ڕاپۆرتی کوردستانی

02:00 - 11/10/2020

پەیسەر پرۆژەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردن ئاشكرادەكات‌

شیراز ره‌ئوف

دوای روونبوونەوەی هێڵە گشتییەكانی سیمای هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتایبەت شێوازی دابەشبوونی بازنەكانی هەڵبژاردن، لە ئێستادا لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كێشە لەسەرەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چەند بژاردەیەك بۆ چۆنێتی خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنەكە تاوتوێ‌ دەكەن، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەی سیاسییان هەیە بۆ چۆنێتی بەشداری پرۆسەكە.
پەیسەر بە پشتبەستن بە سەرچاوەی تایبەتی ناو هەرسێ‌ حیزبەكە، گرنگترین سیناریۆ و تێڕوانین و تەنانەت ناردنی پەیامەكانیان بۆ یەكتر ئاشكرا دەكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێشخەرییەكی كردووە كە هەرپێنج لایەنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو، پێكەوە كۆبوونەوەی 5 قۆڵی ئەنجام بدەن تا میكانیزمێكی گشتی دەستنیشان بكەن بۆ چۆنێتی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن.
هاوكات بەشێك لە زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەپاڵ ئەو پرۆژەیەدا و لە ئەگەری شكستیدا، پرۆژەی جیاوازی بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن لەگەڵ حیزبەكان هەیە بەشێوەی جیاواز جیاواز، بەتایبەت بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان.
پەیسەر زانیویەتی كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاوتوێی ئەوە دەكات لە ئەگەری شكستی هاوپەیمانێتی بەرفراوانی لایەنە سیاسییەكان، ئەوا دەیەوێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان چۆنێتی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە یەكلایی بكاتەوە و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی تایبەتدا جا لە ناوخۆی هەرێم بێت یان لە ناوچە جێناكۆكەكان پێكەوە بچنە ناو هەڵبژاردنەكانەوە یاخود هەماهەنگی بكەن.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان
هاوشێوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش پرۆژەیەكی هەیە بۆ چۆنێتی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حیزبەوە، تا هەنوكە نەیتوانیوە پرۆژەیەكی گشتی ئاراستە بكات و بەشێك لە یەكێتی پرۆژەكەیان بە جۆرێكە كە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو پێكەوە كۆبوونەوەی چوارقۆڵی ئەنجام بدەن و ئەنجامی ئەو كۆبوونەوە چوارقۆڵییە بەرنە كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و دانوستانی لەسەر بكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەوڵدایە لە ئەگەری شكستی پرۆژەكەی بۆ دروستكردنی بەرەیەك لە دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوپەیمانێتییەكی بچوكتر ئەنجام بدات و بۆ ئەمەش زۆر چاوی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانە و لە هەوڵدایە رێككەوتنی لەگەڵدا بكات.

بزوتنەوەی گۆڕان
هاوشان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕانیش زیاتر لە پرۆژە و پێشنیارێك تاوتوێ‌ دەكات و بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس سێ‌ بۆچوون تەتەڵە دەكات.
بۆچونی یەكەم ئەوەیە كە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی پێشتر بەتایبەت كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كە بەبەرەی چاكسازی ناسراون لە هەرێمی كوردستان پرۆژەیەك ئامادە بكەن لەبارەی چۆنێتی خۆسازدان بۆ شێوازی بەشداری هەڵبژاردنەكان.
بۆچونێكی دیكەش ئەوەیە كە تاوتوێی بەشداری كورد بكرێت لەسەر ئاستی هاوپەیمانێتییەكی كوردستانی بەرفراوان چ لە ناوخۆی هەرێم و چ لە ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، یاخود لانی كەم ئەگەر لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش حیزبەكان بەجیا بەشداری بكەن، ئەوا لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بۆ پاراستنی كیان و سەنگی سیاسی كورد هەموان پێكەوە بەرەیەكی كوردستانی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەكە پێكبهێنن.


جیاوازی شێوازی ئەم هەڵبژاردنە و  هەڵبژاردنەكانی رابردوو؟
بەپێی پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، میكانیزمی بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت كە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2021 ئەنجام بدرێت، جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، بەوپێیەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا پارێزگاكان بەسەر یەك بازنەی هەلچبژاردندا دابەش دەبوون، بەڵام هەنوكە هەر پارێزگایەك بەپێی ژمارەی دەنگدەرەكانی و كورسییەكانی بەسەر چەند بازنەیەكی هەڵبژاردندا دابەش دەبێت، واتا سنوری جوگرافی دەنگدان بە كاندیدەكان دەستنیشانكراوە تەنانەت لەناو یەك پارێزگادا و كاندید دەتوانێت لە قەزایەك و ناحیەكانی و گوندەكانی دەوروبەری ئەو قەزایە دەنگ كۆبكاتەوە، نەك لە سەرانسەری پارێزگاكەدا، كە ئەم بڕیارە لەژێر فشاری خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردووی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دراوە، لەكاتێكدا هەر خودی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كابینەی پێشووی حكومەتی عێراق و دەستنیشانكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەژێر فشاری خۆپیشاندانەكاندا بوو.

بازنەكانی هەڵبژاردن چۆن دابەش دەبن؟
ئێستا بەپێی ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكراوە، 18 پارێزگاكەی عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەبن بەجۆرێك:-
بەغدا 69 كورسی بۆ 17 بازنەی هەڵبژاردن .
موسڵ 31 كورسی بۆ 8 بازنە .
بەسرە 25 كورسی بۆ 6 بازنە.
زیقار 19 كورسی بۆ 5 بازنە .
سلێمانی 18 كورس بۆ 5 بازنە.
بابل 17 كورسی بۆ 4 بازنە .
ئەنبار 15 كورسی بۆ 4 بازنە.
هەولێر 15 كورسی 4 بازنە.
دیالە 14 كورسی بۆ 4 بازنە .
كەركوك 12 كورسی بۆ 3 بازنە.
نەجەف 12 كورسی بۆ 3 بازنە .
صلاح الدین 12 كورسی بۆ 3 بازنە .
دهۆك 11 كورسی بۆ 3 بازنە .
كەربەلا 11 كورسی بۆ 3 بازنە .
دیوانیە 11 كورسی بۆ 3 بازنە .
واست ١١ كورسی بۆ 3 بازنە .
میسان 10 كورسی بۆ 3 بازنە .
موسەنا 7 كورسی بۆ ٢ بازنە .

هەرچۆنێك بێت ئێستا پرسی هەڵبژاردن نەك تەنها هەرێمی كوردستان تەنانەت ناو ماڵی شیعی و سوننی و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقی لەلایەك و وڵاتانی هەرێمی و هێزە نێودەوڵەتییەكانیشی لەلایەكی دیكەوە بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا خودی هەڵبژاردنەكە دەتوانێت عێراق لەو تەنگژە سیاسی و ئەمنی و ئیداری و داراییە قوتار بكات كە تێیكەوتووە، لەوەش زیاتر پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئایا پرۆسەكە دەتوانێت پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی هەڵبژاردن لەخۆیدا نمایش بكات، یاخود وەك هەڵبژاردنی رابردوو ئۆباڵی ناجۆری نەخشەی سیاسی دەدرێتەوە پاڵ میكانزیمی جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی دەنگەكان، كە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هەمان سیستم كارا دەبێت و لایەنەكان یەكتر بە ساختەكاری و دەستكاریكردنی ئەنجامی دەنگەكان تۆمەتبار دەكەن؟