چاوپیکەوتن

07:00 - 02/05/2020

نابێت بەهۆی ڕووداوەکانی زینی وەرتێوە، دۆخی هەموو کوردستان تێکبدرێت‌

پەیسەر

ئالدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) ڕایگەیاند، پێویستە پارتە کوردیەکان پێکەوە چارەسەریەک بۆ دۆزی کورد بدۆزنەوە، لە ڕێگای دیالۆگەوە رێکبکەون و لە شەڕی ناوخۆیی خۆیان دوور بگرن.

 ئالدار خەلیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوزی ڕۆژئاوای کوردستان پەیامەکانی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکەی شیکردەوە و داوای دەستپێکردنی دیالۆگ و دانوستانی لەنێوان هەموو هیزە کوردیەکان کرد.

چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:
پ. گرنگی پەیامی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لەم کاتەدا چییە؟
ئاڵدار خەلیل:
گەلەکمان و هەموو هێزە دیموکراتەکان بە هەستیاریەوە لە ڕێبەر ئاپۆ نزیک دەبنەوە. کاریگەری پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ گەورەن. گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە ڕوودەدەن. چالاکی نوێ ئەنجامدەدرێن. لەگەڵ هیوای چارەسەری ناکۆکی گەورەش هەن. لە کوردستان بە تایبەتی لە گەڵ هەبوونی هیوایەکی گەورە، پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵ و کاریگەریەکی زۆری لەسەر کێشە و ئاڵۆزیەکان هەیە.

کاریگەری رێبەر ئاپۆ لەسەر پەکەکە بە شێوەیەکی گەورە و لەسەر سیاسەت هەیە. بۆیە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەم کاتەدا گرنگە.

پ. ئۆجالان چی لە هەڤاڵانی لە قەندیل و خانەوادەی بارزانی و تاڵەبانی دەوێت؟
ئاڵدار خەلیل:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە گۆرانکاری و قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕن. پلانی گەورە دروست دەکرێن. پێویستە ئێمە هوشیار بین و ڕێوشوێن بگرینەبەر. وەک رووداوەکەی زینی وەرتێ ڕوویدا. جووڵەی سەربازی و هەڕەشەکان لە جێی خۆیاندا نین. نمونە پارتی هێزەکانی هێناوەتە ناوچەیە و ئەگەر یەکێتی و پەکەکە شەڕ بکەن، چی روودەدات؟

هەر سێ پارتەکە کاریگەریان زۆرە. لەم کاتەدا ئەگەر ناکۆکیەکان قۆڵ ببنەوە و رووداوی وەک زینی وەرتێ ڕووبدەن، ئاڵۆزیەکی گەورە دروست دەبێت. بۆیە پێویستە چارەسەریەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کێشەکە گەورە نەبێت، بۆیە پەیامی ڕێبەر ئاپۆ گرنگە.

هەر هێزێک لەوان لەسەر قسەکانی سوور بێت و قسەکانیان جێبەجێ بکەن، شەڕ دروست دەبێت.

پەکەکە بە دەیان ساڵە لەو هەرێمەیە. یەکێتیش دەڵێت، ئەو لەو هەرێمەیە. پارتیش دەیەوێت لەو هەرێمە جێگیر ببێت، ئەو کاتە دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت.

بۆیە بانگەوازیەکە بۆ هەرسێ لایەنەکەیە. لە جێگەی ئەوەی شەڕ رووبدات، پێویستە لەسەر مێزی دیالۆگ دانیشن و کێشەکە چارەسەر بکەن.

بۆچی کورد لە سەرەتاوە لەدژی یەکتری شەڕ دەکەن. دواتر لایەنەکانی تر ناوبژیوانی دەکەن، پێویستە لەسەرەتاوە بێ ئەوەی شەڕ ڕووبدات، ڕێکبکەون.

نابێت لایەنەک بچێتە دەرەوە و خۆی لە ئاشتی و چارەسەری دوور بگرێت. ڕێگای چارەسەری هەیە و پێویستە بڕیاری لەسەر بدرێت. بە تایبەتی لایەنەکانی باشووری کوردستان و بە تایبەتی یەکێتی و پارتی، پێویستە بە هەستیاری بجووڵێنەوە و رووداوێکی وەک زینی وەرتێ نەبێتە هۆکاری ناکۆکی لە هەموو کوردستان.

پ. بۆچی ئۆجالان داوای نوێکردنەوەی پرۆتۆکۆلئ ساڵی ١٩٨٢ دەکات؟
ئالدار خەلیل:
دوای ئاڵۆزی و ناکۆکیەکان پێویستی بە دیالۆگ هەیە، وەک رێککەوتنی ١٩٨٢. بە پێی رێککەوتنەکە، هێزە کوردستانیەکان رێز لە تایبەتمەندی یەکتری دەگرن و لە ڕێگەی دیالۆگەوە ناکۆکیەکانیان چارەسەر دەکەن.

بۆیە رێککەوتنی ساڵی ١٩٨٢ وەک بناغەیەکە بۆ هەموو لایەنە کوردیەکان. بە پێی ڕێککەوتنەکە لایەنەکان رێز لە یەکتری دەگرن و لەسەر ئەو بناغەیە پێویستە ناکۆکیەکانی زینی وەرتێ لەسەر مێزی دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

لێرە پێویستە بگوترێت، یەکێتی و ڕێککەوتن جیاوازە. سەرەتا پێویستە ڕێککەوتنی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دروست بکرێت. دواتر لەسەر ئاستی هەموو کوردستان یەکێتی دروست بکرێت. یەکێتی هەنگاوێکی پراکتیکییە کە دوای ڕێککەوتنی لایەنەکان دروست دەبێت.

پ. بۆچی لە ڕۆژئاوا یەکێتی نێوان هێزەکان دروست نابێت؟
ئاڵدار خەلیل:
ڕێبەر ئاپۆ بەرلەوەی دەستگیر بکرێت، داوای ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی و یەکڕیزی کوردی کرد. لە ڕۆژئاوا ئامادەکاریمان بۆ ئەم مەبەستە هەبوو. ئێمە لەگەڵ هەموو هەنگاوێکین کە لەو بارەیەوە بنرێت. پێویستە ئەو لایەنانەی کە لە دەرەوەی بەرێوەبەرایەتی خۆسەرین، هەمان هەڵوێستیان هەبێت. بۆ ئەوەی بتوانین ڕێکبکەوین.

بانگەوازی رێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە گرنگیەکی گەورەی هەیە. ئێمە داوا دەکەین لە زینی وەرتێ شەڕ ڕوونەدات، لە هەمانکاتدا بانگەوازیمان بۆ پارتە کوردیەکانی ڕۆژئاوا هەیە کە لە قامشلۆ کۆببنەوە.

پ. ئەو لایەنانەی کە ئۆجالان پەیامی بۆ ناردن، ئەرکیان چییە؟
ئاڵدار خەلیل:
هەموو لایەنە سیاسیەکانی تر و ڕۆشنبیران داوا دەکەن شەڕ دروست نەبێت و بە پێچەوانەوە دەست بە دیالۆگ بکەن. خزمەتی سیاسەتی داگیرکەران و تورکیا نەکەن. هەندێک وڵات دەیانەوێت کورد شەڕی یەکتری بکات. لەبەرئەوەی یەکێتی نێوان کوردان لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە. ئەگەر کێشەش نەبێت دروستی دەکەن. بۆیە پێویستە کورد بزانێت کە بەرژەوەندی لە یەکێتی نەتەوەییدایە.

ئەگەر لایەنەک لە رێککەوتن و یەکێتی دوور بێت، گەل و کۆمەڵگای کوردستان هەڵوێستی بەرانبەر دەردەبڕن، پێویستە ناچاری ڕێککەوتنیان بکەن. ئەگەر ئەو هەوڵە نەدرێت، شەری کورد – کورد دەستپێدەکات.

پ. پەیامی ئۆجالان لەبارەی ڕۆژئاوا چۆن شیدەکەنەوە کە دەڵێت، دۆخی ڕۆژئاوا باش نییە، بەڵام زۆریش خراب نییە؟
ئاڵدار خەلیل:
لایەنە باشەکەی ئەوەیە کە شۆرش هەیە کە هێڵی سێیەم و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتی لەسەر بناغەی برایەتی گەلان هەڵبژاردووە. ئەگەر سەیری مێژوو بکەین دەبینین کە لەو ولاتانەی قەیران ڕوودەدات، ناکۆکی لەنێوان پێکهاتە و مەزهەبەکان دروست دەبێت و ئاڵۆزیەکان گەورەتر دەبن.

لە هەرێمەکەمان نەک تەنها کورد، پێکهاتەی تریش دەژین. ئەگەر پڕۆژەیەکی دیموکراسی وەک ئێمە نەبێت، ئایا دۆخەکەمان چۆن دەبێت؟ نە تەنها ئێمە و ڕژێم شەڕمان دەکرد، بەڵکو شەڕی ناوخۆییش دروست دەبوو.

لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتیدا هەموو پێکهاتەیەک هەن و پێکەوە شەڕ دەکەن و پێکەوە شەهید دەبن و ئەمەش شتێکی ئەرێنییە.

لە لایەکی ترەوە کەموکورتی و ڕەخنە هەیە. دەڵێن پێویستە هێڵی سێیەم فراوانتر ببێت و لە ڕووی چۆنیەتی فراوانبوونەوە کەموکورتی هەیە. لەبەرئەوەی لایەنێکی سووری و لایەنێکی کوردستانی هەیە. بە پێی بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ هێڵی سێیەم نە تەنها کورد دەگرێتەوە، بەڵکو هەموو بەشەکانی تری سوریا دەگرێتەوە.

پ. ئۆجالان هەموو دەزگا و پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا رەخنە دەکات کە نەیانتوانیوە خۆیان بە هەموو لایەنەکان بگەیەنن، ئێوە ئەمە چۆن شیدەکەنەوە.
ئاڵدار خەلیل:
بڕیارمانداوە دەست بە هەنگاوەکان بکەین. کار لەسەر هەموو پێشنیازەکان بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەکەین. بۆ پاراستنی پرەنسیپ و دەستکەوتەکان و بەرەوپێشەوبردنی یەکێتی نەتەوەیی چیمان لەدەست بێت دەیکەین.

پەیوەندیەکانمان لەگەڵ لایەنەکانی تر ئاسایی دەکەینەوە و بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد و پاراستنی پرۆژەی دیموکراسی کار دەکەین. ئێمە هەوڵ دەدەین پڕۆژەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانی سوریا و لایەنەکان بناسێنین.

بۆ ئەوەی بە ئاشتی و چارەسەری کێشەکان بگەین، پێویستە بە بەرپرسیای بجوولێینەوە.