ڕاپۆرتی کوردستانی

01:33 - 10/09/2020

حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو بژاردە لەبارەی مووچە تاوتوێدەكات‌

شیراز ره‌ئوف

حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو بژاردەی بۆ رێككردنەوەی مووچە ئامادەكردووە و خاڵی هاوبەشی هەردوو بژاردەكەش ئەوەیە كە تەواوی مووچەی ساڵی 2020 بە لێبڕینەوە دابەش بكرێت.

بەغداد پارە دەنێرێت
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا حكومەتی ناوەندی عێراق لەبەرمەبنای لێكتێگەیشتنی نێوان سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ناوەندی و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە مانگی رابردوو بە تەلەفۆن رێككەوتبوون، بڕی 320 ملیار دیناری دیكە رەوانەی لقی هەولێری بانكی ناوەندی بكات.
حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پلانی هەیە كە دوای گەیشتنی ئەو پارەیە لە رۆژی 20ی ئەم مانگەوە دەستبكاتەوە بە دابەشكردنی مووچە بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە مووچەی مانگی 5ی پێ‌ دایسن بكرێت یان مووچەی مانگی ئەیلول و مانگەكانی پێشتر بلۆك بكرێن.

لێبڕین بەردەوام دەبێت
پەیسەر زانیویەتی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە تەواوی مووچەی ساڵی 2020 بە لێبڕینەوە دابەش بكات، بەڵام هێشتا بڕیارنەدراوە كە رێژەیەكی جێگیر بۆ لێبڕینی هەموو مانگەكان دابنرێت، بەڵام ئەوەی كە روونە و بڕیاری لێدراوە ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان ناتوانێت مووچەی تەواو لە ئەمساڵدا دابەش بكات و ناشیەوێت بگەڕێتەوە سەر سیستمی پاشەكەوت، هەربۆیە بە شێوەی لێبڕینەوە خشتەی مووچەی ساڵی 2020 بە تەواوی تێدەپەڕێنێت.

دوو بژاردە هەن
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا تەنها دوو بژاردەی لەبەردەمدایە بۆ شێوازی دابەشكردنی مووچە و لەم ماوەیەدا یەكێك لە بژاردەكان دەبێتە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران:-


بژاردەی یەكەم:- حكومەت تا مانگی ئازاری ساڵی 2021، درێژە بە دابەشكردنی مووچەی ساڵی 2020 بدات و مانگانەش رێژەیەك لە تەمویلی وەزارەتەكان ببڕێت.

بژاردەی دووەم:- حكومەت مووچەی مانگەكانی (5+6+7+8)ی ئەمساڵ بلۆك بكات و لەم مانگەوە مووچەی مانگی (9) دابەش بكات، بەوەش تا كۆتایی ئەمساڵ 4 مووچەی دیكە دابین بكات بە لێبڕینەوە و لە ساڵی 2021 بڕیار بدات كە شێوازی دابەشكردنی مووچە چۆن بێت.


بەغداد فشار دەكات
حكومەتی ناوەندی لە گفتوگۆكاندا لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك یەكێك لە فشارەكان ئەوەیان بەگوێی وەفدی كوردیدا داوە كە مووچەی تەواو بە فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان تا هەنوكە نەچووەتە ژێر باری دابینكردنی مووچەی تەواو و بە وتەی خۆیان بە داهاتی ناجێگیری نرخی نەوت و داهاتی كەمی ناوخۆ بەهۆی رێكارەكانی كۆرۆنا و كەمی بڕی پارەی حكومەتی ناوەندییەوە ناتوانن مووچەی تەواو دابین بكەن.

مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان
بەپێی تۆمارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆران 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن

لەو ژمارەیە

كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.


بەڵام بەردەوام چ لەناوخۆ گومان دەكرێت كە بەشی زۆری ئەم مووچەخۆرانە وەهمی و بندیوار بن و تەنها بەناو لە تۆمارەكانی حكومەتدا بن و چ لە عێراقیش گومان لەو قەبارە گەورەیەی مووچەخۆر دەكرێت و پێیانوایە كە ژمارەی مووچەخۆری فیعلی زۆر لەو ژمارەیە كەمترە.