ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:05 - 03/10/2020

بەکرێگیراوەکانی تورکیا لە سوریاوە بۆ لیبیا و کاراباخ‌

پەیسەر

لە دوای ساڵی ٢٠٠٠وە بابەتی چەکدارە بەکرێگیراوەکان هاتە نێو ناوەندە میدیایی و ئەکادیمییەکانەوە، لە شەڕ و جەنگەکانی ٢٠ ساڵی رابردوودا چەند وڵاتێک پەنایان بۆ بەکارهێنانی چەکدارە بەکرێگیراوەکان برد، تاکو لەبری هێزی خۆیان بەکاریانبهێنن، یەکێک لەو وڵاتانە بەردەوام بە بەکارهێنانی ئەم بەکرێگیراوانە تۆمەتبار کراوە لە سوریا و لیبیا، تورکیا بووە، لە ئێستاشدا ئەنقەرە بە ناردنی ئەم چەکدارانە بۆ شەڕی ئازربایجان و ئەرمەنستان تۆمەتبار دەکرێت.

شەڕێکی هەرێمیی
لە نوێترین راپۆرتیدا رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی باس لە شەڕی ئازربایجان و ئەرمەنستان و رۆڵی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیا دەکات.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات دوای تەنها شەش رۆژ لە دەستپێکردنی شەڕەکە، پێکدادانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان بوو بە ناکۆکیی و شەڕێکی هەرێمیی و ناوچەیی، ئەمەش بەهۆی دەستێوەردانی بەشێک لە وڵاتان و بەتایبەتی تورکیا.

ئەم بەهەرێمبوونەوەی جەنگەکە بەشێکی پەیوەندی بە گرنگی ناوچەی باشوری قەوقازەوە هەیە کە هێڵی ئەنابیبی پێدا تێپەڕدەبێت، کە نەوت و غاز بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگوازێتەوە.

چاوپێکەوتن لەگەڵ چەکدارە بەکرێگیراوەکان
رۆژنامەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەشێک لە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ئیدلیبی دواین پێگەی گروپە چەکدارەکان ئەنجامداوە و لە زاری ئەوانەوە چەند زانیارییەک دەخاتەڕوو.

چەکدارەکان باس لەوە دەکەن، چەند فەرماندە و کەسێک کە خۆیان بە نوێنەری کۆمپانیا ئەمنییە تورکییەکان ناساندووە، گرێبەستێکیان خستوونەتە بەردەست بۆ پاراستنی ناوەندەکانی چاودێریی و دامەزراوە نەوتیی و غازییەکانی ئازەربایجان، بەپێی گرێبەستەکانیش ئەم کارە سێ تاکو شەش مانگ دەخایەنێت.

 بڕی گرێبەستەکان
بەپێی قسەی چەکدارەکان، تورکەکان بۆ هەر مانگێک ١٠ هەزار لیرە (١٢٠٠) دۆلاریان بۆ چەکدارەکان پێشنیار کردووە، ئەمەش پارەیەکی یەکجار زۆرە بۆ چەکدارێکی بەکرێگیراوی سوری لە شارێکی گەمارۆدراوی ناسەقامگیری چارەنووس نادیاری وەک ئیدلب.

مستەفا خالید
رۆژنامەی گاردیان لە نێو گەرمەی شەڕی ئازەربایجان و ئەرمەنستان، گفتوگۆی لەگەڵ مستەفا خالیددا کردووە (ناوی خوازراوە) کە چەکدارێکی بەکرێگیراوە، داوای کردووە ناوی راستەقینەی ئاشکرا نەکرێت، مستەفا دەڵێت، لە ١٨ی ئەیلول ناوی خۆی تۆمارکردووە بۆ "کارکردن لە ئازەربایجان"، لە ئێستاشدا لە خاڵێکدایە کە چەند رۆژێکە بەردەوام لەلایەن تۆپخانەکانی ئەرمەنستانەوە بۆردومان دەکرێت.

مستەفای تەمەن ٢٣ ساڵ بەم جۆرە باسی چوونی دەکات بۆ ئازەربایجان، " لەچوارچێوەی دەستەیەکی هەزار کەسی سەر بە سوڵتان موراد، سلێمان پاشا و حەمزەی سەر بە تورکیا لە شاری ئیدلیبەوە دەستمان بە رۆیشتن کرد. دوای تێپەڕین لە دەروازەی (Hawar Kilis)، لە ٢٣ی ئەیلول چووینە بنکەیەکی سەربازی لە شاری غازی عەنتابی تورکیا."

ئەم دەستەیە دوای یەک رۆژ لە گەیشتە غازی عەنتاب روو لە شاری ئەستەنبوڵ دەکەن و لەوێشەوە و بە فڕۆکەی سەربازیی تورکیا بەرەو ئازەربایجان بەڕێدەکەون.

زانیارییەکانی پێگەی (فڵایت رادار)ی تایبەت بە چاودێریکردنی فڕۆکە و وێنە جوگرافییە بەردەستەکانیش ئەم زانیارییانە دەربارەی چوونی فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا بۆ ئازەربایجان پشتڕاستدەکەنەوە.

رۆژنامەکە باس لە فراوانخوازییەکانی ئەنقەرە دەکات وەک هێزێکی هەرێمی، ئەمەش لە رێگەی ناردنی بەکرێگیراوەکان بۆ ئازەربایجان و پشگیریکردنی باکو لە شەڕی کاراباخدا.

 فەڕەنسییەکان؛ رێگرییە سەختەکەی تورکەکان
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کە بەردەوام هەڵوێستەکانی دژی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایە، تورکیا بە ناردنی چەکدارانی بەکرێگیراو بۆ شەڕی ئازەربایجان و ئەرمەنساتن تۆماتبار کرد.

ماکرۆن لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، ٣٠٠ چەکدار لە سوریاوە و بە خاکی تورکیادا روویان لە ناوچەی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان کردووە، ئەمە بەزاندنی هێڵی سورە، ئەمە مایەی قەبوڵکردن نییە، "داواش لە هەموو هاوکارەکانمان دەکەین لە ناتۆ" کە رووبەڕووی ئەم رەفتارەی ئەندامێکی رێکخراوەکە (تورکیا) ببنەوە.

ماکرۆن پێشتریش باسی لە بەشداری سورییەکانی کردبوو لەتەنیشت ئازەربایجانییەکان دژی هێزەکانی ئەرمەنستان و ئەمەشی بە "زۆر ترسناک" ناوبردبوو.

زانیارییەکانی سەرۆکی فەڕەنسا هاوتایە لەگەڵ زانیارییەکانی رۆژنامەی گاردیان، ماکرۆن لە کاتی گەیشتنی بۆ بەشداری لە لوتکەی سەرانی یەکتی ئەورووپا لە برۆکسل وتی، "زانیاریی دڵنیاکەرەوەمان هەیە کە چەکدارانی سوریی سەر بە گروپە توندڕەوەکان لە رێگەی غازی عەنتابەوە گەیەندراونەتە شەڕی کاراباخ و ئەمەش پێشهاتێکی زۆر ترسناکە."

پێشتریش رۆژی چوارشەمەی رابردوو مۆسکۆ رایگەیاندنبوو، چەکدارانی بەکرێگیراو لە سوریا و لیبیاوە روویان لە ناوچەی ناکۆکیی و شەڕەکانی کاراباخ کردووە و وەزارەتی دەرەوەی روسیاش رۆژیک دواتر رایگەیاندبوو، زانیاریان هەیە سەبارەت بە بوونی چەکدارانی بەکرێگیراوی سوریی لە کاراباخ.

ئەرمەنستان؛ تورکیا چەکداری ناردووە
نیکۆڵ باشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان چەند رۆژێک پێش ئێستا وتی، وڵاتەکەی بەڵگەی لایە کە تورکیا هاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئازەربایجان کردووە لە جەنگی کاراباخدا، بە فڕۆکەی شەڕکەر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەلوپەلی سەربازیی هاوکاری باکوی کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ئێف ١٦کانی تورکیا بەشدارییان لە بۆردومانکردنی ناوچە مەدەنییەکانی کاراباخدا کردووە، ئەوە جگە لەوەی راوێژکاری سەربازیی، "بەکرێگیراو و تیرۆریست"ی روانەی ناوچەکە کردووە.

 

بۆ زانیاریی دەربارەی هەرێمی کاراباخ و ناکۆکییەکان لەسەری لە رووی مێژوییەوە، خوێنەری ئەم راپۆرتە بن.