چاوپیکەوتن

12:08 - 15/09/2020

مەلا بەختیار كە چاوی بە ئۆتۆمبێلەكانی مام جەلال كەوت چی گوت؟‌

پەیسەر پرێس

فەریق هەڵەدنی پێشمەرگەی دێرین و پاسەوانی زیندانەكەی مەلابەختیار چیرۆكی بێدەسەڵاتی و ترسنۆكی مەلابەختیار بۆ پەیسەرپرێس دەگێرێتەوە و دەڵێت نەوشیروان مستەفا ئازادی كرد و ئەو كاتە مام جەلال لە دەرەوەی وڵات بوو، هەروەها باس لەوەش دەكات بەهۆی ئەوەوە چەندین كەس خۆیان تەسلیمی حكومەت كردەوەو بوون بەجاش، هەر ئەویش كۆمەڵەی لەت و پەتكرد.

گوێی لەدەنگی یەك فرۆكە بوایە هاواری دەكرد دەیگوت ئەو فرۆكەیە دێت لەمن دەدات

پرسیار/ تۆمەتەكانی مەلابەختیار بەرامبەر كاك نەوشیروان چۆن لێكدەدەیتەوە؟
فەریق هەڵەدنی: مەلابەختیار پیاوێكی قین لەدڵ و بوغزاویە، لەساڵی 1985 بەبڕیاری سەركردایەتی یەكێتی دەستگیركرا، بەهۆی ئەوەی رێكخستنی لەناو رێكخستن دروستكردبوو دوای ناویان نا ئاڵای شۆرش، من ساڵی 1987 لەنزیكەوە مەلابەختیارم ناسی، لەگوندی كانی شینكی یاخسەمەر سجن بوو لەلای وەستا لەتیف، بەڵام دواتر لە وەستا لەتیف وەرگیرایەوە و درایە دەست ئێمە، هەر لەهەمان شوێن لەكانی شینكێ، ئێمە ئەو كاتە كەرتی پێنج ی تیپی پارێزگاری بووین و فەرماندەی كەرتەكەمان بەكر چوخماخی بوو، لەوێوە من لە نزیكەوە بینیم، كە بینیمان پیاوێكی ترسنۆكی بێ هورەی سازشكار بوو، بە بەردەوامی لە زیندان هاوار و قیژەی بوو،رادیۆیەكی بەدەستەوە بوو ئێف ئێمی وەردەگرت، رادیۆكە دەنگی فرۆكە و پەیوەندی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنی وەردەگرت، هەمیشە ئەو رادیۆیەی بەدەستەوە بوو، ئەو كاتە شەڕی ئێران -عێراق بوو هەروەها ئەو ناوچەیە ناوچەی سەركردایەتی بوو، فرۆكە زۆر دەهات بەڵام مەرج نەبوو هەر فرۆكەیەك دەهات بۆ بۆردومانی ئێمە بێت، ئەو گوێی لەدەنگی یەك فرۆكە بوایە هاواری دەكرد دەیگوت ئەو فرۆكەیە دێت لەمن دەدات، جەلال تاڵەبانی و ئەوان دەیانەوێت بەوشێوەیە من لەناوبەرن، ئێمەش پێمان دەگوت، كاكە ئەوە ئێمەش لێرەین و لەگەڵ تۆین بۆ ئەوەندە دەترسی.

كونە تەیارەیەكمان هەبوو لەژێر زەمینێكدا پێشمەرگەیەكمان گوتی بۆ گڵە سورەی بۆ تێنەكەین و بیكەینە كونە تەیارەكە بۆ ئەوەی پێچینەی تێدا بكات و یاری بە گڵەكە بكات و ئێمەش نەجاتمان بێت لەو هات و هاوارە.

گوتی من دەزانم دەمبەن دەمكوژن من سروشتی مام جەلال دەناسم

مەلابەختیار لە زیندان زوو زوو دەیگوت من نامەوێت بمرم، تا كۆتایی ساڵی 1987 لای ئێمە مایەوە، لەو كاتەدا بڕیاردرا لای ئێمە بیگوازنەوە، رۆژێك لەنێوان كاتژمێر 9 بۆ 10ی سەرلەبەیانی بوو ئامركەرتەكەمان هاتەوە و ئاگاداری كردمەوە كە بچم بەمەلا بەختیار بڵێم خۆی حازر بكات، لای ئێمە لای دەبەن.

 منیش چوم پێم گوت مەلا خۆت ئامادە بكە لێرەلات دەبەن، گوتی بۆ كوێ؟ گوتم نازانم، گوتی چی و چی لەگەڵ خۆم بهێنم؟ گوتم دەڵێن شتێكی زۆر سادە لەگەڵ خۆی بهێنێت و یاتاغ و شت مەهێنە و زۆر شت لە خۆت كۆمەكەوە، دەست بەجێ رەنگی تێكچوو و دەستی كرد بە هات و هاوار و گوتی بۆ كوێم دەبەن؟

منیش گوتم نازانم كاكە من پێشمەرگەیەكم ناتوانم پرسیار بكەم بۆ كوێت دەبەن، لەو كاتەدا رادیۆكەی دەستی كەوتە خوارەوە و رەنگی شڵەژا و دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكانی مام جەلالی بینی كە هیوا قلیسانی و شەهید دلێر هاتبوون بیبەن، گوتی من دەزانم دەمبەن دەمكوژن من سروشتی مام جەلال دەناسم، منیش پێم گوت ئێمە نازانین دەتكوژن یان ناتكوژن بەڵام بەئێمەیان گوتووە دەیبەین و بڕۆ لەگەڵیان.

پەیسەرپرێس/ مەلابەختیار چۆن سەركردەیەك بوو؟
فەریق هەڵەدنی: كە ترسنۆكی مەلابەختیارمان بینی زۆر جار دەمانگوت، هەر بەڕاست ئەمانە سەركردەی ئێمەبوون؟ خۆزگە هەر ناومان بیستبا و لەنزیكەوە نەمانبینیبایە و ئاگامان لەو هەموو ترسنۆكی و بێدەسەڵاتیەی نە بوایە.

پەیسەرپرێس رۆڵی مەلابەختیار لە هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە چی بوو؟
فەریق هەڵەدنی: مەلا بەختیار یەكەم هۆكاری پەرتەوازەكردنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوو، چونكە ئەو یەكەم كەس بوو لەناو رێكخستنی كۆمەڵە ئاڵای شۆرشی دروستكرد و چەندین هاورێی باش و چەندین فەرماندەی سەربازی و كادیری حزبی باش بەهۆی ئەوەوە لەكۆمەڵە بوونەوە، یان خۆیان رادەستكردەوەو بوون بە جاش یان چوون بۆ ئەوروپا یان سزادران و سەرئەنجامی خۆشی ئەو ئەنجامە بوو كە لەزیندان ئێمە بینیمان كە سازشكار و ترسنۆك بوو لەپێناوی مانەوەی ژیانی خۆیدا، بۆیە یەكەم كەس مەلابەختیار بوو ویستی كۆمەڵە هەڵوەشێنێتەوە.

ئەوەی من بزانم  كاك نەوشیروان لەگەڵ ئەوە بوو نەكوژرێت و پێی وابوو ئەگەر بكوژرێت وەك پاڵەوانێكی پرۆلیتاری ناوی دەچێتە مێژووەوە.

كێ مەلابەختیاری ئازاد كرد؟
لە راستیدا مەلابەختیار دەڵێت ئەگەر مام جلال نەبوایە پرسەكە گەورەتر بوو، واتا كاك نەوشیروان دەیكوشت، بەڵام ئەمە راست نیە كاتێك كە مەلابەختیار ئازاد كرا، كاك نەوشیروان ئازادی كرد و مام جەلال لەدەرەوەی وڵات بوو هەموولایەك دەزانن كە  لە پایزی ساڵی 1987 وە مام جەلال  چووە دەرەوەی وڵات ، و كاك نەوشیروان سەركردایەتی یەكێتی دەكرد، بۆیە ئەگەر كاك نەوشیروان بیویستایە بیكوژێت دەیتوانی جگە لەوەی زۆرینەی سەركردایەتی و پێشمەرگەكانیش دەیانگوت بۆ نای كوژن و لەزیندان بەخێوی دەكەن لەكاتێكدا ئەو ویستویەتی یەكێتی هەڵوەشێنێتەوە ؟

كاك نەوشیروان وتوویەتی ئیعدامی سیاسی دەكەم، ئەوەتە تا ئێستاش رۆژانە ئیعدام دەكرێت.

بەڵام ئەوەی من بزانم  كاك نەوشیروان لەگەڵ ئەوە بوو نەكوژرێت و پێی وابوو ئەگەر بكوژرێت وەك پاڵەوانێكی پرۆلیتاری ناوی دەچێتە مێژووەوە. ئەوەی كە هەیە ڕاستە كە كاك نەوشیروان وتوویەتی ئیعدامی سیاسی دەكەم، ئەوەتە تا ئێستاش رۆژانە ئیعدام دەكرێت.