ڕاپۆرتی کوردستانی

03:14 - 29/08/2020

بەغداد وادەی سەردانی وەفدی هەرێم و ناردنی پارەی مانگی ئەیلول دەستنیشان دەكات‌

شیراز ره‌ئوف

جارێكی دیكە تۆپی رێككەوتن لەگەڵ بەغداد دەكەوێتەوە گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان و ئەگەر لەكاتی دیاریكراودا وەفدی هەرێم بچێتە سەر مێزی دانوستان و رێككەوتن، ئەوا حكومەتی ناوەندی ئامادەیە لە مانگی ئەیلولدا بڕێكی دیكە پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، هەولێریش یەكەم سیگناڵی ئەرێنی بۆ بەغداد ناردووە كە ئامادەیە نیوەی گورمرگ و بەشێكی نەوت رادەست بكات و رێكبكەوێت.

پێشهاتی نوێ‌ چییە؟
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، وەزیری دارایی عێراق پەیامێكی نهێنی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و لە پەیامەكەدا داوای لە وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم كردووە كە لە رۆژەكانی سەرەتای مانگی ئەیلولدا بگەڕێنەوە بەغداد بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن.
هەر لەو پەیامەدا وەزیری دارایی عێراق بە حكومەتی هەرێمیشی راگەیاندووە ئەگەر لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا رێككەوتن بكرێت ئەوا هاوشێوەی مانگی ئاب، بەغداد ئامادەیە لە 20ی ئەیلول 320 ملیار دیناری دیكە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.

تۆپ لە گۆڕەپانی هەولێرە
پێشتر پەیسەرپرێس ئاشكرای كرد كە بەهۆی نیگەرانی لە یاریكردن بە كات و سەردان نەكردنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ بەغداد، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چیتر ئامادە نییە لەگەڵ وەفدی هەرێمی كوردستان دابنیشێت و دەسەڵاتی گفتوگۆ و رێككەوتنی سپاردووە بە عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق، لە ئێستاشدا خودی عەلاوی داوا لە بەرپرسانی هەرێم دەكات لە چەند رۆژی داهاتوو سەردانی بەغداد بكەن بە مەبەستی رێككەوتن و كۆتایهێنا بە كێشەی نەوت و بودجە و مووچە لەنێوان هەولێر و بەغداد، بەوپێیەش ئێستا تۆپەكە كەوتووەتە گۆڕەپانی هەولێر و ئەگەر لەكاتی خۆیدا وەفدی كوردی نەگەڕێتەوە بەغداد ئەوا پێدەچێت پلەیەكی دیكە دانوستانكارانی بەغداد داببەزن و ئەگەر دوای سەرۆك وەزیران، وەزیری دارایش لە وەفدی كوردی نائومێد ببێت و دەست لە دۆسێكە بەربدات، ئەوا ئیدی رێگایەكی تولانی چاوەڕوانی هەرێمە كە دەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە چوارگۆشەی یەكەمەوە دەستبكاتەوە بە دانوستان.

نەیارەكانی رێككەوتن
بە سروشتی خۆی، رێككەوتنی هەولێر و بەغداد نەیاری زۆرە، بەتایبەت لەناو هێز و كوتلە عەرەبییەكاندا، لە نوێترین دەربڕینی دژایەتیشدا هاوپەیمانی عێراقییون بە توندی دژایەتی بۆ ئەوە دەردەبڕن كە بەغداد هیچ بڕە پارەیەك رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات و بە وتەی ئەوان هەرێمی كوردستان نزیكەی 120 ملیار دۆلاری لە ئەستۆدایە كە دەبێت بیگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی.
حەسەن فەدعەم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عێراقیون دەڵێت، هەرێمی كوردستان 120 ملیار دۆلاری لەئەستۆدایە و نەیداوەتەوە بە حكوومەتی ناوەندی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە لەساڵی 2003وە دیوانی چاودێری دارایی بەغدا ناهاتۆتە هەرێمی كوردستان و ئەو پارەیەی رەوانەی هەرێم دەكرێت دەچێتە گیرفانی چینێكی دیاریكراو.
هەر لەو لێدوانە میدیاییەدا فەدعەم بەناوی هاوپەیمانێتییەكەیانەوە دەڵێت، ئەو گفتوگۆ و دانوستانانەی لەماوەی رابردوودا لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا بەڕێوەچوون بەهۆی نەبوونی نیازپاكی لایەنی كوردەوە شكستیان هێناوە و بەئەنجام نەگەیشتوون.  

سیگناڵی ئەرێنی
ئەگەرچی تا ئێستا 12 لێكتێگەیشتن و تێبینی  لەنێوان وەفدی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا تاوتوێكراون، بەڵام تا ئێستا هیچی لێ‌ سەوز نەبووە و هیچ واژۆیەكی رەسمی لەسەر هیچ رێككەوتن یان كڵێشەیەكی رێككەوتن نەكراوە، بەڵام هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لەگەڵ بەغداد رێكبكەوێت و لە نوێترین لێدوانیشدا وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەم خواستەی رێككەوتنی دووپات كردەوە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنامەی "العربی جدید"ی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتەكەی مستەفا كازمی نەگەیشتووەتە ئەنجام، بەڵام بەرەوپێچوونی باش لەدانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم دان بەوەشدا دەنێت كە حكومەتەكەیان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ رادەستكردنی نەوت بە حكومەتی عێراق كە بەگوێرەی رەشنوسێكی رێككەوتنەكەی نێوان هەردولا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت‌و 50% داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت.
جوتیار عادل پێیوایە ئەو زریانە ئابوورییەی ڕوی لە هەرێمی كوردستان كردوە، بەهەمانشێوە ڕووی لەبەغداش كردووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی هەردوولا تەنیا پشتیان بە نەوت بەستبوو، نەوتیش بەهۆی كۆرۆناوە نرخەكەی دابەزی.