لێکۆڵینەوە

02:25 - 15/05/2020

ئەخلاق لە نێوان كاریگەرییە كۆمەڵایەتی و ئاینی و بۆماوەییەكاندا‌

سەعید سەیدی

ئەخلاق وشەیەکی ئاشنایە بۆ هەموو تاک وکۆمەڵگایەک، بەڵام رەنگە تێگەیشتن لە بنەماو سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئەخلاق، جیاواز بێت، ئەمەش شتێکی نائاسایی نیە، چوون بنەمای بیرکردنەوەو جیهان بینی مرۆڤ جیاوازە.

ئەخلاق، بەو یاساو بەهایانەی دەوترێت کە مرۆڤ ژیانی خۆی پێ رێکدەخات، ئەمانەش شتێک نین کە لە کۆمەڵگاکاندا یەکسان بن، یان رۆژگارو کات کاری تێنەکات.
''جەیمزراچێڵز'' ئەخلاق بە هەوڵدانی مرۆڤ دەزانێت بۆ ئەوەی رەفتاری خۆی بخاتە ژێر کاریگەری و رێنمایی ئەقڵ، یانێ کارێک بکات کە گونجاوترین هۆکار بۆ ئەنجامدانی هەبێت.

فەیلەسۆفەکان پێیان وایە کە ئەخلاق لقێکە لە فەلسەفە کە بە مرۆڤ دەڵێت چلۆن باشە بژی و بە هەبوونی وەها پێوەرێک ئیترمرۆڤ دەزانێت چی راستەو چی هەڵەیە. بیرمەندانی دیکەش ڕایان وایە کە ئەخلاق زانستێکە باس لە سیفەتە چاک و خراپەکان دەکاو چۆنیەتی بەدەسهێنانی سیفەتە باشەکان و دوورخستنەوەی سیفەتە خراپەکان دەخاتەروو.

ئەخلاق هەرجۆر پیناسە بکرێت، هۆکارێکە بۆ چێژبەخش کردن وباشترکردنی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا. بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم وتارەیە باسکردنە لە سەرچاوەو پەیوەندییەکانی ئەخلاق، بە مرۆڤ ودین ومێژووەوە. ئەمەش بۆ مرۆڤ گرنگە، چوونکە مرۆڤ بەدوای پر رەنگتر کردنەوەو مانادارتر کردنی ژیانەوەیە.

ئەخلاق و ئایین
لەبارەی شێوازی پەیوەندی لە نێوان دین و ئەخلاقدا، چ لە روانگەی مێژوویی وچ لە روانگەی لۆژیکییەوە توێژینەوەو قسەی زۆر کراوە. بەشێک لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئایین و ئەخلاق پەیوەندییان بە یەکەوە هەیەو بەشێکی تریش رایان وایە کە ئەم دوو چەمکە دوو بازنەی لێک جیاو سەربەخۆن.

لە ناو ئەوانەیدا کە باوەڕیان وایە دین و ئەخلاق جیا لە یەکتر نین، هەندێکیان پییان وایە کە ئەخلاق لە دینەوە سەرچاوە دەگرێ وبە بەرهەمی ئایین دادەنرێت. هەندێکیتریان بە پیجەوانەی ڕای یەکەم، باوەڕیان وایە کە دین لە ئەخلاقەوە سەرچاوە دەگرێ و ئایین بەرهەمی ئەخلاقە.

ئەو کەسانەش کە باوەڕیان بە لێکجیایی وسەربەخۆیی دین و ئەخلاق هەیە دەڵێن کە دین و ئەخلاق لە هەندێ رووەوە سازگارن و هەندێ جارو لە هەندێ رووەوە پێکەوە نا گونجێن و ناسازگارن.

ا- ئەخلاق بەشێکە لە ئایین
رەنگە باوترین بۆچوون لە بارەی پەیوەندی نێوان ئایین و ئەخلاق، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، ئەوە بێت کە ئایین سەرچاوەی ئەخلاقەو ئەخلاق بەشێکی دانەبڕاوە لە ئایین. '' رۆبێن لێڤی'' ئیسلام ناس، پێی وایە کە ئەخلاق بەشێکە لە یاسا کردەییەکانی ئایین و ئەم یاسایانەش بۆ ئەوەیە کە دیندار پەیڕەوی لێبکات، هەتا رەزامەندی خواوەند بەدەست بێنێ وبەشی لە بەهەشت بدرێت. بە پێی ئەم روانگەیە ئەو ''شتەی'' یان ئەو '' رەفتارەی'' بە ''باش'' و ''دروست'' دادەنرێت کە لایخوا پەسەندە. یانێ لێردەدا دین ودینداری مەرجی پێویستە بۆ هەبوونی ئەخلاق و راست و هەڵەبوونی هەڵسوکەوتەکان. رەنگە لێرەدا پرسیاری رەخنەگرانی ئەم روانگەیە ئەوە بێت کە ئایا بێ دینەکان چاکە ناکەن؟ ئایا ئەوان بێ ئەخلاقن؟لایەنگرانی ئەم روانگەیە دەبێت ئەو راستییە بزانن کە بایەخ وبەهای خواوەندی یاسا دانەر لە کۆتاییدا بەندە بە رەفتاری شوێن کەوتووانییەوە.

ب- ئایین بەشێکە لە ئەخلاق
ئەو روانگەیەی کە ئایین بە بەشێک لە ئەخلاق دادەنێت، پێی وایە پەیوەندی نێوان ئەم بەش و گشتە، وەک پەیوەندی نێوان ئۆکسیجن و ژیان وایە. ئۆکسیجن بەشێکە لە ژیان و ژیان بە بێ ئۆکسیجن نابێت. واتە ئایین بەشێکی پێویستە بۆ ئەخلاق.

رەنگە ئەم روانگەیە لەو راستییە تێگەیشتبێت کە ئەخلاق مێژوویەکی دوورو درێژتری لە ئایین هەیە وبیەوێت لە رێگای ئەم روانگەیەوە پاساو بۆ لێکجیا نەبوونی ئەخلاق و ئایین بهێنێتەوە.
 بەهەرحاڵ، دواقسەی ئەم روانگەیە ئەوەیە کە مرۆڤەکان دەبێت لە ژیاندا بەرەو گەشەو رەوشت بەرزی هەنگاو هەڵگرن و باشترین کەرەستەو بگرە تاقە کەرەستەش بۆ ئەم رێگاو ئامانجە ئایینە. واتە ئایین بکەوێتە خزمەتی ئەخلاق.

ئەو روانگەیەی کە ئایین لە خزمەتی ئەخلاقدا دەبینێت،جگە لەوەی وەک روانگەی پێشتر، نەبوونی ئەخلاق لە بێ دینیدا نابینێت، ئەم پاساوانەش بۆ روانگەکە دەهێنێتەوە:

یەکەم؛ ئەخلاق پێویستی بە هاندانی عاتیفی و سۆزدارانە هەیەو تەنیا ئایین دەتوانێت ئەم کارە بکات. بۆنموونە کاتێک بە کەسێک دەڵێن '' گرانفرۆشی مەکە'' ، خۆ ناکرێت بۆ ئەم رێنماییە ئەخلاقییە بەڵگەی ئەقڵی بێننەوە، کەوابوو چارەیەک جگە لە هاندەری عاتیفی نیە. لەم رووەوە هاندانیش ئەوەیە کە ئەگەر گرانفرۆشی نەکەیت، خوا بەرەکەت دەخاتە پارەکەت.

دووەم؛ ئایین دەتوانێت هەڵگری ئەو گەرەنتیانە  بێت کە لە سەرەوەی سروشتن و دەبنە هۆی لەبەرچاوگرتنی بنەماو جیبەجێ کردنی یاسا ئەخلاقییەکان. چوون گەرەنتییە ماددی و سروشتییەکان وەڵامدەر نین، مرۆڤ بۆ ئەوەی بایەخەکان بپارێزێت و یاساو بنەمائەخلاقییەکان جێبەجێ بکات گەرەنتی دەوێت. بۆنموونە بە مرۆڤ دەوترێت ئەگەر ئەو کارە بکەیت دەچیتە بەهەشت و ئەو ئیشە نەکەیت دەچیتە دۆزەخ.

سێیەم؛ مرۆڤ لە رووی دەروونییەوە پەیڕەوی لەو بنەماو یاسایانەی دەکات کە نەگۆڕن،و ئەگەر بزانێت یاساکان گۆڕانیان بەسەردا دێت، گوێیان پێ نادات. بۆنموونە ئەگەر بە کەسێک بڵێن راستبێژی باشە و دەبێت راستوێژ بیت، بەڵام روون نەبێت کە ئایا راستگۆیی بە باشی دەمێنێتەوە یان نا؟ پێدەچێت کەسەکە هەر لە سەرەتاوە راست نەڵێت. بەڵام ئایین بەوەی کە دەڵێت ئەمە حوکمی خودایەو حوکمی خوداش گۆڕانی بەسەردا نایەت، دەتوانێت جێگیری یاسا ئەخلاقییەکان گەرەنتی بکات و بەم جۆرە خزمەت بە ئەخلاق بکات تا دەگاتە ئامانجەکانی خۆی.

ج- ئەخلاق و ئایین لێکجیان
بەپێی ئەم روانگەیە ئەخلاق و ئایین دووشتی لێکجیان، رەنگە هەندێ جار پەیوەندییان بەیەکەوە هەبێت و هەندێ جاریش نێوانیان ئاڵۆزبێت. بەشێک لە لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە هاوکات کە جەخت لە جیاوازی و سەربەخۆیی ئایین و ئەخلاق دەکەنەوە، پێیان وایە پێکەوەش دەگونجێن. ئەوان بۆ پاڵپشتی بیرۆکەکەیان دەڵێن کە قۆناغی ئەخلاقی بەستێن و سەرەتایە بۆ دینداری. یان ئەوەتا زۆربەی ئیمانداران باوەڕیان بە جیاوازی ئەم دوو چەمکە هەیەو کێشەیەکیش نابینن.

بەشێکی تری ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە جیایی نێوان ئایین و ئەخلاق هەیە، رایان وایە کە ئەم دوو چەمکە جیاوازە،پیکەوە ناگونجێن و تەنانەت دژایەتی یەکتریش دەکەن. بۆ نموونە دەڵێن، ئەگەر ئیبراهیم ئەخلاقی لەبەر چاو گرتبا، نەدەبوو پەیڕەوی لە ئەمری خواوەند بکات بۆ قوربانی کردنی ئیسماعیل و ئەم کارەش تەنها ئەخلاق دەیتوانی رێ لە ئەنجامی بگرێت.

ئەوان باوەڕیان وایە کە ئایین و ئەخلاق هیچ پەیوەندییەکی لۆژیکییان لەگەل یەکتردا نیە و هەرکام بیاڤ و قەڵەمرەوی جیاوازی تایبەت بە خۆی هەیەو وەک دوو بازنەی جیا لەیەک، هیچ خاڵێکی یەکتر بڕیان نیە. تەنانەت هەندێ لە لایەنگرانی ئەم روانگەیە ئایین و باوەڕی ئایینی لە هەمبەر ئەخلاقدا دەبینن وپێیان وایە کە گرێدانی ئەخلاق بە ئایینەوە رەنگە ببێتە هۆی لە ناوچوونی ئەخلاق، چوونکە بە هەرەس هێنانی باوەڕە دینییەوەکان، ئەخلاقیش هەرەس دینێ و دەڕووخێت.

بەشێکی تر لە لایەنگرانی جیایی ئایین و ئەخلاق، ڕایان وایە کە ئایین شتێکی تایبەتییەو تایبەتە بە تاک و تەنیا پەیوەندی نێوان خواوەندو مرۆڤ روون دەکاتەوە، لە حاڵێکدا، ئەخلاق پرسێکی بە تەواوی جڤاکییە لە نێوان مرۆڤەکاندا. کەوابوو هەم قەڵەمرەویان جیایەو هەم لە رووی ئامانجیشەو لێکجیان،و ئەخلاق بە دوای دروستکردن و راستکردنەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان مرۆڤەکانەوەیە.

مێژوو چ دەڵێت
بەگشتی مێژووناسان باوەڕیان بە جیایی ئایین و ئەخلاق هەیە و زۆربەیان بە پاڵپشتی بەڵگە مێژووییەکان باوەڕیان وایە کە ئەخلاق نەک تەنیا خاوەنی مێژوویەکی زیاترە، بەڵکو شتێکی سروشتییەو پەیوەندی بە ئایینەوە نیە.

بێ گومان باوەڕی ئایینی لە کۆمەڵگا مرۆییەکاندا جیاوازە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە لە هەموویاندا ئەخلاق هەیە،مەسێحییەکان لە رووی مێهرەبانییەوە یارمەتی زیان لێکەوتووانی سۆنامی هندستان دەدەن، بێ ئەوەی باوەڕیان بە خواکانی ئەوان هەبێت. موسڵمانەکان بایەخی زۆر بۆ راستی وراستبێژی دادەنێن، گەرچی پلەی خواوەندی عیساشیان قەبووڵ نیە. وڵاتانی سێکۆلاری وەک دانیمارک و فینلاند، توندوتیژتر لە وڵاتانی موسڵمانی وەک ئێران و پاکستان نین.

مێژوو بە ئێمە دەڵێت کە لە ناو ئەو خەڵکەی کە لە رۆژهەڵاتی ناڤینی دێریندا دەژیان، وەک سۆمرییەکان، بابلیەکان و میسریەکانی سەردەمی فیرعەون، کۆمەڵێک فەرمانی یاسایی و ئەخلاقی هەبوو؛ بۆنموونە ''کەس نابێت دزی بکاو کەسی تر بکوژێت''.

یان هەزاران ساڵ بەرلەوەی ئامووسی پێغەمبەر سەرکۆنەی حاکمانی سەرکوتکاری ئیسراییلی بکات، حەموورابی دەڵێت کە دەیەوێت  دادپەروەری لەسەر زەویدا حاکم بکاو شەڕو شەیتان وشێواوی لەناو ببات بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران، هەژاران و رەشوڕووتەکان نە چەوسێننەوە.  

'' نەوح هەراری'' مێژووناسی ناسراو، لەم بارەوە دەڵێت: '' پەرتووکی پیرۆز تاقە سەرچاوەی ئەخلاقی مرۆیی نیە، کۆنفووشیوس، بووداو ماهاڤیرا زۆر زووتر لە سەینتی پۆڵ و عیسا یاساو رێنمایی ئەخلاقیان داڕشت بێ ئەوەی بزانن سەرزەوی کەنعان لە کوێیەو پێغەمبەرەکانی کێن. کۆنفووشیوس ئامۆژگاری دەکرد کە دەبێت هەموو کەس هێندەی خۆی خەڵکی تری خۆش بوێت. ئەم روانگەیە ٥٠٠ ساڵ پیش لەوەی بوو کە ''خاخام هێلی مەزن'' بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەو پەیامە جەوهەرو ناوەرۆکی تەوراتە. هەروەها پیش لەوەی ئایینی یەهوود فەرمان بۆ قوربانی کردنی ئاژەڵان و پاکتاوکردنی مرۆڤ دەربکات، بووداو ماهاڤیرا داوایان لە لایەنگرانیان دەکرد کە زیان نەک هەر بەمرۆڤ بەڵکو بە زیندەوەرانی خاوەن هەستیش نەگەیەنن. کەوابوو هیچ بەڵگەیەک نیە بۆ ئەوەی شانازی داهێنانی ئەخلاق بدرێتە ئایینی یەهوودو ئایینە زادەکانیشی''.

مێژووناسان لە بەرامبەرئەو کەسانەیدا کە باوەڕیان بە پەیوەندی نێوان ئایین وئەخلاق هەیە دەڵێن؛ هەرچەند خواوەندەکان دەتوانن ئیلهام بە مرۆڤ بدەن تا لە رووی مێهرەبانی و بەزەییەوە هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام ئایین مەرجێکی پێویست نیە بۆ هەبوونی رەفتاری ئەخلاقی. ئەو روانگەیەی کە پێی وایە مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەخلاقیانە بجووڵێتەوە، هێزێکی پێویستە کە لەسەرەوەی سروشت بێت، وای بۆ دەچێت کە ئەخلاق شتێکی ناسروشتییە. بەڵام ئەخلاق بە جۆرێک سروشتییە. تەواوی ئەو گیانەوەرە مەمکدارانەی کە ژیانی کۆمەڵایەتییانهەیە، لە شەمپانزەوە بگرە تا مشکەکان خاوەن هۆکارێکی ئەخلاقین کە دیاردەکانی وەک دزی و کوشتن لە ناویاندا سنووردار دەکاتەوە.

لەئێستادا توێژەران پێیان وایە کە، ئەخلاق رەگ وریشەی فراژووبوونی (تکامل) هەیەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیدابوونی مرۆڤ لە ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا. هەربۆیە ئەوان پێیان وایە کە ئەخلاق و هونەرو داهێنان و... هتد، لەو تواناییە گشتیانەن کە بە هۆی سروشتەوە،هەر لە سەرەتای دروست بوونی مرۆڤەوە، لە DNA  یاندا دانراوە.

توێژەرانی بواری زانست ومێژوو بۆ سەلماندنی روانگەکانیان پشت بە ئەنجامی توێژینەوەکانیان دەبەستن و کۆمەڵیک نموونە دێننەوە کە بۆبەرچاو روونی زیاتر لێرەدا دوو نموونەیان دەخرێتەروو. ئەوان دەڵین کە تەواوی مەمکدارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک گورگەکان، دۆلفینەکان و مەیموونەکان لە دەروونی خۆیاندا خاوەنی نیشانەو هۆکاری ئەخلاقین کە لە رەوتی فراژووبووندا بیچمیان گرتووە بۆ ئەوەی هاوکاریی بە کۆمەڵیان باشتر بکەن. بۆنموونە کاتێک بێچووە گورگەکان لەگەل یەکتر یاری دەکەن،  یاسای '' یاری دادپەروەرانە'' لە بەرچاو دەگرن. ئەگەر بێچووە گورگێک لەکاتی یاریدا گازلە بەرامبەرو هەڤڕکەکەی خۆی بگرێت یان ئەگەرلە کاتێکدا بەرامبەرەکەی بە نیشانەی بەزین وتەسلیم بوون خۆی بە پشتاخستبێت، ئەو گازی لێبگرێت، ئیتر بێچووە گورگەکان لەگەل ئەو تاکەی کە یاسای یارییەکەی پێشێل کردوە یاری ناکەن.

یان لەناو مەیموونەکاندا ئەگەر مێ شەمپانزەیەکی گەنج مۆزێک پەیدا بکات، تەنانەت نێرە مەیموونی رێبەریش ناتوانێت مۆزەکەی لێ بدزێت یان لێی بسێنێت. ئەگەر ئەو کارە بکات و یاسا پێشێل بکات، پێگەی خۆی لەناو کۆمەڵدا لە دەست دەدات. ئەمەش مانای ئەوەیە کە لە کۆمەڵەی شەمپانزەکاندا ئەندامانی حاکم و دەسەڵاتدارو دەسرۆیشتوو، رێز لە مافی خاوەنداریەتی ئەندامەکانی ترو بە تایبەت ئەندامانی لاوازتر دەگرن و ئەو مافەیان پێشێل ناکەن.

توێژەرانی زانست و مێژوو کە باوەڕیان بە جیایی ئایین و ئەخلاق هەیە، دەیانەوەێت بە خستنەڕووی بەڵگەکان ئەوە نیشان بدەن کە مێژووی ئەخلاق و مرۆڤ بەیەکەوە دەست پێدەکاو ئەخلاق شتێکی سروشتی و بۆماوەییەو نەک هەر لە مرۆڤ، بەڵکو لەو گیانەوەرانەشدا هەیە کە ژیانی جڤاکییان هەیەو ئەیانەوێت لەو رێگایەوە هەلسوکەوت ورەفتارەکانیان رێکبخەن.