ڕاپۆرتی کوردستانی

11:16 - 03/09/2020

رێككەوتنی هەولێر و بەغداد بۆ ماوەی 3 ساڵ دەبێت‌

شیراز ره‌ئوف

رێككەوتنی هەولێر و بەغداد بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچێت كە سیاقێكی نێودەوڵەتی وەربگرێت و ئەمریكا بە تایبەت و بەدواشیدا فەرەنسا دەیانەوێت رێككەوتنە بەجۆرێك بێت كە كێشەی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندی لانی كەم بۆ ماوەی 3 ساڵ چارەسەربكرێت و كۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتیش چاودێری جێبەجێكردنی بێت، بۆ ئەمەش نە هەولێر و نە بەغداد ناتوانن پێچەوانەی ئەو شەپۆلە نوێیە مەلە بكەن و چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا رێككەوتنەكە بگاتە قۆناغی كۆتایی.

هەولێر ئامادەیە
لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامی ئەوەی بە كازمی گەیاندووە كە هەرێم ئامادەی رێككەوتنە و خوازیارە كێشەكان چارەسەر بكرێن.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ كازمی، نێچیرڤان بارزانی وتویەتی: "ئێمە لەگەڵ گفتوگۆ و چارەسەری ریشەیی كێشەكانین بەپێی بڕگە و بەندە دەستورییەكان و دەخوازین هەماهەنگییەكی پتەو بێتە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان".

بەغداد گومانی هەیە
هەر بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، مستەفا كازمی وەك ئاماژەدان بە نەبوونی متمانەی بەغداد بە پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە رێككەوتنەوە وتویەتی: "گرنگە متمانەی نێوان هەردوولا بونیاد بنرێتەوە و پێشتر كەموكوڕی هەبووە"، هیواشی خواستووە كە جارێكی دیكە بە تێڕوانینێكی نوێی هاوبەشەوە هەوڵ بدرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان.
"چاوەڕوانی هەواڵی دڵخۆشكەرین"
هەرێمی كوردستان هیوای لەسەر رێككەوت لەگەڵ بەغداد كەڵەكە كردووە، بە ئەندازەیەك چەندجارێك دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە بە راشكاوانە وتویانە "ئەگەر بەغداد پارە بنێرێت ئەوا مووچە دابەش دەكەین"، بەو واتایەی بە ئەندازەیەك چاویان لە رێككەوتنی هەولێر و بەغدادە ئەگەر رێكنەكەون تەنانەت ناتوانن مووچەی فەرمانبەرەكانی خۆشیان دابین بكەن.
لە ئێستاشدا بە وتەی وەزیرێكی حكومەت، چاوەڕوانی هەواڵی دڵخۆشكەرن لەبارەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدادەوە.
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندوە: "هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی خۆمان نیشان داوە بەرامبەر بە حكومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەنجامدانی رێككەوتن لە نێوان هەردوو حكوومەت، تا ئێستاش قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە و بڕیارە رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكرێت".
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دەشڵێت: "بڕیارە شاندی باڵای دانوستانی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بەغدا بۆ تەواوكردنی رێككەوتنەكە و ئەنجامی كۆتایی دانوستانەكان لەسەر ئەو پرسانەی پێشتر لەسەری رێككەوتوون".
موسلیم پێشبینیش دەكات كە ئەنجامی دانوستانەكان دڵخۆشكەر بن.
 
سەقفی زەمەنی رێككەوتنەكە بەرز دەكرێتەوە
پەیسەر پرێس زانیاری دەستكەوتووە لەبارەی بەرزكردنەوەی سەقفی زەمەنی رێككەوتنەكە، بەجۆرێك كە پێشتر بڕیاربوو رێككەوتنی هەولێر و بەغداد بۆ ماوەی چەند مانگێك بێت تا پرۆژەبودجەی ساڵی 2021ی عێراق، بەڵام ئێستا بەهۆی دانانی ستراتیژی 3 ساڵی بودجەی عێراقەوە، هەوڵ هەیە كە سەقفی زەمەنی رێككەوتنی هەولێر و بەغدادیش بۆ ماوەی 3 ساڵ بەرزبكرێتەوە لەبری چەند مانگێك، تا لەماوەی ئەو 3 ساڵەی كە ستراتیژی بودجەی عێراقی تێدا دەستنیشان كراوە، هەرێمیش لەناو ستراتیژەكەدا بێت و لانی كەم لەماوەی 3 ساڵی داهاتوودا كێشەكان جارێكی دیكە سەر هەڵنەدەنەوە.

بەغداد نەرمی دەنوێنێت
دوای سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەغداد و دووبارە جەختكردنەوە لە خواستی وڵاتەكەی و ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغداد، چاوەڕوان دەكرێت بەغداد هەندێك نەرمی زیاتر بنوێنێت بۆ رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە پرسی دەروازە سنورییەكان، چونكە پێشتر بەغداد داوای دەكرد كە هێزی هاوبەش كۆنترۆڵی دەروازەكان بكەن، بەڵام لە ئێستادا پێداگری لەسەر هێزی هاوبەش نەماوە و تەنها خوازیارە بە هەماهەنگی بەڕێوەببرێن، بۆ ئەمەش هەرێمی كوردستان ئاسانتر دەتوانێت ئەزمی ئیدارەدانی هاوبەش بكات لەبری هاتنی هێزی عێراق بۆ دەروازە سنورییەكان.

رێككەوتنی پێشوو
چەند رۆژێك لەمەوبەر ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دوای كۆبوونەوەی دەستەی دەروازە سنورییەكان چەند بڕیارێكی بڵاوكردەوە كە وەك رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەبارەی دەروازەكانەوە لێكدرایەوە و بەپێی وتەی رەسمی ئەمیندارێتییەكەش 
 ئەو خاڵانە بنەماكانی رێككەوتنی هەولێر و بەغدادن لەبارەی دەروازەكان بەجۆرێك:-

یەك:- یەكخستنی رێكارەكانی دەروازە سنوورییەكان ئاسمانی، وشكانی و دەریایی؛ دەكرێت گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی دەرەكی بكرێت و رێكبكەون لەسەر ژمێرەی گومرگی، ئەوەش دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەردوولا. تیمێكی كاری تەكنیكی پێكدەهێندرێت لە فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە.
 
دوو:- یەكخستنی رێكارەكانی گومرگ و دەروازەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەواوی دەروازەكانی حكومەتی فیدراڵی بە هەر رێگەیەكی كاركردن كە پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ پێناسەی گومرگی یەكگرتوو.
 
سێ‌:- دانانی سیستمێكی ژمێرە لەبارەی داهاتە گومرگییە بەدەستهاتووەكان لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردن پێی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019.
 
چوار:- دانانی رێنمایی و رێكارەكان، كە حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان پێوەی پابەندبن بۆ تووندتۆڵكردنی هاتنی كەرەستە و كاڵای هاوردەكراو بەپێی یاسای گومرگی فیدراڵی و یاساكانی دیكە.

 
ئەوە جگە لە بڕیاری كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی فڕۆكەخانەكانی عێراق لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێر، بەڵام تا ئێستا بە دێڕێكیش جگە لە دۆسێ‌ داراییەكان باس لە دۆسێكانی خاك و پێشمەرگە و كێشە دەستورییەكانی دیكەی نێوان هەولێر و بەغداد نەكراوە لە كۆبوونەوەكاندا، ئیدی نازانرێت ئایا هەرێمی كوردستان هەموو شت لەدەستدەدات لەپێناو مووچەدا، یان گەڕێكی دیكەی ناكۆكی و كێشە و دانوستان و رێككەوتن چاوەڕوانی هەولێر و بەغداد دەكات لەسەر دۆسێكانی دەرەوەی نەوت و پارە.