی ئامۆژگاری بۆ لایەنەکەی تری جەلیلە برۆیشتبان، ئەوەندە خوێن نەدەڕژا.

ئەگەر شێخی ناوبراو پاساوەکەی ئەوەبێ کە بڵێت والییەکانی خاکی ئێران زوڵمیان لە کوردە سوننەکان کردووە، یەکەم جار والییەکانی ئێمە زوڵمیان لە کوردە سوننەکان نەکردووە، دووەم با وادابنێین ئەم کارە ئەنجامدراوە، ئاخۆ ھەڵگرتنی ئەم زوڵم و چەوسانەوە دەکەوێتە سەر شانی شێخی ناوھاتوو؟ لە خاکی بێگانە شیعە ھەیە، چەندەھا سوکایەتیان پێ دەکرێت، ئاخۆ تائێستا لەلایەن شێخە شیعەکانەوە گەندەڵی و جموجۆڵێکی ئاوا بینراوە؟

وەزارەتی دەرەوەی قاجار پیشنیاز دەخاتە بەردەم دەوڵەتی عوسمانیی و دەڵێڵ بە شەرع و قانوون ئەرکی سەر شانە کە ھەرچی زووە ئەم پیاوە و ھاوەڵانی بۆ ھەتاھەتایە زیندانی بکرێن، ئەم سزایەش کەمترین سزایە دەرھەقیان ئەنجامدەدرێت، بە تایبەتی شێخی ناوبراو. چونکە ئەگەر لە بەرامبەر ناوبراو سەرباز بە کار نەھاتبایە ئەوا کاری گەندەڵیەکەی تا شاری ئەردەبیل دەچوو، لەوێشەوە تا کەناری دەریای خەزەر، ھەروەھا تا ناحیەی تەواڵش.

قاجارییەکان لە راپۆرتەکەیاندا راشکاوانە دەڵێن: دەوڵەتانیش شایەدی ئەم کارە بەدانەی ناوبراون، کە کوردەکانی ئێران و عوسمانیی کۆکردووەتەوە و یەکیخستوون بیرۆکەی دروستکردنی ئەیالەتێکی سەربەخۆی ھەیە، ئەم بیرۆکەشی لە تەبرێز بە قونسوڵی ئینگلتەرا راگەیاندووە.

شوێنی پاراستنی بەڵگەنامە:  بەرێوەبەڕایەتی ئەرشیفی عوسمانیی - ئیستەمبوڵ
بەرواری بەڵگەنامە: ٢٩ زیلحەجەی ١٢٩٨ ک / ٢٢ تەشرینی یەکەمی ١٨٨١ز
ئەرشیفی دیجیتاڵی:  ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی
بابەت:  تەلەگرافی وەزارەتی دەرەوەی قاجار بۆ سەفارەتی دەوڵەتی عوسمانیی لە ئێران سەبارەت بە جووڵانەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری
وەرگێڕانی بەڵگەنامە: ئاشتی ڕەحمان بەکر
ئامادەکردن: ئەژی ئازاد ئەبوبەکر