ڕاپۆرتی کوردستانی

05:00 - 22/08/2020

كۆتایی چیرۆكی ئەو بازرگانەی بەعس ناردیە دەرەوە، یەكێتی هێنایەوە و پارتی كردی بە وەزیر‌

شیراز ره‌ئوف

جارێكی دیكە ناوی ئاشتی هەورامی دێتەوە بەرباس، ئەو پیاوەی كە بە درێژایی چوار كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو و وەك دەوترا وەزارەتەكەی لە یەك جانتای دەستیدایە، ئەمجارەش ناوەكەی دەبێتەوە بە مانشێتی میدیاكانی ناوخۆ و جیهان و تۆمەتبارە بە داوای وەرگرتنی بەرتیل لە كۆمپانیایەكی وزە و لە ئەگەری نەبوونی بەڵگە بۆ داكۆكی لە خۆی ئەوا بە بەهای یەك ملیار دۆلار غەرامە دەكرێت و ئەگەر دۆسێیەكەش بە تەواوی بدۆڕێنێت ئەوا هەرێمی كوردستان 5 ملیار دۆلار غەرامە دەكرێت.

ئاشتی هەورامی كێیە؟

ناوی تەواوی "عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا"یە و ساڵی ١٩٤٨ لە سلێمانی لەدایكبووە،  لە كابینەكانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، لە كابینەی نۆیەمدا بەپێی بڕیارێكی سەرۆك وەزیران كە لە بەرواری 15/7/2019 دەرچووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری وزە پێ‌ سپێردراوە.
هەر لە نوسراوەكەشدا 5 دەسەڵاتی بۆ دەستنیشانكراوە كە خۆیان دەبیننەوە لە دەسەڵاتەكانی:-

یەك:- بەدواداچوون و جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردە و سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوت و غاز.
دوو:- پێشكەشكردنی راسپاردە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەبواری وزەدا.
سێ‌: هەماهەنگی كردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری وزە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
چوار: بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئەركە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لەبواری وزەدا.
پێنج: ئامادەبوونی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز.


بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێك لە فەرمانی دەستبەكاربوونی، تا ئەمرۆ ئاشتی هەورامی نە دەستبەكاربووە و نە ئامادەش بووە تەنانەت بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.


تۆمەتی بەعسیبوونی هەورامی
جەنگیز چاندار، رۆژنامەنووسی ناوداری تورك) لە كتێبی (شەمەندۆفێری میزۆپۆتامیا)، كەساڵی (2015) چاپی دووەم كراوەتەوە‌ زانیاری لەسەر نزیكی (ئاشتی هەورامی) وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان‌و یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە‌و رژێمی بەعس دەخاتەڕوو،
چاندار لەلاپەڕە (226) لەبارەی نزیكی (ئاشتی هەورامی)، كەناوی ئەسڵی خۆی (عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا)یە بەرژێمی بەعسەوە دەڵێت:"دوای ئەوەی كە ئەندازیاریی نەوتی لەزانكۆی بەغدا تەواوكردبوو، لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەعسەوە بۆ خوێندنی ماستەر رەوانەی بەریتانیا كرابوو، ئەمەش كارێك بوو كەبەئاسانی بۆهەر خوێندكارێكی كورد نەدەكرا". لێرەدا ئەوە رووندەبێتەوە، كەئاشتی هەورامی دەبێ پەیوەندی‌و نزیكی لەگەڵ رژێمی بەعسی ئەوكات هەبووبێت، چونكە  هەموو كەسیان نەناردووە بۆدەرەوە بۆخوێندن.
پاشان وەك چاندار باسی دەكات‌و بەڵگەیە لەسەر دۆستایەتی ئاشتی هەورامی‌و رژێمی بەعس ئەوەیە، ئەوەیە، كە بۆخوێندكارانی كورد كارێكی ئاسان نەبووە بۆ خوێندن بەعس بیانێرێتە دەرەوە بۆ خوێندن، پرسیار ئەوەیە ئەی چۆن بۆ ئاشتی هەورامی ئاسان بووە‌و لەنێو خوێندكارە كوردەكانی زانكۆی بەغدا تەنها ئەویان ناردووە؟! هەروەك بەشی زۆری ئەو كەسانەی لەسەردەمی حكومەتی بەعسدا بۆ خوێندن‌و بڕوانامەی بەرز بەتایبەت لەبەش‌و پسپۆڕییە گرنگ‌و هەستیارەكاندا دەنێردرانە ئەوروپا‌و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵاتیش هیچ كەس گومانی نەبووە، كەنزیكی‌و پەیوەندی‌و لینكێكیان بەرژێمی بەعسەوە هەبووە‌و لەژێر چاودێری وردی دامو دەزگا سیخوڕییەكانی بەعس‌و باڵوێزخانە‌و كونسوڵخانەكانی عێراقدا بوون لەو وڵاتانەی تیایاندا بۆ خوێندن نێردراون. هەروەك خوێندنی ماستەریش بۆ ئاشتی هەورامی وەك خوێندكارێكی كورد ئیمتیازێكی بەعسییەكان بووە‌و بەتایبەت لەنێو خوێندكارە كوردەكاندا بەئاشتی هەورامی دراوە، چونكە بوارەكەشی، كەئەندازیاریی نەوت بووە سەبارەت بەعێراق وەك دەوڵەتێكی بەرهەمهێنی نەوت گرنگ‌و هەستیار بووە‌و مەحاڵە بێبەرامبەر بەعس بەئاشتی هەورامی دابێت.


دیوی پشتەوەی نەهاتنەوەی ئاشتی هەورامی
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، هەر لە سەرەتای دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكی كابینەكە خواستی نەبووە ئاشتی هەورامی بكرێتەوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان، هەربۆیە لە پێكهێنانی حكومەتەكەشدا ئەو وەزارەتە بە بەتاڵی مایەوە و لە بەرامبەردا ئاشتی هەورامی بڕیاریی بۆ دەركرا كە بكرێتە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە.
پەیسەر زانیویەتی لەماوەی رابردوودا ئاشتی هەورامی مەرجی ئەوە بووە كە وەزارەتەكەی خۆی وەربگرێتەوە ئینجا ئامادەیە كاربكات، هەروەك بۆ فشاریش نامەی دەستلەكاركێشانەوەی رەوانە كردووە، بەڵام ئێستا بەتەواوی خۆری بەختی لەوەی دووبارە بكرێتەوە بە وەزیر ئاوابووە و بەپێی زانیارییەكان لە دەستپێكردنەوەی وەرزی یاسادان و دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا كە بڕیارە مانگی داهاتوو بێت، شێخ باز بەرزنجی، سەرۆكی جێبەجێكاری "كۆمپانیای كارگروپ" كە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی بواری نەوتە وەك وەزیری سامانە سروشتییەكان متمانەی پێبدرێت و دەستبەكار ببێت.

دەڵاڵی هەرزانفرۆشی نەوتی هەرێم
جەنگیز چاندار، لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا "شەمەندۆفێری میزۆپۆتامیا" باس لە رۆڵی ئاشتی هەورامی دەكات لە هەرزانفرۆشكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئەو بە "دەڵاڵ" ناوی دەبات.
چاندار لەسەر زاری ئاشتی هەورامی خۆیەوە نوسیویەتی،"پەندێكی پێشینەی ئینگلیزەكان هەیە كەدەڵێت كێ زووتر هات ئەوە زووتر دادەنیشێت. ئەم ئیشانەش وەها بەڕێوە دەچن، ئێمە گەلێكی 4-5 ملیۆن كەسین‌و لەسەر دەریایەكی نەوت‌و غازی گەورەدا مەلە دەكەین. ئەمە بۆ ئێمە زۆر زۆرە‌و ناتوانین نەوت بخۆینەوە. ئەو نەوت‌و غازەش كە لەژێر زەویدا دەمێنێتەوە هیچ بەهایەكی نییە. ئێوەش وڵاتێكی گەورە‌و دراوسێ‌و گەلێكی بران، دیارە ئەولەویەت بەئێوە دەدرێت، باپێكەوە دەریبهێنین‌و بەرهەمی بهێنین‌و پێكەوە بیپاڵێوین‌و بیفرۆشین ((لاپەڕە 227))

ئەمە خودی قسەی ئاشتی هەورامیە، كەچاندار وەكخۆی گواستویەتییەوە دەردەكەوێت، كە دەڵاڵی بەتاڵانبردنی نەوت‌و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بەتوركیا‌و ئەو رێكەوتنە 50 ساڵیەش لەمیدیاكانەوە پێشتر باسی لێوەكراوە بنەمای هەبووبێت. چاندار بەڵگەی ئەم قسانەی بەوە دەهێنێتەوە، كە جگە لە محەمەد سەپیل پسپۆڕەكانی كۆمپانیای نەوتی توركیا (TPAO)ش لەگەڵیاندا بوون.
چاندار ئەوەش دەخاتەڕوو، كەئاشتی هەورامی باسی لەوە كردووە، كە لەرێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رێگەیان بەچەندین كۆمپانیای بیانی داوە، كە لە(42) كێڵگەی نەوتدا كار بكەن لەسایەی ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵیاندا كردوونی. هەروەك هەورامی یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستانی بە(45 ملیار بەرمیل)‌و غازی سروشتی بە (3-6 تریلیۆن مەتر سێجا) خەمڵاندووە.


هەرچۆنێك بێت ئێستا ئیدی رۆڵی ئەو پیاوەی كە بەعس ناردیە دەرەوە بۆ خوێندن و جەلال تاڵەبانی هێنایەوە بۆ كوردستان و نێچیرڤان بارزانی كردی بە وەزیری 4 كابینەی حكومەت كۆتایی هاتووە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە هەمان ئەو عەقڵیەتەی ئاشتی هەورامی ئیدارەی نەوتی پێدەدا كە ئێستا ئەنجامە رەشەكانی دەركەوتوون كۆتایی هاتووە یان لە بەرگێكی نوێدا لە كوردستان درێژەی دەبێت.