چاوپیکەوتن

03:34 - 03/01/2019

ئاڵدار خەلیل: بۆ پاراستنی رۆژئاوا داوای بڵاوكردنەوەی هێزی نێودەوڵەتیمان كردووە‌

پەیسەر پرێس

لەم چاوپێكەوتنەدا كه‌ پێگه‌ی فورات نیوز ئه‌نجامیداوه‌، بەرپرسی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی بزوتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتی ( تەڤدەم) ئاڵدار خەلیل داوا لەهێزە نێودەوڵەتیەكان دەكات، سنورەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەهەرەشەكانی توركیا بپارێزن، له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپه‌وه‌ ده‌ڵێ، ئێمە بەپێی حساباتی خۆمان هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین، راستیەكی ئاشكرا هەیە كە پێویستە لەبیری نەكەین، ئەمریكا ناتوانێت تا ئەوكاتەی دەیەوێت لەسوریا بمێنێتەوە.
له‌به‌شێكی دیداره‌كه‌دا له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ئاڵدار رووی ده‌می ده‌كاته‌ باشوری كوردستان و تیایدا رایده‌گه‌یه‌نێت، توركیا ئەمرۆ رۆژئاوای كوردستان دەكاتە ئامانج بەیانی بەرەو باشوری كوردستان دەچێت بۆیە پێویستە رۆڵەكانی گەل لەباشوری كوردستان تەماعی توركیا هەست پێ بكەن.


پرسیار/ چۆن دۆخی رۆژئاوا و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵدەسەنگێنن؟
ئاڵدار خه‌لیل/ ئەوەی ئێستا لەرۆژئاواو باكور و رۆژهەڵاتی سوریا هەیە شۆرشی دیموكراتیەتە و نمونەی هەموو مرۆڤێكە، ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموكراتی توانی سیستمی تایبەتی خۆی لەسەربنەمای ئازادی دروست بكات، بەپشت بەستن بە پێكهاتەكانی كۆمەڵگە، ئەنجومەنەكان و ئیدارەی كۆمەڵایەتی كە بڕوای بەئازادی ژن هەبێت یەكێكە لەبنەما سەرەكیەكانی ئەو سیستمە، لەگەڵ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و داعش كە سەركەوتنی گەورە بەدەست هاتووە، خۆبەرێوەبەری دەستكەوتی گەورەی بەدی هێناوە، شۆڕشی مرۆڤایەتی و دیموكراتیەت بەدی هاتووە، بەجۆرێك نمونەی لەهیچ شوێنێكی تری ئەم جیهانە نیە، بۆیە هەموو هێزە دژە دیموكراتی و مرۆڤایەتیەكان هەوڵی شكست پێهێنانی ئەو شۆڕشە و لەناوبردنی دەدەن، تا ئەمرۆ هەموو هێزە شەركەرەكانی سوریا هەوڵ دەدەن چارەسەرێك بۆ كێشەی سوریا بدۆزنەوە، بەڵام ناتوانن، ئەوەش بەهۆی ئەو ناكۆكیە ریشەییەی كە هەیە، بەڵام دۆخی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا تەواو جیاوازە.

ئەو هێزە سەربازیانەی كە لەژێر ناوی ئۆپۆزسیۆندا دروست كراون و هەوڵ دەدەن هەژمونی خۆیان بەسەر تەواوی سوریادا بسەپێنن، بەڵام لەراستیدا ئەو هێزانە شتێك نیە كە هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن، ئەو گروپانەی ئەمرۆ پێیان دەگوترێت ئۆپۆزسیۆن، بوونە داردەست و خاوەنداریەتیان بۆخۆیان ناگەڕێتەوە، بەشیكیان چوونەتە پاڵ بەرەی نوسرە و جارێكی تر بوونەوە بە پاشكۆی توركیا ، ئەنكەرەش هەوڵ دەدات ئەو گروپانە بقۆزێنەوە بۆ بەرژوەندی تایبەتی خۆی و دژایەتی كردنی گەلی سوریا ئەوەش بەرێككەوتن لەگەڵ بەرەی نورسرە و ئێران و هاوپەیمانەكانی.

ئەمرۆ هەمەهەنگی و هاوكاریەك هەیە بۆ ئەوەی ئەو گروپانە بەرەو ناوچەكانی باكوری سوریا بێن، ئەو ناوچانەی كە بنەمای برایەتی گەلانی تێدا دروستكراوە و دەرفەتی ئەوە دروستكراوە كە رۆڵەكانی ئەو ناوچەیە خۆیان خۆیان بەرێوەبەرن، توركیا لەسەرەتای ساڵی 2018 و بەهاوكاری لەگەڵ ئەو گروپە چەكدارانە دەستی كرد بەهێرشكردنە سەر عەفرین و توانی داگیری بكات، ئەمرۆش لەرێگەی هەمان ئەو گروپانەوە توركیا هەرەشەی لە مەنبەج و ناوچە ئازادكراوەكانی رۆژهەڵاتی فورات دەكات، هەوڵ دەدات رێگری بكات لە سەقامگیری ناوچەكە و رێگری كردن لەپرۆژەی دیموكراتیەتی رۆژهەڵاتی فورات.

بەڵام ئێمە بڕوامان هەیە، بەهێزترین بڕوا كە گەلی ئێمە ئیرادە و هێزی ئەوەی هەیە و دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە و توانای ئەوەشی هەیە دەستكەوتەكانی بپارێزێت، ئێمە لای خۆمانەوە تەئكید لەوە دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە شۆڕش تا رزگاركردنی عەفرین و گەیاندنی ئەو سیستمە لەسەر بنەمای برایەتی گەلان بۆ هەموو شوێنێك، ئەم قۆناغە هەستیارە، زۆر دەستكەوت و سەردان  هەن ئێمە، ئێمە بەپێی درئەنجامەكان مامەڵە دەكەین.

ئەمریكا كشانەوەی خۆی راگەیاند، بەڵام تائێستاش لێرەن، لەگەڵ ئەوەی بریاردراوە، بەڵام ئەنجامی ئەو بڕیارە لەسەر زەوی تائێستا نیە، ئێمە حساباتی تایبەت بەخۆمانمان هەیە، لەراستیدا ئەمریكا و هێزە نێودەوڵەتیەكانی تر ناتوانن بۆ هەتاهەتایە لێرە بمێننەوە.

 

پرسیار/ دوای بڕیاری ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەكشانەوەی هێزەكانیان ئایە ئێوە گفتوگۆی ئەو بڕیارەتان لەگەڵ ئەمریكا كردووە؟ ئەو بابەتانە چین كە ئێوە گفتوگۆتان لەسەركردوون؟

ئاڵدار خه‌لیل/ بێ گومان لەهەموو قۆناغەكاندا گفتوگۆ هەیە لەنێوان ئێمە و لایەنی ئەمریكی، بەڵام ئێمە بۆیەك رۆژیش داوامان لێنەكردوون نەكشێننەوە، ئەمریكا دەكشێتەوە جا ئەمرۆبێت یان دوای چەند مانگێكی تر، ئەوەی ئێمە لەگەڵ لایەنی ئەمریكی گفتوگۆمان لەسەر كردووە پرسی كشانەوە یان مانەوە نەبووە  بەڵكو گفتوگۆمان لەسەر رێگری كردن لەهێرش بۆسەر ئەو دەستكەوتانە كردووە كە تا ئەمرۆ بەدی هاتوون، ئێمە دەمانەوێت گەلی خۆمان و ناوچەكانمان لەهەرەشەكانی توركیا بپارێزین، لەداگیركاری توركیا بیانپارێزین كە دەیەوێت لەناوی بەرێت، ئێمە كار لەسەرئەوەدەكەین رژێمی سوریا دان بە سیستمی خۆبەرێوەبەریدا بنێت لەو ناوچانەدا كە رۆڵەكانی ئەوێ هەڵیانبژاردووە، ئێمە كار لەسەر پاراستنی دەستكەوتەكان و دوورخستنەوەی مەترسیە ئاشكراكانی توركیا دەكەین.

پرسیار/ هەڵوێستی رژێمی سوریا چیە؟
ئاڵدار خه‌لیل/ رژێمی سوریا تائێستا هیچ كەس لەدەرەوەی سیستمی خۆی قبوڵ ناكات، جگە لەحزبی بەعس دان بەهیچ كەسێكی تردا نانێت، دەسەڵاتی دیمەشق رەتی دەكاتەوە دان بەئیرادەی گەلی سوریادا بنێت.

پرسیار/ كەواته‌ تێروانینی ئێوە لەو بارەیەوە چیە؟

ئاڵدار خه‌لیل/ پێویستە رژێمی سوریا دەستبەرداری ئەو جۆرە عەقڵیەتەبێت، ئەو عەقڵیەتە سوریای بەم دۆخەی ئەمرۆ گەیاند، كەواته‌ بۆچی هەشت ساڵە شەڕ لەسوریا بەردەوامە؟ هۆكارەكەی هەڵوێستی رژێمی سوریایە كە بەشێوەیەكی هەڵە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانەدا دەكات، لەو ڕووەوە ئێمە داوا لە وڵاتانی تر دەكەین بەشدار بن لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەی سوریا و فشاربخەنە سەر رژێم بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەو عەقڵیەتە بێت، بەشداری ئەوان وەك چاودێر و هەستان بە رۆڵی خۆیان لەو بوارەدا، ئێمە وەك گەلی كورد وەك گەلی عەرەب وەك سریان و توركمان و ئەرمەن و ئاشوری و هەموو پیًكهاتەكانی تر كاردەكەین بۆ بەیەكەوەژیان و ڕووبەڕووبونەوەی ئەو هەرەشانەی كە دەستكەوتەكانمان دەخەنە مەترسیەوە.

 

پرسیار/ ئایا هیچ وڵاتێك ئەو رۆڵی نێوەندگیریە لەنێوان ئێوەدا دەبینی؟ دەگوترێت كۆماری میسر ئامادەی دەربریوە بۆئەوەی نێوەندگیری بكات ئایە رژێمی سوریا ئەوە قبوڵ دەكات كە لایەنەكانی تر رۆڵی نێوەندگیر بگێرن؟
ئاڵدار خه‌لیل/ زۆر وڵات هەن توانای ئەوەیان هەیە كە ئەو دەستپێشخەریە بكەن، سەبارەت بەرۆڵی كۆماری میسر پێم وایە كەناڵەكانی راگەیاندن ئەو پرسەیان بەشێوەیەكی هەڵە باس كرد، میسر نێوەندگیری رانەگەیاند بەڵكو گفتوگۆ لەسەر ئەوەبوو كە كێ رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت، كۆماری میسر دەتوانێت ببێتە نێوەندگیر، لەراستیدا تەنها میسر نیە بەڵكو وڵاتانی تریش هەن كە دەتوانن دەستوەردان بكەن و فشار بخەنە سەر رژێم بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست قبوڵ بكات.

پرسیار/ ئەو وڵاتانە كێن؟
ئاڵدار خه‌لیل/ بمبورە لەوڵامدانەوەی ئەو پرسیارە باشتر وایە زۆر شت باس نەكەین، چونكە تەنها یەك وڵات نیە، بەڵكو زۆرینەی ئەووڵاتانەی كاریگەریان لەسەر سوریا هەیە، ئێمە بەردەوامین لەسەر پەیوەندیەكانمان لەگەڵیان ئەگەر رژێم رازی بوو بەچارەسەر ئەوە باشە ئەگەر رەتیكردەوە ئەوە ئێمە لەسەر تێكۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین، ئێمە هیچ رۆژێك داوای جیابونەوەمان لەسوریا نەكردووە، هەروەها ئێمە نامانەوێت لەسوریا جیابینەوە یان پارچەپارچەی بكەین، هیچ رۆژێك داوای چارەسەرێكمان نەكردووە كە پشت بەهێزی دەرەكی ببەستێت، بەڵكو دەمانەوێت چارەسەرێكی ناوخۆی هەبێت.

 

پرسیار/ چەند رۆژێك پێش ئێستا وەفدێكی ئێوە سەردانی مۆسكۆی كرد ئەو شتانەچی بوون كە گفتوگۆیان لەوێ لەسەركرا هەڵوێستی روسیا چۆن بوو داوای چی لەئێوەكرد؟
ئاڵدار خه‌لیل/ وەفدی ئێمە تەنها سەردانی روسیای نەكرد بەڵكو وەفدەكانی ئێمە سەردانی ژمارەیەك وڵاتیان كرد، بەشێك لەوانە تا ئێستاش بەردەوامن لەسەردانەكانیان بەشێكیان گەراونەتەوە، ئێمە لەگفتوگۆكانماندا جەخت لەچارەسەری پێویست بۆ كێشەی سوریا دەكەینەوە، هەموو لایەك دەزانن مۆسكۆ رۆڵێكی گرنگی لەسوریا هەیە، هەروەها كاریگەری لەسەر توركیاش  هەیە، لەگەڵ ئەوەی پێگەی لەڕووبەڕووبونەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش هەیە.

ئێمە دڵنیاین كە روسیا هاوپەیمانی توركیایە ئەوە زیاتر لەداگیركاری ئەم دوایانەی عەفرین ئاشكرابوو، هەردوو وڵات كار دەكەن بۆ بەدیهێنانی بەرژوەندیەكانیان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ مۆسكۆ هەبێت بۆگۆڕینی چەند هەڵوێستێك لەسەرزەوی، ئەگەر توانیمان كاریگەری لەسەر دروست بكەین ئەوە بەدڵنیاییەوە دۆخەكە دەگۆڕێت و روسیا بەوشێوەیەی كە پێویستە رۆڵی خۆی دەگیرێت.

سەردانەكانی ئێمە بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی ده‌رەوە بەردەوامن ئێمە بەردوو ئاراستەدا كار دەكەین یەكەم پاڵپشتی كردنی هێزە سەربازیەكانمان لەناوخۆدا بۆئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، ئاراستەی دووەم كاری دیبلۆماسیە، بەجۆرێك هەموو هێزەكان تێبگەن لەخواستی ئێمە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیانەی كێشەی سوریا، و ئێمە ئامادەی خۆمان دەربڕیوە بۆ چوونە ناو دانوستان لەگەڵ رژێم بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لەسوریا.

ئەگەر ئەمە بەدی بێت ئێمە دوو سودی گرنگی لێ دەبینین یەكەمیان بڕینی رێگەی بەردەم هێرشە چاوەڕوان كراوەكانی توركیا بۆسەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، دووەم پاراستنی دەستكەوتەكان كە بەفیداكاری و قوربانیدانی رۆڵەكانی ناوچەكە بەدی هاتوون.

پرسیار/ لەكاتی هێرشی دەوڵەتی توركیا و گروپەكانی بۆسەر عەفرین بینیمان گروپێكی سەربازی سەر بەرژێم بەرەو ئێرە هاتن بۆ وەستاندنی هێرشەكە، ئێستا ئەوە لەمەنبەج دەبینین بەرای ئێوە ئەوە دەتوانێت هێرشی توركیا بوەستێنێت ئەگەر بڕیاری هێرشیدا بۆسەر رۆژهەڵاتی فورات؟
ئاڵدار خه‌لیل/ كاری سەرەكی ئێستا دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ و گەیشتن بەرێككەوتنی هاوبەش، ئێمە ژمارەیەك ئیدارەمان لەناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا هەیە، ئەگەر توانیمان رێككەوتنێك لەگەڵ رژێم بكەین ئەوكاتە تەواوی ناوچە سنورەیەكان لەژێر پاراستنی حكومەتی ناوەندیدا دەبن، ئەوكاتە پاراستنی سنورەكان لەهەر هەرەشەیەك ئەركی ئەو دەبێت، ئەو كاتە توركیا بەدڵنیاییەوە ناتوانێت هیچ هێرشێك بكات، دۆخی عەفرین جیاوازە ئەو هێزانەی هاتن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داگیركاری توركیا بەشێوەیەكی فەرمی سەر حكومەتی سوریا نەبوون بەڵكو چەند گروپێكی چەكداری سەر بەچەند پێكهاتەیەكی سوپای سوریابوون، سەبارەت بەمەنبەج هێزەكانی رژێم نەچوونە ناو شارەكە ،ئەوان لەناوچەی عەریمەن كە سنوری نێوان ناوچەكانی ئێمە و بەكرێگیراوەكانی سەر بەتوركیان، هەروەها هێزەكانی روسیاش لەوێ هەن.

ئێمە داوامان لەرژێمی سوریا كرد هێزەسەربازیەكانی بهێنێتە ئەو ناوچانە، بەكردەوەش ئەوان هاتن، و هێزەكانیان لەچەند گوندێكی دەوروبەری بڵاوەپێكرد، بەڵام ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە كە پێویستە رژێم دان بەسیتمی خۆجێی ئەو ناوچانە بنێت، و ئەوەش بەشێوەی واژۆبێت لەناوچەكانی باكوری سوریا پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە خۆیان خۆیان بەرێوەدەبەن، لەسەر ئەوبنەمایەش پێویستە پەیوەندی ئێمە لەگەڵ رژێمی سوریا بێت، ئەوە بنەمای هەررێككەوتنێكی داهاتوو بێت لەنێوانماندا.

 

پرسیار/ لەباشوری كوردستان ناوچەی دژەفرین راگەیەندرا لەلایەن ژمارەیەك وڵاتەوە دوای ئەوەی رژێمی بەعس هێرشی كردە سەر ئەو ناوچانە، ئایە هیچ رێككەوتنێكی هاوشێوەهەیە بۆ ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات لەسوریا، ئایە هیچ دەوڵەتێك ئارەزووی سەپاندنی ناوچەی دژەفڕینی هەیە؟
ئاڵدار خه‌لیل/ ژمارەیەك دەوڵەت هەن ئەمەیان دەوێت و ئێمەیان ئاگاداركردووە كە دەیانەوێت ناوچەی دژە فڕین بچەسپێنن، وڵاتانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەتوانن رووبەڕووی ئەوەببنەوە، ئێمە چەند ئاماژەیەكی لەوشێوەیەمان خوێندەوە، ئەوە بەشێوەیەكە كە هیچ دەوڵەتێكی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نایەوێت مافی ڤیتۆ لەدژی بەكاربهێنێت.
لەراستیدا كارەكان بەدوو ئاراستەن، یەكێكیان بڵاوكردنەوەی هێزی نێودەوڵەتیە لەنێوان ئێمە و توركیا كە رۆڵی گرەنتی ببینێت، تا ئەو كانەی توركیا رۆژاوا بەمەترسی لەسەرئاسایشی خۆی دابنێت، بۆیە ئێمە پێشنیاری بڵاوكردنەوەی هێزی نێودەوڵەتیمان لەسەر سنوركردووە، ئەوكاتەی دەبینین كە ئەوە راستە لەسەر زەوی.
ئاراستەی دووەم كاركردن بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی دژەفرین ، ئێمە كاردەكەین بۆ ئەوەی هەردوو ئاراستەكە بەدی بێن، ئەوەش كارێكی ئاسان نیە ئێمە بەتەواوی كار دەكەین بۆبەدی هێنانی، بەڵام تائێستا نازانین ئەنجامەكان چی دەبن.

 

پرسیار/ چی لەحكومەتی هەرێمی  كوردستان داوادەكرێت كە  پێی هەستێت لەم قۆناغەدا، بەوپێیەی ئەو ئەزمونی هەیە و پێگەیەكی ستراتیژی لەناوچەكە هەیە؟
ئاڵدار خه‌لیل/ پێویستە لەسەر هەمووان لەهەرێمی كوردستان، گەل، پارتە سیاسیەكان، و حكومەت كە باش راستیەك بزانن ئەویش ئەوەیە كە دەوڵەتی توركی داگیركەرە، پێویستە لەسەر گەلی باشوری كوردستان هەڵوێستی توركیا دەربارەی ریفراندۆمی سەربەخۆی هەرێم بەبیرخۆیان بهێننەوە، پێویستە ئەوە بیرخۆیان بهێننەوە كە دەوڵەتی توركیا ئەوكاتە كردی و لەیەكەمەكانی رەتكردنەوەی ریفراندۆم بوو، پێویستە ئێمە چاوەڕێی ئەوەبین كە دەوڵەتی توركیا ڕووبەڕووی هەرمافێك دەبێتەوە كە پەیوەندی بەگەلی كوردەوە هەبێت، رێگا بەبوونمان لەسەرخاكی خۆمان نادات، هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی رێگری بكات كە كورد بەئازادیەكانی بگات، نەك تەنها لەتوركیا بەڵكو لەتەواوی ناوچەكە.

دەمەوێت بڵێم داگیركاری توركیا بۆ عەفرین و ناوچەكانی تری باكوری سوریا ئەگەر بەردەوام بێت كاریگەری لەسەر باشوری كوردستان دروست دەكات، بەتەواوەتی كاریگەری لەسەرناوچە كوردیەكانی تریش دەبێت،بۆیە پێویستە گەل لەباشوری كوردستان رێگە بەبێدەنگی حكومەت نەدات دەربارەی داگیركاری توركیا، ئەوگەلەی كە لەكۆنەوە دەیناسم و رێگە بەستەم نادات.

 

پرسیار/ پلانی ئێوە بۆ رزگاركردنەوەی عەفرین چیە ؟ ئایە ئێوە هیچ شتێك بۆ ئەوە دەكەن؟
ئاڵدار خه‌لیل/ تێكۆشانی ئێمە لەپێناوی رزگاركردنی عەفرین بەردەوامە لەلایەنی سەربازی و هەروەها لەلایەنی دیبلۆماسی، لەعەفرین هێزی داگیركەر گۆڕانكاری دیمۆگرافی  بەرنامە بۆ دارێژراو دەكات، هەروەها پێشێلكاری مەترسیدار بەرامبەر دانیشتوانەكەی دەكات.

بۆیە ئێمە بەچڕی كاردەكەین بۆ كۆتایی هێنان بەداگیركاری، بەتایبەتیش ئێمە لەرێگەی دیبلۆماسیەوە هەوڵ دەدەین، دۆسیەیەكی تایبەت بەداگیركاریمان رەوانەی زۆر لەلایەنە نێودەوڵەتیەكان كردووە، كە هەروەها ئاوارەكانی عەفرین كە لەناوچەی شەهبا نیشتەجێن باس كراوە، ئەو ئاوارانە دەناڵێنن ئەوەش لەكاتێكدایە كە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دۆخی ئەوانیان پشتگوێیان خستووە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە هەوڵمانداوە بەپێی توانای خۆمان هاوكاریان بكەین.

شەرڤانە پیاو و ژنەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل و یەپەژە و یەپەگە بەرخۆدانێكی مێژوویان كرد لەسەرەتای هێرشی سەر عەفرین، تا ئێستاش بەردەوامن لەبەرخۆدان تا رزگاركردنی هەرێمەكە و دەركردنی هێزی داگیركەر تێیدا.