دۆسێ

11:15 - 30/06/2020

سەرنجێک لە سەر پێگەی مامۆستا و ڕۆڵی لەنێو دامەزراوە پەروەردەییەكاندا‌

سەعید سەیدی

مرۆڤ لەکۆمەڵگادا پێگەی خۆی لەسەرچاوەکانی وەک سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵگاو کەلتوورەوە بەدەست دێنێت، بواری کاری مامۆستا کەلتوورییەو لەدامەزراوەی پەروەردەدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، پرسیار ئەوەیە مامۆستا كێیە و كۆمەڵگەو ناوەندە پەروەردەییەكان چۆن لەو ڕۆڵە دەڕوانن؟ جیاوازیی چییە لە نێوان ئەو تێڕوانیانەدا؟

لایەنی مرۆیی لە هەموو دامەزراوەیەکدا بە هۆکارێکی کاریگەر لە مانەوەی ئەو دامەزراوەیە دەژمێردرێت. ئەگەر دامەزراوەیەک بیهەوێت بە زیندوویی بمێنێتەوە دەبێت لایەنە مرۆییەکەی بەردەوام لەگەشە کردندابێت. سیستەمی پەروەردەو پانتایی ئەرکەکانی لەگەل پەرەسەندنی زانست و تەکنەلۆجی و دەسکەوتەکانی دیکە، بەهۆکاری سەرەکی گەشەو پێشکەوتنی هەموو کۆمەڵگایەک دادەنرێت. روونە کە مامۆستا هێزو لایەنی سەرەکییە لە سیستەمی پەروەردەداو چۆنیەتی ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستایان لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، نیشانەیەکی روونە لە رەوتی روو لە هەڵکشان یان داکشانی روو لە ناوچوونی ئەو کۆمەڵگایەو، هەروەها ئاستی ئەقلانیەتی دەسەڵاتداران لە سەرمایەگوزاریشدا نیشان دەدات. 

زۆربەی توێژەرانی بواری پەروەردە باوەڕیان وایە کە ناکرێت باس لە پێگەی مامۆستا بکرێت بەڵام باس لە پێگەو باری ئەوسیستەم و دامەزراوەیەی نەکرێت کە لەودا مامۆستایانی کۆمەڵگا پەروەردە دەکرێت. چوونکە ئەنجام و بەرهەمی ئەو دامەزراوەیە دەبێتە کەسانێک کە گۆڕانی پەروەردە لەوانەوە دەسپێدەکاو ئەوانن کە دەتوانن بەهۆی باری زانستی و کارامەییەکانیانەوە سیمای  سیستەمی پەروەردە بگۆڕن و کەش و هەوایەکی وا لە قوتابخانەکان بخوڵقێنن کەلەودا مرۆڤێکی سەربەخۆی تیا پەروەردە بێت کە ماف و تواناییەکانی خۆی بناسێت، فێرببێت کە چۆن رێز لەخۆی و ماف و کەرامەتی ئەوانی تر بگرێت و بە خۆشەویستی و متمانە بەخۆبوونەوە هەنگاو بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەڵبگرێت.

بە لەبەرچاو گرتنی دەوری گرنگی مامۆستایان و ئەرکی پیرۆزی ئەوان لە پەروەردەو پێشکەوتنی کۆمەڵگادا، دەردەکەوێت کە یەکێک لە گرنگترین ئەو بوارانەی کە پیویستە سەرمایەگوزاری تیا بکرێت، بەشی پەروەردەیەو پشکی زۆری ئەو سەرمایەگوزاریەش دەبێت لەسەر مامۆستایان بکرێت، چوونکە وەک ژان پیاژە دەڵێت: باشترین پلان و جوانترین چاکسازی لە پەروەردەدا  ئەگەر مامۆستای پێویست و، بە تواناو دڵسۆزی نەبێت، ئەنجامی لەشکست زیاتر نابێت.

لەسیستەمی پەروەردەدا نەقشی هۆکاری مرۆیی زۆر گرنگەو مامۆستاش گرنگترین هۆکاری ئەم سیستەمە کاریگەرەیە، چوونکە پەروەردەو پێشکەوتنی تاک لەگەل پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا پەیوەندییەکی راستەوخۆیان هەیەو پەروەردەی مرۆڤ و بنیاتنانی کۆمەڵیک سیفاتی ئەرێنی تایبەت بەم بوارە، ئەنجامی پرۆسەیەکی دوولایەنەی نێوان مامۆستاو قوتابییەو مامۆستا وەک پەروەردەکار دەتوانێت دەورێکی سەرەکی لەم بارەوە هەبێت و تاکێکی بەتوانا، داهێنەرو سوودمەند بۆ خۆی وکۆمەڵگا پێبگەیەنێت.

بەڵام مامۆستا چۆن دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ پەروەردەکردنی نەوەکانی کۆمەڵگاو گەشەی کۆمەڵگا پێی گەشبین بێت؟ بە دڵنیاییەوە دەبێت توانایی و شایستەیی ئەو بەرپرسایەتییەی هەبێت و کۆمەڵیک سیفەت و تایبەتمەندی ئەرێنی تێدا بیت. بەقسەی '' کارڵ راجێرز'' بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت لە یارمەتیدان و رێنمایی کردنی قوتابیاندا کاریگەر بێت، پێویستە قوتابیەکان وەک '' مرۆڤ'' قەبووڵ بکاو لەوان تێبگاو رێزو نرخیان بۆ دابنێت و لەکاتی کێشەدا هاوسۆزیان بێت. مامۆستا دەبێت ئەو تایبەتمەندییە ئەخلاقی و مرۆییەی هەبێت کە کۆمەڵگا وەک سەرباشقەیەکی دڵخواز سەیری بکات. دەبێت زانستی پێویست و کارامەیی باش و دڵسۆزیی و توانایی تایبەتی لە پیشەو بوارەکەی خۆیدا هەبێت، دەبێت ژینگەی قوتابخانە والێبکات کە قوتابی تێدا هەست بە ئاسایش و ئاسوودەیی و ئومێد بکات. پێویستە شارەزایی لەڕێگاکانی فێربوون و شێوازەکانی وانە وتنەوە هەبێت و لە کاریگەرترین رێگاکان کەڵک وەرگرێت.

 

پێویستە زانیاریی لەسەر بنەماکانی دەروونناسی پەروەردەیی هەبێت و بزانێت چۆن لەگەل فێرخوازاندا مامەڵە بکاو یارمەتی فێربوون و پەروەردەکردنیان بدات.  پێویستە لە مەبەست و رێگاکانی هەڵسەنگاندن ئاگادار بێت و لە ئیش و پیشەکەیدا کەسایەتی و ژیانی مرۆڤ بەبنەما بگرێت و هەوڵبدات مرۆڤێکی داهێنەر، بەتوانا، دڵسۆز، دەروەست، رەخنەگر، سەربەخۆو سوودمەند پەروەردەبکات. بەڵام ئایا لە نیشتمانی داگیرکراو و لەت لەتکراوی ئێمەدا زانکۆ و پەیمانگاکانی پەێگەیاندنی مامۆستایان گرنگی و بایەخیان بەم بەهاو پێویستیانە داوە؟ دەی بەشێک لە نزم پێگەیی و بی پێگەیی مامۆستایان لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.  سیستەم و مامۆستایەک کە لەڕیگای سەپاندنی زمانێکەوە راستەوخۆو ناراستەوخۆ بەشدارە لە پەراوێزخستن و سڕینەوەی زمانی نەتەوەیەکی چەندملیۆن کەسیدا، چەندە  قوتابیانی وەک مرۆڤ قەبووڵەو رێز بۆ کەسایەتی و شوناس و کەلتووریان دادەنێت؟ مامۆستا دەبێت چ پێگەیەکی لەو کۆمەڵگاو پەروەردەیەدا هەبێت؟

لەکۆمەڵگا دیکتاتۆر لێدراوەکاندا، دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن تا خووی '' ملکەچ بوونی کوێرکوێرانە'' بنیات بنێن. یەکێک لەرێگاکانی گەیشتن بەم ئامانجەش ژێر رکێف خستنی دامەزراوەو ناوەندە پەروەردەییەکانە. چوون ئەم شوێنانە پاش راگەیەنەکان، بەگرنگترین شوێنی بڵاوکردنەوەو پەرەپێدانی دیاردەی ملکەچ بوون و پاساودانی دەسەڵاتداری دادەنرێت. لەسایەی ئەم کەش و هەوایەدا بوو کە قوتابیانی قوتابخانەکانی ئەڵمانیای نازی ناچار بوون بەشێکی زۆر لە پەرتووکی '' شەڕی من '' لەبەر بکەن. یان لە ئیتالیای فاشیستدا قوتابیان وتەکانی موسۆلینی لەبەر بکەن، ئەنجامی ئەم کەش وهەوایەیە کە وایکردوە، لەقوتابخانەکانی ئێرانی دیکتاتۆر لێدراودا هەموو رۆژێک قوتابیان دۆعای خێر بۆ رێبەرانی رژیم بکەن. کاتێک کۆی سیستەمی پەروەردە دەخرێتە خزمەت ئایدۆلۆژیایەک یان بەرژەوەندی تەسکی تاقمێک، ئیتر نە مامۆستا دەتوانێت دەوری تایبەتی خۆی بگێڕێت و نە پێگەی شیاوی خۆی لەو کۆمەڵگایەدا بەدەست دێنیت.

بۆئەوەی بابەتەکە زیاتر روون ببێتەوەو بەکورتی ئاوڕێک لە پێگەیاندن و پێگەی مامۆستایان لە سیستەمی پەروەردەی وڵاتانی ئەڵمانیاو فینلاندو ژاپۆن دەدرێتەوە بۆئەوەی خوێنەری کوردزمان، بە بەراوردکردنی ئەم ناوەندی پێگەیاندن و قۆناغانە لەگەل لای خۆمان زیاتر بۆی روون ببێتەوە کەسیستەمی پەروەردەوزانکۆ و ناوەندکانی پەروەردەکردنی مامۆستایان چ دەورێکیان لە پێگەی پەروەردەیی و پیشەیی و کۆمەڵایەتی مامۆستایاندا هەیە.

لەوڵاتی ئەڵمانیا خوێندکارانی خوازیاری پیشەی مامۆستایەتی پاش ئەوەی کە لە سێ بۆ شەش ساڵ خوێندنی زانکۆیان تەواوکرد دەبێت لە ناوەندەکانی  پەروەردەی مامۆستایاندا دوو ساڵی دیکە بخوێنن و جگەلەوەی کە دەبێت لانی کەم لەدوو بواردا پسپۆڕی بەدەست بێنن، پێویستە بە چوار قۆناغی تاقیکردنەوەی زارەکی و نووسینەکیدا تێپەڕن تا بتوانن بروانامەی شایستەیی بۆ پیشەی مامۆستایەتی وەرگرن. 

لەوڵاتی فینلاندا مامۆستایان لە ١٠% خوێندکارە نایابەکان تەڵبژێر دەکرێن و دەبێت بۆ ماوەی لانی کەم پێنج ساڵ بخوێنن و هەموویان بڕوانامەی ماستەر بەدەست بێنن، لەو ماوەیەدا زانکۆکان خوێندکاران وەک توێژەرێک و وەک کەسێک کە دەبێتە خاوەن پیشەیەکی سەرەکی و گرنگ، پەروەردە دەکەن. مامۆستایان دەبێت جگەلە بەدەست هێنانی بڕوانامەیەکی سەرەکی لەبواری پەروەردە( بۆقۆناغی بنەڕەتی) یان پسپۆڕی بابەتێک ( بۆقۆناغی ئامادەیی)، پێویستە لەماوەی خوێندندا بڕوانامەیەکی دیکەو لە بابەتێکی دیکەدا بەدەست بێنن. مامۆستایانی فینلاند رۆژانە ٤ کاتژمێر وانە دەڵێنەوەو پیویستە هەفتانەش ٢ کاتژمێر بەشداری خولەکان بن و لەو وڵاتەدا پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستایان لە ئاستی پزیشکان و پارێزەراندایە.

لەسیستەمی پەروەردەی ژاپۆندا، مامۆستا سەرەکی ترین و کاریگەرترین هۆکاری مرۆیی و جێبەجێکاری پلانە پەروەردەیی و فێرکارییەکانە. مامۆستا تەنیا وەک هۆکارێک بۆ گواستنەوەی بەها کەلتوورییەکان، زانست و کارامەیی جۆراوجۆری قوتابیان سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک کەسێک کە بیرکردنەوەو خولیای قوتابیانیش دروست دەکات چاو لێدەکرێت. هەر بۆیە سیستەمی پەروەردە پەیوەندییەکی توندو تۆڵ و راستەوخۆی لەگەل مامۆستاو کارامەییەکانی ئەودا هەیە. لەوڵاتی ژاپۆن مووچەی مامۆستایانی قوتابخانە حکومییەکان بە پێی بڕوانامەو ماوەی خزمەت دیاری دەکرێت و جیالە مووچەی مانگانە یارمەتی دیکەش پێشکەش بە مامۆستایان و بنەماڵەکانیان دەکرێت.

هەروەها ژاپۆنییەکان باوەڕیان وایە کە شایستەیی هەر سیستەمێکی پەروەردەیی بەقەی شایستەیی مامۆستاکانیەتی. لە راستیدا ئاستی سەرکەوتنی وڵات وئاستی مامۆستایان پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە. لەوڵاتی ژاپۆندا کە بە هەبوونی قوتابخانە نایابەکانی لە جیهاندا ناسراوە، داخوازیی گشتی و کێبڕکێ بۆ پەیوەست بوون بە سیستەمی پەروەردەوە زۆر جیدیەو قوتابییە نایابەکان دەبنە مامۆستا.

ژان پیاژە لەپەرتووکی پەروەردەو دەروونناسیدا کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوبووەتەوە، بۆدەربڕینی هۆکارەکانی نزم بوونەوەو دابەزینی پێگەی مامۆستا لە رۆژئاوادا دەنووسێت: لەبەر ئەوەی کە مامۆستایانی ئێستا لەناوەندگەلێکی جیا لە دامەزراوەی زانکۆییدا پەروەردە دەکرێن، نەتەنیا شێوازە نوێیەکانی فێرکردن نازانن، بەڵکو بەهۆی بێ ئاگایی لە لێکۆڵینەوەی پەروەردەیی و نا ئاشنا بوون لەگەل شێوازەکانی لێکۆڵینەوە، لەئاستی پێشکەوتنی زانستی و شێوازو هونەری فێرکردندا بەجێماون و کاتێک کۆمەڵگا، مامۆستاکان لەگەل پسپۆڕانی دێکە بەراورد دەکات و دەبینێت کە ئەوان لانی کەم ئیشی خۆیان بە باشی دەزانن و ئەنجامی دەدەن و رۆژانە لەژێر کاریگەریی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیدا کارامەیی خۆیان پەرە پێدەدەن، ئەوا چاوەڕوان ناکرێت کە کۆمەڵگا پێگەیەکی تایبەت بۆ مامۆستایان لەبەرچاو بگرێت. واتە لەلایەک بردنەسەرەوەی ئاستی زانستی و پیشەیی ئەو شوێنەی کە مامۆستایانی تیا پەروەردە دەبێت و لەلایەکی تر کەڵک وەرگرتن لە کەسانێک کە توانایی و کۆمەڵیک تایبەتمەندی ئەرێنی و باشیان هەبێت بۆ پیشەی مامۆستایەتی، یارمەتییەکی باشی سەرخستنی پێگەی مامۆستایان دەدات.

بەبڕوای کارڵ مانهایم مامۆستایان دەبێت بە جۆرێک پەروەردە بکرێن کە بتوانن لە چەمکی گۆڕانکارییەکان تێبگەن و، دەروەست بن بەرامبەر بە بەرپرسایەتی و پاراستنی بەهاکان و داهێنەر بن. چوون پەروەردە دەبێت بتوانێت بیرو کردار بجووڵێنیت، دەبێت بتوانێت کەسانێک پەروەردە بکات کەلە گۆڕانکارییەکان زۆربەوردی ئاگادار بێت و کەلتوورێکی باش و باڵای هەبێت، بۆئەوەی زۆر ژیرانەو بەوردی تاکەکان بۆ خۆگونجاندن لەگەل هەلومەرجی ناجێگیری ئابووری و جڤاکی ئامادە بکات.

هەروەها، ناکرێت ئیتر شێوازی پەروەردەکردنی مامۆستایان لەئاستی تەڵەکەو بانگەشەیەکی بازرگانیدا بێت. بەداخەوە دیدی بازرگانی بۆ پەروەردە وایکردووە کە قوتابخانە ئەهلییەکان پەروەردەیان کردووە بە دەرفەتێک بۆ بازرگانی و مامۆستایان کردووە بە کەسێکی کاسب. لەکەنار ئەمانەشداو لەهەندێ شوێن بە رەزامەندی سیستەمێک کە بەرپرسە لە پەروەردەو فێرکردنی منداڵان لە قوتابخانەکاندا، ناوەندگەلێک بۆ بەناو فێربوونی زیاتری بابەتەکان و وەک خۆیان دەڵێن بەهێزکردن، دامەزراوە کە هەم بارگرانییە لەسەر ئابووری خێزانەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی مامۆستایان هەیەو هەم سیستەمەکەش بەم رەزامەندیانە بەڵگەی ئاست نزمی و لاوازی خۆی واژۆ دەکات. چوون ئەگەر گرفتێک لە سیستەم و مامۆستاو پەرتووکەکاندا هەبێت پێویستە بەرێگایەکی دروست چارەسەر بکرێت کە شکۆ بە پەروەردەو پێگەی مامۆستا ببەخشێت. راستییەکەی ئەوەیە کە سیستەمی پەروەردەو مامۆستایان بەرپرسن لە پەروەردەو فێرکردنی منداڵانی کۆمەڵگاو قوتابخانەکانیش شیاوترین شوێنی ئەم ئەرکە پیرۆزەن.

پێگەی مامۆستا لەدونیای ئەمڕۆدا
مامۆستا تاقە هۆکاری هەرمانی پەروەردەیە کە سەرەڕای گۆڕانکاری زۆرو بەردەوام وبەرین لە هەموو رەهەندەکانی ژیانی مرۆڤدا، وەک هەمیشە پێگەی خۆی پاراستووە. لە مەکتەبخانەکانەوە بگرە تا قوتابخانەکان، لەسیستەمی کۆنی پەروەردەوە بگرە تا سیستەمی نوێ، هەردەم وەک هەمیشە ئەم هۆکارە کاریگەرو سەرەکییە وەک کۆڵەکە سەرەکییەکانی پەروەردە ماوەتەوە.

پەرەسەندنی تەکنەلۆجی و زانیاری و راگەیەنەکان نەک هەر مامۆستایان پەراوێز نەخستووە، بەڵکو ئەویان لەچەقدا هێشتووەتەوەو ئەم دەسکەوتانەش کەوتووەتە خزمەتی بۆ ئەوەی زیاتر لە رابردوو دەوری بنیاتنەرانەی خۆی بگێڕێت و پێگەی خۆی سەربخات. بەڵام ئەگەر وشیار نەبێت  رەنگە پێچەوانەی ئەمەش رووبدات. بۆنموونە ئەگەر مامۆستایان کارامەیی پێویستیان نەبێت بۆ بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆجی نوێ، یان باوەڕیان بە کەڵک وەرگرتن لەشێوازە کۆنەکان هەبێت، بێ گومان زیان بە پلەو پێگەی خۆیان دەگەیەنن.

مامۆستایان هۆکاری سەرەکی گۆڕانن لە سیستەمە پەروەردەییەکاندا، واتا ئەوە مامۆستایانن کە جیاوازی سیستەمە سەرکەوتووەکان لە سیستەمە فاشلەکان ئاشکرا دەکەن. کەوابوو هیچ سیستەمێکی پەروەردەیی بێ پاڵپشتی و بێ لەبەر چاوگرتنی نەقش و پێگەی مامۆستایان ناتوانێت سەرکەوتووبێت. زانست و تەکنەلۆجی و پڕۆگرام و... بێ هەبوونی مامۆستایانێکی بە توانا و دڵسۆز بە هیچ کوێ ناگات.

بەڵام بۆئەوەی پەروەردە بتوانێت ئەرکی گرنگی خۆی بەسەرکەوتووی ئەنجام بدات، پێویستە لە ئێستادا دەوری خۆی پێناسە بکاتەوە، چوون ئەگەر تا دوێنێ نەقشی پەروەردە فێرکردنی قوتابیان بوو، ئێستا ئیتر دەبێت گۆڕان بەسەر ئەم نەقشەدا بێت. واتا دەوری قوتابخانە لەمڕۆدا ئەوەیە کە قوتابیان فێر بکات کە چۆن فێرببن، لەکوێدا فێرببن، سەرچاوەکانی فێربوون بناسن، چۆن بیربکەنەوە، تواناییەکانی خۆیان بناسن، فێری کارامەییەکانی ژیانیان بکەن و هەروەها تاکێکی سەربەخۆو متمانە بەخۆ پەروەردە بکەن. قوتانخانە دەبێت لە جیاتی فێرکردن، چۆنیەتی فێربوون بخاتە رۆژەڤی کاری خۆیەوە، لەبەر ئەوەی کە قوتابیان ئەو بۆچوونەی جارانیان نەماوە کە مامۆستاکان زیاتر لەوان دەزانن و مامۆستایانیش دەبێت ئەم گۆڕانکارییە لەبەرچاو بگرن و قوتابیان بە هاوبەشی پرۆسەی پەروەردەو فێربوون بزانن. مامۆستایان دەبێت بزانن کە قوتابیان توانای گۆڕانی روانگەی بنەماڵەکانیان هەیەو روانگەی ئەم دوو لایەنەش دەتوانێت بە قازانجی پێگەی مامۆستا، گۆران لە کۆمەڵگادا دروست بکات. 

پێگەی مامۆستا لەدیدی یوونێسکۆوە
 یوونێسکۆ لە ئۆکتۆبەری ١٩٩٦دا راسپاردەیەکی بۆ رێزگرتن لە پلەو پێگەی مامۆستا ئامادەکرد، ئەم راسپاردەیە لە ١٣ بەش و ١٤٦ بڕگە پێکهاتووە و بەگشتی هەموو لایەنەکانی ژیان و پیشەی مامۆستایانی لەبەرچاو گرتووە. هەرچەندئەم راسپاردەیە وەک باقی بەڵگەنامەو راسپاردە نێونەتەوەییەکانی لەمجۆرە دەوڵەتەکان ناچار ناکەن بە جێبەجێکردنی، بەڵام وڵاتانی ئەندامی یوونێسکۆ ناتوانن ئەم راسپاردەیە لەبەر چاو نەگرن. چوونکە نوێنەری وڵاتانی ئەندام ناچارن لە کۆبوونەوەی گشتی ئەم رێکخراوەیەدا رادەی بەرەوپێشچوونی وڵاتەکانیان لەئاست جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم راسپاردەیەدا بخەنەڕوو.

بەپێی ئەم بەڵگەنامەیە مامۆستا بەتەواوی ئەو کەسانەی دەوترێت کە لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا بەرپرسایەتی پەروەردەو فێرکردنی قوتابیانیان لەئەستۆ دایە. مەبەست لە پێگەی مامۆستاش گرنگیدان و لەبەرچاوگرتنی لایەنە مەعنەوییەکانی پیشەی ماۆستایەتییەو رێزگرتن و ئەمەگناسی بەرامبەر بەمامۆستایان و لەبەرچاو گرتنی پێوەرە ماددییەکانی وەک مووچەو خزمەتگوزاری شایستەو، هەروەها ئاسایشی پیشەیی و دڵنیایی کۆمەڵایەتی بۆ مامۆستایان.

لەم بەڵگەنامەیەدا مامۆستایەتی وەک پیشەیەک دەناسرێت کە خزمەتی گشت کۆمەڵگا دەکات. هەر بۆیە پێویستی بە مامۆستایانێکی بیرمەند، زاناو کارزان هەیەو دەبێت گیانی خزمەتکردنیان تیابێت و لە هۆش و تەندروستی جەستەیی و کارامەیی و زانستی پیشەکەی خۆیان بەهرەمەند بن و هەوڵبدەن رۆژانە لە رێگای خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەوە ئاستی زانست و کارامەیی خۆیان زیاتر بکەن. هەروەها بە پێی ئەم بەڵگەنامەیە دەبێت دەسڕاگەیشتن بەم پیشەیە لە هەرجۆرە هەڵاواردنێکی نەتەوەیی، رەگەزی، رەنگ، ئایین و مەزهەب، باوەڕی سیاسی، پێگەی کۆمەڵایەتی و باری ئابووری بە دوور بێت.

بەپێی ئەم راسپاردەیە دەبێت پڕۆگرامی پەروەردەکردنی مامۆستایان بەجۆرێک بێت کەمامۆستایان لە ماوەی خوێندندا هەم پسپۆڕی لەزانستی خوازراودا بەدەست بێنن و هەم کارامەیی پەروەردەیی پەیدابکەن. هەروەها پێویستە مامۆستایان رێکخراوی پیشەیی و مەدەنی خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ داخوازی مامۆستایان بکاو بەشێوەیەکی یەکگرتوو لە گەل سیستەمی پەروەردەدا کار بۆ دیاریکردنی سیاسەت و داڕشتنی پلانە پەروەردەییەکان بکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لەمڕووەوە پیش بکەوێت.
یوونێسکۆ پێی وایە کە دەبێت سیستەمی پەروەردە بە راوێژ لەگەل رێکخراوی مامۆستایان کاتژمێرەکانی ئیشکردن و بەشەوانەی مامۆستایان لە رۆژو هەفتەدا دیاری بکات و هۆکارەکانی وەک ژمارەی قوتابیان، کاتی پێویست بۆ پلاندانان و ئامادەکردنی وانەکان، کاری لێکۆڵینەوە، ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی خوێندکارانەوە، کۆبوونەوە لەگەل بنەماڵەی قوتابیان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، بەشداریکردن لەخولەکان و چالاکی دیکە لە کاتژمێرەکانی کاری مامۆستادا لەبەرچاو بگێرێت.

بەپێی ئەم بەڵگەنامەیە مووچەی مامۆستایان دەبێت رەنگدانەوەی بەهاو بایەخی کارەکەیان بێت و بە جۆرێک دیاری بکرێت کە ناڕەزایەتی گشتی مامۆستایانی لێنەکەوێتەوەو هاوکات نەبێتە هۆی ناکۆکی نێوان خۆیان و ئەو کەسانەی کەلەو سیستەمەدا ئیش دەکەن. پێویستە هەموو مامۆستایان لەکاتی نەخۆشی، بێکاری، پیربوون و کەم ئەندام بووندا لەلایەن ناوەندی بەرپرسەوە دڵنیایی و پاڵپشتی وەرگرن و تەنانەت لەکاتی مردنیشدا پێویستە خزمەتگوزاری پێویست پێشکەش بەو کەسانەی بکرێت کە ئەو سەرپەرشتی کردوون.

بەپێی ئەم راسپاردەیەی یوونێسکۆ، سیستەمی سەرپەرشتیاری دەبێت هۆکاربێت بۆ هاندان ودڵگەرمی مامۆستایان لە پیشەکەیاندا، هەڵسەنگاندنی کاری مامۆستا دەبێت بێ لایەنانەو بەپێی پێوەرە زانستییەکان بێت و پێویستە مامۆستایان لەبەرامبەر هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانەو نەشیاوی بەڕێوەبەران، سەرپەرشتیاران، قوتابیان و بنەماڵەکانیاندا  بپارێزرێن و پشتیوانی بکرێن. ئەڵبەت بەشێک لەپێگەی مامۆستایان پەیوەندی بە کرداری خۆیانەوە هەیەو دەبێت یاساو بەهاکانی تایبەت بە پیشەکەی خۆیان بپارێزن و لە قوتابخانەو پۆلدا پێوەرە پیشەیی و پەروەردەییەکان لەبەرچاو بگرن.

بەگشتی لە روانگەی یوونێسکۆوە مامۆستایان دەبێت هەڵگری کۆمەڵیک تایبەتمەندی بن. بۆنموونە دەبێت ئامادەبن کە بڵێن ئێمە نازانین، بەڵام پێکەوە فێر دەبین. دەبێت بزانن کە بە پلەی یەکەم مامۆستای قوتابیانن نەک مامۆستای پەرتووکەکان. ئەوان تەنیا زانیاری بەخش نین، بەڵکو پرۆسەی فێربوونیش ئاسان دەکەنەوە. ئەوان دەزانن کە کاریگەری لەسەر قوتابییە بێ تاقەت و بێ ئومێدەکان و هەروەها لابردنی دیوارەکانی نێوان پۆل و کۆمەڵگا لە ئامانجە گرنگەکانی ئەوانەو دەزانن کە یاریکردن و پشووی نێوان وانەکان، مافی بێ ئەملاو ئەولای منداڵانەو دەبێت هەموو منداڵێک پشکی لەفێربووندا هەبێت و دەبێت مامۆستایان بتوانن دەرفەتێک فەراهەم بکەن کە قوتابیان لەودا هەست بە ئاسایش بکەن.

یوونێسکۆ بۆ رێزگرتن لە مامۆستاو سەرخستنی پێگەی مامۆستایان رۆژی (٥) ئۆکتۆبەری وەک رۆژی جیهانی مامۆستایان ناساندووەو بەسەرنجدان لە پەیامەکانی ساڵانەی ئەم رێکخراوەیە بەم بۆنەیەوە، دەردەکەوێت کە ئامانجی سەرەکی لە دیاریکردنی  ئەم رۆژە، راکێشانی سەرنج و روانگەی گشت کۆمەڵگایە بۆ پێگەو دەوری بنیاتنەرانەی مامۆستایان لە پەروەردەداو رێزگرتن لەم توێژەو چوون بەدەم چارەسەری گرفتەکانیانەوە. لەبەر ئەوەی سیستەمی پەروەردە سەرەکیترین هۆکاری پێشکەوتنی کۆمەڵگایەو بڕشتی ئەم سیستەمەش بەندە بە ئاستی ژیان و کاری مامۆستایانەوە.

زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان رۆژی  (٥) ی ئۆکتۆبەر، یان رۆژێکی تریان لە رۆژمێری کۆمەڵگایاندا بۆ رێزگرتن لە مامۆستایان تەرخانکردوە.  بۆنموونە ئەفغانستان رۆژی (٥) ئۆکتۆبەر وەک رۆژی مامۆستایان دەناسێت و لەم رۆژەدا مامۆستاو قوتابی لە قوتابخانە ئامادە دەبن، بەڵام هێچ وانەیەک ناخوێنن و قوتابیان بە خواردن و شیرینی پێشوازی لە مامۆستاکانیان دەکەن و بەپێی نەریت هەدیەیان پێدەبەخشن. یان لە بەنگلادیش رۆژی (٤) ی ئۆکتۆبەر وەک رۆژی مامۆستا دەناسرێت. بەزۆری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی رێزگرتن لەمامۆستایان لەم وڵاتەدا هەفتەیەک دەخایەنێت. لەم ماوەیەدا هیچ رۆژێک قوتابخانە داناخرێت و مامۆستاو قوتابی لە پۆلەکاندا ئامادە دەبن، بەڵام باسێک لەوانەکانی ناو پەرتووکەکان ناکەن، مامۆستایان باسی بیرەوەری و ئەزموونەکانی خۆیان دەکەن. لەم ماوەیەدا لە لایەن قوتابیانەوە خەڵات و کارتی پیرۆزبایی دەبەخشرێت بە مامۆستایان.

ولاتی چین رۆژی (١٠)ی سێپتەمبەری وەک رۆژی مامۆستا ناوزەد کردوە، لەم رۆژەدا قوتابیان جگە لەوەی کە خەڵات وکارتی پیرۆزبایی دەبەخشن بە مامۆستاکانیان، بەپێی نەریت و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا سەردانی مامۆستاکانی رابردووی خۆیان دەکەن و رێزو ئەمەگناسی خۆیانیان بۆ دووپات دەکەنەوە.

پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستا
پێویستی بە پێگەو رێز، لە پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤە. وەک ئەیبرەهام ماسلۆ دەڵێت: '' پێداویستییەکانی مامۆستا وەک باقی خەڵکی تر وایەو ئەویش هەم پێداویستی تایبەتی و تاکە کەسی هەیە، وەک هەستکردن بە ئاسایش لەشوێنی کارداو هەم پێداویستی جڤاکی هەیە وەک ئەوەی کە نرخیان بزانرێت و رێزیان بۆ دابنرێت''. دابینکردنی ئەم پێداویستیانەو هەبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی باش و بەجێ بۆ مامۆستایان دەورێکی کارسازی هەیە لەوەی کە مامۆستایان دەوری خۆیان لە پەروەردەدا بە سەرکەوتوویی بگێڕن.

بەگشتی پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستا لەژێر کارێگەری دوو هۆکاردایە؛ یەکەم ئەو کۆمەڵە سیفەتانەی کە تایبەتن بە کەسایەتی مامۆستاو دووەم ئەوانەی کە بەندن بە پیشەکەیەوە.
کاتێک باس لە پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستایان دەکرێت، یەکەم شت کە دێتە پیش بۆ بیرکردنەوە باری گوزەران وداهاتی مامۆستایانە. راست  بێت یان هەڵە بۆچوونی زاڵ وایە کە رادەی داهات و مووچەی تاک لە هەر شوێن و پیشەیەکدا تا ڕادەیەک رەنگدانەوەی ئەو پیگەو بایەخەیە کە کۆمەڵگا بۆ ئەو پیشەیەی دادەنێت. توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی مامۆستایان لەسەر ئەو بروایەن کەلە رێگای سڕینەوەی هەژاری و بێ بەشی لە ژیانی مامۆستایانداو دابینکردنی خۆش بژێوی بۆ وان، دەکرێت پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو توێژە بەرز بکرێتەوە.

راستییەکەی ئەوەیە کە ژیانی بەشێکی ئێگجار زۆر لە مامۆستایان لە وڵاتانی هەژارو دیکتاتۆر لێدراودا لەژێر هێڵی هەژاریدایەو زۆربەیان ناچارن زیاتر لە دەوامێک ئیش بکەن، زۆرن ئەو مامۆستایانەی کە شۆفێری تەکسین، دوکاندارن یان لە نووسینگەکانی کڕین و فرشدا ئیش دەکەن و بۆ خۆیشیان دەزانن کە ئەم ئیشانە زیان بە شکۆو پێگەی مامۆستایەتی و پەروەردە دەگەیەنێت، بەڵام دابینکردنی بژێوی ژیان ناچاری کردوون.

ئەگەر باری گوزەران وژیانی مامۆستایان باش نەبێت، نە وەختێکیان دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بواری پەروەردەو پسپۆڕیی  خۆیانداو نە دڵگەرمی و ئومێدێکیان دەبێت بۆ پیشەکەیان و نە گەنجانی خاوەن بەهرەو توانایی و دڵسۆزی روو لە پیشەی مامۆستایەتی دەکەن.

بەداخەوە لە هەندێ لە وڵاتاندا مامۆستایەتی وەک پیشەیەکی سەرەکی و گرنگ سەیر ناکرێت، بەڵکو بە پیشەیەکی پلە دوو دادەنرێت و لە هەندێ وڵاتی دواکەوتوویشدا رەنگە وەک پیشەی ژنان لەبەر چاو بگیرێت، نەک بەو مانای کە ژنان لە پەروەردەکردندا کاریگەرترو گرنگترن، بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن ژنان لەکەنار ئیشی ماڵەوەدا بڕە پارەیەکیش پەیدا بکەن، بەڵکو بەکەڵکی سەردەمی پیری بخوات!! ئەگەر لە شوێنیک بیرکردنەوەیەکی وا هەبێت، کۆمەڵگاو خودی مامۆستاش چ تێگەیشتنێکیان لە

پەروەردەو مامۆستایەتی و پیگەی مامۆستا دەبێت؟
ئەڵبەت هۆکارێکی تر کە کاریگەری لەسەر پەروەردەو پێگەی مامۆستا هەیە، روانگەی سیستەمی پەروەردەیە بۆ پیشەی مامۆستایەتی. بۆ نموونە، ئەگەر روانگەکە ئەوە بێت کە تەنیا لەبەر ئەوەی قوتابیان بێ مامۆستا نەبن و هەزاران قوتابی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە پۆلەکاندا بهێڵرێنەوە، ئەوا سیستەمی پەروەردە وەک چاودێرێک بیر لە مامۆستا دەکاتەوەو دەوری چاودێریی بۆ لەبەرچاو دەگرێت و ئەگەر وابوو ئەوا هەموو کەس و بە هەر جۆرە توانایی و تاقەتێکەوە دەتوانێت پیشەی مامۆستایەتی هەڵبژێرێت.

راگەیەنەکان هۆکارێکی دیکەن کە کاریگەرییان لەسەر پێگەی جڤاکی مامۆستایان هەیە، چوونکە ئەم هۆکارانە تواناییەکی زۆریان لە بواری کەلتوورسازی دا هەیەو تا ئەو رادەی کە ئەگەر پێگەی مامۆستا لە کۆمەڵگەیەکدا نزم بێت، مانای ئەوەیە کە راگەیەنەکان کارنامەیەکی باشیان لەوبارەوە نیەو وەک پێویست ئاوڕیان لەپێگەی مامۆستا نەداوەتەوە.

هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، پێگەی مامۆستا رەهەندی کەسایەتی مامۆستاش لە خۆ دەگرێت، بۆنموونە ئەو مامۆستایانەی کە کارنامەیەکی لاوازیان لە ئیشەکەی خۆیاندا هەیە، هۆکارن بۆ دابەزینی پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستایان. 

زۆرێک لە مامۆستایان باوەڕیان وایە ئەگەر دەوڵەتەکان گرنگی بە گەشەی سەرچاوەی مرۆیی بدەن و بە پلەی یەکەم لە بەشی پەروەردەدا سەرمایەگوزاری بکەن، ئەوا لەم رێگایەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستایان دادەنێن. لە راستیدا یەکێک لە گرنگترین رێگاکانی بردنەسەرەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستا ئەوەیە کە پێگەی پەروەردە بەرز بکرێتەوەو گرنگی بە دەوری هەستیارو کارسازی مامۆستایان بدرێت. پێگەی پەروەردەش لە هیچ وڵاتێکدا بەرز نابێتەوە مەگەر ئەوەی کە دەسەڵاتداران و بەرپرسان بگەنە ئەو باوڕەی کە بنەمای پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا پەروەردەیە.  هەرکات بڕیار بەدەستان گەیشتنە ئەو قەناعەتە، ئەوا سیاسەتی گشتی وڵات گۆڕانی بەسەردا دێت، سەرچاوەی مرۆیی گرنگی و بایەخ پەیدا دەکاو لە بەشی پەروەردەدا سەرمایەگوزاری دەکرێت و سەرئەنجام ئیش و ئەرکی مامۆستایان بۆ کۆمەڵگا روون دەبێتەوەو هەمووان لە دەوری هەستیاری مامۆستایان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا تێدەگەن. ئیتر کۆمەڵگاو دەسەڵات، وەک بەکارهێنێک لە پەروەردەکاران ومامۆستایان ناڕوانێت، بەلکو وەک سیستەمێکی بەرهەمهێن و بنیاتنەر چاو لەمامۆستاو کۆی سیستەمی پەروەردە دەکات.