ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:11 - 14/12/2020

تورکیا بووەتە زەلکاوی زبڵەکانی ئەوروپا‌

پەیسەر

نەبوونی چارەسەری تەندروستی بۆ دەیان هەزار تەن زبڵی ئەوروپا، هەرەشەی کارەساتێک لە تورکیا دەکات، بەرپرسانی ئەنقەرە لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدان لەئەگەری چارەسەرنەکردنی ئەم هەڕەشەیەدا.

زبڵە پلاستیکییەکانی ناوچەکانی دیکەی ئەوروپاوە  لە باشوری تورکیا کۆدەکرێتەوە و ئەمەش بۆتە ئاڵنگاریەکی مەزنی ڕیسایکلێن بۆ بەرپرسانی ئەنقەرە، کە ڕووبەڕووی ژینگەی ئەم وڵاتە بۆتەوە.

دوای ئەوەی چین دەرگای خۆی داخست بەسەر زبڵەکانی ئەوروپا، کێوە زباڵەکانی تورکیا، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە زیادبووندان. کەڵەکەبوونی زباڵەکانیش لەم سەردەمی پەتای کۆرۆنایەدا، نیگەرانییەکی دیکەی تەندوستی و ژینگەی لەم وڵاتەدا هێناوەتە ئاراوە.


لە ناوچەی چوکوروفا و سیهان لە پارێزگای ئەدەنە، زبڵە هاتووەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا و هۆڵندا دەخرێنە چاڵ و ڕووبارەکان یان لە تەنیشتی جادەکاندا کەڵەکە دەکرێن.
سوتاندنی ئەم زباڵانەش بۆ ریساکڵکردنیان، دوکەڵ و هەورێکی ژەهراوی مەزن لەدوای خۆیان بەجێدەهێڵێن.

سیدات گویندۆغدو لێکۆڵەر لە زانکۆی چوکورۆڤای شاری ئەدەنە گوتی" هاوڵاتیانی ئەوروپی دەبێت بزانن، ئەو زباڵانەی کە ئەوان بەشێوەیەکی دروست دەیخەنە تەنەکەی زبڵی جیاوازەوە، ناچێتە  ناوەندێکی ریسایکڵین، بەڵکو دەبنە ئەم کێوە زبڵانە."  وەک ئاماژە دانێک بە کەڵەکەبوونی زباڵە پلاستیکییەکان، کە بەشیوەی نایاسایی فڕێدەدرێن  لە نزیکی ناوچە کشتوکاڵیەکان.

نەبوونی شەفافیەت
زۆرێک لە چالاکان نیگەرانن لە بەردەوام زیادبوونی کێوە زباڵەکانی ئەوروپا بۆ تورکیا.
ساڵی ڕابردوو، بەگوێرەی زانیاریەکانی ڕێکخراوی ئاماری ئەوروپا " Eurostat"، تورکیا مانگانە نزیکەی 48500 تەن زباڵەی هاوردەکردووە،  لە کاتیكدا ئەم بڕە لە ساڵی 2018 دا تەنها 33 هەزار تەن بووە.

لە ساڵی 2019 دا، زۆرترینی ئەم زباڵانە لە وڵاتانی بەریتانا " 154 هەزار تەن"، ئیتالیا "89 هەزار تەن"، بەلجیکا "86 هەزار تەن"، ئەڵمانیا"67 هەزار تەن" و فەرەنسا"57 هەزار تەن" هەناردەی تورکیا کراون.
لقی تورکیای ڕێکخراوی ژینگەی "گرین پیس" ئەوە دوپاتدەکاتەوە، لەم وڵاتەدا کێشەی سەرەکی لە "شەفافیەت و سەپەرشتیکردن"ی ئەم زباڵانەدایە.

گویندۆغدو ئاماژە بەوەدەکات " تورکیا لە چارەسەرکردنی پاشماوەکانی خۆیدا سەرکەوتوو نەبووە" و" دەبێت واز لە هاوردەکردنی زباڵەی پلاستیکی، کە کۆنترۆڵ کردنی دژوارە، بهێنێت."

پسپۆڕانی ژینگەییش نیگەرانی هاوردەکردنی بڕیکی زۆری ماسک، دەستکێش و بابەتی پزیشی بەکارهێنراون لەم سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایەدا.

گۆندۆدو باسی لەوەکرد، تەنها چارەسەر وازهێنانە لە "فێڵی" فکرەی ریسایکڵین و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک. وەزارەتی ژینگەی تورکیاش وەڵامی پرسیارەکانی  سەبارەت بەم بابەتە نەداوەتەوە.

گۆڕانێکی گەورە
هەموو زباڵەکان لە ئەوروپاوە بە شێوەیەکی نایاسایی هاوردەی ئەم وڵاتە ناکرێن، بەڵکو لە تورکیادا گۆڕانێکی گەورە لە سێکتەری ڕیسایکڵیندا رویداوە و نزیکەی ملیۆنێک کرێکار لەم سێکتەرەدا کاردەکات.

لە مانگی ئەیلولدا، وەزارەتی ژینگە  بە کۆمپانیا چالاکەکانی ئەم بوارەی راگەیاندووە کە هاوردەکردنی زبڵ بۆ 50٪ کەمبکەنەوە و زبڵەکانی ناوخۆ بەکاربهێنن.

زەفیر کاپڵان کۆمپانیایەک بەڕێوەدەبات، کە زبڵی هاوردەکراو لە ئەمریکا و ئەوروپاوە دەگۆڕیت بۆ دەزووی بەکارهێنراو لە پیشەسازیدا، بۆ کۆمپانیا گەورەکانی وەک "زارا" و " H&M"،  لە شاری غازیعەنتابی  باشوری تورکیا .
کاپڵان ئاماژەی بوەدا " بەشی ریسایکڵین زۆر گەشەی کردووە." و جەختیکردەوە لە گرنگی گەشەپێدانی  سیستمی بەڕێوەبردنی ریسایکڵین لەم وڵاتەدا.

کاپڵان باسی لەوەشکرد " ئەگەر هەموو زبڵەکانی تورکیا کۆبکەینەوە ، پێداویستی کۆمپانیاکانی ڕیسایکڵین دابین ناکات، چونکە ئەم بەشە لە تورکیادا تاڕادەیەکی زۆر پشت بە هاوردەکردنی زبڵ لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت."

کۆمپانیا "گاما ڕیسایکڵ"، مانگانە بەتەنها 1500 تەن، وایەری ڕیسایکڵکراو دەنێرێتە 30 وڵات.
محمەد دزدەمیر، سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی کۆمپانیای گاما ڕیسایکڵ ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیاکەیان "ئەومادانەی شینابنەوە" دەگۆڕیت بۆ مادەیەکی کە بتوانرێت بەکاربهێنرێتەوە. ئەمەش لە بەرژەوەندی ژینگەدایە.