ڕاپۆرتی جیهانی

03:02 - 28/09/2020

ناگۆرنۆ کاراباخ؛ مێژووی خوێناوی ئەو هەرێمەی دوو وڵات جەنگی بۆ دەکەن‌

پەیسەر

هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ لەنێو خاکی ئازەربایجاندایە، لە ساڵی ١٩٩١وە و پاش شەڕێکی خوێناوی جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند، زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئەرمەنین، بۆیە ئەرمەنستان ئامادەیە تاکو دواین دڵۆپی خوێن بەرگری لێبکات، ئازەربایجانیش بە خاکی خۆی دەزانێت و خوێنی رۆڵەکانی بۆ دەڕێژێت.

هەرێمێک لەژێر ناکۆکیدا
هەرێمی کاراباخ شاخاویی و پڕ لە دارستانە، لەنێو سنورە جوگرافییەکەی ئازەربایجاندایە، ٨٠٪ی دانیشتوانەکەی بە رەگەز ئەرمەنین.

بەپێی یاسای نێودەوڵەتی هەرێمەکە بەشێکە لە ئازەربایجان، بەڵام لەبەرئەوەی زۆرینەی ئەرمەنین ئەرمەنستان پشتگیرییان دەکات و ئازەربایجانیش دژی دەسەڵاتەکەی کاراباخە. دەسەڵاتە خۆجێییەکەیان لە ساڵی ١٩٩٠وە بە پشتیوانی ئەرمەسنتان بەردەوامە، ئەمەش کردوونی بە دوژمنی سەرسەختی ئەزەربایجان.

مێژوو چی دەڵێت؟
١-٢ی کانونی یەکەمی ١٩٨٧؛
کاراباخ ئەو سەردەمە لەنێو سنوری یەکێتی سۆڤییەتدا بوو، دوای ئەوەی بەرپرسی شارۆچکەی چادرلک لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، بەمەش خەڵکی ناوچەکە رژانە سەرشەقامەکان و پۆلیسی ئازەربایجانیش دەستی بە بەکارهێنانی هێز کرد لە دژی خۆپیشاندەران، لێرەوە ناکۆکییەکان دەستیان پێکرد.

١٣ی شوباتی ١٩٨٨؛
خەڵکی شاری خانکەندی سەر بە هەرێمی کاراباخ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان کرد هەرێمەکەیان بخرێتە سەر ئەرمەنستان.

٢٠ی شوباتی ١٩٨٨؛
لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی نیشتمانیی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کاراباخدا، نوێنەرە ئەرمەنییەکان بڕیاریاندا هەرێمەکەیان لەگەڵ ئەرمەنستان یەکبگرێت، بەڵام مۆسکۆ ئەم بڕیارەی رەتکردەوە.

٢٦ی شوباتی ١٩٨٨؛
یەک ملیۆن کەس لە شاری ئەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای یەکگرتنی کاراباخ و ئەرمەنستانیان کرد.

٢٧-٢٩ی شوباتی ١٩٨٨؛
بەپێی بەڵگەنامە و تۆمارەکانی سۆڤییەت، لە رووداوەکانی شاری (سومگایت)ی ئازەربایجان ٢٦ ئەرمەنی و شەش ئازەری گیانیان لەدەستداوە.

لە رووداوەکانی سومگایتدا ئازەرییەکانی دژ بە ئەرمەنستان ناڕەزایەتییان پیشاندا، لەم ناڕەزایەتییانەدا دانیشتوانە ئەرمەنییەکە کرانە ئامانج و بەم هۆیەشەوە ئەرمەنییەکانی ناوچەکە ناچار کران شارەکە بەجێبهێڵن.

١٥ی حەزەیرانی ١٩٨٨؛
سۆڤیەتی باڵای ئەرمەنی، بەپێی ماددەی ٧٠ی دەستوری بنەڕەتی سۆڤیەت، دەسەڵاتی بە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کاراباخ دا بۆ بەستنەوەیان بە ئەرمەنستانەوە.

٢١ی ئەیلولی ١٩٨٨؛
مۆسکۆ لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کاراباخ حوکمی عورفیی راگەیاند.

ئابی ١٩٨٩؛
ئازربایجان سزای ئابووری بەسەر ئەرمەنستان و هەرێمی کاراباخدا سەپاند، بەم هۆیەوە دەیان هەزار کەس ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، هەزاران کەسی دیکەش گیانیان لەدەستدا.

١٣-٢٠ی کانونی دووەمی ١٩٩٠؛
لە شاری باکوی پایتەختی ئازەربایجان هێرش کرایە سەر کۆمەڵگەی ئەرمەنییەکان.

کانونی دووەم- حوزەیرانی ١٩٩١؛
هێزە ئازەرییەکان پەلاماری هێزە چەکدارە ئەرمەنییەکانیان دا و ناوی لێنرا ئۆپراسیۆنی کۆلستۆ، بەم هۆیەوە لە ٢٤ گوندی (شاومیان) ماڵەکانیان بەجێهێشت و ناچاربوون کۆچ بکەن.

١٠ی کانونی یەکەمی ١٩٩١؛
چەند رۆژێک پێش رووخانی یەکێتی سۆڤییەت، لە هەرێمی کاراباخ ریفراندۆم ئەنجام درا. ٩٩،٨٩ی٪ بەشداربووان بە بەڵی دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، ئازەربایجان بە بیانووی نایاساییبوونی ریفراندۆمەکە کۆتایی بە دەسەڵاتدارییەتی کاراباخ هێنا.

لە دوای ئەو توندوتیژییانەی بەهۆی کۆتایهێنانی بە دەسەڵاتی کاراباخەوە دروستبوون ئەرمەنستان پشتیوانی خۆی بۆ کاراباخ دەربڕییەوە، بەهۆی توندوتیژییەکانیشەوە ٢٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش ماڵەکانیان بەجێهێشت.

٢٥-٢٦ی شوباتی ١٩٩٢؛
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، کوشتارگەی (هۆجالی) بە خوێناویترین سەردەمی جەنگ راگەیاند کە تێیدا ئەرمەنییەکان سەدان کەسیان کوشت.

بەپێی تۆمارەکانی ئازەربایجان، لە هۆجالیدا کە دانیشتوانەکەی حەوت هەزار کەس بووە، زیاتر لە ٦٠٠ کەس کوژراون.

نیسان-تشرینی دووەمی ١٩٩٣؛
هێزە ئەرمەنییەکان ناوچەکانی (کەلبەجەر، ئاغدام، فیوزولی، جەبرایل، کوبادلی و زەنگیلەن)ی ئازەربایجانیان داگیر کرد.

سەرەڕای بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کشانەوە، ئەرمەنستان ئامادە نەبوو لەو ناوچانەدا بکشێتەوە، بەم هۆیەوە ئەرمەنستان توانی ناوچەکانی دەورووبەری کاراباخیش کۆنترۆڵ بکات.

بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە کۆی ٦٠٠ هەزار کەس، ٢٠٠ هەزار ئەرمەنی ماڵەکانی خۆیان بەجێهێشت.

٩-١١ی ئایاری١٩٩٤؛
بە نێوەندگیری رووسیا، ئاگربەستێکی فراوان واژۆ کرا، بەرپرسانی سەربازیی ئازەربایجان، ئەرمەنستان و کاراباخ واژۆیان لەسەر ئاگربەستەکە کرد، ئاگربەستەکە لە ١٢ی ئایاری ١٩٩٤وە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەپێناو وەستاندنی کوشتار، بڕیاردرا ناوچەکە لە چەک دابماڵدرێت، بەڵام هەر سێ لایەن لەو کاتەوە تاکو ئێستا لە ناوچەکەدا کاری سەربازی دەکەن و بەم هۆیەشەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە.

٦ی کانونی دووەمی ١٩٩٤؛
ئەنجومەنی پێکەوەیی و ئاسایشی ئەورووپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کاراباخ، گروپی (مینسک)ی پێکهێنا و گروپەکەش هاوسەرۆکایەتیی بوو.

فەڕەنسا، رووسیا، ئەمریکا سەرۆکایەتیی گروپەکەیان دەکرد و لە گروپەکەدا ئەم وڵاتانە هەبوون (ئەرمەنستان، ئازەربایجان، تورکیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بیلاڕووس و سوید و فینلەندا).

لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٤دا ئاگربەست راگەیەندرا، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی ئاشتی واژۆ نەکرا.

ئەوەی وای کردووە ئەم ناوچەیە زۆر گرنگ بێت، خاوەن پەترۆڵە و بۆری گازی سروشتیشی پێدا تێپەڕ دەبێت.

پێکدادانەکانی ٢٠٢٠
لە مانگی تەموزی ئەمساڵ شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان سەریانهەڵدایەوە.

شەڕی ئەیلول
سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی بەرگری ئەرمەنستان رایگەیاند، ئازەربایجان هێرشی کردووەتە سەر ناوچە مەدەنییەکان، لەوانەش خانکەندی کە پایتەختی کاراباخە، هێرشەکانیش لە کاتژمێر هەشتی بەیانی رۆژی یەکشەممە دەستیان پێکردووە.

بەرپرسێکی ئەرمەنیش رایگەیاند، ژنێک و منداڵیک لە هێرشەکاندا کوژراون. بەرپرسانی کاراباخیش کوژرانی ١٦ سەرباز و برینداربوونی ١٠٠ سەربازی دیکەی خۆیان راگەیاند.

دواتر ئازەربایجان بڵاویکردەوە، پێنج ئەندامی یەک خێزان لە هێرشێکی ئەرمەنستاندا کوژراون.

دوای چەند کاتژمێرێک حکومەتی ئەرمەنستان ئەحکامی عورفی و بەسەربازگرتنی گشتیی راگەیاند، ئەمەش دوای راگەیاندنی هەمان بڕیار لەلایەن دەسەڵاتدارانی کاراباخەوە.

لەم حوکمی عورفییەدا کە رێکارێکی بەپەلەیە، سوپا دەسەڵات و ئەرکەکانی حکومەتی مەدەنی دەگرێتە دەست.

دوای بڕیارەکە، نیکۆڵ باشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان وتی، "ئامادەین بەرگری لە نیشتمانی پیرۆزمان بکەین" و ئازەربایجانیشی بە ئامادەکردنی پلان لە دژی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد.

سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان هۆشداری لەوە دا کە ناوچەکە لەبەردەم جەنگێکی فراواندایە و ئاماژەشی بە پشتیوانی تورکیا بۆ ئازەربایجان کرد و ئەم کارەی بە "رەفتاری دوژمنانە" ناو برد.

زیانەکان
ئەرمەنستان رایگەیاند، دوو هەلیکۆپتەر و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئازەربایجانیان خستووەتە خوارەوە و سێ تانکیشیان تێکشکاندووە.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجانیش ئاشکرای کردووە، هەلیکۆپتەرێکیان خراوەتە خوراەوە بەڵام تیمی هەلیکۆپتەرەکە زیانیان پێنەگەیشتووە، وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، ١٢ سیستمی بەرگری ئەرمنیان وێران کردووە.

خاکی ئازەرییەکان و پشتیوانی ئەرمەنییەکان
لەگەڵ ئەوەی کاراباخ لەنێو سنورەکانی ئازەربایجاندایە بەڵام خاوەن دەسەڵاتی خۆیانن و خۆبەڕێوەبەرییان هەیە.

ئەم هەرێمە لە ساڵی ١٩٩٤وە کە ئاگربەستی فراوان واژۆکرا، لەلایەن ئەرمەنستانەوە پشتیوانی دارایی و سەربازیی دەکرێت.

ئێستا کاراباخ بە جوگرافیا لەنێو خاکی ئازەربایجاندایە و بە دەسەڵات پەیوەستە بە ئەرمەنستانەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئێران، روسیا و زۆربەی وڵاتانی دیکە داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان دەکەن، بەڵام تاکو ئێستا شەڕ لە سنورەکانی هەردوولا بەردەوامیی هەیە.

تورکیا و جەنگەکە
تورکیا لە هەموو قۆناغەکانی شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان پشتیوانی لە ئازەربایجانییەکان کردووە و لە شەڕی ئەمجارەشدا تورکیا پشتیوانی خۆی بۆ باکو دووپاتکردەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیامێکیدا پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی بۆ ئازەربایجان راگەیاند و وتی، "بە تەواوی تواناکانمانەوە پشتیوانی لە براکانمان دەکەین لە ئازەربایجان."

بەپێی لێدوانی باڵیۆزی ئەرمەنستانیش لە مۆسکۆ، تورکیا نزیکەی سێ سەد سەربازی لە باکوری سوریاوە رەوانەی ئازەربایجان کردووە بۆ شەڕکردن دژی سوپای ئەرمەنستان و کاراباخ.

تاکو ئێستا دیار نییە شەڕەکە بەکوێ دەگات، بەڵام ئەوەی روونە هیچ کام لە ئەریڤان و باکو ئامادە نین دەستبەرداری کاراباخ بن، بەتایبەت کە جەنگی ئەمجارەیان گەورە و بەهێزترە.