ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:01 - 01/10/2022

گوڵ شیفته‌ فه‌راهانی: ناڕه‌زاییه‌تیه‌كانی ئێران هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ ئیسلامه‌وه‌ نیه‌‌

پەیسەر

گوڵ شیفته‌ فه‌راهانی، ئەکتەری ئێرانی، ڕەخنەی لە "بێدەنگیی حکومەت"فه‌ره‌نسا گرت سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕایگەیاند، لە فەڕەنسا ترسیان هەیە دوای پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، تۆمەتبار بکرێن بە "ئیسلامۆفۆبیا"، لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لە ئێران هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە، بۆ ئازادی ژن و پیاوە.

گوڵ شیفته‌، کە پێشتر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕەخنەی لە هەڵوێستی فەرەنسا گرتبوو کە هێندە بەهێز نەبووە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەی فەرەنسی "پاری ماچ" وتی: "بۆچی فەرەنسا كه‌ لە پێشەنگی هەموو پرسەکانی پەیوەست بەبەرگری لە مافەکانی مرۆڤه‌ تائێستا بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌.”

بە ئاماژەدان بە پشتیوانی بەرفراوانی فەرەنسا بۆ ئۆکرانیا لە بەرامبەر لەشکرکێشییەکانی ڕووسیا، وتی: پێشتریش كۆمەڵێك لە ئەكادیمیست و رۆژنامەنوسانی ئێرانی بەیاننامەیان بڵاوكردەوە، هەروەها بەشێك لە رۆژنامەنوسان و سیاسەتمەداری فەرەنسی، كە بابەتیان نووسیوە یاخود قسەیان بۆ میدیاكان كردووە سەبارەت بە نەبوونی پشتیوانی لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بۆ ناڕەزایەتیەكانی ئێران، ره‌خنه‌یان هه‌بووه‌.

فەرەنسا لە نێو وڵاتانی ئەوروپادا زۆرترین کەمینەی موسڵمانی هەیە و پرسی حیجابی ئیسلامی ژنانی موسڵمان لەو وڵاتە یەکێک بوو لە بابەتە گەرمه‌كانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی فەرەنسا.

پێشتر پاڵپشتی ماکرۆن بۆ بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری محەمەد پێغەمبەری ئیسلام لە بڵاوکراوەی شارلی ئیبدۆ، شەپۆلێکی ناڕەزایی لە وڵاتانی دیکە لەوان ئێران و پاکستان و تورکیا لێکەوتەوە، بەڵام لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ماکرۆن پشتگیری لە پێشنیازی قەدەغەکردنی حیجابی ئیسلامی لە فەزای گشتیدا نه‌كرد.

گوڵ شیفته‌، وتی: لەئێراندا هیچ خەباتێک لەدژی حیجاب نییە، بەڵکو ژنانی بێ حیجاب یان ئەوانەی له‌چكیان لەسەرە خەبات دەکەن بۆ ئازادی خۆیان.

ئەسغەر فەرهادی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی بە زمانی ئینگلیزی داوای لە هونەرمەندانی جیهان کردووە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران بکەن.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌ باسیله‌وه‌كردوه‌ ئەوە یەکەمجارە لە مێژووی ئێران و تەنانەت مرۆڤایەتیدا پیاو له‌پێناو ژناندا گیان ببەخشن.

گوڵ شیفته‌، ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مجاره‌، پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، بەڵکو خەباتێکە بۆ ئازادی ژنان و پیاوان.

ره‌خنه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ كاتێكدایه‌، سەرکردەکانی زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا، کەنەدا، ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا بەڕاشکاوی پشتیوانییان لە خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێران ده‌ربڕیوه‌.