لێکۆڵینەوە

02:07 - 21/06/2020

تورکیاو ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی‌

گەیلان عەباس

 

رۆژی (15)ى حوزەیرانی (2020) تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاوی سەربازی و ئاسمانی بەناوی (چنگی هەڵۆ)، دژ بە بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
رۆژێک دواتر، بەدیاریکراویش لەشەوی (16)ى حوزەیران، ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانی و زەمینیشی، بەناوی ئۆپەراسیۆنی (چنگی پڵنگ) بۆ ناوچەی هەفتانین لەزاخۆ بە هەمان ئامانج راگەیاند.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کەئایا تورکیا ئامانجی لەم ئۆپەراسیۆنانە تەنها بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکەیە؟
یاخود ئامانجی دیکەی هەیە لەم هێرشانەدا و پەکەکە کراوەتە پاساوی هێرشەکە؟
ئایا تورکیا توانیوەتی تا ئێستا ئامانجی ئۆپەراسیۆن و پەلامارەکانی بەدەست بهێنێت؟

لەرێگەی ئەم نوسینەوە هەوڵدەدەین لەسەر ئەم پرسانە بوەستین، بەتایبەت لەچوارچێوەی ئەو روداوانەی کە لەم چەند رۆژەی سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکاندا رویانداوە.
ئەوەش پشت بەست بەلێکدانەوەی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن هەریەک لە وەزارەتی بەرگری تورکیا و دەزگاکانی نزیک لەپەکەکە و سەرچاوەکانی دیکە، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا بڵاوکراونەتەوە.

ئامانجەکانی تورکیا لەئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشی بۆ هەرێمی کوردستان
 بێگومان تورکیا لەئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەکانەدا کۆمەڵێک ئامانجی هەیە، لەوانەش ئامانجی (ئاشکرا و شاراوە)، لەگەڵ ئامانجی (کاتی و ستراتیژی).
بەڵام ئەوەی تائێستا بەرونی دەرکەوتوە ئەوەیە کەتورکیا تائەم ساتە نەییتوانیوە لەهەردو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا دەستکەوت و ئامانجی گەورەی سەربازی بەدەستبهێنێت.
بەڵام ئایا دۆخەکە بۆ تورکیا بەم جۆرە بەردەوام دەبێت، یاخود گۆڕانی بەسەردا دێت؟.
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئاراستەی روداوەکان و بەردەوامبونی ئۆپەراسیۆنەکان وەڵامی دەدەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا لەم هەوڵانەیدا ژمارەیەک ئامانجی درێژخایەن و ستراتیژی هەیە، بەتایبەت لەهەرێمی کوردستاندا، کە بەرۆژ و دو رۆژ بۆ تورکیا دەستەبەرنابن و لەوپێناوەدا تورکیا بەردەوام پلان بۆ بەدەستهێنانیان دادەرێژێت.
وەک هەمیشە تورکیا بەئاشکرا رایگەیاندوە ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی، بریتییە لەروبەڕوبونەوەی پەکەکە و لەناوبردنی گەنجینە و بارەگا سەربازییەکانی پەکەکە و لەنێو قوڵای ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا.
لەگەڵ بەئامانجگرتنی چەند ئامانجێکی دیکە، کەپەیوەستن بە پەکەکەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، ئەمەش وەک ئامانجێکی سەرەکی و راگەیەندراو ئاشکرای تورکیا.
لەبەرامبەر ئەمەدا، چەند ئامانجێکی دیکەی شاراوە و نهێنی و ستراتیژی تورکیا لەپشت ئەم هێرشانەوە خۆیان مەڵاس داوە، لەدیارترینیان پەیوەستە بەخواستی تورکیا بۆ پاوانخوازی و فراوانخوازی سنورەکانی و سەپاندنی هەژمونی خۆى بەسەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا. بە واتایەکی دیکە خەونی گەڕانەوە بۆ دەستکەوتە مێژوییەکانی سەردەمی عوسمانی.
لەم سەردەمەشدا هەنگاوە کردەییەکانی ئەم خواستەی تورکیا بەئاشکرا لەهێرش و لەشکرکێشییەکانی دیکەی تورکیادا بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان) و لەشکرکێشی تورکیا بۆ وڵاتی لیبیا بەئاشکرا دەبیندرێت.
ئەوەشی پەیوەستە بەهەرێمی کوردستانەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا لەچەندین بۆنەداو بەئاشکرا و پشت بەست بەنەخشەی (پەیماننامەی عەهدی میللی)، ئەم ناوچەیە بەبەشێکی دانەبڕاو لە خاکی تورکیا دەزانن.
لەم پێناوەشدا پەکەکە بوەتە باشترین پاساو بۆ ئەوەی تورکیا، بەناوی پاراستنی ئەمنی قەومی و ئاسایشی سنورەکانی و خۆپارێزی، بەردەوام هێزی سەربازی رەوانەی خاکی کوردستان بکات.
لەئێستاشدا بەفەرمی چەندین بنکەو بارەگای سەربازی و هەواڵگری تورکیا لەم سنورەدا دامەزرێندراون، رۆژانەش زۆر بەئازادانە لەم ناوچانەدا بەپێچەوانەی هەمو پرەنسیپێکی یاسای و نێودەوڵەتی، بەپشتگیری بۆردومانی بەردەوام، ئۆپەراسیۆن و چالاکی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری ئەنجام دەدەن.
لەئێستادا ئەم ئۆپەراسیۆنە، لەدیوە شاراوە و ستراتیژیەکەیدا ئامانج لێی بەهێزکردن و سەپاندنی حزوری تورکیایە بەسەر هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش لەرێی ئەو ناوەند و بنکە سەربازیانەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردودا تورکیا لەم هەرێمەدا دروستی کردون، واتە تورکیا دەخوازێت نفوزو دەسەڵاتی خۆیی لەکوردستان، وەک ناوچەیەک کەبەمافی دێرینی خۆیی دەزانێت، بەهێزترو جێگیرتر بکات و لەوێوە هەرکات ویستی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی دیکەی ببات، لەنمونەی هێرشکردنە سەر قەندیل و شەنگال. لەلایەکی دیکەوە، دەتوانین بڵێین ئامانجی کاتی تورکیا لەئەنجامدانی ئەم هێرشانەدا بۆ ئەوەیە کە لەرێی ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە بتوانێت لەرێگەی میدیاوە توانا و هێزی تەکنەلۆژیای سەربازی خۆى لە ناوچەکەدا نمایش بکات.
هاوکات پەیامێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیش بگەیەنێتە وڵاتانی ناوچەکەو جیهان بەتایبەتیش (عێراق و ئێران و ئەمەریکا). لەدیوە ستراتیجیەکەشەوە تورکیا ئامانجیەتی رۆڵ و پێگەی خۆیی، لەنێو هاوکێشە و ململانێ سیاسی و هەرێمییەکانی ناوچەکەدا بسەلمێنێ و بسەپێنێت، بەدیاریکراویش لەنێو ململانێ سیاسی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا... ئەمانەو چەند ئامانجێکی دیکە.

ئایا ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا ئامانجیان پێکا؟
ئۆپەراسیۆنی یەکەم: چنگی هەڵۆ
شەوی(15) ی حوزەیران، لەهەنگاوێکی لەناکاودا تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی (چنگی هەڵۆ)ی بەبەشداری (18) فرۆکەی جەنگی دژی پەکەکە دەستپێکرد و توانی بەقوڵای (193) کم بێتە نێو قوڵایی ئاسمانی هەرێمی کوردستانەوە.
 سەعاتێک دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، توانیومانە ناوچەکانی (شنگال، قەرچوغ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواکوڕک ...) لە باکوری عێراق (هەرێمی کوردستان) بۆردومان بکەین".
دوای تێپەربونی ١٢ سەعات، بەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا، وەزارەتی بەرگری تورکیا کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکەی وەک خۆیان دەڵێن؛ "بەسەرکەوتن"راگەیاند. بەڵام وەزارەتی بەرگری تورکیا نەیتوانی بەبەڵگە راستی ئەو سەرکەوتنەی کەبانگەشایان بۆ دەکرد بۆ هەموانی بسەلمێنێت.
هاوکات حکومەتی تورکیا نەیتوانی وەڵامی ئەم پرسیارانەش بداتەوە، کە لە دەرئەنجامی کۆتایهێنانی خێرای بەئۆپەراسیۆنەکە بۆ هەموان دروستبو.
لەدیارترین ئەو پرسیارانەش بریتی بون لەوەی کە:
ئایا ئۆپەراسیۆنەکە چۆن دەستی پێکرد و چۆن لەماوەی تەنها ١٢ سەعاتدا سەرکوتو بو؟
ئایا ئەو ٨١ ناوەندەی کەبۆردومانکراون، وەک تورکیا رایگەیاند، ناوەندی پاراستنی هێزەکانی پەکەکە بون؟
 ئایا ئەو ناوەندانەی کە لەناوبراون و بەدیاریکراوی لەچ ناوچەیەکدا بون؟
ئایا لەئەنجامی بۆردومانی ئەو ناوەندانەدا تواندراوە چەند گەریلای پەکەکە بکرێنە ئامانج؟
 بێگومان نەبونی وەڵامێکی بەڵگەدار، لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەو پرسیارانە، ئەو راستییە دەردەخەن کەتورکیا نەیتوانی لەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیەدا ئەو ئامانجەی کەخۆی دەبینیەوە لەوەشاندنی گورزی کاریگەر، سەرکەوتوبێت.
بۆ دڵنیابونەوە لەسەر ئەم راستییە، لێرەدا دێین لەناوەرۆکی راگەیەندراوێکی باڵی سەربازی پەکەکە، کەناسراوە بە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ورد دەبینەوە.
هەپەگە دەربارەی ئاکامی ئەم ئۆپەراسیۆنەی تورکیا بۆ سەر هێزو ناوچەکانیان، ئێوارەی رۆژی ١٦ی حوزەیران، رایگەیاند:"تورکیا لەهێرشەکانیدا ناوچەی هاوڵاتیانی سڤیلی بەئامانج گرتوە، وەک کەمپی پەنابەرانی مەخمورو شەنگال، واتە ئەو شوێنانەی بۆردومانی کردون ناوچەی جموجۆڵی هێزەکانی هەپەگە نەبون و هێزی ئێمەی لێ نەبوە، بۆیە هیچ گەریلایەکی ئێمە لەو هێرشانەدا زیانی بەرنەکەوتوە. بەڵکو تورکیا تەنها خەڵکی مەدەنی کردوەتە ئامانج".
 لەلایەکی دیکەوە یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە)، لەراگەیەندراوێکدا دەربارەی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیەکەی تورکیا بۆ سەر شەنگال رایگەیاند:
 "لەئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شەنگال، شەش بنکەی هێزەکانمان کراونەتە ئامانج و چوار شەڕڤانمان برینداربون".
ئەمانەش بەشێک بون لەو زانیاریانەی کەدەربارەی دەرئەنجامەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیاو ئەنجامەکانی لەلایان هەردولاوە بڵاوکرایەوە.
کەواتە بەسەیرکردن لەماوەی ئۆپەراسیۆنەکە لەراگەیاندن تا کۆتایی پێهێنانی ئۆپەراسیۆنەکە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی لێکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، دەکرێت بڵێین تورکیا نەیتوانی بەدیاریکراوی "ئەو ئامانجە"ی بپێکێت کە پوەست بو بەزەبر لێدان لەپەکەکە لەنێو قوڵای خاکی هەرێمی کوردستاندا.
هەر ئەمەش وایکرد تورکیا دوای ١٢ سەعات ئەم ئۆپەراسیۆنە کۆتایی پێبهێنێت و ئۆپەراسیۆنێکی دیکە، بەگرتنەبەری رێگاو میکانیزمی جیاوازتر دەستپێبکات.

ئۆپەراسیۆنی دوەم: چنگی پڵنگ
تورکیا شەوێک دوای کۆتایهێنان بەئۆپەراسیۆنە ئاسمانیەکەی، دوەم ئۆپەراسیۆنی خۆی، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چنگی پڵنگ)، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. ئەم ئۆپەراسیۆنە تاساتی نوسینی ئەم بابەتە بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرایکرد:” ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانی و زەمینی هێزی کۆماندۆی تورکیایە، ئەوەش بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی لەناوچەی هەفتانین لەزاخۆ، دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). بەئامانجی لەچالاکی خستنی ئەو هێزەو لەناوبردنی بنکەو بارەگاکانیان لەخاکی عێراقدا”.
 بەڵام ئەوەی لەدەرئەنجامی چاودێریکردنی روداوەکانی نزیکەی (84) سەعاتی رابردوی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەوسنورەدا دەستمانکەوتوە، پشت بەست بەکۆمەڵێک بەڵگە، دەردەکەوێت تائێستا وەک ئەوەی کە تورکیا ناوی لێناوە ئۆپەراسیۆنی مەیدانی، ئۆپەراسیۆنەکە بەو رادەیە مەیدانی نەبوە، هێندەی ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییە و درێژکراوەو هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی رابردوی تورکیا لەو دەڤەرانەدا.
بەوپێیەی زۆرینەی هێرشەکانی تورکیا لەم ئۆپەراسیۆنەدا خۆیی بینیوەتەوە لەبۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکان، ئەوەش لەرێگەی بۆردومانی فرۆکەو موشەکە دورهاوێژەکانی تورکیاوە.
 لەلایەکی دیکەوە ژمارەی قوربانیانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی تورکیا تا ئێستا زۆرینەیان هاوڵاتی مەدەنین، بەجۆرێک کە تائێستا لەئەنجامی بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەش هاوڵاتی سڤیلی کورد لەناوچەکانی (سیدەکان و شیلادزێ و کانی ماسی) شەهید کراون.
لێرەدا چەند پرسیارێکی دیکە دێنە پێشمان، ئەوەیش ئەوەیە کە بۆچی دەتوانین بڵێین ئەم ئۆپەراسیۆنە زیاتر ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییە نەک ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی؟ یاخود بۆ دەگوترێت ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژکراوەی ئۆپەراسیۆنەکانی رابردوە؟. هەوڵدەدەین بەخستنەروی چەند بەڵگەیەک وەڵامی ئەم پرسانە بخەینە ڕوو:
1-هەپەگەلەبارەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە لەراگەیەندراوێکدائاشکرایکرد: سوپای تورکیالە٢٣ی مانگی هەشتی٢٠١٩ەوە لەهەفتانین لەهەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئۆپەراسیۆن وهێرشی داگیرکاریی زەمینیان دەستپێکردوە، ئەوەی رۆژی١٦ی مانگ ودرەنگانی ئەو شەو رویدا، بەردەوامیدانە بە هەمان ئۆپەراسیۆن، بەڵام بەناو شێوازێکی دیکەوە، ئەوەش بەپشتیوانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هێلیکۆپتەرەکانیان لە ئاسمانەوە.
 ئەم راگەیەندراوەی هەپەگە دەریدەخات سەرەرای بەردەوامی جموجۆڵی سەربازی تورکیا لەسنوری هەفتانین، لەساڵی رابردوەوە تا ئێستا، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژە پێدەری ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوی تورکیایە لەو سنورەدا، ئەوەی زیادی کردوە تەنها زیادکردنی پشتیوانی هێزی ئاسمانی تورکیایە بۆ لەشکرکێشییەکانی تورکیا لەسنوری هەفتانین.
ئەوەشی کەپەیوەندیداربێت بە بەریەکەوتن و روبەروبونەوە و شەڕی راستەوخۆی زەمینی، لەهەفتانین لەنێوان تورکیا و هێزەکانی پەکەکە، رۆژانە هەپەگە راگەیەندراو لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە، رۆژی ١٨-١٩-٢٠ی حوزەیران، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە، لەسێ راگەیەندراودا چالاکی چوار رۆژی هێزەکانی خۆى لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، لەسنوری ناوچەکانی هەفتانین، ئاشکراکرد.
لەراگەیەندراوەکانی هەپەگەدا باس لەبۆردومانی بەردەوامی تۆپهاوێژو هێلیکۆپتەرو فرۆکە جەنگییەکانی توکیا کراوە لە (مەیدانی کەشان، مەیدانەکانی بەکتۆریا، شەهید کەنداڵ، شەهید سیپان، شەهید بێریڤان و تەپی دوپشک، گردی شەهید ئادار و دەوروبەری و ناوچەکانی، پارتیزان، قەسروک، خانتور و گەلیێ پساخا و شەهید جانشێر ...). لەگەڵ باسکردنی روبەروبونەوەکان لەنمونەی شەڕەکانی (گردی شەهید ئادار، گردی قەسرۆک، گۆڕەپانی دۆلێ مازی، گردی کارتالی ناوچەی بەکتۆریا)، کاتێک هێزەکانی تورکیا ویستویانە بەهێلیکۆپتەر سەرباز لەوناوچانە داببەزێنن و خۆیان بۆ پەلامار جێگیریان بکەن، بەڵام بەهۆی گورز وەشاندنی هێزەکانی هەپەگەوە ناچار بەکشانەوە پاشەکشە کراون، باس لەوەشکراوە کە سەربازانی تورکیا چوار جار هەوڵیانداوە گردی شەهید سیپان داگیربکەن، بەڵام هەر چوار جارەکە تێکشکێندراون. هەپەگە باس لەوەش دەکات کە گەریلاکانیان لەگردی شەهید بێریڤان و کاتۆ سولێ چالاکیی بۆمبییان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە. ئەوەش خراوەتەڕو کە ‌هێزێکی تورکیا هەوڵیانداوە لە گۆڕەپانی پاریزان لە گردی شەهید هەمزەوە بۆ قەسرۆک بچن، لەوێشدا هێزەکانی هەپەگە روبەرویان بونەتەوە. هەپەگە باسی لەوەشکردوە کەهێزەکانیان لەروبەروبونەوانەدا توانیویانە دو هێلیکۆپتەری کۆبرای تورکیا بپێکن.
دەربارەی ژمارەی کوژراوەکانی تورکیا، هەپەگە بەپێی زانیاریەکانی خۆیان رایگەیاندوە؛ لەو چالاکیانەدا ٢٢ سەربازی تورکیا کوژراون و ژمارەیەکی زۆریشیان برینداربون. دەربارەی ژمارەی شەهیدەکانی خۆشیان، هەپەگە ناوی شەش گەریلای بڵاوکردوەتەوە کە لەماوەی چوار رۆژی ئۆپەراسیۆنەکاندا شەهید بون بەناوەکانی (شاهین، تۆڵهەڵدان، چیا، عەگید، مەزڵوم و ئامارا).
لەبەرامبەردا تورکیا رایگەیاندوە تائێستا یەک سەربازی لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کوژراوە، بەڵام تا ئێستا ئامارێکی ورد نییە لەوبارەیەوە ئەوەی هەیە ئەو ئامارانەن کەلەلایەن هەردولاوە بڵاودەکرێنەوە. بەنمونە وەزارەتی بەرگری تورکیا رۆژی ١٩ی حوزەیران ڤیدیۆیەکی بڵاوکردوەتەوە گوایە هێزەکانیان توانیویانە سێ چەکداری پەکەک لەشیلادزێ بکەنە ئامانج. بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو سێ کەسە هاوڵاتی سڤیلی ناوچەی شیلادزێ بون و لەو بۆردومانەی تورکیادا شەهید بون.
دواجار بە وردبونەوە لەراگەیەندراوەکانی هەپەگە و وەزارەتی بەرگری تورکیا، لەگەڵ بەراوردی ئاماری کوژراو و بریندارەکانی هەردولا و شێوازی روبەروبونەوەکان و بەردەوامی بۆردومانەکانی تورکیا، دەریدەخەن کە شەڕی ناوچەکانی هەفتانین و ناوجەکانی دیکەی بادینان، تا ئێستا نەبوەتە شەڕێکی مەیدانی تەواو، راستە لێرەو لەوێ هەندێک روبەروبونەوەی لەئاستێکی دیاریکراودا لەنێوان هێزەکانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لەناوچەکانی هەفتانین و دەوروبەری رویانداوە. بەڵام هێشتا تورکیا زیاتر تەرکیزی لەسەر بۆردومانی ئەو ناوچانەیە لەرێگەی فرۆکەکانیەوە نەک ئەنجامدانی شەڕی مەیدانی.
 ئاشکرایە تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە ستراتیژی جەنگی دژ بەپەکەکە گۆریوە، بۆیە لەم قۆناغەشدا تاناچار نەبێت موجازەفەی شەری مەیدانی و شەری راستەوخۆی زەمینی لەگەڵ پەکەکەدا تاقی ناکاتەوە.
تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە تەنها بەشەری تەکنەلۆژی و لەرێی فرۆکەی بێ فرۆکەوان و فرۆکەی ئێف ١٦ەوە روبەروی پەکەکە دەبێتەوە.
بۆیە جەنگی زەمینی، دەبێتە ئەڵتەرناتیڤ یاخود هەنگاوی دوەمی تورکیا. چونکە وەک گوتمان، جەنگی مەیدانی و پارتیزانی بەتایبەت لەناوچەکانی جێ نفوزی پەکەکە، لەبەرژەوەندی تورکیادا نییە. بەپێچەوانەوەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی کەزیاتر لەبەرژەوەندی تورکیا و زیانی پەکەکەدایە.
هەر ئەمەش وایکردوە کە ئۆپەراسیۆنی هەفتانین سەرەرای ئەوەی تورکیا ناوی لێناوە ئۆپەراسیۆنی زەمینی، بەڵام تا ئێستاش زیاتر سیمای شەڕێکی ناهاوسەنگی تاکلایەنە و ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی پێوە دیارە، وەک لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی تەواو.

2-رۆژی١٦ی حوزەیران لەگەڵدەستپێکی ئۆپەراسیۆنی (چنگی پڵنگ)، وەزارەتی بەرگری تورکیا دو گرتە ڤیدیۆی لەتویتەری فەرمی وەزارەتی بەرگری تورکیادا بڵاوکردوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پەلامارەکانی ئەو شەوەی ئۆپەراسیۆنەکەیان لەناوچەکانی هەفتانین لەهەرێمی کوردستان.
 هەمان رۆژ ئاژانس ( RUPTLY)ی روسی لەبارەی ئەو ڤیدیۆیانەی وەزارەتی بەرگری تورکیا، لەراپۆرتێکیدا رایگەیاند:"ئەو چەند ڤیدیۆیەی وەزارەتی بەرگری تورکیا لەتویتەر، لەژێر هاشتاگی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ لەباکوری عێراق بڵاویکردونەتەوە، ڤیدیۆی کۆنی کۆکراوە و مۆنتاژ کراون".
ئاژانسەکە راشیگەیاند: "بەشێک لەو ڤیدیۆیانە، تۆماری مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨ و مانگەکانی ئایار و شوباتی ساڵی ٢٠١٩ی فرۆکەی بێ فرۆکەوان و ئێف ١٦ی تورکیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سوریادا".
ئەم سەرنجەی ئاژانسە روسیەکە، ئاماژەیە بۆ هەوڵی گەورەکردنی قەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان و نیشاندانی دیمەنی سەربازی کاریگەری رابردو لەلایەن سوپاى تورکیاوە، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگری سەربازان و هاوڵاتیانی پشتیوانیانە لەناوخۆدا بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکە. لەلایەکی دیکەش بۆ کاریگەری دانان و دروستکردنی ترسە لەسەر لایەنی بەرامبەر.
 هاوکات بەشێکی دیکە لەدیمەنە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکانی تورکیا، دەربارەی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ، زیاتر دیمەنی هێرشی ئاسمانی بون. سەرەرای بڵاوکردنەوەی جەند گرتەیەکی مەیدانی، بەڵام هیچ یەکێکیان بەو جۆرە نەبون کەدەریبخەن کۆماندۆکانی تورکیا بەفیعلی لەشەڕدان و ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەرفراوانیان دژی پەکەکە لە هەفتانین بەرێوەبردوە.

3-رۆژی١٧ی حوزەیران، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند:"لەماوەی ٣٦ سەعاتی رابردودا ٥٠٠ پێگەو بارەگای پەکەکە، لەرێگەی فرۆکەی ئێف ١٦ و فرۆکەی بێ فرۆکەوان و کۆپتەرو کاتیۆشاوە بۆردومانکراون و لەناو براون".
بەڵام وەزارەتی بەرگری تورکیا نەیگوت لەسنوری هەفتانین لەروی هێرشی زەمینییەوە توانیویانە چی بەدەستبهێنن و پەلاماری چەند ناوەندی پەکەکەیان داوە؟. واتە بەهیچ جۆرێک باس لە هێرشی زەمینی و ئاستی سەرکەوتن و زیانەکانی ئۆپەراسیۆنەکە نەخرایە رو. لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکە بە زەمینی ناسراوە، نەک ئاسمانی. بەمجۆرە لێرەشدا دوبارە تورکیا تەنها باسی لە تۆپباران و هێرشی ئاسمانیی کرد لەناوچەی هەفتانین. نەک هێرشی زەمینی لە دژی پەکەکە.

لەکۆتایدا
دەگەینە ئەوەی بڵێین:
تورکیا لەماوەی ئۆپەراسیۆنەکانی چەند رۆژی رابردویدا تا ئێستا، ئەوەی کە پەیوەست بوبێت بەگورزی بەهێزو لێدانی روخێنەر لە پەکەکە، بەئامانجی لەناوبردن و کەمکردنەوەی مەترسی ئەو هێزە لەسەر تورکیا، نەیتوانیوە ئامانجەکەی بپێکێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین تورکیا چەند مەبەستێکی دیکەی لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا بەدەستهێناوە، لەنمونەی زیادکردنی هێزەکانی لەسنوری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پیشاندانی هەژمون و باڵادەستی تورکیا بەسەر ئەو ناوچانەی کە دەکەونە نێو سنوری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە لەهەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە تورکیا لەرێی ئۆپەراسیۆنەکانەوە جۆرێک لە سیاسەتی مانۆڕی سەربازی و نیشاندانی هێزی بەسەر بەشێکی گرنگی سنور و ئاسمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ تورکیادا نمایشکرد.
هاوکات تورکیا بەم هەنگاوانەشی پەیامێکی گەیاندە حکومەتی عێراق و وڵاتانی دیکەی وەک ئەمەریکا و ئێران، بەوەی کە تورکیاش یەکێکە لە گەمەکەرانی ناوچەکە و دەتوانێت لە ململانێکانی وڵاتێکی پر کێشەی وەک عێراقدا رۆڵی هەبێت.
لەگەڵ هەمو ئەم ئامانجە کاتیی و مەعنەویانەدا کە دەکرێت بگوترێت تورکیا لەدەرئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا بەدەستی هێناون، بەڵام لەبنەڕەتدا و پشت بەست بەو بەڵگانەی کەباسکران، دەردەکەوێت کە تورکیا هێشتا ئەوەی مەبەست و ئامانجی راگەیەندراوی بوە لەم ئۆپەراسیۆنانەدا، پەیوەست بە پەکەکە و ئامانجە ستراتیژیەکانی لەناوچەکەدا، تا ساتی نوسینی ئەم وتارە لەپراکتیک کردنی پلانەکانیدا ئامانجەکانی نەپێکاون. بە واتایەکی دیکە تورکیا هێشتا نەیتوانیوە ئامانج و دەسکەوتی گەورەی مادی لەم ئۆپەراسیۆنانەدا بچنێتەوە.
بەڵکو ئەوەی تا ئەم ساتە بینراوە تەنها جۆرێک بوە لەدەسکەوت و مانۆڕی ئیعلامی و مەعنەوی بۆ تورکیا، یاخود بەشۆ کردنی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەمیدیا و دەزگاکانی تورکیادا وەک ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوی سنوری بەرفراوانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەکاتێکدا راستی روداوەکانی چوار رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکان دەریدەخەن کە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا، لەسنوری هەرێمی کوردستان، شتێکی نوێ نەبون بۆ تورکیا، بەڵکو درێژکراوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ساڵانی رابردوی بوە. هەر بۆیە لەواقیعدا ئۆپەراسیۆنەکان دەسکەوتێکی گەورەی سەربازی و ئەمنی و ستراتیژیان بۆ تورکیا بەدەستنەهێناوە.