دۆسێ

03:55 - 23/07/2020

پەتای کۆرۆنا و پێچانەوەی قوتابخانەکان‌

سەعید سەیدی

رەنگە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ناڕاستەوخۆ دەرفەتێکی بەکۆمەڵگاو بەتایبەت توێژەران و رەخنەگرانی بواری پەروەردە دابێت کە بەدیدێکی رەخنەگرانەو کەتوارخوازانەوە هەڵسەنگاندن بۆ چەندو چۆنی سیستەمی پەروەردەو قوتابخانەکان بکەن.

قوتابخانەکان بەجۆرێک تێکەڵ بەژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا ببوو کە رەنگە بیرکردنەوە لەژیانی بێ قوتابخانە تاڕادەیەک دژوار بووبێت، بەڵام بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەرگای قوتابخانەکانی لە جیهاندا داخست و ژیانیش بەجۆرێکی تر بەردەوام بوو. رەنگە وابیر بکرێتەوە کە زەرەرمەندی سەرەکی لە راگرتنی دەوامی قوتابخانەکاندا قوتابیانن، بەڵام قوتابیان بەگشتی و بەتایبەت لەوڵاتانی لەحاڵی گەشەو دواکەوتوودا زۆر لەم داخستنە دڵتەنگ نەبوون و رەنگە وەک خێرو بێری کۆرۆناش سەیریان کردبێت، بۆچی؟ چوون قوتابخانەکانیان لە پەروەردەو فێرکردندا شێوازە کۆن و نەریتییەکانیان بەلاوە نەناوەو هێشتا ترس لە تاقیکردنەوەکان و لەبەرکردنی بابەت و پیناسەکان و پاراستنی یاسا وشکەکانی قوتابخانە زاڵە بەسەر قوتابیانداو ژینگەکانیان نامۆیە بە پرسی گەشەی سروشتی منداڵان و کارامەیی و شادبوونیان. چوونکە هێشتا قوتابخانەکانیان هۆکارێکە بۆ لەقاڵبدانی قوتابیان و گواستنەوەی زانستێکی مردوو، چوونکە ئیتر شوێنی فێربوون تەنیا قوتابخانەکان نیە.

ئایا دەتوانن بڕیار بدەن کە بۆ دەسپێوەگرتنی ئابووری و پاراستنی تەندروستی قوتابیان ئیتر واز لە چاپکردنی پەرتووکەکانی خوێندن بێنن؟

رەنگە کۆرۆنا پەیامی بۆ بڕیار بەدەستانی بەشی پەروەردەش هەبووبێت، وەک چۆن بۆ درێژەدانی خوێندن، دەرفەتەکان و تەکنەلۆجی سەرنجی راکێشان، دەبێت بۆ درێژەدان بە ژیانی قوتابخانەکان بیر لە رێگاو شێوازی تر بکرێتەوە.  بۆنموونە ئایا دەتوانن بیر لەچاپ نەکردنی پەرتووکەکانی خوێندن بکەنەوە؟  ئایا دەتوانن بڕیار بدەن کە بۆ دەسپێوەگرتنی ئابووری و پاراستنی تەندروستی قوتابیان ئیتر واز لە چاپکردنی پەرتووکەکانی خوێندن بێنن؟ رەنگە رۆژێک بۆ نەوەکانی داهاتوومان ببێت بەپرسیار کە چۆن نەوەی پێش لەئێمە رۆژانە چەندکیلۆیەک پەرتووکیان هەڵدەگرت و دەچوون بۆ قوتابخانەو ئەمە بەلایانەوە شتێکی سەرسووڕهێنەر بێت لە حاڵێکدا لەوڵاتانی دیکەی جیهاندا پەروەردەی بێ پەرتووک جێبەجی دەکرا. پێشکەوتن و دەسپێڕاگەیشتنی تەکنەلۆجی دەتوانێت بۆشایی نەبوونی پەرتووکەکان پڕ بکاتەوە.

پرسی داخستن وپێچانەوەی قوتابخانەکان زیاترلە پەنجا ساڵە جێ باس و مشتومڕی نێوان  لایەنگران و رەخنەگرانی پەروەردەو قوتابخانەکانە کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا توانی دەرفەتێک بە بیرۆکەی کەسانی وەک ئیڤان ئیلیچ و لایەنگرانی داخستنی قوتابخانەکان بدات کە گوێ لە ناڕەزایەتییەکانیان بگیرێت و بیرۆکەکانیان ئەزموون بکرێت.

ئیلیچ بە نووسینی پەرتووکی'' پێچانەوەی قوتابخانەکان لەکۆمەڵگا''  بەکردەوە دژایەتی خۆی لەگەل مانەوەی قوتابخانەکان دەربڕی و دەیویست بیر لەتۆڕی پەیوەندی و پەروەردەیی دیکە بکرێتەوە. هەرچەند لەئێستادا بەهۆی پێشکەوتنەوە، بەشی زۆری ئەو پێداویستیانەی کە ئیلیچ باسی دەکرد بەدی هاتوون بەڵام هێشتا جێگەیان بە قوتابخانەکان لێژ نەکردووە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێت روانگەکانی ئیلیچ لەمەڕ پێچانەوەی قوتابخانەکان لە کۆمەڵگا بخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی هەم دەرفەتێکی زانستی بۆ رەخنە لە پەروەردەو قوتابخانەکان فەراهەم بێت و هەم  لەژێر رۆشنایی تیشکی رەخنەکاندا تەکانێکی بەرەو پێش بە پەروەردەی کۆمەڵگا بدرێت.

ئەگەر قەرار بێت منداڵی کرێکارێک پاش ساڵانێک خوێندن، بگەڕێتەوەو درێژە بەکارەکەی باوکی بدات ئەوا باشترە کە وەختی خۆی لە قەفەزی قوتابخانەدا بە فیڕۆ نەدات.   

ئیڤان ئیلیچ لە شاری ڤییەنی نەمسا لەدایک بووەو لە زێدەکەی خۆی و لە ئیتالیا خوێندوویەتی، پاش بەدەستهێنانی بەکالۆریوسی کیمیا روو لە دونیای فەلسەفە دەکاو دواتر هەوڵدەدات لەرێگای نووسین و دەربڕینەوە بۆچوون و گۆڕانەکانی روانگەی خۆی بخاتەروو. ئەو بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی کە رەخنەیان لە ناوەندەکانی خوێندن هەیەو خوازیاری چاکسازین، باوەڕی بە پێچانەوەی قوتابخانەکان هەیەو دەیەوێت لەرێگای خستنەڕووی لایەنە شاراوەکان و کاریگەرییە خراپ و نەرێنییەکانی پەروەردەی فەرمی و ناچاری لەسەر خوێندکاران، مامۆستایان و کۆمەڵگا، شۆڕشێک لەدژی قوتابخانەکان بەرپا بکات. ئەو پێی وایە قوتابخانەکان تەنیا قەفەزێکن و بەس، و دەڵێت ئەگەر قەرار بێت منداڵی کرێکارێک پاش ساڵانێک خوێندن، بگەڕێتەوەو درێژە بەکارەکەی باوکی بدات ئەوا باشترە کە وەختی خۆی لە قەفەزی قوتابخانەدا بە فیڕۆ نەدات.   

رەنگە بۆچوونەکانی تۆزێک توندڕەوی تێدابێت و کەسانێک بڵێن کەلە راستیدا کەسانێک دەناسن کە منداڵی کرێکارو جووتیار بوونەو ئێستا پزیشک و ئەندازیارن، بەڵام ئایا منداڵانی ئەندازیاران و پزیشکان دەبن بە دارتاش و تەنەکەچی و جووتیار؟

ئیلیچ لەپەرتووکی ''پێچانەوەی قوتابخانەدا''  ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆیش دەداتە بەر رەخنەو پێی وایە کە فێرکردنی بەناچاری لە چوارچێوەی پێکهاتەو یاسا وشک و بێ گیانەکانی ناوەندەکانی خوێندندا دەبێتە هۆی تەماح و چاوچنۆکی خوێندکاران بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی سەرتر بێ ئەوەی کە شتێک بە زانست و  ناسین و کارامەیی کردەیی ئەوان زیاد ببێت.  ئەو پێی وایە کە دەوڵەتان لەڕێگای خوێندنی ناچاری و تەنانەت بێ بەرامبەرەوە دەبنە هۆی برەوی بڕوانامەگەری و ناشایستەیی لەناو خوێندکاراندا.  

خوێندن چیە؟
لەروانگەی ئیلیچەوە خوێندن بریتییەلە پرۆسەیەک کە تایبەتە بەتەمەنێکی دیاریکراو و بەستراوە بە مامۆستاو پێویستی بە ئامادە بوونی تەواو وەخت هەیە بۆ ئەو وانانەی کە قوتابی ناچارە بیانخوێنێت. بۆ جێبەجێکردن و درێژەدان بەم پرۆسەیە قوتابخانە قوتابییەکان بە پێی تەمەنیان پۆلێن دەکاو ئەم رێکخستنەش لەسەر ئەم بنەمایانەیە: 

   ١-شوێنی منداڵان قوتابخانەیە.

٢- منداڵان لە قوتابخانەدا فێر دەبن.

٣- تەنها لەقوتابخانەدا دەکرێ منداڵان فێربکرێن.

کە هەڵبەت ئەم بنەمایانە لەلایەن ئیلیچە خراونەتە ژێر پرسیار.

منداڵی هیچ دەوڵەمەندێک نەبوو بە کارەباچی و بۆیاخچی و بەرگدوور

 توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە زۆربەی بنەماڵە هەژارەکان منداڵەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانە بۆ ئەوەی بڕوانامە بەدەست بێنن و چینی مامناوەندیش منداڵەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانە بۆ ئەوەی فێری ئەو شتانەی نەبن کە منداڵی هەژاران لە شەقامەکاندا فێری دەبن.  هەروەها توێژینەوەکان بەشێوەیەکی روون ئەوەیان نیشانداوە کە قوتابیان زۆربەی ئەو شتانەی کە مامۆستاکانیان پێیان وایە فێریان دەکەن، لەڕێگای هاوتەمەنانی خۆیان، وێنەی ناوگۆڤارەکان، تێبینی بەڕێکەوت و زیاتر لەگشتی لەرێگای بەشداری لە رێورەسم و بۆنەکانی قوتابخانەدا فێر دەبن.

 

ئەو وەهمانەی کە قوتابخانەی لەسەر بنیاتنراوە
ئامانج لە پەروەردەی گشتی ئەوە بوو کە مێژووی ژیانی تاک لەو دەورو نەقشانەی جیا بکاتەوە کە دەیەوێت لە ئەستۆی بگرێ و وەک بەخت بەدواوەیەتی، بە واتایەکی تر مەبەست ئەوە بوو کە دەرفەتی یەکسان بۆ گشت کەس بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بگەن بەهەر پلەو پێگەیەک کە دەیانەوێت، بەڵام سیستەمی پەروەردە لە جیاتی دابینکردنی دەرفەتی یەکسان، دابەشکردنی دەرفەتەکانی قۆرخ کرد. بۆ نموونە ئامانج لە دانانی بەشەکانی تەکنیکی و پیشەیی ئەوە بوو کە منداڵانی کرێکاران دووبارە ببنەوە بە کرێکار. منداڵی هیچ دەوڵەمەندێک نەبوو بە کارەباچی و بۆیاخچی و بەرگدوور. چی بوو هەموویان خاوەن زیرەکی و توانایی بوون؟ و منداڵی هەژارن هەموو بێ توانا بوون؟

دووەم وەهم و خەیاڵ کە سیستەمی پەروەردەو قوتابخانەکانی لەسەر دامەزراوە ئەوەیە کە بەشی زۆری فێربوون ئەنجامی خوێندن و وانە وتنەوەیە، بەڵام زۆربەی خەڵک بەشی زۆری فێربوونی خۆیان لەدەرەوەی قوتابخانە بەدەست دێنن. بۆنموونە منداڵان بەگشتی زمانی دایکی خۆیان بە  شێوەی نا فەرمی فێردەبن و تەنانەت فێربوونی زمانی دووەمیش بە زۆری لە ژێر کاریگەری شتانی وەک سەفەرکردن و هەستکردن بە پێویستی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەل کەسی بیانی دایە. یان ئەگەر منداڵێک دەتوانێت بابەتێک بە جوانی و بە رەوانی بخوێنێتەوە ئەوە زۆرتر ئەنجامی تێکۆشان و چالاکییەکانی دەرەوەی قوتابخانەیە.

 دەبێت ناخی منداڵان بۆ فێربوون بجۆشێت و پاڵنەرە دەروونییەکانی فێربوون هاندەربن.

لەراستیدا قوتابخانەکان نەیانتوانی چارەنووسی خەڵک بگۆڕن و ئەگەر گۆڕانێکیان پێکهێنابێت، ئەنجام و بەرهەمی گۆڕانەکە کەوتووەتەوە خزمەت چینێک و لەبەرژەوەندی واندا بووە. ئیلیچ لەم بارەوە وتەیەکی پائۆلۆفریر، مامۆستایەکی بەرازیلی دێنێتەوەو کە دەڵێت: مرۆڤە باڵغ و پیگەیشتووەکان بەتایبەت ستەم لێکراوان و چەوساوەکان پاش ئەوەی کە فێری خوێندن و نووسین دەبن روو دەکەنە چالاکی سیاسی و جڤاکی و بەرامبەر بەو شتانەی کە دەیخوێنن، وەک ئاو و زەوی و کشوکاڵ وخاوەن موڵک و دەرەبەگ و رەعیەت و... جۆرێک حەساسیەت پەیدا دەکەن.   

هەربۆیە کۆمەڵگا پێویستە خۆی لە دەست قوتابخانەکان رزگار بکاو لە جێگایان بیر لە دابین کردنی تۆڕێک بکاتەوە کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو کەس بڕەخسێنێت  بۆ ئەوەی هەرکات ویستیان بتوانن پرسەکانی خۆیان لەگەل ئەو کەسانەیدا کە حەز بەو پرسە دەکەن هاوبەشی پێبکەن و ئەو شتانەی فێری تاکەکان بکرێت کە هۆگرین و حەزیان لێیە.

بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە لە بواری پەروەردەدا ئاسان نیە بەتایبەت لەو کۆمەڵگایانەیدا کە بەهۆی باری کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەوە بە جۆرێک منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن کە بۆ هەموو کارێک پێویستە کەسێک لەوان گەورەتر چاودێرییان بکات. کەدیارە هەر ئەم باڵادەستی و بندەستییەش بەسە بۆ کوشتنی هاندەرە دەروونییەکان و بیری داهێنەرانەیان. چوون لەو سیستەمەیدا کە ئیلیچ پێشنیاری دەکات  دەبێت ناخی منداڵان بۆ فێربوون بجۆشێت و پاڵنەرە دەروونییەکانی فێربوون هاندەربن.

ئیلیچ پێی وایە هەتا تێنەگەین کە  نەریتی ڕۆشتن بۆ قوتابخانە نە یارمەتی فێربوونی تاک دەدات و نە بە یەکسانی کۆمەڵایەتییان دەگەیەنێت، ناتوانین گۆڕانکاری ریشەیی لەپەروەردەدا دروست بکەین. ئەو پێی وایە ئێمە ناتوانین لە کۆمەڵگایەکی بەکارهێنەر تێپەڕین مەگەر سەرەتا تێبگەین کە قوتابخانەی ناچاری لە کۆمەڵگا، بێ سەرنجدان لەوەی چی تیا دەوترێتەوە، تەنها کۆمەڵگای بەکارهێن بەرهەم دێنێتەوە. چوونکە لە قوتابخانەدا ئێمە فێر دەکەن کە فێربوونێک نرخ و بایەخی هەیە کە بەرهەمی ئامادەبوون لە قوتابخانەدا بێت و ئێمە فێر دەکەن کە نمرەو بڕوانامە پێوەرێکە بۆ پێوانی بڕی فێربوون و بایەخەکەیشی. کاتێک تاکەکان ئەم بۆچوونە قەبووڵ بکەن، ئەوا دەبنە پاروویەکی چەورو ئاسان بۆ دامەزراوەکانی تر.

خاوەنکارەکان لەجیاتی کارامەیی بایەخ بە بڕوانامە دەدەن

بۆچی پێویستە خوێندن لەباری فەرمی ورێکخراوی رزگار بکرێت؟
چوونکە ئیشێک وا قوتابخانە لەگەل فێرخوازاندا دەیکات ئەوەیە کە قوتابخانە فێریان دەکات بەهەڵە وابزانن پرۆسەی پەروەردە ناوەرۆکی پەرتووکەکانە، فێریان دەکات فێربوون یانێ وانەخوێندن، فێریان دەکات زانست و تێگەیشتن و ناسین یانێ نمرەی بەرزتر، بەهەڵە فێریان دەکات کە توانایی یانێ بەدەست هێنانی بڕوانامە، توانایی وتنی قسەی تازە یانێ رەوان قسەکردن و لەکۆتاییدا بیری قوتابیان هێندە لە قوتابخانە وەڕەس و بێزار دەبێت کە خزمەتگوزاری لە جیاتی بەهاو بایەخ قەبووڵ بکەن. بۆنموونە تێچووی پزیشکی لە جیاتی چاودێری تەندروستی، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لەجیاتی باشتربوونی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئامادەیی و پلانەکانی پۆلیس لەجیاتی ئاسایش قەبووڵ بکەن و خزمەتگوزاری و بەهاو مافەکان تێکەڵ بکەن.

چوونکە قوتابخانە پارەو هێزی مرۆیی و ئەو ئامانجە ئەرێنیانەی کە بۆ پەروەردە هەیە دەخاتە ژێر دەستی خۆی و لەو لاشەوە لەبەر ئەوەی بە پێی خشتەی وانەکان و بابەتەکان دەجووڵێتەوە ناتوانێت کارامەییەکانی ژیان فێری قوتابیان بکات و مامۆستایانیش پێیان وایەو پێداگرن کە پێدانی بڕوانامە یەکسان بێت بە بابەتی پەروەردەو فێرکردن و لە کۆتاییدا پێدانی دەورو پیشەکانیش لە کۆمەڵگا بە پێی هەلومەرجی دیاریکراوی قوتابخانەکان بەرێوە دەچێت. بۆنموونە خاوەنکارەکان لەجیاتی کارامەیی بایەخ بە بڕوانامە دەدەن.

لەبەر ئەوەی پەروەردەی ناچاری دەبێتە هۆی دروست بوونی دیاردەی چەند جەمسەری لەکۆمەڵگاو ئەم دیاردەیەش هێزو وزەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگا دەگرێت. لەلایەکی دیکە، قوتابخانە کارێکی کردووە کە کارو کاتەکانی پشووو سیاسەت و ژیانی شاری و خێزانی و... لەجیاتی ئەوەی کە خۆیان کەرەستەیەک بن بۆ فێرکردن، بەپێی عادەت و لەبەر ئەو زانستەی کە پێویستیانە خۆیان بەستراوە بە قوتابخانە دەزانن.

ئێمە دەتوانین بە تێفکرین لەو هۆکارو ئەنجامانەی کە ئیلیچ بۆ وەستاندنی خوێندنی ناچاری و رێکخراو دەیخاتە روو رەخنەگرانە هەڵسەنگاندن بۆ پەروەردەو قوتابخانەکانی کۆمەڵگای خۆمان بکەین و بزانین ئایا چاوەڕوانییەکانی ئێمەش لە قوتابخانە دروست کردنی مرۆڤە بێ گوێدان بەو کارامەییانەی کە بۆژیان پێویستە؟ ئایا بەدەستهێنانی بڕوانامە لە فێربوون و کارامەیی بەگرنگتر دادەنرێت و مەرجی سەرەکییە بۆ دامەزراندن؟ ئایا قوتابخانە بەهۆی یاساکانی وجۆری بابەتەکان و شێوازی وتنەوەیان و تاقیکردنەوەو ئەو هەڵسوکەوتەی رۆژانە تێدا روودەدات ترس و دڵەڕاوکێ لە قوتابیاندا دروست دەکات یان شوێنێکە منداڵ تێدا هەست بە ئاسوودەیی دەکات؟  ئایا قوتابخانەو تاقیکردنەوەکانی کاردەکەنە سەر کاتەکانی پشوو و ژیانی ئاسایی و ئاسایشی خێزانەکان؟  ئەگەر لە روون بوونەوەی وەڵامی پرسیارەکاندا رووی گرفتەکان هەڵدەماڵرێت، پێویستە روو لە چارەسەری ریشەیی بکرێت. لەبەر ئەوەی ئامانجی ئیلیچ لەم پرسە ئەوەیە کە تاک و بە تایبەت منداڵان لەو کۆت و بەندانە رزگاریان بێت و لە پەروەردەکردنیاندا گەشەی سروشتی و هۆگری و توانایی و کارامەییەکانیان لەبەر چاو بگیرێت.

بەبێ کونترۆڵی دەوڵەت بە جۆرێک خراپەکاری و دەستدرێژی لەقەڵەم بدەن و ئەمانەش هۆکارن بۆ پشت بەخۆ نەبەستن و دواکەوتوویی

بۆچی پێچانەوەی قوتابخانەکان؟
ئیلیچ بەمەبەستی دابینکردنی هەلومەرج و دەرفەتی یەکسان بۆئەوەی هەموو کەس دەستی بە پێداویستییەکانی پەروەردەو فێرکردن ڕابگاو دەست بەسەرداگرتن لەناو بچێت و بە ئامانجی ئەوەی تواناییەکانی رەخنەگرتن و داهێنان سەرهەڵدەن و گەشە بکەن و بۆئەوەی کارامەییەکان لەکۆمەڵگا هاوبەشی پێبکرێ و تاکەکان ناچار نەکرێن چاوەڕوانییەکانی خۆیان ببەستنەوە بە خزمەتگوزارییەک کە پیشەکان پێشکەشی دەکەن، خوازیاری شۆڕشە لەدژی قوتابخانەکان و پێچانەوەیان لە کۆمەڵگاو بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک بەڵگەو هۆکار دەخاتەڕوو.

ئەو پێی وایە تەنیا پەروەردەو فێرکردن نیە گیری خواردووە بەدەست قوتابخانەکانەوە، بەڵکو زۆر لایەنی دیکەی کۆمەڵگاش بەدەستیەوە دەناڵێنێت. راستییەکەی ئەوەیە کە لەکۆمەڵگای ئێمەشدا رۆژ نیە مامۆستاو قوتابی وخێزانەکان و... بە دەست قوتابخانەوەو بابەتەکان ویاساکانیەوە سکاڵا نەکەن، بەڵام تائێستا ریشەیی بیر لەسکاڵاو چارەسەرەکان نەکراوەتەوە.

  قوتابخانە منداڵ فێردەکات کە بۆ سەرکەوتن و هەرجۆرە جووڵەیەک لەکۆمەڵگا پێویستە پشت بەو دامەزراوەیە ببەستێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵ تووشی جۆرێک بێ بایەخی ببێت، چوونکە ئەوە دامەزراوەکانە کە جیهان بینی و ئاسۆی روانینی تاکەکان، جا چ هەژاربن یان دەوڵەمەند دروست دەکەن و ئەوە دامەزراوەکانە کە دیاریی دەکەن چ شتێک رەوایەو چ شتێک ناڕەواو ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەژارو دەوڵەمەند چارەسەرکردنی خۆیان بەکارێکی نابەرپرسانە بزانن و متمانە بە فێربوونی راستەوخۆ نەکەن ودروست کردنی دامەزراوەو رێکخراوەکان بەبێ کونترۆڵی دەوڵەت بە جۆرێک خراپەکاری و دەستدرێژی لەقەڵەم بدەن و ئەمانەش هۆکارن بۆ پشت بەخۆ نەبەستن و دواکەوتوویی.

تێچووی خوێندنی منداڵانی هەژارو دەوڵەمەند لەقوتابخانەکاندا یەکسانەو هەندێ جاریش بەلەبەر چاوگرتنی ئاستی داهاتی خێزانەکان و چاولێگەری و خەرجییەکانی منداڵ دەردەکەوێت تێچووی خوێندنی منداڵی هەژاران زیاترەو لەبەر ئەوەی منداڵانی هەژار بۆ پیشکەوتن و فێربوونیان پشت بە قوتابخانە دەبەستن بەزۆری گەشە ناکەن و بەستراوەیی بە قوتابخانەش ئەگەری چەوساندنەوەی زیاتر فەراهەم دەکات چوونکە قوتابخانە دەوری لەدیاردەی هەژاری مۆدێڕندا هەیەو ئەم هەژاریەش دەستەوەستانی و لەدەستدانی توانایی کەسەکان تێکەڵ دەکاو ئەمەش بۆخۆی هۆکارە بۆ دواکەوتوویی. تەنانەت ئەگەر هەلومەرجی قوتابخانەش بۆ منداڵی هەژارو دەوڵەمەند یەکسان بێت، مادام منداڵی دەوڵەمەندان دەرفەتی زۆری وەک کڕین و خوێندنەوەی پەرتووک و سەفەرکردنیان هەیە پێشکەوتنیان زیاترە.

لەراستیدا دامەزراندنی سیستەمێکی پەروەردەیی دادپەروەر ئامانجێکی باشە، بەڵام بەیەکسان زانینی ئەم سیستەمە لەگەل سیستەمی پەروەردەی ناچاری و هەوڵدان بۆ پەروەردەو فێرکردنی منداڵان لەو رێگایەوە وەک گەیشتن بە رزگاری و بەختەوەرییە لە رێگای کلێساوە.

لەقوتابخانەکاندا ئەوەی کە تێبینی دەکرێ و بانگەشەی بۆدەکەن ئەوەیە کە منداڵان، قوتابین و لەقوتابخانە فێر دەبن. بەڵام قوتابیان چ زیرەک بن یان نا، هەمیشە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان پشت بە لەبەرکردن، هۆش و هەوڵی خۆیان دەبەستن و هاندەریشیان ئەوەیە کە بڕوانامەیەک بەدەست بێنن و سەرئەنجام پیشەیەک پەیدا بکەن. هەربۆیە شتێکی سەیر نیە ئەگەر بوترێت قوتابیان لە قوتابخانەکاندا خۆیان تەسلیم و رادەستی مامۆستایانی بڕوانامەدار دەکەن بۆ ئەوەی خۆیشیان بڕوانامەیەک بەدەست بێنن. هەردوو لایەن نائومێدو دڵساردن و هۆکاری ئەم نائومێدیەش لە کەمبوونی سەرچاوەو پێداویستییەکانی وەک پارەو تەرکیزدا دەبیننەوە. قوتابخانە جگە لەوەی کە هەلی کار بۆ مامۆستایان دەڕەخسێنێت، لەرێگای پلان و رێساکانیەوە ئەو پەیامەی بە قوتابیان و خێزانەکانیان گەیاندووە کە ئەگەر قەرار بێت مامۆستا منداڵ فێر بکات پێویستە دەسەڵات و هەیمەنەی خۆی لە شوێنێکی پیرۆزدا جێبەجێ بکاو بیسەپێنێت.   

 کۆمەڵگای ئێمەش وا ڕاهاتووە کە منداڵ بێ قوتابخانە ناژیت و پێویستە لە تەمەنێکی دیاریکراودا بچێتە قوتابخانەو پێویستە بنەماڵەکانیش بەشێک لە دەسەڵاتی خۆیان شۆڕ بکەنەوە بۆ قوتابخانەو مامۆستایان بۆئەوەی ئەوانیش دەسەڵاتیان بەسەر قوتابیاندا بشکێ و لەژێر سایەی سامی خۆیاندا منداڵەکانیان فێر بکەن و ئەگەر یاساکانی قوتابخانەشیان شکاند ئەوا دەبێت سزا بدرێن و ئەمەش شوبهاندنی قوتابخانە بە قەفەزی ئیلیچ پشتڕاست دەکاتەوە.

قوتابخانە وەک هەر دامەزراوەیەکی دیکە دەرئەنجام و لێکەوتەی نەرێنی هەیەو ئەمیش وەک دامەزراوەیەک ئەو گرفتانەی کە دروستی دەکات کەمتر نیە لە هی دامەزراوەکانی دیکەی کۆمەڵگاو لەراستیدا نەیتوانی بگات بەو ئامانجانەی کە بۆی دیاریکرابوو، هەربۆیە ئیلیچ داوای هەڵوەشانەوەو پێچانەوەی دەکاو باوەڕی وایە کە قوتابخانە بە هۆی پێکهاتەو ئەوەی کە وەک یارییەکی رەمزی پلەبەندی کراوی لێهاتووە بووە بە داهێنەرو پارێزەری ئوستوورە کۆمەڵایەتییەکان. ئەقڵ بە ئێمە دەڵێت کە منداڵان پێویستیان بە قوتابخانە هەیەو لەوێ فێر دەبن، بەڵام هەر ئەم ئەقڵ و ئاوزە بۆخۆی بەرهەمی قوتابخانەیە.

رۆشتن بۆ قوتابخانە بووە بەنەریت و چوونە ناو ئەم یارییەوە بە گرنگتر لەوەی دادەنرێت کە لەوێ چی و چۆن دەوترێتەوەو چی دەگوزەرێت. ئەم یارییە کە بۆخۆی بایەخەکانیش دیاری دەکات هێندە دەچێتە پێش کە بەشداری کردن تێدا ناچاری دەبێت و بەشداربووان ناچار دەکات کە گوناحی گرفت و شێواوییەکانی جیهان بدەنە پاڵ ئەو کەسانەی کە بەشداریی ئەم یارییەیان نەکردووە. پەرەسەندنی ئەم نەریتەو ئەوەی کە سەرکەوتن تەنیا لەرێگای قوتابخانەوە دەبێت بووەتە هۆی ئەوەی کە بڕوانامە وەک ئوستوورەیەکی ستایش هەڵگر سەیر بکرێ و کۆمەڵگاش قەبووڵی بکاو تەنانەت لە دامەزراندنیشدا هەبوونی ئەم ئوستوورەیە مەرج بێت نەک کارامەیی. کەوابوو قوتابخانە بووەتە سەرچاوەی ئوستوورە سازی و پاڵپشتی کردنی رەواجی بڕوانامە کە رەنگە تاک وەک سەرکەوتن سەیری بکات بەڵام پێشکەوتنی کۆمەڵگای لێناکەوێتەوە.

لەیەکەم نیگادا وا دەر دەکەوێت کە قوتابخانە لەبەردەستی هەموو ئەو کەسانەی دایە کە خوازیاری خوێندن و فێربوونن، بەڵام لە راستیدا لەبەردەستی ئەو کەسانەیدایە کە بەردەوام بە دوای بەدەست هێنانی بڕوانامەوەن. قوتابخانە تاکەکان ناچار دەکات کە بەرپرسایەتی پەروەردەو پێگەیاندنی خۆیان بسپێرن بە کەسانی تر و ئەمەش جۆرێکە لە خۆکوژی مەعنەوی.  بەڵام قوتابخانە ئەم لایەنە شاراوانەی چالاکی و دەرئەنجامی کاری خۆی ئاشکرا ناکات و لەم رووەوە ئیلیچ قوتابخانە لەریزی ناوەندە '' فریوکار'' ەکانی کۆمەڵگادا دادەنێت کە هەم هۆکارن بۆ دواکەوتوویی و هەم  خەڵک بەستراوە بە خۆو گیرۆدە دەکەن. قوتابخانە بووە بە ناوەندێک کە مرۆڤ بۆ دونیایەکی پلان بۆ دارێژراو دروست دەکاو لە قاڵبی دەدات. ئەم دامەزراوەیە لەدونیای ئەمڕۆدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لە داوخستنی مرۆڤ لە تەڵەی خۆیدا.  

لەروانگەی ئیڤان ئیلیچەوە قوتابخانە شوێنێکە کە لەودا مامۆستایان بابەتەفێرکارییەکان وەک کاڵایەک دابەش دەکەن و قوتابیانیش وەک بەکارهێن مشتەری هەمیشەیی ئەو کاڵایانەن و لەقوتابخانەدا بایەخەکان گرێدراوە بە بەکارهێنانی زیاترەوەو قوتابیانیش ناچارن لۆژیکی زاڵ بەسەر ئەو بازاڕەدا قەبووڵ بکەن.

لەکۆتاییدا پێویستە لەژێر رۆشنایی رەخنەکانی ئیلیچ- دا ئاوڕێک لە پەروەردەو ناوەندەکانی خوێندنی کۆمەڵگای خۆمان بدەینەوەو بزانین ئایا ئەو گرفت و کەم و کورتیانەی کە ئیلیچی ناچارکرد لەدژی قوتابخانەکان هەڵوێست بگرێت لە ناوەندەکانی خوێندنی ئێمەشدا هەیە یان نا؟ ئایا لە کۆمەڵگای ئێمەشدا بەدەستهێنانی بڕوانامە گرنگترە لە بەدەست هێنانی کارامەیی و فێربوون؟ ئایا لەقوتابخانەکانی ئێمەدا گەشە بە یادگەی منداڵان دەدرێت یان کەسایەتییان؟

ئایا لە قوتابخانەکانی ئێمەدا قوتابیان تەوەرەی فێربوونن یان یادگەی (زاکیرە)  قوتابیان تەوەرەی خەزنکردن و گواستنەوەی زانستێکی مردوون؟ لەئێستادا ئەرکی قوتابخانەو زانکۆکان ئەوەیە کە لە زانستی مردوو بەنیازی زانستی زیندوو تێپەڕن. چوون زانستێک بە زیندوو دادەنرێت کە منداڵ و فێرخواز لەدۆزینەوەیدا نەقشی هەبێت، لەژیانی فێرخوازدا رەنگدانەوەی هەبێت و وەک کاڵایەکی گشتی بێتە ناو کۆمەڵگاو دەست بەدەست بگەڕێ و چێژو خۆش بژێوی ببەخشێتە کۆمەڵگاو لە رۆح و رەفتارو مێشک وداهێنان و شێوازی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگاو بەتایبەت فێرخوازاندا رەنگدانەوەی هەبێت.

تا گەیشتن بە سیستەمێکی پەروەردەی زیندوو کەلەودا زانستی زینددوو بەرهەم بێت، رێگایەکی دوورو درێژمان ماوە

زانستی زیندوو نووسراوی دووتۆی پەرتووکەکان نیەو شتێکیش نیە مامۆستاکان بیگوازنەوە بۆ قوتابیان و ئەوانیش ناچاربن لەبەری بکەن، زانستی زیندوو دەبێت لەپرۆسەی پەیوەندی و گفتوگۆو رەخنەو پرسیارو تاقیکردنەوەکاندا بدۆزرێتە یان لەدایک بێ و فێرخوازەکەش دەبێت بەشدارو تەوەرەی ئەم پرۆسەیە بێت.

زانستی زیندوو بەرهەمی دیالۆگە، بەرهەمی مۆنۆلۆگ نیە، واتە مامۆستا قسەبکاو قوتابیش گوێی لێبگرێ و لەبەری بکات. لەکۆمەڵگایەکدا کە گرفت لە پەیوەندیدا هەبێت زانست بەرهەم نایەت. بۆ بەرهەمهاتنی زانستێکی زیندوو سیستەمێکی پەیوەندی زانستی و رێکوپێک پێویستەو دەبێت گرفتەکانی سەر رێگای گفتوگۆی بەرهەمدار نەمێنێت، بۆنموونە زۆربوونی بابەتەکانی پەرتووکە زانستییەکانی کۆمەڵگای ئێمە یەكێک لەگرفتەکانی ئەم بوارەن و مامۆستایان ناچاردەکەن بێژەر یان هۆکاری گواستنەوەی زانستی مردووبن و قوتابیانیش گوێگرو مەخزەنی زانیارییەکان. راستە گۆڕان لەقوتابخانەو بابەتەکاندا بە بەراورد یەک دوو دەیەی رابردوو رووی داوەو ژینگەکە بەرەو قوتابی تەوەرەبوون و شادبوون و نەمانی سزای جەستەیی، واتە مرۆییترو ئەخلاقیتر هەنگاوی هەڵگرتووە؛ بەڵام تا گەیشتن بە سیستەمێکی پەروەردەی زیندوو کەلەودا زانستی زینددوو بەرهەم بێت، رێگایەکی دوورو درێژمان ماوە.

بەڵام هەر پێویستە لە سەر گۆڕانکاری بەردەوام بێن و لەم گۆڕانکارییەشدا پەروەردەکردن تەوەرە بێت نەک فێرکردنی کۆمەڵێک بابەتی ناو پەرتووکەکان، بەتایبەت لە قۆناغی بنەڕەتیدا. چوون ئەگەر وانەبێت قوتابخانەکان بەرەو مردن دەڕۆن و کۆمەڵگا بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە.