لێکۆڵینەوە

05:44 - 12/04/2020

پەتا کوشندەکان و گۆڕانگارییەکانی میژوو‌

سەعید سەیدی

یەكەمجار نیە كەمرۆڤایەتی ڕووبەڕووی پەتاو دەردی گەورە دەبێتەوە، نەخۆشی جیهانگیری وەهای تێپەڕاندووە كە ئەگەر بەچاوی ئەمڕۆوە سەیر بكرێت پێدەچێت مرۆڤی ئەم سەردەمە بەرگەی نەگرێت و زەندەقی بچێت، ئاخر ئەگەر ئەمڕۆ دامەزراوە پزیشكی هەیەو مرۆڤ لە ترۆپكی پێشكەوتنەكانیشدایە كەچی هێشتا دەترسێت ڤایرۆسێك لەناوی ببات هەموو ئەو ڕێسانەی لێبكاتەوە بە خوریی كە چەند ساڵە لە پێناویدا زەحمەت دەكێشێت، ئەو پەتاو نەخۆشییانە چی بوون چەند كەسیان كوشتووەو سەرئەنجام بەكوێ گەشتوون؟

(ئۆکسفام) رایگەیاند بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە زیاتر لە نیو ملیار کەسی دیکە کەوتنە ژێر هێڵی هەژارییەوە

پەتای کۆرۆنای نوێ کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە کۆڤیدی ١٩ ناوی دەباو سەرەتای زستانی ٢٠١٩ لە شاری ووهان-ی وڵاتی چین-ەوە سەری هەڵدا، زیاترلە ٢١٠ وڵات و هەرێم و ناوچەی گرتووەتەوەو بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس و ئەم ئامارەش رۆژانە لە زیادبووندایە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەوە سەدان ملیۆن کەس لە ترسی گیرۆدە بوون و مردن بەم پەتا ترسناکە، خۆی کەرەنتینە کردوە. زانایانی بواری تەندروستی و خەڵکیش بە گشتی باوەڕیان وایە کە گرتنەبەری ئەم رێگایە کاریگەری باشی هەیە لە کەمبوونەوەی رێژەی تووشبوون و مردن بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە. مێژوویش ئەوەی سەلماندووە، بۆنموونە لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆئەنزای ئیسپانیدا یەکێک لە گەڕەکەکانی کەنداوی بریستۆنی ئالاسکا هیچ زیانێکی پێنەگەشت، چوونکە قوتابخانەو شوێنەگشتییەکانیان داخست و رێگای پەیوەندی ناوچەکەیان لە گەل شارەکانی دەوروبەربڕی. (لەدرێژەی ئەم بابەتەدا تیشکی زیاتر دەخرێتە سەرئەم رێگایە). بڵاوبوونەوەو جیهانگیری ئەم پەتایە کاریگەرییە خراپەکانیشی لەسەر ئابووری دەرکەوتووە، دامەزراوەی (ئۆکسفام) رایگەیاند بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە زیاتر لە نیو ملیار کەسی دیکە کەوتنە ژێر هێڵی هەژارییەوە، رێکخراوی نێونەتەوەیی کاریش دەڵێت کە ٨١% هێزی کاری جیهان، شوێنی کارەکەیان یان بەتەواوی داخراوە یان لە حاڵەتی نیمچەداخراودایە و بێ گومان ئەمەش کاریگەریی زۆر خراپی هەیە لەسەر ئابووری وڵاتان.

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنای نوێ ئەو راستییەی نیشاندا کە وڵاتانی دیکتاتۆرو داخراو مەترسیییەکی گەورەن بۆ سەرتەندروستی کۆمەڵگای مرۆیی. رۆژ بە رۆژ رەخنەی وڵاتانی ئازاد لە سەر وڵاتی چین کە شوێنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەیە زۆر دەبێت کە گۆیا زانیارییەکانیان لەبارەی ئەم ڤایرۆس ونەخۆشییەوە ناڕاست و دوور لە راستین و ئەمەش کێشەی بۆ رووبە رووبوونەوە لەگەل نەخۆشییەکەدا دروست کردوە، یان نێردەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەردانیدا بۆ ئێران رایگەیاند کەئامارەکانی دەوڵەتی ئێران  سەبارەت بە رێژەی تووشبوون و مردن بە هۆی کۆڤیدی ١٩ ەوە دوورن لە راستی و ئاماری راستەقینەی تووشبووان و مردووان لە ئێراندا (٥) هێندەی ئەوەیە کە دەسەڵات رایدەگەیەنێت.

ئاماری راستەقینەی تووشبووان و مردووان لە ئێراندا (٥) هێندەی ئەوەیە کە دەسەڵات رایدەگەیەنێت

ئەم شاردنەوەو ناشەفافی و سەرئەنجام نا هەماهەنگییەی نێوان وڵاتان، بە قسەی سەرۆکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەم دەتوانێت هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی جیهان وهەم بێ گومان کەمبوونەوەی متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان و مەترسی زیاتر بۆ سەرمافەکانی مرۆڤ و هەڵاواردن و زۆر دیاردەی خراپی دیکەی لێدەکەوێتەوە.

لەئێستادا ئاوڕدانەوەیەک لەو پەتا کوشندانەی کە لە رابردوودا یەخەی مرۆڤایەتی گرتووە، دەتوانێت بۆ بەرەو ڕووبوونەوە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و لێکەوتەکانی ئەم پەتایە بەرچاوروونی زیاتر ببەخشێت. چوونکە لەو کات وشوێنانەی کە پەتایەکی گشتگیر بڵاوە، بەراوردکارییە مێژووییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.

سەرەتا با ئەوە بگوترێت کە بەپێی راگەیاندنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، نەخۆشییەک بە گشتگیرو جیهانی دادەنرێت کە لە ئاستی جیهاندا یان لە ناوچەیەکی زۆر بەریندا بڵاوبووبێتەوە. نەخۆشییە جیهانییەکان بە زۆری لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان تێدەپەڕێ وخەڵکێکی زۆر لە جیهاندا تووش دەکات. ئەم نەخۆشیانە لە سەردەمانێکی زۆر زووەوە تا ئەمرۆ بەڵای گیانی مرۆڤایەتی بووە، مرۆڤ لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ هۆکارو سەرهەڵدانی کردوە، رێگای بەرەنگاربوونەوەی جۆراوجۆری لە دژیان گرتووەتەبەر و نەسرەوتن و بەردەوامییان سەرئەنجام رێگای دروستی پێ نیشان داون. سەرکەوتنی مرۆڤ بەمانای کۆتایی هاتن بەم بەڵایانە نیە، بەمانای توانایی مرۆڤە بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەتاکان و مانەوەی خۆی تا ئێستا، ئەگینا شەڕی مرۆڤ و نەخۆشییەکانی هەرگیز کۆتایی پێنایەت.

ئەم نەخۆشییە پاش جیهانگیر بوونی لە سەدەی یازدەیەمدا بە دەیان ملیۆن مرۆڤی لەناو برد

مێژوو ئەوە نیشان دەدات کە نەخۆشییە گوازراوەو جیهانییەکانی وەک تاعوون، کۆلێرا، ئەنفلۆئەنزا، ئاوڵەو...هتد شوێنی گەورەیان لەسەر شارستانیەتەکان داناوە، توانیویانە ئاراستەی مێژوو بگۆڕن، لێک هەڵوەشانی ئیمپراتۆریەتەکان خێراتر بکەن، زیانی قورس لە سوپای وڵاتەکان بدەن، ئابووری و کەلتوورو کۆمەڵگاکان تووشی داڕووخان بکەن.
کاتێک نەخۆشی (گول)ی وەک خۆرە کەوتبووە گیانی مرۆڤایەتی، خەڵک بۆ ماوەی چەندین سەدە باوەڕیان وابوو کە ئەم نەخۆشییە بۆماوەییەو تەنانەت بە سزای خواوەندیان دادەناو نەخۆشەکان لە لایەن خەڵکەوە بە چاوی سەیرو سووک سەیردەکران و لەخۆیان دووریان دەکردنەوەو ئەگەر دووریش نەدەخرانەوە، دەبوو جلوبەرگی تایبەت لەبەر بکەن و تەنانەت زەنگۆڵەشیان لە خۆ دەبەست بۆ ئەوەی خەڵک ئاگاداری هاتنیان بێت. راستە ئەم نەخۆشییە پاش جیهانگیر بوونی لە سەدەی یازدەیەمدا بە دەیان ملیۆن مرۆڤی لەناو برد، بەڵام سەرئەنجام مرۆڤ لە رێگەی زانستەوە سەرکەوت و لە ساڵی ١٩٨١ وە ئەم نەخۆشییە چارەسەر دەکرێت.

هەروەها مەرگی رەش یان تاعوونی رەش مێژووی ئەورووپای گۆڕیی، دامەزراوەو ناوەندە باڵا دەستەکانی بەرەو رووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت کردەوە، ئەکرێ بگوترێت دەسپێکی کۆتایی دەورانێکی تاریک بوو، بنەماو بناغەیەک بوو بۆ دەسپێکی رێنسانس و شۆڕشی پیشەسازیی. ئەم نەخۆشییە کوشندەیە کە زۆر گرفتی سیاسی و کەلتووری و مەزهەبی لێکەوتەوە وەک کۆرۆنای نوێ لە ئیتالیاوە بە ئەورووپادا بڵاو بووەوە. راستە لە تەوای شارو ناوچەکانی ئیتالیادا وەک یەک بڵاو نەبووەوە، بەڵام ئەو وڵاتەی زیاتر گیرۆدە کردولە هەندێ شوێن خەڵک خۆی رادەستی مەرگی رەش کرد. لە (راگۆسا) دەوڵەتی ناوچەیی ئەوەی پێکرا کە بە خەڵکەکەی بڵێت وەسیەت نامە بنووسن. (ڤێنیز) کەرەنتینەی راگەیاندو لە (میلان)یش رێژەی مردن کەمتر بوو، چوونکە دەسەڵاتدارانی ئەوێ لە بنەماڵەی ملهوڕو بێ بەزەیی ویسکانتی بوون و فەرمانیان دابوو کە هەر ماڵێک تووشبووی تاعوونی تیابێت دابخرێ و لێگەرێن با دانیشتوانەکەی لە برسان بمرن.

فەرمانیان دابوو کە هەر ماڵێک تووشبووی تاعوونی تیابێت دابخرێ و لێگەرێن با دانیشتوانەکەی لە برسان بمرن

لەمێژووداو ئێستاشی لەگەڵدا بێت لێکدانەوەی جۆراوجۆر بۆهۆکاری نەخۆشییەکان کراوە، بەڵام راستییەکی مێژوویی هەیەو ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ لەشەڕی دژی پەتاکاندا شێلگیرە. بۆنموونە لە ئەورووپاو سەبارت بە نەخۆشی تاعوون، لە ئۆکتۆبەری ١٣٤٨ ی زایینیدا پاشای فەرەنسا مامۆستایانی زانکۆی پاریسی کۆ کردەوەو داوای لێکردن کە توێژینەوە لە هۆکارەکانی نەخۆشییەکە بکەن. باشترین گومانی ئەوانیش ئەوە بوو کە هۆکارەکەی لێک نزیک بوونەوەی سێ هەسارەی زوحەل و مەریخ و موشتەرییە. هەربۆیە زۆر کەس گوناحەکەیان خستەمل ئەخلاقیاتی سست و خراپی کۆمەڵگاکەیان و هەندێ کەس جلوبەرگی تەسک وورووژێنەری خەڵکیان کردە بیانوو. بەشێک لە وڵاتەکان یاسای توندیان لە دژی قومارو لەشفرۆشی دەرکرد. شا فیلیپی شەشەمی فەرەنسا بڕیاریدا لێوی سەرەوەی کافران و کفرکەران ببڕدرێت. پاشان وتیان گوناحی گولەکانە و ئەوجا کردیانە خەتای جووەکان و دەزگای پشکنینی بڕواو ئازارو ئەشکەنجەیان لە فەرەنساو بریتانیاو شوێنی تری ئەورووپادا بۆ دامەزراندن. بۆنموونە لە شاری ستراسبووگی ئەڵمانیا جووەکان ناچارکران یان ببنە مەسیحی یان لە شوێنی ناشتنی مردووەکاندا بسووتێنرێن و نزیکەی دوو هەزار جوو بەمجۆرە و لەو شوێنە کوژران.

بڵاوبوونەوەی تاعوونەرەشە بووە هۆی تووڕەیی خەڵک لە دەسەڵاتداران و بە تایبەت لە کلێساکان کە دەسەڵات و سروەتی زۆریان هەبوو، پشتکردنی خەڵک لە کلێساو مردنی بەشێکی زۆری قەشەکان قەیرانی بۆ ناوەندە مەزهەبییەکان دروستکردو تاقمی جۆراوجۆری مەزهەبی سەری هەڵدا کە بوونەهۆکاری شکانی شکۆی کلێساکان. لەلایەکی تر بە هۆی مردنی خەڵکێکی زۆر، هێزی کاری ئەورووپا کەم بووەوەو دەوڵەمەندو دەسڕۆیشتووکان ناچار بوون مل بۆ داوای کرێکاران و خزمەتکاران رابکێشن و ئەنجامی ئەمانەش بووە هۆی پێچانەوەی سیستەمی دەرەبەگایەتی و ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ گۆڕانی سیاسی، ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتی لە ئەورووپادا.

بۆچوونە نازانستییەکان بەرامبەر بە هۆکاری پەتا جیهانییەکان  تەنیا تایبەت بە ئەورووپا نەبوو، لە ئاسیاو ئەفریقاو بەگشتی لە تەواوی جیهاندا ئەم دیدە نازانستیانە بووەو هەیەو دەمینێت. بۆنموونە لە ئەفریقا هۆکاری نەخۆشی ئیبۆلا بە سیحرو جادوو دەزانن یان لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی سەفەوییەکاندا هۆکاری تاعوونیان بە گوناحکردنی خەڵک دەزانی و هەربۆیە دۆعا و قوربانیکردنیان بە رێگەچارە دادەنا.

ئایا خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوەکان دەبێتە بەشێک لە کەلتووری کۆمەڵگای مرۆیی؟

ئێستا کە خەڵکی جیهان گیرۆدەی پەتای کۆرۆنا هاتوون، تەنیا بیریان بە لای  دۆزینەوەی دەرمانی ئەم نەخۆشییەوە نیە، رەنگە بپرسن ئایا لەسەردەمی زانست وتەکنەلۆجیادا، کۆرۆنای نوێ دەتوانێت کاریگەرییەکی وەک ئەوەی تاعوون لە ئەورووپا، لە جیهان بە گشتی و بە تایبەتی لەسەر کۆمەڵگاو کەلتوور لە ئەفریقاو ئاسیاو رۆژهەڵاتی ناڤیندا، دابنێ و لانیکەم سەرخستنی زانست بکاتە دەسپێکی گۆڕان؟ ئایا نەخۆشی کۆڤید١٩ دەتوانێت هاوکاری نێوان وڵاتان بۆ شەڕی پەتا جیهانییەکان بباتە قوناغێک کە دڵنیایی کۆمەڵگای مرۆیی لێبکەوێتەوەو یارمەتی ئاسایشی گشتی بدات؟ پاش کۆرۆنای نوێ پیکهاتەی ئابووری وڵاتان و جیهان چۆن دەگۆڕێت و ئایا دادپەروەری لە تەندروستیدا دەبێت بە بەشێک لە سیاسەتی جیهانی و دەوڵەتان؟ ئایا خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوەکان دەبێتە بەشێک لە کەلتووری کۆمەڵگای مرۆیی؟ ئەگەر ئەو هەژارانەی کە ژیانیان لەسەر داهاتی رۆژانەیان بوو، لەبەر پاراستنی گیانی خۆیان و '' خەلکی تر'' کەرەنتینە کران، ئایا پاش تەواوبوونی ئەم قۆناغە ئەوانیش لە لایەن خەڵکی ترەوە یارمەتی دەدرێن؟رەنگە ئەم پرسیارانەو دەیان پرسیاری دیکە لەم بارەوە جارێ چارەنووسیان وەک چارەنووسی کۆرۆنای نوێ ناڕوون بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە داهاتوو وەڵامیان دەداتەوە.

 جارێ با لەمێژووی ئەو رێگا گرنگەی بدوێین کە رابردوو بە ئێستای سپاردووەو تا دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشییەکە بۆ پاراستنی کۆمەڵگای مرۆیی بە گرنگ و کارسازدادەنرێت، پاشان ئاماژە بەهەندێ لەو نەخۆشییە گوازراوانەی مێژوو دەکرێت کە کارەسات و مەرگەساتی بۆ کۆمەڵگای مرۆیی گواستووەتەوە، بۆئەوەی کۆمەڵگا لەم قەیرانەدا بەرچاوروونی زیاتری هەبێت.

دیارنیە بیرۆکەی ٤٠ رۆژەی کەرەنتینەبوون لە کوێڕا هاتووە؟

کەرەنتینە:
کەرەنتینە مێژوویەکی دوورو درێژی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان هەیە. کاتێک لە سەدەی چواردەیەمدا تاعوونی رەش سەرانسەری ئەورووپای تەنییەوە، شاری ڤێنیزی ئیتالیا یاسایەکی دەرکرد کە بە پێی ئەو یاسایە سەرنشینان و خزمەتگوزارانی هیچ کەشتییەک بۆیان نەبوو بێنە دەرەوەو  پێ بنێنە ناو شاری ڤێنیز مەگەر ئەوەی کە کەشتییەکەیان بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ لەنگەری گرتبێت. ئەم ماوەی چاوەڕوانی کردنەیان بە '' کوارنتینۆ'' ناو دەبرد کە لە زمانی ئیتالیاییدا بەمانای ژمارەی ٤٠ دێت. دیارنیە بیرۆکەی ٤٠ رۆژەی کەرەنتینەبوون لە کوێڕا هاتووە، بەڵام پڕۆفیسۆر مارک هەریسۆن پسپۆڕی مێژووی پزیشکی زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت رەنگە ژمارەی ٤٠ لە گەل چیرۆکەکانی ناو ئینجیل پەیوەندی هەبێت. وەک ٤٠ رۆژ و ٤٠ شەوێ کە مەسیح بەتەنیا لە بیاباندا مایەوە.

لە درێژەی مێژوودا ماوەی کەرەنتینە کورت کرایەوە، بەڵام ئەم رێگایە وەک یەکێک لە رێگا باش و کاریگەرەکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان لەبەرچاودەگیرێت.
لەدونیای ئەمڕۆدا زۆرینەی کەرەنتینەکان بە هۆی دەوڵەتەکان و وەزارەتی تەندروستی ئەو دەوڵەتانەوە جێبەجێ دەبێت و بڕیاری دەوڵەتەکان بۆ کەرەنتینەکردن، تەنیا لەسەر بنەمای توێژینەوەو راسپاردەی پزیشکەکان و دڵنیابوون لەوەی کە کەرەنتینە دەتوانێت رێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتا گوازراوەکان بگرێت نیە، بەڵکو بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیانیشەو بۆ بەدی هاتنی چاوەڕوانی وڵاتانی تریش.

هەریسۆن دەڵێت: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سارس لە ساڵی ٢٠٠٢و ٢٠٠٣ دا بووە هۆی هەڵگرتنی هەنگاوێکی تازە لە رێگەی تەوقکردنی نەخۆشییە گوازراوەکاندا. لەکاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەو تەشەنەکردنیدا، ئەو کەسانەی کە بەرکەوتنیان لەگەل ڤایرۆسەکەدا هەبوو، کەرەنتینکران. حکوومەتی چین هەڕەشەی  بەندکردن و لەسێدارەدانی لەو کەسانە کرد کە پێچەوانەی رێنماییەکانی کەرەنتینەو پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بجووڵێنەوە. ئەم نەخۆشییە وانەیەکی نوێ بوو لە گرنگی هاوکاری نیوان وڵاتان لە شەڕی دژی پەتا گشتگیرەکانداو کەرەنتینەکردن وەک رێگەیەکی باش بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییە گوازراوەکان دەورێکی باشی هەبوو.

ئێستاش کە  دەردی بی دەرمانی کۆرۆنای نوێ هەموو جیهانی گرتووەتەوە، کۆمەڵگای مرۆیی بە گرتنەبەری رێکارە زانستییەکان و کەڵک وەرگرتن لە کەرەنتینە چووەتە شەڕی ڤایرۆسەکەوەوبە خۆشییەوە توانیویەتی تا ئێستا سەرەڕای کوشندە بوونی ئەم پەتایە، زیانەمرۆییەکان بە بەراورد لەگەل پەتا کوشندەکانی رابردوو، کەم بکاتەوە. بۆ بەرچاو روونی زیاتر لەم بارەوە ئاماژە بە هەندێ لەو نەخۆشییە ترسناکانەی مێژوو دەکرێت کە هەروەک پێشتر گوترا بە سەدان ملیۆن کەسیان کوشتووەو بوونەتە هۆکاری قەیران و گۆران لە مێژووی مرۆڤدا.

نزیکەی ٥ ملیۆن مرۆڤ بوون بە قوربانی

نەخۆشی ئەنتۆناین:
ئەم نەخۆشییە گشتگیرو گوازراوەیە لە ساڵی ١٦٥ ی پاش زایین، بە ئاسیای بچووک و میسرو یۆنان و ئیتالیادا بڵاوبووەتەوەو لەبەر ئەوەی هۆکارەکەی بە باشی نەناسرا، هەندێ کەس بە سوورێژەیان دەزانی و هەندێکی تر بە ئاوڵەیان ناودەبرد. بەڵام لەبەر ئەوەی مارکوس ئۆریلیۆس ئەنتۆناینێس، ئیمپراتۆری ئەو سەردەمەی رۆمی کوشتبوو،ئەم ناوەیان لێنا. بەهۆیئەم نەخۆشییەوە نزیکەی ٥ ملیۆن مرۆڤ بوون بە قوربانی و زیانی وای گەیاندبوو بە سوپای رۆم کەدەسەڵات ناچاربوو بۆ پاراستنی ئیمپراتۆریەتەکە کەڵک لە ئەڵمانییەکان وەربگرێت.

لە بڕبڕەی پشتی بەشێک لە تەرمە مۆمیایی کراوەکانی میسردا نیشانەکانی نەخۆشی سیل دۆزراوەتەوە

سیل:
مێژووی نەخۆشی سیل وەک هۆکارێکی مردن، دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوپێش. لەئێسکەکانی مرۆڤی چاخی بەردیندا بەڵگەی نەخۆشی سیل پەیدابووەو لە بڕبڕەی پشتی بەشێک لە تەرمە مۆمیایی کراوەکانی میسردا نیشانەکانی نەخۆشی سیل دۆزراوەتەوەو لە یاساکانی حەموورابیشدا باس لە نەخۆشی سیل کراوە. توێژەرانی ژاپۆن بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو بەکتریا چیلکەییەی کە بەهۆکاری سیل دەناسرێت، مێژوویەکی ٣٥٠٠٠ ساڵەی هەیە. شەڕی مرۆڤ لەدژی ئەم نەخۆشییە مەرگبارە، تا سەدەی ١٩ زایینی سەرکەوتنی نەبووەو تا ئەوەی کە لە کۆتاییەکانی ئەم سەدەیەدا رۆبێرت کۆخی ئەڵمانی هۆکاری نەخۆشییەکە دەسنیشان دەکاو دواتر بە هۆی دوو زانای فەرەنسییەوە ڤاکسینەکەی دۆزرایەوەو لە ساڵی ١٩٢١ زاییندا لەسەر مرۆڤ تاقیکرایەوەو لەو کاتە بەدواوە ڤاکسینی (ب س جی) فریای مرۆڤ کەوت. قوربانییەکانی ئەم نەخۆشییە جیهانی وگوازراوەیە کە تا ئێستاش بەردەوامە، لەدەیان و بگرە سەدان ملیۆن کەس تێپەڕیوە.

تاعوون:
تاعوون جۆرێک نەخۆشی بەکتریایی هاوبەشی نێوان مرۆڤ وئاژەڵەو بە درێژایی مێژوو، مرۆڤی زۆری لەناو بردووەو ئەزموونەکانی رابردوو نیشانی داوە کە هەندێ جار ئەو شوێن و ناوەندانەی کە تاعوونی تیا چالاک بووە بۆ ماوەی  دەیان ساڵ یان زیاتر، ناچالاک و خامۆش بووەو لە پڕ تەقیوەتەوەو دووبارە بە چالاک بوونەوەی بووەتە هۆی تووشبوونی مرۆڤ یان گیانەوەرانی وەک مشک وکۆمەڵگای مرۆیی گیرۆدە کردووەتەوە.

تاعوون، نیوەی دانیشتوانی ناوچەی میزۆپۆتامیاش لەناو دەبات

تائێستا  ٣ جاربڵاوبوونەوەی نەخۆشی تاعوون جیهانی گرتووەتەوە، کە جاری یەکەم لە ساڵی ٥٤١ زایینیدا بووەو لە میسرەوە سەری هەڵداوەو لەوێوە جیهانی تەنیوەتەوە. ئەم شەپۆلەی تاعوون کە دوو سەدەی خایاندووە، بووەتە هۆی لەناو چوونی ٥٠% بۆ ٦٠% دانیشتوانی باکووری ئەفریقا، ئەورووپاو ئاسیا. بڵاوبوونەوەی جاری یەکەمی تاعوون کە لەهەندێ سەرچاوەدا بە تاعوونی ژوستین ناو دەبرێت، بە هۆکاری لە ناوچوونی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی لە سەدەی شەشەمدا دادەنرێت. چوونکە تەنیا هۆکاری لەناوچوونی بەشێکی سوپاکەی نەبوو، بەڵکو بە کوشتنی ٤٠% دانیشتوانی پایتەختەکەی پێکهاتەی ئابووری و کارگێڕی دەسەلاتەکەی بە چۆکدا هێنابوو. ئەم شەپۆلە جیهانییەی تاعوون، نیوەی دانیشتوانی ناوچەی میزۆپۆتامیاش لەناو دەباو پاشای دەسەڵاتی ساسانییەکانیش بەم نەخۆشییە دەمرێت.

بلاوبوونەوەی دووەمی ئەم نەخۆشییە بە جیهاندا کە بە مەرگی رەش یان تاعوونی رەش ناو دەبرێت، لە ساڵی ١٣٤٦ زایینیدا روویداوەوبە هۆی کێچ و مشک و مرۆڤی تووشبووەوە جیهانی تەنیوەتەوە. مەرگی رەش بە یەکێک لە کارەساتبارترین رووداوەکانی مێژووی ئەورووپا دادەنرێت. بۆنموونە ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن کەسی ئەرووپا بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە دەمرن و دەبێتە هۆی لە ناوچوونی یەک لە سەر سێی دانیشتوانی ئەوکاتی ئێران و شاری بەسرەش لەبەر ئەوەی درەنگ وەخۆ دەکەوێت بۆ کەرەنتینەکردن نزیکەی ٢٥٠٠٠٠ کەسی لێدەمرێت. بە گشتی ئەم شەپۆلەی تاعوون کە ماوەی چەند سەدەیەک درێژەی دەبێت، لەگەل ئەوەی کە گەلێک کێشەی سیاسی و مەزهەبی و کەلتووری لێدەکەوێتەوە، لە 150 بۆ ٢٠٠ ملیۆن مرۆڤیش دەکوژێت.

لە تەواوی جیهاندا ٢٦٥٢ کەس بە هۆی بەکتریای تاعوونەوە گیانی لەدەستداوە

سێیەم شەپۆلی بڵاوبوونەوەی تاعوون بە دونیادا لە ساڵی ١٨٥٥ زایینی لە وڵاتی چینەوە سەری هەڵداو پاشان بە جیهاندا بڵاوبووەوە. ئەم شەپۆلەی تاعوون تەنیا لە وڵاتەکانی چین و هیندستاندا نزیکەی ١٢ ملیۆن مرۆڤی کوشت. ئاخرجار کە هەواڵی بڵاوبوونەوەی لە رۆژئاوای ئەورووپادا راگەیەندرا پاش شەڕی دووەمی جیهانی بوو مشک و کێچ-یش وەک هۆکاری گواستنەوەی ناسرا. لە ساڵی ١٨٩٤ زایینیدا بە هۆی ئەلێکساندێر یەرسین، زانای ئەنیستیتۆتی پاستۆر هۆکارەکەی دۆزرایەوە. بۆ پیشگیری لە تاعوون ڤاکسین هەیە بەڵام لە ئێستادا تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە ئەگەری بەرکەوتنیان لەگەل نەخۆشییەکەدا هەیە، وەک سەربازەکان و ئەوانەی کە بەرکەوتنیان لەگەل ئاژەڵاندا زۆرە، ئەڵبەت ئەم ڤاکسینە ئەنجامی لاوەکی و کاریگەریی خراپیشی لەسەر مرۆڤ هەیەو هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٥ وە  وڵاتی کەنەدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی نوێیە بۆ ئەم نەخۆشییە. هێشتا مەترسی ئەم نەخۆشییە نە ڕەویوەتەوەو لە کیشوەرەکانی ئاسیاو ئەفریقاو ئەمریکادا هەیە، بۆنموونە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە کە لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٨٥-١٩٩٩ دا لە تەواوی جیهاندا ٢٦٥٢ کەس بە هۆی بەکتریای تاعوونەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاوڵە:
نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوەی نێوان مرۆڤەکانە کە مێژوویەکی رەشی هەزاران ساڵەی لە تووش کردن و کوشتنی مرۆڤدا هەیە. هەندێ سەرچاوە بە پێی ئەو نیشانانەی کە لە تەرمە مۆمیایی کراوەکانی میسردا دەرکەوتووە، مێژووی ئەم نەخۆشییە دەگێڕنەوە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین، سەرچاوەکانی دیكەش باس لەوە دەکەن کە لە سەدەی ٤ی پاش زایین لە چین و لە سەدەی ٧ی زایینیدا لە  هیندو لە سەدی دەیەمی زایین لە ئاسیای بچووکدا دەرکەوتووەو لە ریگای مرۆڤی تووشبووەوە جا بە هۆی شەڕەوە بووبێت یان بازرگانی، بە جیهاندا بڵاوبووەتەوەو لە ١٠ کەسی تووشبوو ٣ کەسیانی کوشتووەو ئەوانەش کە لە مردن رزگاریان بووە یان کوێر بوونە یان بە ئاوڵەرووی ژیاون و بەگشتی لە ماوەی بڵاوبوونەوەیدا بە سەدان ملیۆن مرۆڤی کوشتووە.
 بۆنموونە لە ساڵی ٧٣٥ تا ٧٣٧ زایینی لە وڵاتی ژاپۆندا بڵاوبووەتەوە کە بە هۆیەوە ٢ بۆ ٣ ملیۆن کەسی کوشتتووە و زۆربەی قوربانییەکانیشی منداڵ بووە. هەروەها لە ساڵی ١٥١٩ تا ١٥٢٠ زایینی لە مەکزیکدا بڵاودەبێتەوەو ٥ بۆ ٨ ملیۆن کەسیان لێدەکوژێ و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ سەرکەوتنی ئیسپانیاییەکان بەسەر مەکزیکدا. هەروەها ئەم نەخۆشییە سەرەتای سەدەی ١٧ ی زایینی بووەتە هۆی مردنی نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئەمریکای باکوور. بەڵام بەخۆشییەوە لە ساڵی ١٧٩٦دا ڤاکسینی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە بە هۆی دوکتۆر ئێدوارد جێنێر-ی بریتانییەوە دوزرایەوەو لە ساڵی ١٩٨٠ زایینیدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی نەمانی ئەم نەخۆشییەی لە جیهاندا راگەیاند.

کۆلێرا:
ئەم نەخۆشییەش وەک پەتا گوازراوەکانی دیکە مێژوویەکی دوورو درێژی لە کوشتنی مرۆڤدا هەیەو ٧ جاربە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. جاری یەکەم لە ساڵی ١٨١٧ دا، لە بینگاڵی هیندەوە سەری هەڵداوەو جیهانی گرتەوەو تەوژمی حەوتەمیشی لە ئەندەنۆسیاوە ساڵی ١٩٦١ دەسیپێکردو جیهانی تەنییەوە. قوربانیانی ئەم نەخۆشییە لە جیهاندا بە دەیان ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت و لە ئێستاشدا هەیەو بە پێی راگەیاندنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە ٣ بۆ ٤ ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، کە بە خۆشییەوە ٨٠% تووشبووان بە دەرمان چارەسەر دەکرێن.  

قوربانییەکانیشی بە زۆری منداڵان و بەساڵاچووانە

ئەنفلۆنزای هونگ کۆنگی:
ئەم نەخۆشییە هۆکارەکەی ڤایرۆسی H3N2وەو پەلاماری کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ دەدات و قوربانییەکانیشی بە زۆری منداڵان و بەساڵاچووانەو وەک نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە لە رێگای مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە. بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٠ ی زایینی لە ئاسیاو ئۆسترالیاو ئەورووپاو ئەمریکادا بووە هۆی گیان لە دەستدانی نزیکەی یەک ملیۆن کەس.
ئەنفلۆنزای ئاسیایی:
هۆکاری ئەم نەخۆشییە گوازراوەی کۆمەڵگای مرۆیی بە ڤایرۆسی H2N2 ناسراوە. لەهەندێ سەرچاوەدا ئەم هۆکارە ڤایرۆسییە بە ئەنفلۆئەنزای رووسی- ش ناو دەبرێت کە لە ماوەی ساڵانی ١٨٨٩ تا ١٨٩٠ لە رووسیادا بڵاوبووەتەوەو پاشان هەبوونی رێگای ئاسن لە سەدەی ١٩ دا بووەتە هۆی ئەوەی کە خێرا بە ئەورووپادا بڵاو ببێتەوەو لە ئاکامدا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی یەک ملیۆن مرۆڤ. جارێکی تر ئەم نەخۆشییە لە زستانی ساڵی ١٩٥٧ و زستانی ١٩٥٨دا بە جیهاندا بڵاودەبێتەوەو لە ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ ملیۆن کەس تووشی نەخۆشییەکە دەبێت ولەوانەش بە دەیان هەزار کەس گیان لە دەست دەدات کە بۆ نموونە لە ئەمریکا ٦٩٨٠٠ کەس، هۆنگ کۆنگ ٢٥٠٠٠٠ کەس، بریتانیا ٣٥٥٠ کەس بەم هۆیەوە دەمرێت. بەڵام بە خۆشییەوە بە هۆی دروستکردنی ڤاکسین و دەرمانی دیکەوە رێ لە بڵاوبوونەوەی زیاتری گیرا.

ئەنفلۆنزای ئیسپانی:
هۆکاری ئەم نەخۆشییە گوازراوەیە کە بڵاوبوونەوەکەی بە یەکێک لە کارەساتبارترین رووداوەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، ڤایرۆسی H1N1 . بەڵام لەبەر ئەوەی هەواڵی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە یەکەم جار لەلایەن ئیسپانیاوە بڵاوکرایەوە، بە ئەنفلۆئەنزای ئیسپانی ناودەبرێت. چوون ئیسپانیا لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بێ لایەن بووو وەک وڵاتانی دەرگیری شەرەکە نەبوو کە بەربەست لە رێی راگەیاندنەکاندا هەبێت. 

بە هۆکاری مردنی پیاوانێکی زۆر لەجیهانداودەرفەتێک پێشهات کە ژنان بتوانن بەرپرسایەتییەکان لە ئەستۆ بگرن

بلاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە ساڵی ١٩١٨ تا ١٩٢٠زایینی  بە تایبەت بە ئەورووپاو ئەمریکادا، بوو بەهۆی مردنی خەڵکانێکی زۆر کە توێژینەوە تازەکان ژمارەی قوربانییەکان کە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان ٢٠ساڵ بۆ ٤٠ ساڵدا بوو، بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کەس دەخەمڵێنن. ئەم رووداوە کاریکردەسەر سیاسەتی دەوڵەتان بۆ کوتانی ساڵانە، بە مەبەستی پێشگیری کردن لە نەخۆشییەکە. هەروەها دەوڵەتە ئەورووپاییەکانی تێگەیاند کە پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە گشتگیرو گوازراوەکان، پەرە بە سیستەمی تەندروستی و دەرمانی گشتی بدەن. شەڕی یەکەمی جیهانی لە کەنار ئەم نەخۆشییەدا بوون بە هۆکاری مردنی پیاوانێکی زۆر لەجیهانداودەرفەتێک پێشهات کە ژنان بتوانن بەرپرسایەتییەکان لە ئەستۆ بگرن. هەروەها ئەم روداوە دەرچوونی یاسای بنەرەتی سەدەی ١٩ ئەمریکای لێکەوتەوە کە بە هۆیەوە ژنان توانیان مافی دەنگدان بە دەست بێنن. هەندێ لەمێژووناسان باس لەوەدەکەن کە مردنی نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لە هیندییەکان بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە، هۆکارێک بوو بۆگەشەکردن وپەرەسەندی هەستی سەربەخۆیی خوازی هیندییەکان.

ئەنفلۆنزای بەراز:
پەتایەکی ڤایرۆسی هاوبەشی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵە، بەرازەکان بە زۆری تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن بەڵام ئەگەر مرۆڤ بەرکەوتنی لەگەل ئەم ئاژەڵە نەخۆشانەدا هەبێت، تووشی نەخۆشییەکە دەبێت ودەتوانێت بیگوازێتەوە بۆ مرۆڤەکانی دیکەو لەو رێگایەوە  تەشەنە بکاتە ناو کۆمەڵگا. ئەم نەخۆشییە ساڵی ٢٠٠٩ لە وڵاتی مەکزیکەوە بڵاوبووەوەو تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ بەردەوام بوو. بە پێی توێژینەوەکان ١١% بۆ ٢١% خەڵکی جیهان تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.  بە پێی راگەیاندنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ١٩٩ وڵات و ناوچە بەرشەپۆلێ ئەنفلۆئەنزای بەراز کەوتبووو نزیکەی ٢٨٤٥٠٠ کەس بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدابوو.

لەئێستادا زیاتر لە ٣٨ ملیۆن کەس گرفتاری ئەم نەخۆشییەن 

نەخۆشی ئایدز:
ئەم نەخۆشییە گوازراوەیەی نێوان مرۆڤەکان کە لە ساڵی ١٩٦٠وە تا ئێستا بەردەوامە، هۆکارەکەی ڤایرۆسیHIV یەو ئەم ڤایرۆسەش لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوەو هێرش دەکاتە سەر سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ و هێندە لاوازی دەکات کە ناتوانێت لە دژی نەخۆشییەکان بجەنگێت. ئەم نەخۆشییە گشتگیرە لەکاتی سەرهەڵدانییەوە تا ئێستا نزیکەی  ٣٩ ملیۆن کەسی کوشتووەو بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیش لەئێستادا زیاتر لە ٣٨ ملیۆن کەس گرفتاری ئەم نەخۆشییەن و دوو لە سەر سێی نەخۆشەکانیش لە ئەفریقان. بە خۆشییەوە بە هۆی پێشکەوتنی زانست لە بواری پێشگیری ودەرماندا رێژەی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە نزم بوونەوەدایەو بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١٥ لە ئەمریکا ٨% و لە ئاستی جیهاندا ١٨٥ کەم بووەتەوە.