چاوپیکەوتن

02:45 - 14/09/2020

باژێروانی سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان: مەلا بەختیار لەشوێنی ترەوە ئاراستە دەكرێت‌

پەیسەر

بەهادین ئەحمەد باژێروانی مەكۆی سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێكەوتنێكی سایتی پەیسەرپرێس وەڵامی بوختانەكانی مەلابەختیار بەرامبەر نەوشیروان مستەفا دەداتەوە، و دەڵێت مەلابەختیار لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە سەنگ و قورسایی لەدەستداوە و ئەوەی دەیكات پەلەقاژەیە..

پەیسەرپرێس/ ئەو قسانەی مەلا بەختیار كردی دەربارەی نەوشیروان مستەفا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
بەهادین ئەحمەد: مەلابەختیار سیاسیەكی ئینتیهازیە و هەل پەرستە، هەمیشە هەڵپەی دەسەڵاتی یەكەمی هەبووە، بەهۆی ململانێی ناو كۆمەڵەوە مەلابەختیار وەك كەسێكی عێراقچی ناسرابوو، ئەو سەرسام بوو بە حزبە كۆمۆنیستەكانی ئێران و ئەمەی قۆستبۆوە بۆ ململانێكانی لەناو كۆمەڵەی رەنجدەران و یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

پەیسەرپرێس/ بۆچی لەئێستادا كە چەند ساڵێكە كاك نەوشیروان لە ژیاندا نەماوە و چەندین ساڵیش بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێپیەڕیون ، بۆچی ئێستا مەلابەختیار ئەو قسانە دەكات؟

بەهادین ئەحمەد: چەند هۆكارێك لەپشت بوختانەكانی مەلا بەختیارەوە هەن لەوانەش:
 یەكەم/ مەلا بەختیار لەهەموو ڕوویەكەوە شكستی هێناوە هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی پێگەی كۆمەڵایەتی، بەبۆچوونی من ئێستا هەڵپەی وەرگرتنی بەرپرسیاریەتیەكی گەورە دەكات، بۆ ئەوەی لە ڕووداوەكان رۆڵی سەركردەیەكی دیاری هەبێت، بەتایبەت لەدوای كۆنكگرەی یەكێتی پەراوێزخراوە و پەلەقاژە دەكات.
دووەم/ بەبڕوای من مەلا بەختیار لەئێستادا سیاسیەكی ئاراستەكراوە، بەهۆی لەدەستدانی سەنگ و قورسای لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە لەشوێنی ترەوە ئاراستە دەكرێت.

پەیسەرپرێس/ مەلا بەختیار لە چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت پەیوەندی كردووە بەكەناڵەكانی كورسات و گەلی كوردستان بۆ ئەوەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ بكەن بەڵام هەردوو كەناڵەكە وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا كەناڵی ڕووداو بایەخی زۆری پێ دەدات؟

بەهادین ئەحمەد: ئەگەر مەلابەختیار ئەو كەسە بەناو سیاسیە جورئەتی ئەوەی هەبوایە ململانێی سیاسی لەگەڵ نەیارەكانی بكات بەتایبەت كاك نەوشیروان دەبوایە تا كاك نەوشیروان لەژیاندا بوو ئەو بوختانانەی ئێستای بڵاوبكردایەتەوە، بۆچی لە ڕوداویش زۆرینەی بەرنامەكەی بۆ تەرخان كراوە جێگەی پرسیارو هەڵوێستە لەسەر كردنە.

پەیسەرپرێس/ پێت وانیە مەلابەختیار ئەو ستەمەی لەكاك نەوشیروانی كرد لە مام جلالیشی كرد، دەبێت كێ وەڵام بداتەوە؟

بەهادین ئەحمەد: مەلابەختیار كەسێكی خۆپەرستە و لەئێستادا هەموو هاورێكانی سفر دەكاتەوە، و خۆشی وەك پاڵەوان پیشان دەدات، بەتایبەت مام جلال و كاك نەوشیروان كە رابەری شۆرش بوون، هەروەها مەلابەختیار كێشەی لەگەڵ هاوڕێكانی كاك نەوشیروان و سەركردە پاكەكانی كۆمەڵەش هەبوو، ئەگەر كتێبەكانی بخوێنیتەوە پڕیەتی لەو شتانە.

كاك نەوشیروان هەوڵی دەدا هەموو كورد لەیەك بەرە كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی لەبەرەی دژی بەعس بەیەكەوە بجەنگن، بەپێچەوانەوە مەلا بەختیار دەیویست كۆمەڵە و یەكێتی پارچەپارچە بكات و هەڵبوەشێنێت لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی.