لێکۆڵینەوە

06:59 - 16/06/2020

ڤەندالیزم و رەفتاری تێکدەرانە‌‌

سەعید سەیدی

ژیان لەکۆمەڵگادا پێویستی بە هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی ویاساوسنوورە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. ئەم یاساو ڕێسایانەش لە سەر بنەمای بەها کۆمەڵایەتییەکان پێکدێت و پاراستن و لەبەرچاو گرتنیان کۆمەڵگا جوانتر نیشان دەداو رێکوپێکی پێدەبەخشێت.   لەراستیدا بیرمەندانی زانستی کۆمەڵایەتی و ئەوانەی توێژینەوە لە رەفتاری مرۆڤ دەکەن، ئەو یاساو رێسایانە وەک پێوەرێکی چەسپاو چاو لێدەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی رەفتاری باش و پەسەند.

کەوابوو یاسا کۆمەڵایەتییەکان ئەوە بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە روون دەکاتەوە کە لەهەر پێگەیەکی جڤاکیدا دەبێت چ جۆر رەفتارێک ئەنجام بدەن و لە چ جۆرە رەفتارێک خۆ ببوێرن، بۆ ئەوەی  سامان و رێکوپێکی بە کۆمەڵگا ببەخشن. بەم حاڵەش، گەلێک هۆکاری جۆراوجۆر لەکۆمەڵگا دەست بە دەست یەکەوە دەدەن و دەبنە هۆی روودانی تاوان و دیاردەو درمی دزێوی کۆمەڵایەتی و ڤەندالیزم یەکێک لەو رەفتارە لادەرانەیە کە لەمڕۆدا یەخەی کۆمەڵگاکانی گرتووە.

هەموومان کەسی وامان پێ شکدێت یان کردەی کەسی وامان دیوە کە بێ گوێدان بە یاساو بەها کۆمەڵایەتییەکان و بێ لەبەر چاوگرتنی مافی کەسانی دیکە، لەڕێگای خراپکردن و تێکدانی کەلوپەل و موڵکی گشتییەوە دەیەوێت هەڵچوونی تووڕەیی ناخی خۆی دامرکێنێت و شێواوی دەروونی خۆی بخاتەڕوو. ئایا ئەم رەفتارە جۆرێک نەخۆشییە یان دەربڕی شێواوی و تووڕەیی پەنگخواردووی کەسانێک کە نازانن چۆن خۆ لە دەست خدوەو هەستی نەرێنی خۆیان رزگار بکەن؟

هەرچۆن بێت، شارەکان بەستێنێکی لەبارن بۆ روودانی تاوانی جۆراوجۆرو لەناویاندا، ڤەندالیزم لە ریزی ئەو رەفتارە تێکدەرانەو خراپەکاریانەدایە کە بە سیمای شارەکانەوە دیارەو لەهەموو شارەکان و بەتایبەت لەشارە گەورەکاندا رۆژانە ئەنجامی ئەو رەفتارە ناپەسەندو دزێوە دەبینرێت کە بکەرانی، بە ئەنقەست شانیان بۆ تێکدان و لەناوبردنی جوانییەکان و هەموو ئەو شتانەی کە بە موڵکی گشتی دادەنرێت شل کردووە.ساڵانە بەهۆی ئەم رەفتارە تێکدەرانەیەوە بەملیار دۆلار زیان بە شارەبچووک و گەورەکانی جیهان دەگات، هەرچەند تا ئێستا هیج ئامارێکی دروست لەبارەی زەرەرو زیانەکانی ئەم کردارە چەوتە لەشارە کانی هەرێمی کوردستان لەبەردەستدا نیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە زیانێکی بەرچاوی لێدەکەوێت.

تێکدانی شوێنەگشتییەکان و خراپکردنی کەلوپەلی گشتی و ئەو زەرەرو زیانانەی کەبەم هۆیەوە لەکۆمەڵگای شارەکان دەدرێت، هەم شارەوانی و دەزگا خزمەتگوزارییەکان لە پاراستنی سیمای شارو خزمەتگوزاریدا تووشی گرفت دەکاو هەم نینۆکی ناخۆشی دەخاتە ناخی خەڵک و لە پێداویستی و هەبوونی سیمای شارێکی جوان بێ بەشیان دەکات. جیالەمانە، لایەنی دیکەی ئەم دیاردە دزێوە،  ئەو زیانە ئابوورییە بەرچاوەیە کە ساڵانە دەدرێت بە کۆڵ شارەوانی و دەزگاو دامەزراوەکانی دیکەداو دەبێت قەرەبوو و تێچووی ئەم زیانانەش لە باج و سامانی گشتی دابین بکرێت.

پێشینەو پێناسەی ڤەندالیزم
ڤەندالیزم (Vandalism) لە وشەی ڤەنداڵ (Vandal)ەوە هاتووەو ڤەنداڵ ناوی گەلیک بووە لە گەلانی جێرمەن- سلۆڤیک کە لەسەدەی پێنجەمی زایینیدا لەناوچەیەکی نێوان دوو رووباری ئۆدێرو ویستۆڵدا ژیاون. ئەوان لە ناوەڕاستەکانی ئەم سەدەیەدا هێرش دەکەنە سەر ئیتالیاو ئیمپراتۆریەتی رۆمی رۆژئاوا دەرووخێنن و شارەکان تاڵان دەکەن و پەیکەرەکان دەشکێنن و پەرتووکەکان دەسووتێنن و ئاگر لەبیناکان بەردەدەن. ڤەنداڵەکان پەلاماری هەر ناوچەو شارێکیان دەدا، ئەوەی بیانتوانیبا بیبەن دەیان بردو ئەوەی نەدەبرا، لەناویان دەبرد. مێژوو دەڵێت ئەوان خەڵکانێکی توندو تیژو شەرخواز بوون، کە بەردەوام کۆمەڵگاکانی چواردەوری خۆیان هەراسان کردبوو. سیفەتی شەڕئەنگێزی و رەفتاری پەلاماردەرانەو  تێکدەرانەی گەلی ڤەنداڵ بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو رەفتارە توندو تیژو بە ئەنقەستانەی کە بە مەبەستی تێکدانی موڵکی گشتی و دوژمنی لەگەل زانست و پیشەسازی و شارستانیەتەکاندا روودەدات بە ڤەندالیزم ناو ببرێت. بەڵام وەک دەڵین:  جیاوازی ''ڤەنداڵەکانی کۆن''  لەگەل ''ڤەنداڵە نوییەکان'' لەوەدایە کە ئەوان لەپەلاماری وەحشیانەیاندا شتانێکیان تێکدەشکاندو لەناو دەبرد کە بەرهەم و دەسڕەنجی خۆیان و کۆمەڵگای خۆیان نەبوو، بەڵام ئەمانەی ئەمڕۆ شوێنانێک ناشیرین دەکەن و کەلوپەلێک کەلەلا دەکەن کە کۆمەڵگاکەی خۆیان دروستی کردوە.

دیاردەی ڤەندالیزم بە گشتی بەهەر جۆرە تێکدان وخراپکردنێکی بە ئەنقەستی میرات و موڵکی گشتی، بەرهەمی هونەری و شوێنی گشتی و ...هتد دەوترێت کە تێکدەران بە شێوەی تاکەکەسی یان بە کۆمەڵ و بەمەبەست و بێ مەبەست ئەنجامی دەدەن. 

بەشێک لەتوێژەران، ئەم دیاردە بەرچاوەی دونیای سەردەم، بە پەرچەکردارێکی دوژمنکارانەو تۆڵەسەندنەوەیەک دەزانن بەرامبەر بە ستەمکاری، سەپاندن، دەستدرێژی، پەراوێزخستن، گوشاری جۆراوجۆر، شکست ونادادپەروەری و ...هتد. بەشێکی تر لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەم دیاردەیە جۆرێک نەخۆشییەو کەسی تێکدەر پێی خۆشە بە ویست و حەزو ئاگایی خۆی کەلوپەل و میرات و موڵکی گشتی تێکبدات. زۆربەی توێژەران، ڤەندالیزم وەک تاوانێکی بچووک و لە جۆری خراپەکارییەکانی گەنجان ئەژمار دەکەن.

ڤەندالیزم وەک دیاردەیەکی جڤاکی، بەگشتی وەک نەگونجان و ناسازگاری گەنجان لەگەل ژینگەی کۆمەڵایەتییاندا لێکدەدرێتەوە. خاڵی هاوبەشی هەموو پێناسەکانی ئەم وێرانخوازییە ئەوەیە کە ئەم دیاردەیە دەرئەنجامی خراپ و نەرێنی بۆ کۆمەڵگا هەیەو لە هەموو کەلتوورەکاندا بە رەفتارێکی خراپ و ناپەسەند دادەنرێت و  ئەم سەرزەنشت کردنەش تا ئەو ئاستەیە کە هەندێ لە خاوەنڕایان، تێکدەران بە دوژمنانی ئاشکرای کۆمەڵگاو کردارەکانیان بە رەفتارێکی بی باکانە دادەنێن و بە پیویستی دەزانن کە دەوڵەتەکان لەرێگای یاساوە بەرامبەر بەم دیاردە تێکدەرانەیە بێ دەنگ نەبن.

ئەم دیاردەیە لەشارەکان و بەتایبەت لەشارەگەورەکاندا زیاتر دەبینرێت کە هەندێ کەس بە ئەنقەست و لە رووی زانین و ئاگاییەوە ئەو شوێنانەی کە بە موڵکی گشتی دادەنرێن ناشیرین دەکەن و ئەو کەرەستەو کەلوپەل و بەرهەمانەی دەشکێنن کە تایبەتن بە گشت کۆمەڵگاو ئەم رەفتارەش ئەوە نیشان دەدات کە هەندێ کەس یاساو رێسا کەلتووری و جڤاکییەکانی کۆمەڵگایان وەک پێویست قەبووڵ نەکردوە. لەم بارەوە پڕۆفیسۆر ''گابریەل مووزێر'' مامۆستای دەروونناسیی کۆمەڵایەتی زانکۆی ''رێنێ دێکارت''ی فەرەنسا دەڵێت: '' تێکدەران لە کرداری خۆیاندا ئەوەیان بە زەقی نیشان داوە کە ستەم و نادادپەروەری دوو هاندەری گرنگن بۆ خراپەکاری و کرداری تێکدەرانەیان''.

جۆرەکانی ڤەندالیزم
هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، تێکدەرەکان بە دوو شێوەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ هەوڵی ناشیرین کردن و لەناوبردنی کەلوپەل و موڵکی گشتی دەدەن. لەجۆری یەکەمدا کردەی تێکدەرانە بە زۆری بێ پلان وبێ مەبەست ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە ڤەندالیزمی بەکۆمەڵدا، تێکدەرەکان بە پێی بەرنامەو ئامانجێکی دیاریکراو کردەوەکەیان جێبەجێ دەکەن.
هەرچەند ڤەندالیزمی بەکۆمەڵ گەورەترو بەرچاوتر دەردەکەوێت، بەڵام لەراستیدا زیانە ئابووری و جڤاکییەکانی ئەو کردە تێکدەرانەی کە تاکەکەس ئەنجامی دەدات زۆر بەرین ترو قووڵترە. 
تێکدەرەکان دەست لە هیچ شوێن وکەلوپەلێکی گشتی ناپارێزن، بەڵام کارەکانیان بەزۆری ئەم نموونانە دەگرێتەوە: خراپکردن و شێواندنی وێنەکان و پەیکەرەکانی شوێنە هونەرییەکان، ئاسەوارە مێژووییەکان چ لە مۆزەخانە بێت یان شوێنی تر، ئەو پەیکەرانەی کە لە باخچەو پارک وشوێنە گشتییەکان دادەنرێن، کورسییەکان و شوێنەکانی دانیشتن لە پارک و شوێنە گشتییەکان،
سەوزاییەکانی مەیدانەکان و فلکەو پارکەکان، شکاندن و خراپکردنی کەلوپەلی قوتابخانەکان، هۆتێل و چێشخانەکان، شکاندنی گلۆپەکانی پارکەکان و ژێرپردو کەنارشەقامەکان، دڕاندن و شکاندنی کورسییەکانی  سینەماو پاس و فڕۆکەو یاریگاکان، شکاندن و سووتاندنی سەتڵەکانی زبڵ وخاشاک، هەڵکۆڵین و نووسین لەسەر درەختەکانی پارکەکان و بەرزکەرەوەی بیناکان، دڕاندن و خەت کێشانی پەرتووکەکانی پەرتووکخانە گشتییەکان، ئاگرتێبەردانی دارستانەکان و مەخزەنە گشتییەکان، نووسین لەسەر دیواری ماڵان و یاریگاو مەلەوانگەو سەرئاوو شوێنە گشتییەکان، شکانی شووشەی بینا چۆڵەکان وتێکدانی تابلۆی رێنماییەکانی هاتوچۆی کەنار جادەکان و ڤەندالیزمی ئینتەرنێتی و هێرش بۆسەر ماڵپەڕەکان و ...هتد. 

 تێکدەرەکان کێن؟
تێکدەرەکان سەربە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا نین و لە ناوچەیەکی دیاریکراوی کۆمەڵگاو شوێنێکی تایبەتی لەشارەکان نین و تەنیا لە بەشێکی دیاریکراوی شارەکاندا خراپەکاری ناکەن و کەسی خراپەکاریش بۆ ئەنجامدانی کردەوەی ناشیرین و نائاسایی و نایاسایی خۆی هیچ شوێن و وەختێک ناناسێت.

هەڵبەت دیاردەی کۆچکردن و حاشیەنشینی و بوونی هەندێ کەلتوورو خدوەی تایبەت لە بەشێکی دیاریکراوی شاردا، دەتوانێت هۆکاری سەرهەڵدانی کردەوەی تێکدەرانە بیت.
ئەم دیاردە دزێوەی کۆمەڵگا کە بەپێچەوانەی رەفتاری شارنشینی دادەنرێت،  بە زۆری لە ناو مێرمنداڵان و گەنجاندا دەبینرێت، کەسانێک کە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک خوێندن، ئابووری، پێشە، خێزان و ...دا شکستیان خواردووەو، خاوەن کەسایەتییەکی تووڕەو شەڕانین و کەسانێکی دەمدەمی میزاج، تۆڵەسێن، نائارام، گۆشەگیرو نائومێدن.

توێژینەوەکان و ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە رێژەی تەمەنی تێکدەران لە ١٠ ساڵ بۆ ٢٥ ساڵدایەو لەو نیوەشدا رێژەی کوڕان زیاترە لە کچان و ئەم دیاردەیەش پەیوەندییەکی پێچەوانەی لەگەل ئاستی خوێندندا هەیەو بە زۆری لەناو ئەو کەسانەیدا دەبینرێت کە لەڕووی خوێندن و خێزانییەوە لە ئاستێکی نزمدان.

دیاردەی تێکدەرانە بەزۆری لەشارەکاندا دەبینرێت، چوونکە لەشارەکاندا ژمارەی دانیشتوان و فرەچەشنی زیاترە و جیاوازییە کەلتووری، سیاسی، ئابووری و جڤاکییەکان بەرچاوترەو ئەم هۆکارانەش گوشاری دەروونی زیاتر بۆسەر تاکەکان دروست دەکەن.

سەرەکی ترین بنەمای دەروونی لە تێکدەرەکاندا شەڕاشۆییە، شەڕاشۆیی یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرهەڵستکاری دەروونییە بۆ بەدەست هێنانی ئارامی وزاڵبوون بەسەر ژێنگەدا.

هۆکارەکانی ڤەندالیزم
توێژەرانی بوارەکانی کۆمەڵناسی، دەروونی وپەروەردەیی لەئەنجامی توێژینەوەکانیاندا بەو راستیانە گەیشتوون کە ڤەندالیزم بەزۆری هۆکاری ژینگەیی هەیەو لەهەلومەرجە ژینگەییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەروەها مێرمنداڵان و گەنجان گومان لێکراوانی سەرەکی ئەمجۆرە رەفتارە تێکدەرانەیەن و لەشارەکان هەلومەرجە جیاوازەکانی وەک ئاستی داهات، پێداویستییەکانی ژیان، بێ بەشی، جیاوازی چینایەتی و بوونی بەستێنی لەبارو...هتد یارمەتی سەرهەڵدانی ئەم خراپەکارییە دەدەن. بەگشتی هۆکاری سەرهەڵدان وروودانی ئەم کردەوە تێکدەرانەیە کۆمەڵیک هەلومەرجی لێک ئاڵاوی کەلتووری و جڤاکییە. لێرەدا ئاماژە بەهەندێک لەو هۆکارانە دەکەین کە دەورو کاریگەری پڕ رەنگتریان لەسەر ئەم کردارە هەیە.

أ - ئەوهۆکارانەی کە پەیوەندییان بەتاکەوە هەیە
هۆکارەکانی ڤەندالیزم هەرچی بێت، لەکۆتاییدا بەزۆری لەدەروونێکی نائارام و ناخێکی شێواوەوە دروست دەبێت. دەرخستنی ئەم ناخ شێواوییەی تاک بە توندوتیژی و تووڕەیی بێت یان بە شەڕاشۆیی و لەسنوور لادانی بەکۆمەڵ، تێکدان و شێواندنی لێدەکەوێتەوە. یانێ ئەم کردارە دەربڕینی ناڕەزایەتی تێکەڵ بە هەڵڕشتنی شێواوی ناخی تێکدەرەکانە بەرامبەر بەو شتەی کە بەدەستیان نەهێناوە یان پێی نەگەشتوون. بەڵام لێرەدا رق و شێواوی دڵیان بەسەر هەندێ شوێن وشتدا دەڕژێنن. بەقسەی فرۆید دامرکاندنی کوڵی دڵ بە خراپەکاری و تێکدان زادەی حەزو ئینتیمای مرۆڤە بۆ مەرگ و لەم حەزەدا تاکەکان زیاتر کەیفیان بە توندو تیژییە. ئەم هەستە هەندێ جار لە منداڵانیشدا دەبینرێت، ئەوکاتەی کە کەرەستەکانی یارییان دەشکێنن. راستە ئەم دوو کردارە لێک جیان و منداڵان بێ بیرلێکردنەوە تووڕەیی خۆیان بەسەر کەرەستەکانیاندا دەڕژێنن، بەڵام دەبێت خێزانەکان گوێ لەم زەنگە وشیارکەرەوەیە بگرن، چوونکە کردەوەی تێکدانیش جۆرێک حەزە لە شکاندن و خاڵی کردنی تووڕەیی ناخێکی شیواو بەسەر کەرەستەو شوێنە گشتییەکاندا.

هۆکارێکی دیکە، کە پەیوەندی بە تاکەوە هەیە، خۆنیشاندانی تاکەکانە لەبەرچاو دۆستان و هاوڕێیاندا، بۆنموونە جام و شووشەی وێستگەکانی پاسەکان دەشکێنن بۆ ئەوەی هێزو ئازایەتی خۆیان نیشانی هاوتەمەنەکانی خۆیان بدەن و خەڵک سەیریان بکات.

ب- ئەو هۆکارانەی کە پەیوەندییان بە بنەماڵەوە هەیە
بنەماڵە شوێنی پەروەردەکردنی کەسایەتی تاکەو هەر جۆرە بێ سەرەو بەرەییەک لەم پێکهاتەیەدا دەتوانێت هۆکار بێت بۆ پەروەردەکردنی کەسایەتییەکی خراپەکارو لادەر.  بۆنموونە لێکهەڵوەشانی خێزانەکان، مردنی بەخێوکەر، هەبوونی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی لە بەخێوکاراندا، نەبوونی سۆزو خۆشەویستی پێویست لەناو ئەندامانی خێزاندا دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕێکوپێکی وشپرزەییلەبنەماڵەداو بەستێنێک بێت بۆ کاری تێکدەرانەو خراپەکاری. بەپێی توێژینەوەکان بوونی گرفت و شپرزەیی لەبنەماڵەداو لەبەرچاو نەگرتنی بەهاکانی بنەماڵە دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ دیاردەی ڤەندالیزم.

سزای قورس دەتوانێت هۆکارێکی دیکەی ڤەندالیزم بێت، ئەگەر بنەماڵەکان سزای منداڵەکانیان بدەن و لەبەرامبەریاندا زۆر توندو وشک بجووڵێنەوە، ئەوا دەبنە هۆی ئەوەی کە گەنجان لەخێزانەکان داببڕێن و لەبواری هەست و سۆزو دابینکردنی پێداویستیدا تووشی گرفت بن و ئەمانەش رەنگە پاڵنەر بێت بۆ کاردانەوەی توندوتیژ یان تێکەڵ بوونیان لەگەل خراپەکاران.

هەروەها ئەگەر بنەماڵەکان زێدەرۆیی بکەن لە پێڕاگەیشتن بە منداڵەکانیانداو وەک دەڵێن بە نازێکی لەرادەبەدەر پەروەردەیان بکەن، ئەوا ئەگەری زۆرە کە منداڵەکە بە شێوەیەکی سروشتی گەشە نەکاو کەسایەتییەکی متمانە بەخۆی لێ پەیدا نەبێت. ئەگەر منداڵ بەمجۆرە پەروەردە بکرێت و هیچ جۆرە سنوورو بەربەستێک نەناسێت، ئیتر توانای روو بەڕوو بوونەوەی لەگەل گرفت و هەلو مەرجە جیاوازەکانی ژیاندا نابێت و زۆرجار تووشی شکست و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوەو ئەم گرفت و لاوازیانەش دەتوانێت بەستێن بێت بۆ کاردانەوەی توندو تیژو خراپەکاری.
بنەماڵەکان دەبێت توانایی منداڵەکانیان بناسن و چاوەڕوانییەکانیان لە ئاستی تواناییەکانی ئەواندا بێت، چوون چاوەڕوانی نابەجێ و نەشیاو دەتوانێت دابڕانی منداڵەکانی لێبکەوێتەوەو گرفت بۆ پەیوەندی خێزانی دروست بکاو ئەمانەش ببنە هۆکار بۆ کردەوەی توندو تیژانەو روو لە خراپەکاریکردنی منداڵان.

هەموو کۆمەڵگاو خێزانێک بۆ ئەوەی پێشبکەوێت، پێویستی بە رێکوپێکی و یاسا هەیە، بەڵام ئەگەر ئەم یاساو دەبێت و نابێتانە لەتواناو تاقەتی ئەندامانی خێزاندا نەبێت و زۆر سەخت بێت و زێدەڕۆیی تیا بکرێت، ئەوا کاریگەریی خراپ لەسەر منداڵان و پەیوەندی نێوان ئەندامانی خێزان دادەنێت و رەنگە بێ بەشی و بێ هیوای منداڵەکانی لێبکەوێتەوە. کەش و هەوای هەڕەشەو ترس ئاسایش لەمنداڵەکان زەوت دەکاو دەبێتە هۆی ساردو سڕی لەخێزانداو رەنگە تەنانەت بنەماڵەکەش بەرەو لێکهەڵوەشان ببات.

هەڵبەت بە پێچەوانەش ئەگەر هیچ یاساو رێسایەک لە خێزاندا نەبێت و منداڵەکان بەتەواوی رەهابن وهیچ سنوورێک نەناسن، ئەوا لەم بنەماڵەیەدا تاکێکی یاخی پەروەردە دەبێت کە رێگە بەخۆی دەدات دەست درێژی بکاتە سەر ماف و بەرژەوەندییەکانی کەسانی ترو ئازاریان بدات.

ج- هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان
توێژەران پێیان وایە خراپەکاری کاتێک روو دەدات کە پەیوەندی تاک لەگەل کۆمەڵگەدا لاوازو سست یان بچڕاو بێت و لەبەرامبەردا، پەیوەندی باش و بەهێزی تاک لەگەل کۆمەڵگەو ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانێت پێشگیری لە خراپەکاری بکات. چوون بە ڕای توێژەران بێ سەرەو بەرەیی کۆمەڵایەتی گرنگترین بەستێنی دروست بوونی ڤەندالیزمە. واتا کەسانێک پەیوەندی و یەکگرتووییان لە گەل کۆمەڵگەدا نیەو بەهەر هۆیەک، پەراوێزکەوتوون یان خۆیان وا هەست دەکەن، تووڕەیی و رقی دڵی خۆیان بەسەر ماڵ و موڵکی گشتیدا دەڕژێنن. بەڵام چی ئەم هەستە لای تاک دروست دەکات یان پەیوەندییەکەی لەگەل کۆمەڵگە لاواز دەکات؟

جیاوازی چینایەتی، واتا بوونی کەلێن لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگا، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دەگوازێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەو دژایەتی کۆمەڵایەتی لیدەکەوێتەوەو بە هۆکاری ڤەندالیزم دادەنرێت. کاتێک شارەکان دابەش دەبن بەسەر چەمکەکانی وەک باڵاشارو خوارشار، گەڕەکی دەوڵەمەندان و هەژاران یان باسی حاشیەنشینی دەکرێت، مانای ئەوەیە کە هاووڵاتیان وەک یەک لە خزمەتگوزاری و پێداویستییەکان بەهرەمەند نین، ئەم جیاوازی و نادادپەروەریەش دەتوانێت سەرچاوەی رەفتاری دوژمنکارانەو کردەوەی تێکدەرانە بێت.

بەپێی توێژینەوەکان، پەروەردەی کۆمەڵایەتی پەیوەندی بە دیاردەی ڤەندالیزمەوە هەیە. ئەو سیستەمە پەروەردەیەی کە لەهەر کۆمەڵگایەکدا هەیە، بەرهەمی کردارو ئەخلاق و مێژوو و یاساکانەو لاوازی و بێ بڕشتی ئەم سیستەمەش بەگەورەترین عەیب و کەموکورتی ئەو کۆمەڵگایە دادەنرێت کە هەم سیمای ئەمڕۆی کۆمەڵگاکە خەوشدار دەکات و هەم سایەی بەسەر سبەی کۆمەڵگاشەوە دەمێنێت و بەمجۆرە ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکان لەمەترسی دەخات. مانای ئەم قسەیە ئەوەیە کە شارەکان دەبێت شوێنی پەروەردەی کۆمەڵایەتی بن و تاکەکان بتوانن لەودا فێری کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان بن. بێ بایەخ زانینی موڵک و بەرژەوەندی گشتی لەشارەکاندا بە گرنگترین زیان و لێکەوتەی لاوازی پەروەردەی کۆمەڵایەتی دادەنرێت.

هۆکارێکی دیکە کە پاڵ بەتاکەوە دەنێت بەرامبەر بە موڵکی گشتی کردەوەیەکی تێکدەرانە ئەنجام بدات، ئەوەیە کە تاک لەکۆمەڵگا هەست بە غەریبی بکات، یانێ پێکهاتەکانی کۆمەڵگە هەلومەرجێکیان پێکهێنابێت کە لەودا مرۆڤ نەتوانێت لەنێوان رەفتاری خۆی و ئەو پاداشتەی کە کۆمەڵگە پێی دەدات پەیوەندی دابمەزرێنێت.

توێژەران پێیان وایە رەفتاری لادەرانەو کردەوەی تێکدەرانە وەک باقی رەفتارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەکرێت لە رێگای پەیوەندی وتێکەڵی لەگەل کەسانی خراپەکاردا بگوازرێتەوە و ئەنجامی توێژینەوەکانیش ئەوە نیشان دەدەن کە بەزۆر بوونی پەیوەندی لەگەل کەسانی تێکدەرو خراپەکاردا رادەی رەفتاری تێکدەرانە لەناو گەنجاندا زیاتر دەبێت.

دەوری راگەیەنەکان، ناوەندە کەلتووری و پەروەردەییەکانی وەک قوتابخانەکان و زانکۆکان لە کۆمەڵایەتی کردنی مندالان و گەنجان و  رێگری کردن لە ڤەندالیزم و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا بۆ هەموو کەس روونە. بۆنموونە پەیوەندییەکی راستەوخۆو مانادار لەنێوان کەڵک وەرگرتن لە راگەیەنە گشتییەکان و ڤەندالیزمدا هەیە.  '' ساتێرلەند'' ی کۆمەڵناس پێی وایە، راگەیەنەکان هەندێ هۆکارن بۆ فێربوونی هەندێ رەفتاری خراپەکارانەی وەک توندو تیژی، ئاژاوەنانەوەو شەڕاشۆیی. یان رەنگە راگەیەنەکان لەرێگای فیلمەکانەوە هونەری نوێی ئازار گەیاندن بەکەسانی تر و هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانیان فێری منداڵان بکەن. یان رەنگە بەهۆی نیشاندانی توندو تیژی و کردەوەی تێکدەرانە، ئیتر هەستیاری بینەران و بەتایبەت گەنجان بەرامبەر بە توندو تیژی و کردەی تێکدەرانەو دەرئەنجامە زیانبارەکانیان کەم ببێتەوە.

هۆکارە ئابوورییەکان
باج و خزمەتگوزاری: لەراستیدا دەبێت لەنێوان ئەم دوو هۆکارەدا پەیوەندییەکی مانادار هەبێت، هەروەک چۆن لە نێوان ئەم هۆکارانەو دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ڤەندالیزمدا پەیوەندی هەیە. ئەگەر خزمەتگوزارییەکان لە باجی هاووڵاتیان دابین بکرێت و باج بۆ خزمەتگوزاری خەڵک و خزمەتی کەرەستەو شوێنە گشتییەکان بێت، خەڵکیش زیاتر دەیپارێزێت، بەڵام رەنگە تێگەیشتنی دیکەش لە چەمکی باج و خزمەتگوزاری  هەبێت، بۆنموونە کەسانێک بڵێن ئێمە باج دەدەین و خزمەتگوزاری وەک پێویست نیەو ئەمەش بەدگومانی و بێ متمانەیی و سەرئەنجام کردوەی نەشیاوی ناشیرین کردنی شوێنی گشتی و شکاندنی کەلوپەلی گشتی لێبکەوێتەوە. 

چی بکرێت لەبەرامبەر دیاردەی تێکدەرانەی ڤەنالیزمدا؟
٭ لێکۆڵینەوەو خستنەڕووی زیانی ساڵانەی ڤەندالیزم لەلایەن شارەوانی و دەزگا زیان لێکەوتووەکانی دیکە بۆ ڕای گشتی.
٭گرنگیدان بە توێژینەوەو راوێژکاری لە قوتابخانەکاندا بۆ راوێژکردن لەگەل قوتابیانی تێکدەرو چارەسەر کردنیان.
٭ گرنگیدان بە پەروەردە، کەلتوورسازی وتایبەتمەندی ژیانی شارنشینی و بردنەسەرەوەی وشیاری گشتی لەبارەی ئەم دیاردەیەوە.
٭هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی قەیران خوڵقێنی نادادپەروەری و لەبەرچاو گرتنی دادپەروەری لە تەرخانکردنی بوودجە بۆ هەموو گەڕەکەکانی شارو ئاوڕدانەوە لە خزمەتگوزاری گەڕەکە هەژار نشینەکان و قەراخ شارەکان و باشتر کردنی ستاندارەکانی ژیانی  شاری لە تەوای شارو بەتایبەت شوێنە بێ بەشەکاندا.
٭هەوڵدان بۆ باشکردن و جوانکردنی ژینگە، شوێنە گشتییەکان و کەرەستەکانی، بۆ ئەوەی هەلومەرجەکان یارمەتی درست بوونی کەلتووری پاراستنی موڵکی گشتی بدات.
٭گرنگیدان بە متمانەو پەیوەندی خەڵک لەگەل دەزگا خزمەتگوزارییەکان و دروست کردنی متمانەی گشتی بۆ کارو چالاکییەکانی شارەوانی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە.
٭گرنگیدان بە کاتەکانی پشووی مێرمنداڵان و گەنجان.
٭گرنگیدان بە چۆنیەتی پاراستنی شوێنە گشتییەکان و کەرەستەو موڵکی گشتی بە هۆی راگەیەنەکانەوە.
٭گرنگیدان بە هەستی هاوپەیوەندی ودڵسۆزی و هەست بە بەرپرسایەتی کردنی خەڵک لەبەرامبەر میرات و موڵک و بەرژەوەندی گشتیدا.
 ٭چاودێری کردنی شوێنە گشتییەکان و لەبەر چاوگرتنی سزای یاسایی بۆ ئەو تێکدەرانەی کە زیان بە کۆمەڵگاو شوێنە گشتییەکان دەگەیەنن