چاوپیکەوتن

07:33 - 02/04/2020

وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌: هیچ بڕیارێك نەدراوە به‌ ٤٥ رۆژ مووچه‌یه‌ك بدرێت‌

پەیسەر پرێس

دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ په‌یسه‌ر پرێس رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، هیچ بڕیارێك نه‌دراوه‌ كه‌ مووچه‌ بكرێته‌ ٤٥ رۆژ جارێک یان زیاتر، به‌ڵكو هه‌وڵی حكومه‌ت بۆئه‌وه‌یه‌ له‌كاتی خۆیدا مووچه‌ وه‌ك خۆی بدرێت، ده‌شڵێت پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ كاندیدێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نییه‌ و له‌دوای قه‌یرانی كۆرۆنا، دوو بریكاره‌كه‌ی دیکەی بزوتنەوەی گۆڕان ده‌ستبه‌كارده‌بن.

بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا بدرێت

دانا عه‌بدولكه‌ریم سەبارەت بەو دەنگۆیانەی هەن بۆ ئەوەی دوای بڕیاری دەستکارینەکردنی مووچە، ٤٥ رۆژ جارێک مووچە بدرێت دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێدا هیچ بڕیارێك نه‌دراوه‌ كه‌ پێدانی مووچه‌ بكرێته‌ ٤٥ رۆژ یان ٥٠ رۆژ، هه‌موو هه‌وڵی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستكاری مووچه‌ نه‌كرا، له‌واده‌ی خۆیدا دابه‌ش بكرێت، جەختیکردەوە هیچ بڕیارێك نییه‌ كه‌ مووچه‌ به‌ ٥٠ رۆژ یان ٦٠ رۆژ بدرێت.

بیرمان له‌ وه‌رگرتنی قه‌رزكردووەته‌وه‌

سه‌باره‌ت به‌ بژارده‌ى قه‌رزوه‌رگرتن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى كورتهێنانى خۆى پڕبكاته‌وه‌، وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ باسیله‌وه‌كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران  باس له‌وه‌كرا، كه‌ ئه‌ركی له‌پێشینه‌ی حكومه‌ت دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌،"سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌ركی پێشه‌وه‌مان بریتییه‌ له‌پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان له‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێ چه‌ند رێگایه‌ك گفتوگۆیان له‌سه‌ركرا بۆ چاره‌سه‌ری كورتهێنان یه‌كێك له‌وانه‌، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی گفتوگۆ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بكرێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كورتهێنانی بوودجه‌ی هه‌رێم پڕبكه‌ینه‌وه‌، رێگه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر قه‌رزێك حكومه‌تی عێراق وه‌ریگرت پشكی هه‌رێمی كوردستانی تێدابێت، جگه‌ له‌وه‌ ئێمه‌ خۆشمان وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم بیرمان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌پێی توانا ئه‌گه‌ربۆمان بكرێت قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌ربگرین، به‌ڵام ئه‌مه‌ قورسه‌، چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن سه‌روه‌رین ده‌توانن له‌و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ قه‌رز بكه‌ن، له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا په‌نابردن بۆ قه‌رز یه‌كێكه‌ له‌و بژاردانه‌ی له‌ به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورتهێنان".

ئێستا یاسای چاكسازی جێبه‌جێ ناكرێت

سه‌باره‌ت به‌ په‌سه‌ندكردنى په‌یڕه‌وى جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازیى، كه‌ حكومه‌ت له‌دوایین راگه‌یه‌ندراوى خۆى ئاماژه‌ى پێدابوو، وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، یاسای چاكسازی له‌مانگی یه‌ك له‌په‌رله‌مان ده‌رچووه‌ و دوێنێش له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌یره‌وه‌كه‌ی په‌سه‌ندكرا، ئه‌و یاسایه‌ بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌رییه‌ له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و خانه‌نشینی و نه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌، هه‌ندێك كه‌س به‌ ناشایسته‌یی مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌ یان له‌شایسته‌یی خۆیان زیاتریان وه‌رگرتووه‌، به‌پێی یاسای چاكسازیی رێكده‌خرێته‌وه‌، به‌شێك له‌داهاتیش له‌ جێبه‌جێكردنی بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ ده‌كه‌وێته‌ دوای ٩٠رۆژ له‌په‌سه‌ندكردنی په‌یره‌وه‌كه‌ی و له‌ئێستادا ناتواندرێت جێبه‌جێ بكرێت.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ چاكسازی به‌شداری حكومه‌تی كردووه‌

سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ى كارى تیمى وه‌زاریى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، دانا عه‌بدولكه‌ریم ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو،"بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنێك به‌شداری حكومه‌تی كردووه‌ و كاتی خۆی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتیانی كوردستان بینیویانه‌، هه‌موو له‌ به‌رژەوه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش چاكسازییه‌، و كارنامه‌ی حكومه‌تیش كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان خوێندیه‌وه‌، یه‌كه‌م خاڵی به‌چاكسازی ده‌ست پێده‌كات، لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی حكومه‌ت به‌نیازی ئه‌نجامدانی چاكسازی ئه‌م كابینه‌یه‌یان پێكهێناوه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێش پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت دڵنیایی ئه‌وه‌ی له‌پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌رگرتووه‌، كه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ كابینه‌ی چاكسازی ده‌بێت و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ رایگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر چاكسازی نه‌كرێت ئاماده‌نییه‌ به‌شداری حكومه‌ت بكات، له‌ به‌رامبه‌ردا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌قه‌ناعه‌ته‌وه‌ پێیان راگه‌یاندین كه‌ ئه‌وانیش گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ چاكسازی له‌هه‌رێمی كوردستان بكرێت و رایانگه‌یاند، چیتر ناتواندرێت چاوپۆشی له‌و بابه‌ته‌ بكرێت، و كه‌مته‌رخه‌می و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌و پرسه‌ جێگه‌ی نابێته‌وه‌".

ده‌مانه‌وێت كاریگه‌ری دۆخه‌كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیان نه‌بێت

له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگى نێوان وه‌زیره‌كان و لایه‌نه‌كان له‌ كابینه‌ى حكومه‌ت، وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كات، ئه‌وان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ك یه‌ك تیم كاریان كردووه‌ و هه‌ر بڕیارێك درابێت بڕیاری هه‌موو كابینه‌كه‌ بووه‌ و به‌كۆی ده‌نگ بووه‌ و تائێستا له‌یه‌كتێگه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگی باش له‌نێوان به‌شداربووانی كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌یه‌، "هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌ك ئامانج كار ده‌كه‌ین ئه‌ویش خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستانه‌".

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌ته‌ بۆ ده‌ستكارینه‌كردنى مووچه‌، به‌گوته‌ى وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، بڕیارى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌و جۆره‌یه‌، كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك بۆ دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بێت، بڕیاری كۆده‌نگی بووه‌ و هی هه‌موو كابینه‌كه‌ بووه‌، بۆیه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دڵنیایی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌دا ده‌مانه‌وێت دۆخه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیانی هه‌رێم دروست نه‌كات".

هه‌رێم پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غدا

له‌مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو شاندی هه‌رێمی کوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری دارایی، له‌گه‌ڵ به‌غداد گفتوگۆی كرد و گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن. دانا عه‌بدولكه‌ریم ده‌ڵێت:"ئه‌و رێككه‌وتنه‌ زۆر باشه‌، له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراق و خه‌ڵكی هه‌رێمیش بوو، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست بكات به‌رامبه‌ر نزیكه‌ی ٩٠٠ ملیۆن دۆلاری له‌به‌غداد وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی دۆخی عێراق و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌ت عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌یتوانی رێككه‌وتنه‌كه‌ بخاته‌ یاسای بوودجه‌ی ٢٠٢٠، وه‌ چونكه‌ حكومه‌تی كاربه‌رێكه‌ربوو و رایگه‌یاند، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه‌ یاسای بوودجه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكات، له‌وكاته‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ و چاوه‌ڕێی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تین، هیوادارین كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبێت و رێككه‌وتنه‌كه‌ بچێته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌، و چاوه‌رێی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقین بۆ جێبه‌جێكردنی".

له‌گه‌ڵ پارتی پرسی سندوقی داهاته‌ نه‌وتی و غازیه‌كانمان باس كردووه‌

به‌پێى رێككه‌وتنى گۆڕان و پارتى، ده‌بێت سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان دروستبكرێت و سه‌رجه‌م داهاتى نه‌وت بچێته‌ ئه‌و سندوقه‌وه‌، سه‌رۆكى سندوقه‌ش له‌ پشكى گۆڕان ده‌بێت، به‌ڵام تائێستا ئه‌و سندوقه‌ دروستنه‌كراوه‌، دانا عه‌بدولكه‌ریم گوتى، سه‌باره‌ت به‌ سندوقی داهاته‌ نه‌وتی و غازیه‌كان، یاسای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ دروست بكرێت،"له‌راستیدا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باس نه‌كرا، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی ئێمه‌ و پارتیدایه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، هیوادارین له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بتوانین ئه‌و پۆسته‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ بوونی نییه‌ و ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاوه‌ دروست بكرێت، ئێستا له‌هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕگه‌یه‌داین".

گوتیشی:"ئێستا تیمێكی هاوبه‌شی پارتی و گۆڕان سه‌رقاڵی گفتوگۆن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م ڤایرۆسه‌وه‌ كێشه‌یه‌ك دروست بووه‌ كه‌ نه‌توانن وه‌فده‌كان دابنیشن، به‌ڵام به‌شێكی باشی كۆبوونه‌وه‌كان كراوه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌یاسای چاكسازی گشتیی، چونكه‌ ئێمه‌ به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌دوو بڕگه‌دا باسی چاكسازی كراوه‌، بڕگه‌یه‌كیان له‌خاڵی چواره‌می رێككه‌وتنه‌كه‌ماندا بووه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم ئه‌ویش دروستكردنی دادپه‌روه‌ری له‌مووچه‌ و خانه‌نشینی هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانی كوردستان، وه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ جێبه‌جێكراوه‌ و یاسای چاكسازیی پێ ده‌رچووه‌، خاڵی دووه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌مان ماوه‌ كه‌په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ چاكسازی گشتیی له‌ بواره‌كانی كارگێڕی و دارایی و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی تری په‌یوه‌ندیدار به‌ ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك".

پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ كاندیدێكی ئێمه‌ نییه‌

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌م كابینه‌یه‌ چوار بریكارى وه‌زیرى به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام دوان له‌و بریكارانه‌ تا ئێستا ده‌ستبه‌كارنه‌بوون. وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ دوای كۆتایی هاتنی ڤایرۆسى كۆرۆنا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی گۆڕان و پارتی دابنیشن و تێیدا پرسی سندوقی هه‌رێم بۆ داهاته‌كانی نه‌وت و غاز و پرسی ئه‌نجومه‌نی چاكسازیی یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، ده‌شڵێت:"دوو له‌ بریكار وه‌زیره‌كان گۆڕان یه‌كلایی بوونه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی تریش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سانی تر به‌رێوه‌یان ده‌به‌ن ئێستا له‌گفتوگۆداین بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و دووبریكاره‌ی تریش ده‌ستبه‌كاربن. پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ كاندیدێكی گۆڕان نییه‌".

هه‌ندێك پرۆژه‌ی ستراتیژیه‌كانمان كاركردن تێیاندا به‌رده‌وامه‌
 
وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى كه‌ له‌م كابینه‌یه‌ به‌ جموجوڵ و بوژانه‌وه‌ى پرۆژه‌كان ده‌ستیان پێكرد، باسیله‌وه‌كرد:"هه‌ندێك له‌ پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانیان كاركردن تێیاندا به‌رده‌وامه‌، به‌نمونه‌ كاركردن له‌رێگه‌ی كه‌لار ده‌ربه‌ندیخان به‌رده‌وامه‌، پردی گۆپاڵ له‌هه‌ولێر كاركردن تێیدا به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ پرۆژه‌ی گه‌وره‌ن و كۆمپانیاكانی كه‌ كاری تێدا ده‌كه‌ن كۆمپانیای به‌توانان و كاره‌كانیان نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك پرۆژه‌ پێش هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناش وه‌ستاون، چونكه‌ له‌ڕووی داراییه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كرابوون كه‌ بوودجه‌یان بۆ ته‌رخانبكرێته‌وه‌، و بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ئاوه‌ندانكردنه‌وه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزێته‌وه‌ و كاره‌كانی بكات پێویستی به‌دابینكردنی بوودجه‌ هه‌یه‌، له‌م دۆخه‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ له‌دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا دروست نه‌بێت حكومه‌ت هه‌موو ئه‌و داهاتانه‌ی دێته‌ به‌رده‌ستی دابینی ده‌كات بۆ پێدانی موچه‌ و خزمه‌تگوزاری هاوڵاتیان، بۆیه‌ تۆزێك قورسه‌ وه‌ك پێش هاتنی كۆرۆنا وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌رده‌وامی به‌ پرۆژه‌كانی بدات".