دۆسێ

10:47 - 07/06/2020

پەروەردەو پێشکەوتنی کەلتوور‌

سەعید سەیدی

پەیوەندی نێوان پێشکەوتن لەگەل خۆش بژێوی، ئاسایش، تەندروستی، رازی بوون لە ژیان و هەست بە خۆشبەختی کردن بۆ هەمووکەس روون و ئاشکرایە، بەڵام با بزانین دامەزراوەکانی کۆمەڵگاو یەک لەوان سیستەمی پەروەردە چ دەورو نەقشێکیان لە پێشکەوتن وگەشەی ژیانی مرۆییدا هەیە.

گەشەو پێشکەوتن لە روانگەی زانایانی بواری ئابووری و جڤاکییەوە بەمانای بردنەسەرەوەی ئاستی ژیانی تەواوی کۆمەڵگایە بەرەو ژیانێکی باشترو مرۆیی تر. ئەم کارەش رەوتێکی تۆکمەو بەردەوامە بەئامانجی زیادکردنی تواناییە مرۆییەکان بۆ ئەوەی وەڵامی داخوازییە پەسەندو پێناسەکراوەکانی کۆمەڵگای مرۆیی بدرێتەوە.

بەئەنجام گەیاندنی ئەم رەوتە، پێویستی بە کۆششێکی  بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی گرفتەکانی کۆمەڵگا کەم بکرێتەوە یان چارەسەر بکرێن. لەئەنجامی چارەسەرکردنی گرفتەکان وپێشکەوتنی کۆمەڵگا، هەم گۆڕانی ریشەیی لە پێکهاتەی دامەزراوەکان و کاریگەرییاندا دروست دەبیت و هەم روانگە گشتییەکانی خەڵکیش بەرامبەر بەژیان گۆڕانی بەسەردا دێت.

راوێژکارانی یونێسکۆ پێیان وایە، گەشەو پێشکەوتن پرۆسەیەکی ئامانجدارە کە بە هۆی مرۆڤەوە دەسپێدەکاو ئامانجەکەیشی باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی تەواوی ئەو کەسانەیە کە لەو کۆمەڵگایەدا دەژیت. واتا فەراهەم کردنی هەلومەرجێک کەلەودا تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگا بتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن و پەرە بەتواناییەکانی خۆیان بدەن.

پێشتر لە ناو خاوەن رایاندا وابیر دەکرایەوە کە پیشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆیی بەندە بە گەشەی ئابوورییەوە، بەڵام دواتر بۆیان روون بووەوە کە لە کەنار گەشەی ئابووریدا، کۆمەڵگا پیویستی بە شتی دیکەش هەیە، وەک دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان، گەشەو دەرکەوتنی تواناییە جۆراوجۆرەکان و کەسایەتی مرۆڤ، تەندروستی، هاتنەدی یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئازادی و بەگشتی بەدی هاتنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و مرۆیی. چوون ئەگەر کۆمەڵگایەک، هەموو رەهەندەکانی پێشکەوتن بکاتە کەرەستەیەک بۆ خزمەتکردن و بەدی هاتنی ئەم بەهایانە، بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو دادەنرێت.

 ئاشکرایە کە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا رەهەندو بوارەکانی پیشکەوتن پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بەلام هەرگیز بەهای بەبنەما دانان و بارو برەوی ئەو رەهەندانە وەک یەک نیە، پێشکەوتن لەبوارەکانی ئابووری، سیاسی و جڤاکی ژیانی هەر کۆمەڵگایەکدا بەندە بە کەلتووری ئەو کۆمەڵگایەوەو تا کاتێک کەلتووری کۆمەڵگایەک خۆی لەسەر پێشڤەچوون ساق نەکاتەوەو بەپێشکەوتن رازی نەبێت، ئەو کۆمەڵگایە پێش ناکەوێت. واتە پێشکەوتنی کەلتووری بنەمایە بۆ بوارەکانی دیکەی پێشکەوتن. بەڵام کەلتووری کۆمەڵگا چۆن بە پێشکەوتن رازی دەبێت؟ دەزانین کە مرۆڤ بڕبڕەی پشتی پێشکەوتنەو هەرکات بەرژەوەندی و بەهاکانی مرۆڤ لەبەرچاوگیراو پارێزرا، باوەڕی تاکەکانی کۆمەڵگا بەئاراستەی مەبەستەکان دەگۆڕێن و رازی بوون و حەزیان، لە رێگای بایەخ و باوەڕەکانیانەوە دروست دەبێت و بەمجۆرە کەلتووری کۆمەڵگا دەتوانێت بەکاریگەری لەسەر باوەڕی مرۆڤەکان، رادەی حەزو ئۆگری ئەوان بە پێشکەوتن کەم یان زیاد بکات.

کەلتوور چیە؟
یونێسکۆ پێی وایە؛ کەلتوور کۆمەڵێک تایبەتمەندی ماددی و مەعنەوی وهەستی و هزری کۆمەڵگایە کە هونەر، ئەدەب، شێوازی ژیان، بەهاو باوەڕو نەریتەکان و...هتد لە خۆ دەگرێت.
ئەم کۆمەڵە بەهاو باوەڕو میراتە کۆمەڵایەتیانەی کە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگادا هاوبەشە، لە ڕیگای فێربوونەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. چوون کەلتوور شتێکی زاتی نیە کە مرۆڤ لە دایک بوونیەوە دەستی بکەوێت، بەڵکو لە ڕێگای خێزان، هاوڕێیان، سیستەمی پەروەردە، کۆمەڵگا، راگەیەنەکان و...هتد دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ و ئەویش فێری دەبێت و پاش رەنگدانەوەی لە بیرو کردەیدا وەک بەهایەک دەیپارێزێ و پەرەی پێدەداو لەم رێگایەوە کۆمەڵگا دەکاتە بەستێنی ژیان و پێشکەوتنی خۆی و ئەنجامی پیشکەوتنی تاکەکانی کۆمەڵگاش، پێشکەوتنی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە.

جۆرەکانی کەلتوور
دەکرێت کەلتوور بۆ دوو جۆری ماددی و مەعنەوەی دابەش بکرێت. کەلتووری ماددی بە کۆی ئەو دیاردانەی دەوترێت کە تێبینی دەکرێ و بە هۆی ئەندامانی پێشتری کۆمەڵگاوە بەرهەم هاتوون ووەک میرات گوازراوەتەوە بۆ نەوەکانی دواتر. واتە بریتییەلە تەواوی دەسکەوتە ماددی و تەکنەلۆجیاکانی وەک  کەرەستەکانی کشتوکاڵ، ئیش و پیشەسازی، تەندروستی و پەیوەندی و بەگشتی تەواوی ئەو شتانەی کە مرۆڤ بۆ ژیانی بەکاری دێنێت. کەلتووری مەعنەویش بەو بابەتانەی دەوترێت کە رەهەندی '' چۆنیەتی'' یان هەیەو بە پێچەوانەی کەلتووری ماددی، بە پێوەرێکی دیاری کراو ناپێورێت. وەک داب ونەریت، باوەڕ، ئەخلاق، بەرهەمی ئەدەبی و هزری وهونەری و زانستی و... هتد کە لەراستیدا شوناسی کەلتووری کۆمەڵگاش لەمانە پیکدێت.

لەنێوان بەشی ماددی و مەعنەوی کەلتووردا پەیوەندییەکی دوو لایەنە هەیەو گۆڕانی یەکیان دەبێتە هۆی گۆڕانی ئەوی تر. کۆمەڵناسی ئەمریکی '' ئاگ بێرن'' باوەڕی وایە گۆڕانی کەرەستە ماددییەکان دەبێتە هۆی گۆڕان لە بیرو باوەڕی خەڵکداو سەرئەنجام کەلتووری مەعنەویش دەگۆڕێت. هەروەها گۆڕانی لایەنی مەعنەوی کەلتووریش، دەبێتە هۆی گۆڕانی کەرەستەو تەکنەلۆجیاو ئەمانەش بۆ خۆیان گۆڕان لە هزرو بیرو داهینان لە کۆمەڵگادا دروست دەکەن. بۆنموونە بەکارهێنانی شێوازو تەکنەلۆجیای نوێ لە پەروەردەدا، گۆڕانی لە بیرکردنەوەو روانگەی تاکەکانی کۆمەڵگادا دروست کردوە.
 ئەوەی مەبەستی ئەم نووسراوەیەیە، خستنەڕووی نەقشی پەروەردەیە لە پێشکەوتنی کەلتوورداو، دیارە پێشکەوتنی کەلتووریش رووی لە بەشی مەعنەوی کەلتوورە.

پێشکەوتنی کەلتووری
چەمکی پێشکەوتنی کەلتووری لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ بەدوا لە لایەن رێکخراوی یونێسکۆوە هاتە ناو باس وبوارەکانی پێشکەوتن ویەک لەو چەمکانەیە کە بە بەراورد لەگەل بوارەکانی تری پێشکەوتن، رەهەندی زیاتری هەیەو بارگاوی ترە بە بەهاکان و زیاتر جەخت لەسەر پێداویستییە مەعنەوییەکانی مرۆڤ دەکات. هەربۆیە بە پرۆسەیەک دادەنرێت کە لەوداو لە ڕێگای دروست بوونی گۆڕان لە بازنەو بیاڤی تێگەیشتن، ناسین، توانایی، باوەڕ، بەهاو مەیلی مرۆڤەوە، کەسایەتییەکی تایبەتیان لێ دروست دەکاو دەرئەنجامی ئەم گۆرانەش، دەرکەوتنی کۆمەڵێک رەفتاری تایبەتە کە گونجاوە بۆ گەشە و پێشکەوتن. بەڵام گەشەی توانایی و زانست و وشیاری و پوختەیی مرۆڤ، یەک شەوە دروست نابێت، بەڵکو پێویستی بە زەینێکی کراوەو رێگایەکی بەردەوام و روانگەیەکی گونجاوهەیە. وەک دەزانن کەلتوور یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی بەدی هاتنی پێشکەوتنەو گەشەی کەلتووریش هەم یەکێک لە پێش مەرجە بنچینەییەکانی بەدی هاتنی پێشکەوتنەو هەم بە یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی گەشەی هەر کۆمەڵگایەک دادەنرێت. ئەڵبەت هەرکات باس لە پیشکەوتنی کۆمەڵگا دەکرێت، مەبەست تەنیا دەرکەوتنی دیاردە باشەکان نیە، بەڵکو کەمبوونەوەی دیاردە خراپەکانی وەک تاوان و درمەکۆمەڵایەتییەکان و...هتدیش بە دەرئەنجامی پێشکەوتنی کۆمەڵگا دادەنرێت.

دەوری پەروەردە لە پێشکەوتنی کەلتووریدا
پەروەردەو کەلتوور پەیوەندییەکی دوو لایەنەیان بە یەکەوە هەیەو لەژێرکاریگەری یەکتردان. پەروەردە تەنیا بوار بۆ پێشکەوتنی کەلتووری فەراهەم ناکات، بەڵکو بۆ خۆی رەنگ و شوناسێکی کەلتووری هەیەو کەلتووریش پێشکەوتنی بەردەوامی  خۆی، بە قەرزاری پەروەردە دەزانێت.

پەروەردە بەستێن سازی گەشەی هزری وئەخلاقی و کەلتووری مرۆڤەکانە لە کۆمەڵگایەکی چالاک و زیندووداو،بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دڵخواز، چالاک و پێشکەوتوو کە لەودا مرۆڤەکان ماف و حورمەت وکەرامەتیان پارێزراو بێت، دەبێت کۆمەڵگا دامەزراوەیەکی پەروەردەیی نوێ هەبێت، مامۆستایانێکی هەبێت کە خاوەنی ئەندێشەی نوێ بن و قوتابیانێک کە بە دوای داهێنان و تازەگەرییەوە بن.

هەروەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، کەلتوور بریتییەلە کۆمەڵێک بەهاو باوەڕو میراتی کۆمەڵایەتی کەلە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگادا هاوبەشەو لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوەو ئەم میرات و دەسکەوتەکانی مرۆڤیش دەتوانێت رەهەندی جیهانی و ناوچەیی هەبێت، پەروەردەش لە گواستنەوەی ئەم دەسکەوت و میراتانەدا دەوری سەرەکی هەیەو ئەم ئەرکەی پەروەردەش بۆ هەموو کەس روون و ئاشکرایە. بۆ نموونە وەک گواستنەوەی دەسکەوتە زانستییەکان لە ئاستی جیهانی و گواستنەوەی ئەدەب و هونەرو مێژووو...هتد لە ئاستی ناوچەیی داو، ئەم گواستنەوەیەش بنەمای گەشەی کەلتووری پێکدێنێت.

هەڵبەت ئەرک ودەوری پەروەردە تەنیا گواستنەوەی کەلتووری کۆمەڵگا نیە، بەڵکو هەڵسەنگاندنیشی لە ئەستۆ دایە. ژیانی نەوەکان بە قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێ و هەر سەردەمێکیش، هەلومەرجی تایبەت بە خۆی هەیەو پێداویستی تایبەت بەخۆی دەوێت وئەم گۆڕانکاریانەش رەنگە باوەڕو بیرکردنەوەو داب نەریت و خدوەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش بگۆڕێت. هەربۆیە ئەرکی پەروەردەیە کە ئەو تواناییانە لە قوتابیاندا دروست بکات کە داورییەکی دروست لەسەر میراتە کەلتوورییەکان بکەن و لەسەر فەلسەفەو هۆکاری شتەکان بکۆڵنەوەو لە گواستنەوەیاندا سەردەم و هەلومەرج وپێویستی لەبەرچاو بگرن.

کەوابوو، ئەرکێکی تری پەروەردە لەپێناو گەشەی کەلتووریدا ئەوەیە کەهەڵسەنگاندن بۆ میراتی جڤاکی و کەلتووری بکات. واتە دەبێت خوڵقێنەری کەلتوورێکی زیندوو بێت، کەلتوورێک کە لەودا فێرخواز بتوانێت  سەربەخۆ بیربکاتەوە، ئەهلی داهێنان بێت، پرسیارلەسەر شتەکان بکات و توانایی دروست داوەری کردنی خۆی گەشە پێبدات و رەخنە لەشتەکان بگرێ و بەشێوەیەکی زانستی و ئاقڵانە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکاو هاوکات لەرێگای داهێنانەوە بەشی خۆیشی لە کەلتوور زیاد بکات.

ئاشکرایە کە هەموو کۆمەڵگایەک بەهاو یاساو باوەڕی کەلتووری و جڤاکی  ریشەیی ودیاریکراوی خۆی هەیەو تاکەکانی کۆمەڵگا دەبێت ئەو باوەرو بەهاو یاسایانەی فێرببن و لەسەر ئەو بنەمایانە رەفتارو هەڵسوکەوتی خۆیان رێکبخەن. ئەرکی پەروەردە ئەوەیە کە نەوەی نوێ لەگەل ئەو بەهاو یاسایانە ئاشنا بکات بۆ ئەوەی رەفتاری جێگای پەسەندی کۆمەڵگا فێرببن ولە رێگای تێکەل بوونیان بە کۆمەڵگاوکۆمەڵایەتی بوونیانەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن و یارمەتی زیندوو بوونی کەلتووری کۆمەڵگا بدەن.چوون کەلتوورێک کە زیندوو بێت دەتوانێت خۆی لەگەل هەلومەرجە گۆڕاوەکانی ژینگەو ژیان بگونجێنێت.

کۆمەڵناسانی ناسراو، ''ئاگبێرن و نیم کۆڤ'' باوەڕیان وایە تەکنەلۆجیای نوێ زۆرخێرا گۆڕانیان بەسەردا دێت و گۆڕانیان لێدەکەوێتەوەو ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن بەپەلە خۆیانی لەگەل بگونجێنن، هەربۆیە پێدەچێت دواکەوتوویی کەلتووری و شێواوی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە کە دەتوانێت هۆکار بێت بۆ هەژاری، بێکاری، هەڵاواردن و لێکترازانی خێزانەکان. بۆرێگری لەم گرفتانە کەلتوور دەبێت لە رێگای پەروەردەوە، زیندوویی و هاندەربوونی خۆی بپارێزێ ولەم بارەوە رێنما بێت.

هەروەها، پەروەردە دەتوانێت لە رێگای وانەکانەوە دەرفەتی گونجاو بۆچەسپاندن و بەدەروونی کردنی بەهاو باوەڕو یاسا کەلتوورییەکان فەراهەم بکات. لەڕێگای گرنگیدان بە ئامانج و ناوەرۆکی بابەتەکانەوە، تایبەتمەندی و بایەخە کەلتوورییەکانی وەک چالاک بوون، ئەرک وەخۆگری، هەست بە بەرپرسایەتی کردن، متمانە بە خۆبوون، رێکوپێکی و سازگاری کۆمەڵایەتی و... بەدی دێت. بۆ ئەم کارەش پەروەردە دەبێت تێگەیشتنێکی دروستی لە پێداویستییە کەلتوورییەکانی کۆمەڵگا هەبێت و لە خاڵی هاوبەشی نێوان راستی و واقعیەتدا بە دوای ئەو پێداویستیانەدا بگەرێت.

ئەمڕۆ یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانەی کە لە حاڵی گەشەدان ئەوەیە کە پەروەردە چۆن وەڵامی پێداویستییە خێراو بەرچاو و بینراوەکانی کۆمەڵگا دەداتەوەو هاوکات میراتی کەلتووری دەگوازێتەوەوهیواو هۆگری ورەفتارە تازەکان پەروەردە دەکاو پەرەیان پێدەدات؟

لەسیستەمی پەروەردەی ئەوڵاتانەدا کەلەرووی ئابووری، سیاسی، جڤاکی وکەلتوورییەوە پێشکەوتوون، گرنگی زیاتر بە پەروەردە دەدرێت تا فێرکردن. بە واتایەکی تر، پەروەردەی کەسایەتی مرۆڤ و دروستکردنی سیفەتی باش وئەرێنی لە تاکدا بە گرنگتر دادەنرێت وەک لە گواستنەوەو لەبەرکردنیهەندێ بابەتی کاڵوکرچی وەک بیرکاری وجۆگرافیاو فیزیاو...هتد. کەوابوو یەکێکی تر لە ئەرکەکانی سیستەمی پەروەردە، پەروەردەو پەرەدانە بە کەسایەتی مرۆیی و ئەویش لە رێگای پەروەردەکردنیانەوەیە وەک کەسایەتێیەکی سەربەخۆو فێرکردنیانە بە چوارچێوەکانی بیرکردنەوە، یانێ تاک چۆن دەبێت بەرامبەر بە دیاردەکان بیر بکاتەوەو هەڵسانگاندنیان بۆ بکاو سەربەخۆ بریاربدات. لەسایەی ئەمجۆرە پەروەردەدایە، کە  کۆمەڵگا لەهەموو روویەکەوە گەشە دەکاو تاک بە کەڵکی خۆی وکۆمەڵگا دێت.

بەسەرنجدان بەوەی کە بەهاکان، کاکڵەی کەلتوورپێکدێنن و ئەوەی کە ئەو بەهایانەی کە لە سەردەمی مناڵی و گەنجیدا ریشە لە ناخی مرۆڤدا دادەکوتن و دەچەسپێن، دەبنە بنەمای بیرکردنەوەو روانین بۆ پێشکەوتن، ئەو راستییە روون دەبێتەوە کە پەروەردە، هەنگاوە سەرەکی وسەرەتاییەکانی رێکخستن و پێشکەوتنی کەلتووری هەڵدەگرێت. کەوابوو، ئەرکێکی تری سیستەمی پەروەردە، پەروەردەو پەرەپێدانی بەهاکانی تاک وکۆمەڵگایە، وەک بەها ئەخلاقی و مەدەنییەکان. ئەگەر وڵاتێک بە دوای گەشەو پێشکەوتنەوە بێت، دەبێت سیستەمی پەروەردەکەی ئەم ئەرکانە لە ئەستۆ بگرێ ولەم پێناوەدا پاڵپشتی لە هەوڵی خێزانەکان بکات. ئەگەر پەروەردە یارمەتی ناسین و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بدات، ئەگەر رێزگرتنی مرۆڤ بە ئەرک و بایەخ بزانێت، هەوڵ بدات راستگۆیی و سەبرو یەکیەتی ویارمەتی یەکتر لەناو مناڵاندا پەرە پێبدات، ئەوا بەها ئەخلاقیو مەدەنییەکان برەو پەیدا دەکەن و کەلتووری کۆمەڵگا گەشە دەکات.

کەوابوو، لەهەر لایەکەوە سەیری پەروەردە بکرێت، لە چەقی پێشکەوتنی کەلتووریدا دەبینرێت. چ باس لە دەوری پەروەردە بکرێت لە گواستنەوەو هەڵسەنگاندنی میراتی کەلتووری کۆمەڵگا، یان ئەرکی کۆمەڵایەتی کردنی تاکی روون بکرێتەوە و، دەوری ئەو دامەزراوەیە لە چەسپاندن و پەروەردەکردنی بەهاکان و کەسایەتی تاکدا بخرێتە روو. واتە پەروەردە بەشیکی سەرەکییە لە پێشکەوتنی کەلتوور و بە پێچەوانەی دەوری پەروەردە لە گەشەی ئابووریدا کە وەک کەرەستەیەک وایە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک، لە گەشەی کەلتووردا دەوری کەرەستەی نیە وبۆخۆی بەشێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان.

هەڵبەت پیشکەوتنی کەلتوور لە هەر کۆمەڵگایەکدا، وەک بوارەکانی تری پیشکەوتن، گرفتی تایبەت بە خۆی هەیە. کە پێویستە لە کەنار دەسنیشانکردنی هۆکارەکانی پێشکەوتنی کەلتووردا، ئەو گرفت وبەرزی ونزمیانەش بناسرێت وبە دیدێکی زانستی و ئاقڵانە وبە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پیشکەوتوو، چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. بێ گومان یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی پێش نەکەوتنی کەلتووری لە کۆمەڵگاکاندا، لاوازکردن و لە دەورخستنی هۆکارەکانی پێشکەوتنە. بۆنموونە ئەگەر دیدێکی کۆنترۆل کارانە بەسەر سیستەمی پەروەردەدا حاکم بێت کە لەجیاتی بایەخدان بە بەشداری لە بەڕێوەبردن و پەروەردەکردندا، گرنگی بە کۆنترۆڵ کردن وکۆنترۆڵکاران بدرێت. ئەوا لە رێگای لەبار بردنی سیستەمی پەروەردەوە، هۆکارو بنەماکانی پێشکەوتنی کەلتووریش لەکار دەخەن. ئەڵبەت بەپێی توێژینەوەکان، نەبوونی هاندەرەکانی سەرکەوتن، بیرکردنەوەو بڕیاردان لەسەر بنەمای هەست وسۆز، حەزلە لاسایی کردنەوە، کەلتووری سیاسی و بەڕێوەبەریی لە گرفتەکانی سەر رێگای پێشکەوتنی کەلتوورین.