لێکۆڵینەوە

04:36 - 05/11/2020

دیاردەی کۆچ لە گوندەکانی هەورامان، هۆكارەكان و هەڵوێستی دەسەڵات‌

عەدنان ناسری

وێنە - هانا نووری- 
گێڕانەوی مێژووی مرۆڤ گرێ دراوە بە باس کردن لە کۆچی وەرزیی یان کۆچ کردنی مروڤەکان لە ناوچەیێکەوە بەرەو شوێنێکی باشتر. کۆچ کردن یان دیاردەی کۆچبەریی بەشیکە لە ڕەوتی بڵاوبوونەوەی ئینسانەکان بە گۆی زەوی دا و هاوکات دروسبوونی شارستانیەت لە شوێنە جیاوازەکاندا.

جۆرەکانی کۆچ کردن:
هۆکارەکانی کۆچ کردن لە سات و شوێنەکاندا جیاوازی هەیە. بە گشتیی توێژەرانی ئەم بوارە ٦ حاڵەتی سەرەکی بۆ کۆچ کردن پێناسە دەکەن. 
-کۆچی ناوخۆیی(کۆچ کردن لە ناوخۆی سنوورەکانی وڵات یان دەسەڵاتێکی سیاسیدا)
-کۆچی سیاسی 
-کۆچی نایاسایی
-کۆچی هێزی کار
-ئاوارە بوون
-پەنابەری

پەنابەری جۆرێک لە کۆچ کردن بۆ دەرەوەی وڵاتە کە پاڵنەری نەرێنی لە شوێنی یەکەم کەسانێک مەجبوور بە کۆچ کردن دەکات بۆ شوێنێکی تر. دیاردەی پەنابەری بۆ خۆی لە گەڵ مێژووی شارستانیەت هاوتەریبە، لە هەر شوێنێک کە دۆخی زوڵم و ستەم زاڵ بووبێت  یان وەزع خراپ بۆ کەسانێکبووبێت، ئەوانە بە ناچار سەری خۆیان هەڵگرتووە و بەرەو شوێنێکی تر ڕۆیشتوون. بەڵام پەنابەربوونی خەڵک لە سەدەی ٢٠ بەدوا لە مێژوودا بێوێنە بووە.

لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا پەنابەرەکان تەنیا بۆ ئەورووپا و ئەمریکا کۆچیان دەکرد. بەڵام دواتر شوێنی مەبەست بۆ ئەوان پەرەی سەند و هەموو جیهانی گرتەوە. ڕەوتی مۆدێڕنیزاسیۆن لە وڵاتانی ناسراو بە جیهانی سێهەم بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێک بوو کە گەشەی ئابووری و زۆربوونی حەشیمەت و نابەرانبەریی لە بەهرەمەندیی خەڵک لە داهات و خۆشگوزەرانی، زەمینەی پەرەسەدنی دیاردەی کۆچبەری بەرەو وڵاتانی تری خۆش کرد.

بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ساڵانە ٦٠٠ بۆ ٨٠٠ هەزار کەس لە لایەن قاچاخچییەکانەوە دەگوازدرێنەوە و پێکهاتەی زۆربەی ئەم ڕێژەیە لە ژنان و کچان پێکدێن کە بۆ کاری ڕەش و لەش فرۆشی و ... بە کار دەهێنرێن.


دیاردەی کۆچبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە پاش نەمانی میرایەتیی ئەردەڵان کە لە کۆکراوەی ئێمپراتوریی قاجار دا جێگر بوو، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش ساڵانێک بەرەنگاری و تێکهەڵچوون کەوتە ژێر دەستی حکومەتی پاشایەتیی پەهلەوی لە ژێر ناوی بەشێک لە وڵاتی ئێران و تا ئەمڕۆش نزیک بە سەد ساڵ لەو مێژووە تێدەپەڕێت. لەو ماوەیەدا ئێران دوو جۆر حکومەتی پاشایەتی و ئیسلامی گۆڕی و لە هەردووکیاندا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی ناوچەیێکی پەراوێزخراو بووە لە پێگەی دەسەڵات و بەهەرەمەندی ئابووری، سیاسی و ... . بۆیە هەر لە سەرەتاوە بە نیسبەت پەروێزخراوی و نالەباریی دۆخی خۆی هاتە دەنگ و تا ئەمڕۆ لە گەڵ حکومەتەکانی ناوەندی لە ئێران پەیوەندیێکی ئاڵۆز و نائاسایی لە ئارادا بووە و خەڵکیش بەردەوام بە شوێن مافی سەردەمیانەی خۆیەوە هەوڵیکی زۆری خستە گەڕ، کە یەک لەوانە سەرهەڵدانی شۆڕشەکان و شەڕی هێزە ڕۆژهەڵاتیەکان لە گەڵ حکومەتەکانی سەر بە ناوەند بووە و لە دەرنانجامەکانی ئەو دۆخە پەنابەریی بە هۆکاری سیاسی یان ئابووری بۆ وڵاتانی تر بووە.

شەپۆلەکانی پەنابەی لە ڕۆژهەڵات:

یەک: شەپۆلی یەکەم پەیوەستە بە سەردەمی کۆتایی هاتینی کۆماری کوردستان(مهاباد ١٩٤٦) کە پاش شکستی کۆمار بەشێکی بەرچاو لە بەڕێوەبەرانی دەسەلاتی کۆمار و خەڵکی ناوچەکە پەنایان بردە باشووری کوردستان و وڵاتانی دراوسێ. 

دوو: پاش ئەوەی لە ١٩٦٣ یاسای نوێ بۆ دابەشکردن و ڕێکخستنەوەی زەوی و مەزرا لە ئێران جێبەجێ کرا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی دانیشتووی گوندەکان بێ زەوی مانەوە یان بەشێکی زۆر کەمیان بەرکەوت، بۆیە بە لێشاو ڕوویان لە شارەکان کرد. شارەکانی ڕۆژهەڵات ئەوندە گەورە و پیشەیی نەبوو کە کرێکارێکی زۆر لە خۆ بگرێت و هەر لەو ساڵانەدا هەندێکیان بە مەبەستی کار کردن وەکوو پەنابەر ڕوویان لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەتایبەت بەغدا کرد و تا نزیک بە دە ساڵ ئەم ڕەوتە درێژەی هەبوو. دواتر بە هاتنە سەرکاری سەدام حسێن بڕیاری درکردنی هەموو کرێکارانی پەنابەری ئێرانی دەرچوو و ناردنیانەوە. 
سێ: لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران(١٩٧٩) شەڕی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەلات و حکومەتی ئێران هاتە ئاراوە و پاش ساردبوونەوەی شەڕەکە لە کۆتایی هەشتاکاندا و جێگربوونی نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان لە باشووری کوردستان لە سەرەتای نەوەدەکاندا، شەپۆلێکی دیکەی پەنابەری بەرەو وڵاتانی ئەورووپی دەستیپێکرد. لەو ساڵانەوە ڕەوتی ڕۆیشتنی خەڵک وەکوو پەنابەر بە بەردەوامی لە ئارادا بوو.
چوار: شەڕی ناوخۆیی سوریا و سەرهەڵدانی داعش شەپۆلێکی زۆر و نوێی پەنابەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ساز کرد و بەو هۆیەوە لە لایەن ولاتانی ڕۆژئاوایی ئاسانکاری کرا بۆ هاتنی پەنابەران کرا. خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش وەکوو دەرفتێک کەڵکیان لە ڕێڕەو و جەوی شەڕی ناوخۆیی سووریا و شەڕی داعش گرت و لە بەر کەمبوونەوەی لەمپەرە یاساییەکانی هاتووچۆ و تێچووی کەمی ماددی، شەپۆلێکی نوێی ڕۆیشتن و پەنابەربوونی خەڵکی ڕۆژهەلات لە ساڵەکانی ٢٠١٤ەوە دەستپێکرد.

خاڵی جێگای سەرنج:
لە بەراورد لە گەڵ ناوچەکانی تر خەڵکی ناوچەیێکی دیاری کراوی هەورامانی دیوی ڕۆژهەڵات کە نزیک لە ١٠ گوند لە خۆ دەگرێت، بە ڕیژەیێکی چەند قات زیاتر زێدی خۆیان جێدەهێڵن و بەرەو ئەورووپا و بە دیاریکراوی بۆ بەریتانیا دەڕۆن. ڕێژەی ڕۆیشتنی ئەوان لە ئاستێکی سەرنجڕاکێشدایە و ماوەی پێنج ساڵە تانەنەت لە پاش نەمانی ئاسانکاری لە ڕۆیشتن و گرانبوونی تێچووی ڕۆیشتن، تەنانەت لە کاتی نەخۆشیی کرۆنایشدا هەر بەردەوامە. ئێستا لە پاش سالانێکی کەم، دێموگرافیی ئەم گوندانە گۆرانی پێوە دیارە و ڕێژەی لاوان لە ڕەگەزی نێرینە زۆر کەمتر بووە و بە باوڕی کارناسانی کۆمەلایەتیی بابەتەکە بووە بە کێشەیێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بۆ ناوچەکە. بۆ نموونە گوندی "دزڵی" یەک لەو گوندانەیە کە تا ئێستا ژمارەی پێوانەیی ڕۆیشتنی ٣٠٠ کەسی تێپەڕاندووە و هەروا خەڵک خۆی ئامادەی ڕۆیشتن دەکات. ئەم حاڵەتە لە چاو شوێنەکانی تری ڕۆژهەلات زۆر نائاساییە.

جوگرافیای ناوچەکە
ئەو گوندانەی کە زۆرترین حاڵەتی ڕۆیشتنیان تێدا تومار کراوە بریتین لە: دزڵی، دەرەکێ، دەمەیەو، بارام ئاوا، بندۆڵ، هەورامانی تەخت، سلێن، بڵبەر
دزڵی یەکەمین گوندی سەر ڕێگای مەریوان بۆ ناوچەکانی هەورامانە و ئەو گوندەکانی تر یان دەبنە دراوسێی گوندی دزڵی یان بە شێوەی زنجیرەیی بە ڕێگاکەوە گرێدراون.

بە چ ڕێگایێکدا دەچن؟
لەم ماوەدا شێوەی هاتووچۆ بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە ڕێگەی قاچاخدا بووە. لە دوو رێگای سەرەکی بۆ ڕۆیشتن کەڵک گیراوە: 
یەک: ڕێگای وەرگرتنی ویزا  لە تارانەوە بۆ ئەورووپا(بەهاوکاریی هەندێ کەسی دەستڕۆیشتووی نێو سەفارەتەکان) و لەوێشەوە بە رێگەی فەرانسەدا بە قاچاخ بۆ بەریتانیا. ئەم ڕێگا تێچووی زۆر بووە و خەتەری گیانی و کاتی گەیشتنی کەم بووە. شایەنی باسە بە پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا وڵاتانی ئەورووپی پێدانی جۆرە ئاساییەکانی ڤیزایان ڕاگرت و نزیک لە ساڵێکە بەم رێگادا ناڕۆن.
ڕێگای دووەم: تێپەراندنی سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکوور(ئێران و تورکیا) و تێپەڕاندنی خاکی تورکیا و پەڕینەوە لە دەریای ئیجە و خۆگەیاندن بە یۆنان و تێپەربوون بە خاکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا(بۆسنی، کۆرواسیا، یۆگسلاوی، ئالبانی و...) گەیشتن بە ئیالیا و لەوێشەوە بۆ فڕانسە و پەڕینەوە لە دەریای مانش و گەیشتن بە بەریتانیا. 
ئەم ڕێگایە مەسیری سەرەکیی زۆربەی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیایە و خەتەرەکانی پەرینەوە لە ئاوی دەریاکان و نێو دارستانەکانی بەناوبانگن.

چ تەمەنێک دەڕوات؟
هۆکاری سەرەکیی بۆ رۆیشتنی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگا باشترکردنی وەزعی ئابووری خۆیانە و رۆیشتنەکەش بەزۆرینە بەنیەتی ئەوەیە کە پاش چەند ساڵ بگەڕێنەوە بۆ رۆژهەڵات، بۆیە زیاتر تەمنێک دەڕوات کە توانای کارکردنی بێت و سەلامەت بێت، هاوکات حکومەتی بەریتانیاش لە سەروبەندی جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا  وەکوو هێزێکی‌‌نوێ کرێکار لە گەڵیان مەعامەلە دەکات. لە راپرسیەکاندا دەرکەوت کە لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە تا کەسانی سەرووی چل ساڵیش رۆیشتوون.

چی لە دۆخی بنەماڵەکان دەگۆڕێت؟
شەپۆلی کۆچ کردن بە مەبەستی پەنابەری لەم ناوچانەدا لە دوو بواردا کاریگەریی بەرچاوی هەیە. لایەنی ئابووری و ماددی ئامانجی سەرەکیی کۆچبەرەکانە، بنەمالەی ئەوان هەرچەندە بە فشار و قەرزکردن و فرۆشتنی داراییەکانیان کەسەکانی خۆیان دەنێرن، بەڵام پاش چەند ساڵ جۆرێک لە دڵنیایی لە بواری ئابووریدا بۆ خۆیان ساز دەبێت و قەرەبووی تێچووکانی دەکرێتەوە.

لە باری کۆمەڵایەتییەوە یەک لە کارکردە ئەم دیاردەیە گۆڕینی هاوسەنگیی کوڕ و کچانی نێو ئەو گوندانەیە و هاوکات کەمبوونەوەی ڕێژەی لاوەکانە و ڕێژەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە هاوسەنگییەکەی بەروە پیربوون دەڕوات. کەسی وا هەیە ١٥کەس لە بنەماڵەکەی ڕۆیشتووە.

هەڵسوێتی حکوومەت لە گەڵ ئەو کەسانە و بنەماڵەکانیان چۆنە؟
لە ئەنجامی ڕاپرسی و بە سەرنجدان بە قسەی دانیشتوونای ناوچەکە دەرکەوت کە بە گشتیی حکوومەتی ئێران لە ئاستی ئەم بابەتەدا جۆرێک لە بێدەنگیی هەڵبژاردووە. بە گوێرەی قسەی خەڵکی ناوچەکە "حکوومەت پێی خۆشە کە ئەم خەڵکە بەم شێوە بڕۆن، چوونکا دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵات و ئێران زۆر خراپە و حکومەتیش هیچ توانایێکی بۆ چارەسەر کردن لە لا نەماوە. بۆیە ئەو لاوانە کە لە وەزعەکە ناڕازین، مانەوەیان دەتوانێ سەرئیشە ساز بکات بۆ ڕۆیشتنیان حکومەت کاردانەوەیێکی بەرچاوی نییە". لە لایێکە ترەوە بە ڕێژەیکی کەم بینراوە ئەوانەی کە نەهاتوونەوە لە لایەن حکوومەتەوە پرس و ڕای جیددیان بۆ کرابێت.

ڕوانگەی باوک و دایکان
لە ڕوانگەی باوک و دایکانی ئەو کەسانەی کە دەڕۆن هاودژیێک هەیە. لە لایێک زۆر سەخت و دژوارە کە منداڵاکانیان بۆ چەندین ساڵ یان لەوانەیە بۆ هەمیشە دوور دەکەونەوە و هاو کات ترس و دڵەڕاوکێی خەتەرەکانی ناو ڕێگا زۆر گران لە سەر باری دەروونیی ئەوان تەواو دەبێت. لە لایێکی ترەوە لە ڕوانگەی زۆرینەی ڕەهای باوک و دایکەکانەوە ڕۆیشتن باشترین ڕێگەی چارەسەری و نەجاتە بۆ دۆخی خراپی ئابووری و نائۆمێدی لە دواڕۆژی منداڵەکانیان. ئەگەر جاران دڵخۆش بوون بە خوێندنی زانکۆ و دامەرزاندن و ... ئێستا ئەوە نەماوە و کۆڵبەری و کرێکاری و... لە بەردەم دواڕۆژی منداڵەکانیان دەبینن.

ڕووداوی ناخۆش
ڕێگای قاچاخ بەتایبەت ڕیگای هەرزانتری بڕینی ئاو و خاکی وڵاتانی تورکیا، یۆنان و ئەرووپا سەرەکیترین ڕێگای ڕۆیشتنی پەنابەرانی ئەو ناوچەیە بووە و مەودای ڕێگاکە لە سەر ئەمانیش ترس و ڕێکەوتی ناخۆشی بۆیان ساز کردووە. لەم نێوانەدا حاڵەتەکانی شەڕ کردن، ڕێگری کردنی چەتە، ڕوودای سەر ئاو و .... پێش هاتووە. کەسی واش هەبووە و شانسی هەبووە و توانیویەتی بە زیندوویی بمێنێتەوە. یەک لەوانە عوسمان ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی دەرەکێ لە ساڵی ٢٠١٨ لە دارستانەکانی کورۆواسیا لە کاتی خەودا گورگ هێرشی بۆ کردووە و بە زۆر توانیویەتی خۆی ڕزگار بکات. بەناوبانگترین ڕووداوی ناخۆش لە هاوینی ٢٠٢٠ڕووی دا کە کەسێکی خەڵکی گوندی دزڵی بە ناوی موختار لە دارستانەکانی نێوان کورۆواسیا و ئیتالیا پاش نەخۆشی بە تەنیا گیانی لە دەستدابوو و دوای چەند ڕۆژ بێ خەبەری تەرمەکەی دۆزرایەوە.

بۆچوونی توێژەران:
بە پێی ڕاپرسی لە گەڵ توێژەرانی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ناوجەکە دەکرێت باس لە 4 هۆکار بکرێت بۆ لێکدانەوەی بەرزبوونی ڕێژەی زۆری دیاردەی پەنابەری لە ناوچەدا کە نزیک بە ١٠ گوند لە خۆ دەگرێت.
هۆکاری ئابووری:
خراپیی دۆخی ئابووری و بێ هیوایی بە داهاتوو لە بواری ئابووریدا سەرەکیترین هۆکاری ڕۆیشتنی کۆچبەرانە بۆ وڵاتی بەریتانیا.

هۆکاری فەرهەنگی:

ئاڵ و گۆڕی فەرهەنگی لە سەردەمی نوێدا و پەروەردە لە سێبەری سۆشیاڵ میدیادا یەک لەو هۆکارانەیە کە تاک بیر لە جۆرە ژیانێکی تر لە شوێنێکی تری دنیا بکاتەوە.

هۆکاری دەروونی:
نائۆمێدی لە دواڕۆژی دۆخی ڕۆژهەڵات و ئێران ترس و دڵەراوکێی لای خەڵک ساز کردووە و هاوکات بوونی جەماعتێکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە لە یەک ولاتی تایبەت دا فشاری غەریبی دەشکێنێت لە باری دەروونییەوە وەزعەکە ئاسانتر دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بڕۆن.

هۆکاری جوگرافیایی و مێژوویی:
نزیک بوونی ئەو گوندانە لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان هۆکارێک بووە بۆ هاتووچۆی زیاتر لە گەڵ باشوور و هەروەها ئەو ناوچانە گەشتیار هاتووچۆیان دەکات، بۆیە بۆتە هۆکارێک بۆ چاوکرانەوەی زیاتری خەڵک لە وەزع و دۆزینەوەی ڕێگای جیاواز بۆ داهاتوو. هەروەها جوگرافیای کوێستانیی ناوچەکە ڕیگر بووە لە پەرەسەندنی کشت و کاڵ و حەیوانداریی و بەشێکی زۆر لەو سەرچاوانەی داهات کە خەڵکی ناوچەکە کە پێوە سەرقاڵن کۆڵبەرییە.

لە ڕوانگەی کارناسانی بواری کۆمەڵایەتییەوە یەک لە کاریگەرییکانی ئەم دیاردە تێکچوونی ڕێژەی کوڕ و کچانی ئەو گوندانەیە. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە ئایا پاش چەند ساڵی تر زۆرترین کارگەریی هاتنەوەیان لە چ بەشێکدا دەبێت بۆ گوندەکانی خۆیان؟ لە ڕوانگەی کارناسانەوە زۆرترین کاریگەریی ئەوان لە باری ئابوورییەوە دەبێت بۆ بەهێز کردنی وەزع ئابووری بنەماڵە و دەوروبەریی خۆیان نەک لە ئاستێکی گەورەدا بۆ ناوچەکە. لە بواری فەرهەنگیشدا ئەوان شتێکی وا لە سەر دواڕۆژی کۆمەڵگای خۆیان درووس ناکەن لە بەر ئەوەی ئەو کەسانە لەو وڵاتەن زیاتر پێکەوە دەژین و بە چەند کاری دیاریکراوەوە کە زۆربەیان لە بواری کرێکاریدان سەرقاڵن. هاوکات بە زۆرینە بە باشی فێری زمانی ئەو وڵاتە نابن و بە ڕێژەیێکی کەم تێکەڵی فەرهەنگی بەریتانیا دەبن. لە لایێکی ترەوە چینی کرێکار لە لایەن کۆمەڵگای بەریتانییەوە بە ئاسانی لە باری کۆمەڵایەتییەوە وەرناگیردرێت و ئەم شەپۆلەیش کە دەچن بۆ ماوەیێکی دیاریکراو دەڕوات و پێکەوە ژیان و پەیوەندیی بەردەوام لە گەڵ کۆمەلگای کوردستان لە ڕێگای سوشیاڵ میدیاوە کەمتر لە باری شوناس و فەرهەنگییەوە لەو شوێنە دەیانتوێنێتەوە.