ڕاپۆرتی کوردستانی

01:05 - 30/08/2020

مستەفا كازمی لە بەغداد و مەسرور بارزانی لە هەولێر رێككەوتن ئیمزا دەكەن‌

شیراز ره‌ئوف

تا دێت كاتی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند لە كۆتایی نزیكدەبێتەوە و لەگەڵ تێپەڕینی هەر خولەكێكیشدا گۆڕانكاری نوێ‌ دێنە پێشەوە، لە ئێستاشدا دواین زانیاری ئەوەیە كە سەرۆكی هیچ یەكێك لەو دوو حكومەتە پێكەوە كۆنابنەوە و ئەگەر وەفدی هەردوولا بگەنە رێككەوتن و رێككەوتنەكە واژۆ بكەن، ئەوا ئەوانیش هەركەس لە ماڵی خۆیەوە بە جیا واژۆ لەسەر لێكتێگەیشتنی رێككەوتنەكە دەكات.

هەركەس لە ماڵی خۆی
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە هەرێمی كوردستان بڕیاردراوە كە نە سەرۆكی حكومەت و نە سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەچنە بەغداد بۆ رێككەوتن، بەڵكو لەبری ئەوان وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حكومەت بچێتە بەغداد و لەگەڵ وەفدی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی عێراق كۆبوونەوە بكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە هەم لە هەولێر و هەم لە بەغداد دەستیكەوتوون، لە ئێستادا بڕیارەكە وایە كە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەفدی حكومەتی ناوەندی رێككەوتن واژۆ بكەن و دواتر مزەكەرەی رێككەوتنەكە لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغداد و مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەجیا واژۆ بكرێت.

سیاسەتی كاردانەوە
چەند رۆژێك لەمەوبەر پەیسەرپرێس ئاشكرای كرد دوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك نیگەرانی لە كات كوشتن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ رێككەوتن و سەردان نەكردنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ بەغداد، بڕیاریدابوو كە چیتر لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان دانەنیشێت و پێشوازییان لێنەكات و دەسەڵاتی رێككەوتنی بە عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق سپاردووە، لە بەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە لە ئاستی سەرۆكایەتییەكاندا سەردانی بەغداد نەكات و بە هەمان شێوە دەسەڵاتی رێككەوتن بە وەفدی دانوستانكار بسپێرێت و هەتا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتەش ناوی جێگری سەرۆكی حكومەت لە سەرۆكایەتی وەفدی هەرێمدا نوسراوە.

مەسرور بارزانی: كێشەی ئێمە تەنها بودجە نییە
هاوكات لەگەڵ نیزكبوونەوەی كاتی سەردانی وەفدی هەرێم و نزیكبوونەوەی كاتی رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی لە سیاسەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت كە كێشەی ئەوان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی تەنها بودجە و مووچە نییە، بەڵام عێراق رەوشێكی دروستكردووە وەك ئەوەی هەرێم هیچ كێشەی تری لەگەڵ ناوەند نەبێت جگە لە مووچە.
لە لێدوانێكی میدیایدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، كێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق تەنها مووچە نییە، بەداخەوە وایان لێكردووە كە حكومەتی هەرێم تەنها كێشەی مووچەی هەیە، ئەی ناوچە دابڕێندراوەكان، ئەی بابەتی پێشمەرگە، ئەی قەرەبووكردنەوەی ئەنفالەكان؟
هەر لەو لێدوانەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەشدەكات كە ئەوان 4 دۆسێیان لەگەڵ عێراق لەبەردەستدایە و دەڵێت، ئێمە چوار تەوەی سەرەكیمان هەیە كە لەگەڵ حكومەتی عێراق باسی دەكەین، كە پێكدێت لە تەوەرەكانی (وزە، بودجە، پێشمەرگە و ناوچە دابڕێندراوەكان) هەموو ئەمانەمان خستووەتە بەردەستی عێراق تا رێككەوتنی لەسەر بكرێت.
بارزانی كوڕ داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش دەكات بەرچاویان روون بێت و دەڵێت خۆ حكومەتی بەعسیش پێشتر مووچەی دەدا، ئەی ئێمە شۆڕشمان بۆچی كرد بۆ ماف و بۆ ئازادی و بۆ كیان شۆڕشمان كرد.

لێكتێگەیشتنی ژمارە 13
سەردانكردنەوەی بڕیارلێدراوی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەڵقەیەكی ترە لە زنجیرەی سەردانی چەند مانگی رابردوو كە بە وتەی ئەندامانی وەفدەكە تا ئێستا 12 لێكتێگەیشتن و تێبینی ئاڵوگۆڕ كراون لەنێوان وەفدی هەردوولا.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا، پێشتر لە راگەیەندراوێكی میدیایدا ئاماژەی بەوەدابوو كە دوایی ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە و ۱۲ جار گۆڕینەوەی پێشنیاز و تێبینی، پڕۆسەی دانوسانەكە هەڵكشان و داكشانی زۆری بەخۆ بینی و دانوستانێكی قورس و ئاڵۆزبوو و لەیەك كاتدا هەوڵەكانمان هەم بۆ دابینكردنی مافە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم بۆ پاراستنی مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان بوو، رێككەوتنەكە تاوەكو ئیقراركردنی یاسای بوودجەی ۲۰۲۱ بەردەوام دەبێت و قۆناغێكی نوێی دانوستان لەسەر بودجەی ۲۰۲۱ دەست پێدەكەینەوە ، بەپێی رێككەوتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش مانگانە ۳۲۰ ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكرێت.

بەڵام لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دوای 12 لێكتێگەیشتن و تێبینینامەی ئاڵوگۆڕكراو، لێكتێگەیشتنی ژمارە 13 لەنێوان وەفدی هەولێر و وەفدی بەغداد دەتوانێت ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت تەشەنوجەكانی نێوانیان كەمێك خاو بكاتەوە و هەرێم لەرووی داراییەوە ئەگەر بەشێوەیەكی رێژەیش بێت ئاهێكی وەبەردا بێتەوە، یاخود جارێكی دیكە تەنها بڕیار دەدرێت كە سەردان و كۆبوونەوەكان بەردەوام بن و لە راگەیاندنەكاندا تەنها دەوترێت كە كەشوهەوای كۆبوونەوەكان ئیجابی بوون؟