لێکۆڵینەوە

10:39 - 06/05/2020

هەژاریی چییەو كۆمەڵگە هەژارەكان بەچییدا دەناسرێنەوە؟‌

سەعید سەیدی

دیاردەی هەژاریی بەرۆکی هەموو کۆمەڵگاکانی گرتووەو هەموو وڵاتانی جیهان لەگەل کێشەی هەژارییدا بەرەوروون، ئەم دیاردەیە، بە دیاریی دەستکردو دەسکەوتەکانی مرۆڤ دادەنرێت. تەنانەت لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانیشدا رێژەیەک  لەخەڵک لە هەژارییدا دەژین. بەڵام ئاستی هەژاریی ورێژەی گیرۆدەبوون لە وڵاتەکاندا وەک یەک نیە. رەنگە کەسانێک کە لە خانووە بچووکەکانی دەورو بەری شارێکی وەک نیویۆرکدا دەژین بە بەراورد لەگەل دراوسێ وهاوشارییەکانی تری هەژار بێت، بەڵام بە بەراورد لەگەل هەژارانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی وڵاتی لیبریا، باری ئابووری و ژیانیان زۆرباش بێت.

 
هەوڵەکان لە ئاستی دەوڵەتان و جیهاندا بۆ کەمکردنەوەو بنبڕکردنی هەژاریی بەردەوامەو ئامانجی جیهان ئەوە بوو کە تا ساڵی ٢٠٣٠ هەژاریی ریشەکێش بکا، لەم ٥٠ ساڵەی دواییدا هێندەی ٥ سەدەی رابردوو، رێژەی هەژاریی لە جیهاندا کەم بووەتەوە، بەوحاڵە لە ئێستاشدا زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ لە هەژاریی تەواودا دەژین، واتا داهاتی رۆژانەیان کەمتر لەو رێژە دیاری کراوەیە کە بانکی جیهانی بە هێڵی هەژاریی ناوی دەبات و هێشتا وەک دیاردەیەکی ترسناک بە رێگری گەشەی سەقامگیر دادەنرێت و هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ دەکات. لەم نووسراوەدا هەوڵدەدرێت بە پێی پێوەرە زانستییەکان هەژاریی روون ببێتەوە، پاشان باس لە هۆکارو ریشەکانی ئەم دیاردەیە دەکرێ و دواتر رێچارەو لێکەوتەکانی دەخرێتەروو.

 کەسێک نەتوانێت نەک هەرکاڵاو پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی، بەڵکو ئەو شتانەش کە شایستەی شکۆو شەرافەتی مرۆڤە دابین بکات، بە هەژار دادەنرێت. 

هەژاریی چییە؟
هەژاریی، نەداری یان دەسکورتی، پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە. پێناسەکان بە پێی کات و شوێن لێک جیاوازن و لەم رووەوە جیاوازی لە روانگەی زانایان و توێژەراندا هەیە، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە پێناسەی هەژاریی بە پێویست دەزانن.

هەژاریی لایەنی جۆراوجۆری هەیە وەک هەژاریی جەستەیی، کەلتووری، ئابووری و...هتد. ئەوەی کە لەم نووسراوەیەدا مەبەستە، هەژارییی ئابوورییە. کە ئەویش یانێ خەڵکانێک بە هۆی دەسکورتی ئابوورییەوە ناتوانن لانی کەمی پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن.

''پیتەرتاونسێند'' لە دەیەکانی ١٩٦٠-١٩٧٠ زایینیدا هەژاریی بەمجۆرە پێناسە دەکات: '' ئەگەر کەسێک، خێزانێک یان کۆمەڵێک، داهات و سەرچاوەی بژێوی ئەوتۆی نەبێت کە بەهۆیەوە هەلومەرج و پێداویستی ژیانی ئاسایی دابین بکاو بەشداری چالاکییەکان بکات، بە هەژار دادەنرێت.''

 ''ئادەم سمیت'' پێی وایە ئەگەر کەسێک نەتوانێت نەک هەرکاڵاو پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی، بەڵکو ئەو شتانەش کە شایستەی شکۆو شەرافەتی مرۆڤە دابین بکات، بە هەژار دادەنرێت.
''ئەمارتیا سێن''، براوەی خەڵاتی ئابووری نۆبێڵ لە ساڵی ١٩٨١و لە توێژینەوەکانی خۆیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە تەواوی پێناسەکانی تایبەت بە هەژاریی بە جۆرێک ئاماژە بۆ '' بێ بەشی'' دەکەن. بێ بەشی بۆ خۆی چەمکێکی رێژەییە کە رەنگە لە شوین وکاتی جیاوازدا مانای جیاواز هەڵبگرێت. بۆنموونە لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا، رەنگە هەژاریی ئاماژە بۆ بێ بەشی لە کۆمەڵێک پیداویستی وەک خۆراک ودەرمان وسەرپەنا بکاتکە بۆ ژیان و بوونمان پێویستن. بەڵام رەنگە لە وڵاتێکی گەشەسەندوودا هەژاریی ئاماژە بۆ بێ بەشی رێژەیی لە هەلومەرج و پیداویستییەک بکات کە بۆ ژیانێکی مام ناوەند پێویستە. 

بانکی جیهانی، هەژاریی بەمجۆرە وەسف دەکات: '' هەژاریی یانێ برسییەتی، یانێ نەخۆش بیت و نەتوانی سەردانی پزیشک بکەیت، یانێبێکاری، نەبوونی سەرمایە، ترس لە داهاتوو، دەسڕانەگەیشتن بە قوتابخانە، ژیانی هەردەقەیەک و مەرگێک. هەژاریی، بە زۆری بارو دۆخێکە کە مرۆڤ دەیەوێت لێی رزگار بێت، کەوابوو، هەژاریی، داواکاری و هاوارە بۆ ئەنجامدانی کارێک بۆ گۆڕانکاری لە جیهاندا، بەجۆرێکە خەڵکانێکی زیاتر بتوانن دەسیان بە خۆراک، سەرپەنای گونجاو، پەروەردەو تەندروستی، پاراستن لە توندو تیژی و رادەربرین و... رابگات.''
بۆئەوەی هەژاریی وجۆرەکانی زیاتر روون ببێتەوە، پێویستە باس لە ئاست و سنووری هەژاریی یان '' هێڵی هەژاریی'' بکرێت.

هێڵی هەژارییش لە وڵاتەکاندا وەک یەک نیە

هێڵی هەژاریی
ساڵی ١٩٠٤ ئابووریناسی ئەمریکی، ''هانتەر'' هەوڵی دا هێڵی هەژاریی لە ئەمریکا پیناسە بکات، ئەم هەوڵەی ناوبراو بووە هۆی توێژینەوەی دیکە لەم بارەوەو لە دەیەی ٦٠ دا کێشەی هەژاریی لە ئەمریکا بە شێوەیەکی رێکوپێک کەوتە بەرباس و توێژینەوە. لە راستیدا بڵاوبوونەوەی ئەم توێژینەوانە بووە هۆی هاندانی سەرنج وئاوڕدانەوە لە پرسی هەژاریی لەو وڵاتەداو بۆ یەکەم جار لە ئەمریکا راپۆرتی راوێژکارانی سەرۆک کۆمارلە ساڵی ١٩٦٤دا هێڵی هەژارییان بە ٣٠٠٠ دۆلار لە ساڵدا دیاریکرد.

هێڵی هەژاریی لانی کەمی داهات یان خەرجییەکە لە هەر وڵاتێکدا کە وەک پێویست بۆ ژیانکردن، لەبەرچاو دەگیرێت، بەجۆرێکە تاک بتوانێت بەم بڕە داهاتە پێداویستییە سەرەکی و سەرەتاییەکانی خۆی دابین بکات. کەوابوو ئەو کەسانەی کە داهاتیان لەو برە دیاریکراوە کەمتر بێت بە هەژار دادەنرێن.

لەبەر ئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان بە پێی کات وشوێن وکۆمەڵگاکان جیاوازە، هێڵی هەژارییش لە وڵاتەکاندا وەک یەک نیە. بۆنموونە رەنگە بەشێک لەو کاڵاو پێداویستیانەی کە لە وڵاتانی دەوڵەمەندو گەشەکردودا  بە پیداویستی سەرەکی دادەنرێت، دەسپێڕاگەیشتنیان بۆ خەڵکی وڵاتێکی هەژار وەک خەون وابێت. بەلام بەگشتی دەکرێ پێوەری هەژاریی بە هۆی سێ هۆکاری وەک: سەبەتێک لەکاڵای دیاریکراو، داهاتی گشتی و خەرجی گشتییەوە روون بکرێتەوە. رێگای یەکەم بە هۆی ''جەیمزتوبین'' ەوە پێشنیار کراوە، ئەو باس لە پێداویستییەکانی زیندەگی و ئەوانەی تر دەکات کە ئەگەر خەڵک وەک پێویست دەستی پێڕانەگات، دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

هێڵی هەژاریی رێژەیی بە پێی رێژەیەکی دیاری کراو لە تێکرای داهات یان خەرجییەکانی کۆمەڵگا دەسنیشان دەکرێت

لەنێوان ئەم سێ هۆکارەدا هۆکاری یەکەم زیاتر لەبەرچاو دەگیرێت و لە نێوان دوو رێگاکەی تردا، رێگای '' خەرجییەکان'' بە باشتر دادەنرێت. چوونکە بەدەستهێنانی ئاماری راستەقینەو دروستی خەرجییەکان ئاسانترە وەک لە بەدەستهێنانی بڕی داهات. خەڵک بە زۆری حەزدەکەن زیاتر باسی خەرجییەکانیان بکەن تا داهاتەکانیان. ئەڵبەت رێگای داهات و خەرجی دەرئەنجامی جیاوازیشی دەبێت، بۆنموونە پێدەچێت کەسانێک لە رووی داهاتەوە لە ژێر هێڵی هەژارییدابن، بەڵام لە رێگای قەرزکردن یان فرۆشتنی بەشێک لە داراییانەوە ئاستی بژێوی خۆیان لە سەروی هێڵی هەژارییدا رابگرن. یان رەنگە کەسانێک ئاستی داهاتیان لەسەر هێڵی هەژارییەوە بێت، بەڵام بە هۆکاری وەک عادەتی جڤاکی، کەمی ئاستی رۆشنبیری یان خراپی بازاڕ، نەتوانن پێداویستییەکانیان لە ئاستێکی گونجاودا دابین بکەن و لەژێر هێڵی هەژارییدا بژین. هەڵبەت ئەم رێگایانە  پێکەوە پەیوەندییان هەیە، کەس نازانێ خێزانێک دەسرۆیشتووە یان دەسکورتە لە دابین کردنی سەبەتێک لە کاڵای پێویست، مەگەر لە رێگای داهاتی گشتی یان گشت خەرجییەکانەوە.

جۆرەکانی هێڵی هەژاریی:

 هێڵی هەژاریی رووت
هێڵی هەژاریی رووت، سنووری داهاتێکە کە خەڵک لە ژێر ئەو هێڵەوە ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆی دابین بکات. بۆ نموونە ئەگەر بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٥دا،  داهاتی (90/1) دۆلاری وەک ‌هێڵی هەژاریی جیهانی دیاری کرد، یانێ هەر تاکێک داهاتی رۆژانەی لەو بڕە دیاریکراوە کەمتر بێت، ئەگەر یارمەتی نەدرێت ناتوانێت بژیت.
هێڵی هەژاریی رێژەیی
هێڵی هەژاریی رێژەیی بە پێی رێژەیەکی دیاری کراو لە تێکرای داهات یان خەرجییەکانی کۆمەڵگا دەسنیشان دەکرێت. ئەو کەسانەی کە داهات (خەرجی )-یان نزمتر بێت لەو ئاستە بە هەژار دادەنرین، بەڵام ئەم هەژارانە، هەژاریی رووت و رەجاڵ نین، بەڵکو بە بەراورد لەگەل کەسانی ترهەژارن. یەکێک لەو رێگایانەی کە هێڵی هەژاریی رێژەیی پێ دیاری دەکرێت، رێگای ٦٠% تێکڕای داهاتی کۆمەڵگایە. رێکخراوی هاوکاری وگەشەی ئابووری ،و یەکیەتی ئەورووپا هێڵی هەژاریی رێژەیی بەکار دەهێنن کە لە سەر بنەمای ٦٠% داهاتی تێکڕای خێزانەکانە.

کاتێک توێژەرانی بواری ئابووری لە بارودۆخی گوزەران وژیانی تاک یان خێزان دەکۆڵنەوە یان بارو دۆخی ژیانی ئەوان لەگەل کەسانی تردا بەراورد دەکەن، ئاماژە بۆ دوو جۆرلە هەژاریی دەکەن کە بریتین لە: هەژاریی رووت و هەژاریی رێژەیی. کاتێک لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩دا دوو توێژەری بریتانی، '' بووس و راونتری'' وەک دوو کەسی پێشەنگی ئەم بوارە، دەیان ویست پێناسەیەکی گونجاو لە هەژاریی بخەنە روو، ناچار بوون لە نێوان هەژاریی رووت و هەژاریی رێژەییدا جیاوازی بکەن.

هەژاریی رووت:
هەژاریی رووت ئاماژە بە بارودۆخی ژیان و گوزەرانی تاکەکان دەکات بێ ئەوەی باری ژیانی ئەوان لە گەل کەسانی تر یان لە گەل کۆمەڵگادا بەراورد بکات. هەرکات کەسێک نەتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆی و ئەو کەسانەی کە بە خێویان دەکات دابین بکات، گیرۆدەی هەژاریی رووت و رەها هاتووە. یانێ ئەم جۆرە لە هەژاریی  دەسڕانەگەیشتنە بە داهات و سەرچاوەی بژێوی پێویست ونەبوونییەکی تەواوە کە ئەگەر کەسێک گیرۆدەی ببێت ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان دابین بکات. ساڵی ١٩٩٥ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی جیهانی گەشەی کۆمەڵایەتیدا رایگەیاند کە هەژاریی رووت بریتییە لەو هەلومەرجەی کە بێ بەشی لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک، ئاوی خاوێن، سەرپەنا، پەروەردە، پێداویستی تەندروستی و ئاوەڕۆ، خزمەتگوزاری و زانیاری  لێدەکەوێتەوە. هەروەک لە سەرەوە روون بووەتەوە بێ بەشییەکان تەنیا پەیوەندی بە داهاتەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە دەسڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریشەوە هەیە. بەسەرنجدان بەم پێناسەیە، ئەوە روون دەبێتەوە کە لە ئێستادا خەڵکانێکی زۆر لە جیهاندا لە هەژاریی رووتدا دەژین. بۆنموونە لە ئێستادا زیاتر لە ١٨٠ ملیۆن منداڵ بە دەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن و ساڵانە ٥ ملیۆن مناڵ لە جیهاندا بە هۆی کەمبوونی خۆراکەوە گیان لە دەست دەدەن.

 ئەم جۆرە لە هەژاریی بە زۆری بە هۆی نایەکسانی و جیاوازی لە ئاستی داهاتدا روودەدات 

هەژاریی رێژەیی
هەژاریی رێژەیی ئاماژە بە بارودۆخی ژیانی کەسێک یان خێزانێک دەکات بە بەراورد لە گەل کەسانی تردا. ئەگەر داهاتی کەسێک کەمتر بێت لە تێکڕای داهاتی کۆمەڵگا، ئەو کەسە بە بەراورد لەگەل کەسانی دەوروبەری لە هەژارییدا دەژیت. بەلام ئەم هەژارییە، هەژاریی رووت نیە، چوون داهاتی کەسەکە لەخوار هێڵی هەژارییەوە نیەو رەنگە بتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی دابین بکات. بەڵام بە بەراورد لەگەل کەسانی دەوروبەری، دەسکورتییەکەی رێگە نادات دەستی بە پیداویستی و خزمەتگوزاری پێویست رابگات. واتە ناتوانن ئاستێکی دیاری کراو لە ستانداردەکانی ژیان دابین بکەن کە ئەو ئاستە بە پێویست و باش دادەنرێت. ئەم جۆرە لە هەژاریی بە زۆری بە هۆی نایەکسانی و جیاوازی لە ئاستی داهاتدا روودەدات کە هەژاران ناتوانن دەستیان بە لانی کەمی ستانداردەکانی ژیانی کۆمەڵگا رابگات. بۆنموونە ئەگەر خێزانێک نە توانێت لە نەورۆزدا خەڵات بۆ منداڵەکانی بکڕێت یان بۆ زانکۆیان بنێرێت یان پشووەکانیان بە گەشت و بەرنامەی بەسوود پڕبکاتەوە، لە هەژارییدا دەژیت.

هۆکارەکانی هەژاریی
هۆکارەسروشتییەکانی وەک پەتا جیهانییەکان، بوومەلەرزە، زریان، وشکەساڵی و... هتد دەتوانن کاریگەری خراپ لەسەر ئابووری کۆمەڵگاکان دابنێن و ببنە هۆی سەرهەڵدانی هەژاریی. بۆ نموونە لە ئێستادا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنای نوێ بە جیهاندا زیاتر لە نیو ملیار کەسی بە رێژەی هەژارانی جیهان زیاد کردوە.
هۆکارە مرۆیی و دەسکردەکانی وەک شەڕ، داگیرکاری، حاکم بوونی دەسەڵات و دامەزراوەی نادیمۆکراتیک و ناسەربەخۆ، گەندەڵی، نەبوونی دامەزراوەی سیاسی وئابووری گشتگیر، نەبوونی رێکخراوی مەدەنی کاریگەر، قۆرخکاری لە بازاڕو بەشی ئابووریدا، نادادپەروەری لە دابەشکردن و فەراهەمکردنی سەرچاوەو دەرفەتەکاندا، هەڵاواردنی رەگەزی و نەتەوەیی وناوچەیی و زۆر بوونی رێژەی بێکاری، گرانی، دابەزینی نرخی دراو، گەندەڵی و گێچەڵ بە سەرمایەگوزارو دامەزراوە ئابوورییەکان، رێگری لە سەرمایەگوزاریی دەرەکی و....هتد دەتوانن کاریگەری خراپ لەسەر ئابووری دابنێن و ببنە هۆکاری هەژاریی لە کۆمەڵگاکاندا.

رێکارەکانی بەرەنگار بوونەوەی هەژاریی
بێ گومان گرتنەبەری رێکارەکانی دژی هەژاریی، بە مەبەستی کەمکردنەوەو بن بڕکردنی دیاردەکە لە ژێر رۆشنایی ئەو روانین و تێگەیشتنانەدایە کە بۆ هۆکارەکانی هەژاریی هەیە.
ئەگەر هۆکارەکانی هەژاریی لە جۆگرافیاو بەرزی ونزمییەکانی زەوی و کەلتووردا ببینرێت کە زۆر کەس باوەڕی پێیە،وبۆنموونە پێیان وایە ئەو کەسانەی کە لە ناوچە ئاوو هەواییەکانی نزیک هێڵی کەمەرەییدا دەژین، حەزیان لە تەمەڵییەو تاقەتی بەدواداچوون بۆ شتەکانیان نیەو خۆیان زۆر هیلاک ناکەن وئەهلی داهێنان نین وهەرگیز هەژارییان لێ نابڕێت، ئەوا ئیتر رەنگە چارەسەری دیاردەکە بسپێردرێت بە رۆژگارو بێ ئومێدی، و هەژاریی وەک بەختێک سەیرکرێت کە بڕاوە بە باڵای مێژووی ئەو خەڵکە. هەربۆیە ئەو هەنگاوانەی کە لەو پێناوەدا دەگیرێتە بەر ناتوانێت ریشەیی بێت و وەک ئازارشکێنێکی کاتی بیری لێدەکرێتەوە.

دەبێت مافی خاوەنداریەتی تایبەت پارێزراو بێ و دەوڵەت و دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکان، لەسەر داهاتی خەڵک نەبنە '' دابەستە''

ئەگەر خەڵکێک یان کۆمەڵگایەک ریشەی هەژاریی لە کەلتوور یان جۆگرافیای نەگۆڕو لەبن نەهاتوودا ببینێت، چۆن دەتوانێت بیرلە گۆڕین وتێپەڕین لە سیستەمێکی دیکتاتۆری، شەڕخوازو گەندەڵ بکاتەوە؟ لەحاڵێکدا بەپێی توێژینەوەو پێوەرە زانستییەکان وڕای زانایانی بواری سیاسەت و ئابووری، ئەم جۆرە دەسەڵاتانە بە هۆکاری سەرەکی هەژاریی دادەنرێن.

لەراستیدا هەژاریی وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دیکە، دەتوانێت هۆکاری جۆراوجۆری هەبێت، بەڵام گەورەیی و کاریگەریی هۆکارەکان هەرگیز وەک یەک نین. پانتایی روانین بۆ هەژاریی و هۆکارەکانی هەم دەتوانێت لە پێناو چارەسەرکردنی هەژارییدا بەسوود بێت و هەم دەتوانێت خزمەت بە مانەوەو بەرهەمهێنانەوەی هەژاریی بکات. بەسوود بێت بەو مانایەی کە دەتوانێت مەیدانێکی بەرفراوان بێت بۆ کارو چالاکی فرەرەهەندو جۆراوجۆر بە مەبەستی چارەسەرکردن و زیانباریش بێت لەو لایەنەوە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان ریشەو هۆکارەکانی هەژاریی لە دەرەوەی خۆیاندا ببینن و دیهاوێژی بکەن.

بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە هەژاریی ونەداریش وەک دەوڵەت بەرهەمی ئاوو هەواو جۆگرافیا نیە، بەڵکو بەرهەمی پیشەسازی و دەسکەوتەکانی مرۆڤە، هەربۆیە دەوڵەت ودامەزراوەکانی دەسکردی مرۆڤ بە هۆکاری سەرەکی بۆ دروست بوونی هەژاریی و لە ناوبردنی هەژاریی دادەنرێت.

'' دارون عەجەم ئۆغلو و جەیمز رابینسۆن'' دوو ئابووریناسی بەرجستەی جیهان لە پەرتووکی '' بۆچی گەلان دەگلێن و ریشەکانی دەوڵەمەندی و هەژاریی'' کە بەرهەمی پازدەساڵ لێکۆڵینەوەیانە، باوەریان وایە کە ریشەی هەژاریی و دەوڵەمەندی لە کۆمەڵگاکاندا لەدەستی '' دامەزراوە'' کاندایە. ئەوان پێیان وایە کە بوونی دامەزراوەی ئابووریی گشتگیرو گونجاودەتوانێت وڵاتەکان لە هەژاریی رزگار بکات. ، بەڵام بێ گومان ئەو دامەزراوە باش و بەسوودانە لە وڵاتانێکدا گەشە دەکەن کە سیستەمێکی پلۆرالیستیان هەبێ وکراوەبن، ئەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتداریتی بۆماوەیی نەبێ و دەسەڵاتی سیاسی لە هەڵبژاردنێکی ئازادو بێ فرتوفێڵداو لەلایەن خەڵکەوە دیاری بکرێن ورێگا بۆ بەشداری وچالاکی رێبەرانی نوێ هەموار بێت. لەو وڵاتانەدا دەبێت مافی خاوەنداریەتی تایبەت پارێزراو بێ و دەوڵەت و دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکان، لەسەر داهاتی خەڵک نەبنە '' دابەستە'' بەلام خێرو بەرهەمیان بۆ تاقمێکی دیاریکراو بێت.

ئەگەردەسڕەنج و قازانجی دامەزراوە ئابوورییەکانی خەڵک بۆخودی خەڵک نەبێت، حەزو هاندەری پێویست بۆ پاشەکەوتکردن، سەرمایەگوزاری وداهێنان دروست نابێت. لەحاڵێکدا ئەمانە دەتوانێت رێکاربێت بۆپێشکەوتن ورزگاربوون لە هەژاریی.

لەسەردەمی مرۆڤی خاوەن شارستانیەتەوە تا سەدەی نۆزدەیەم، کۆمەڵگاکان لەژێر دەست و دەسەڵات و فەرمانڕەوایی تاقمێکی تایبەت یان کەمینەیەکی دیاریکراودا بووە و بە داخەوە لە ئێستاشدا ٨٥% خەڵک لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا دەژین. بە بڕوای رابینسۆن و عەجەم ئۆغلو بۆپێشکەوتن وگەشەکردن و جێهێشتنی هەژاریی، کۆمەڵگا دەبێت لەم سیستەمە '' ئۆلۆگاریشیانە'' تێپەڕێت، هەرچەند بە بۆچوونی داگڵاس نۆرس، براوی خەڵاتی نۆبێڵی ئابووری، رێگای تێپەڕین لەم جۆرە دەسەڵاتانە هێندەش هەموار نیە.

رێگایەکی تری بەرەنگاربوونەوەی هەژاریی ئەوەیە کە کومەڵگاو دەسەڵات روانگەی خۆیان بەرامبەر بە هەژاریی و هەژاران بگٶڕن، بە جۆرێکە هەژاریی بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دابنرێت کە لە دروست بوونیدا خودی مرۆڤ، پلانی سەقەت وچەوساندنەوەی خەڵک بە هۆی تاقمێکەوە دەوری هەیەو باشتروایە هەژارانیش وەک بەکارهێنەرانێکی هۆشمەندو داهێنەر سەیر بکرێن کە ئەگەر دەرفەتی کاریان بۆ فەراهەم بکرێت، هەم دەتوانن ئاستی توانایی و کارامەییەکانی خۆیان زیاد بکەن و هەم دەتوانن لە رێگای خۆرزگارکردنیان لە هەژاریی، یارمەتی گەشەی ئابووری بدەن.
لەدەیەی ١٩٨٠دا خێزانەکان لە وڵاتی مەراکێش ژمارەی مناڵەکانیان ٥بۆ٦ کەس بوو، بەڵام ئەو وڵاتە بەمەبەستی هەنگاونان بەرەو گەشەو کەم کردنەوەی رێژەی هەژاریی برێاریدا بە گرتنەبەری رێگای کەم کردنەوەی ژمارەی دانیشتوان و ئەوە بوو توانی لە ساڵی ٢٠٠٨دا رێژەکە  کەم بکاتەوە بۆ ٢-٣منداڵ لە هەر خێزانێکداو بە باوەڕی ئابووریناسان رێگای کونترۆلی زۆربوون هۆکارێک بووە بۆ گەشەی ئەو وڵاتە.

سەقامگیری ئابووری، رێگایەکی تری بەرەنگاربوونەوەی هەژارییەو بە بنەمایەکی گرنگ بۆ گەشەی وڵات و باشترکردنی هەلومەرجی ژیان  دادەنرێت. چوون لە نێوان سەقامگیری ئابووری و بارودۆخی ژیاندا پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە. بە پێی راپۆرتی دەستەی باڵای پلاندانانی مەراکێش، ئەگەر گەشەی ئابووری ١%  زیاد بکات، ئەوا نرخی هەژاریی لە وڵاتدا بە رێژەی ٩/٢% کەم دەبێتەوە.

دەوڵەتەکان دەتوانن لە رێگای جۆراوجۆری وەک سەرمایەگوزاری کردن لە بەشی پەروەردەو تەندروستی، ئاسانکاری بۆ دەسڕاگەیشتنی خەڵک و بەتایبەت هەژاران بە سەرچاوە ئابوورییەکان وبانکەکان و دانی قەرزبەوان، شۆڕکردنەوەی دسەڵاتەکان بۆ ئەنجومەنە خۆجێیەکان، فەراهەمکردنی بەستێن بۆ دروست بوون و چالاکی و چاودێری رێکخراوە مەدەنییەکان، شەفافییەت لە بواری داهات وخەرجییەکان وچارەسەرکردنی دیاردەی دزێوی گەندەڵی...هتد بەرەو رووی دیاردەی هەژاریی ببنەوە.  

هەژاریی دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی بازاڕی کڕین وفرۆشی ئەندامەکانی جەستەو تەنانەت بە کرێدانی مناڵدان

ئەنجام ولێکەوتەکانی هەژاریی
دیاردەی هەژارییبەرهەمی گەلێک هۆکارەو بۆ خۆیشی دەتوانێت سەرچاوەی گەلێک درم وداماویی و قەیران بێت. یەک لەو گرفتانەی کە هەژاریی تووشی کۆمەڵگای مرۆیی کردوە، برسییەتییە. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ٩ کەسی خەڵکی جیهان ١ کەسیان لەگەل برسییەتی بەرەو روویە و لە ئێستادا نزیکەی ٨٢٠ ملیۆن مرۆڤ بێ شێو سەردەنێنەوە،و ساڵانە ٥ ملیۆن منداڵ بە هۆی بەد خۆراکییەوە گیان لە دەست دەدەن. ئەڵبەت هەژاریی و گرانبوونی نرخی خۆراکە بەسوودەکان هۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی خەڵکانی هەژار زیاتر روو لە خواردنی ئامادەکراوی سەر شەقامەکان بنێن و ئەمەش بۆ خۆی دەتوانێت کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستییان دابنێت.

هەژاریی دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی بازاڕی کڕین وفرۆشی ئەندامەکانی جەستەو تەنانەت بە کرێدانی مناڵدان و لەشفرۆشی. کەوابوو هەژاریی و لێکەوتەکانی بەڵای گیانی هەژارانن، ئامارە جیهانییەکانیش ئەوە بە روونی نیشان دەدەن کە تێکڕای تەمەنی هەژاران کورتترە لە دەوڵەمەندان.

مناڵان زیاتر دەکەونە ژێر باری نا لەباری هەژاریی، جگە لە مردن و بەدخۆراکی کە لە سەرەوە باسکرا، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵە هەژارەکان کچەکانیان لە تەمەنی خوارتردا بە شوو بدەن کە گۆیا'' نان خۆرێک'' یان لێ کەم دەبێتەوە. یان ببێتە هۆی ئەوەی کە مناڵان نەچنە قوتابخانە یان وازلە قوتابخانە بێنن و بۆ پەیداکردنی نان و یارمەتیدانی خێزانەکانیان بڕۆنە بازاڕی کارو سەرشەقامەکان و لەم رێگایەشەوە تووشی کۆمەڵیک کێشەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دیکە ببنەوە. یان رەنگە هەڵاواردن و بێ بەشی مناڵان بەرەو ئەنجامدانی توندوتیژی پاڵ پێوە بنێن
هەژاریی دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆکۆچکردن و زۆربوونی دیاردەی حاشییەنشینی لە شارەکانداو لە رێگای ئەم دیاردەشەوە کۆمەڵیک درم وزیانی کۆمەڵایەتی تووشی کۆمەڵگا ببێتەوە. هەروەها دەسکورتی دەتوانێت ببێتە هۆی زۆر بوونی دەسفرۆشی لە شارەکاندا کە ئەم دیاردەیەش هەم گرفتی نێوان شارەوانی و دووکانداران لەگەل دەسفرۆشەکانی لیدەکەویتەوە و هەم کاریگەری خراپ لەسەر بەرهەمهێنان و ئابووری وڵات دادەنێت.

لێکەوتەیەکی تری هەژاریی، زۆربوونی کرێچییەتیە. ئەگەر نەبوونی ئاسایشی دەروونی ئەم خێزانانە لەگەل تێچوی گواستنەوەو نووسینگەو چاکسازی ونۆژەنکردنەوەی کەلوپەل وپیداویستییەکانی ناو ماڵ و لە دەستدانی دراوسێکان ویەک لەسەر سێی داهاتەکەیان بۆ کرێی مانگانە لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا کاریگەریی هەژاریی لە سەر ئەو چینەی کۆمەڵگا زیاتر دەردەکەویت.
هەژاریی دەتوانیت هۆکارێک بێت بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و شۆڕش و تەنانەت رووخانی دەسەڵاتەکانی لێبکەوێتەوە، وەک ئەوەی کە لە بەهاری عەرەبیدا روویدا.
دیاردەکانی دیکەی وەک دزی، سواڵکردن، گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر، خۆکوژی و...هتد پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لە گەل هەژارییدا هەیە. بۆنموونە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، هەر ٤٠ چرکە جارێک مرۆڤێک بە هۆی خۆکوژییەوە دەمرێ و زیاتر لە ٧٥% یان لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەندان.