ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:30 - 26/12/2020

وەزارەتی کۆمپانیا ساختەکان و سپیکردنەوەی پارە‌

پەیسەر پرێس

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، 80 هەزار کۆمپانیای لە وەزارەتەکەیاندا بە شێوەیەکی فەرمی بۆ چالاکی لە کەرتی تایبەتدا تۆمارکران  و تەنها 20 هەزاریان چالاکن و   60 هەزاریان وەهمین. لە هەمان کاتدا، لایەنە سیاسییەکان باس لە "کۆمپانیا وەهمییەکان" دەکەن لەم وەزارەتەدا، کە وەک دەریچەیەکی گەورە وایە و لە ڕێگەیانەوە سپیکردنەوەی پارە لە عێراق و رەوانەکردنی  پارەی زۆر بۆ دەرەوەی ئەم وڵاتە  ئەنجام دەدرێت.

ڕۆژنامەی سەباح عێراقی، لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات 80 هەزار کۆمپانیا لە وەزارەتی بازرگانی تۆمارکراون، وەک کۆمپانیای کەرتی تایبەت, لەم ژمارەیەش تەنها 20 هەزاریان چالاکیان هەیە و ئەوانی دیکە هیچ چالاکییەکی بازگانیان نییە و بەمەش دەبن بە "کۆمپانیای وەهمی".


رەشاد خەڵەف هاشمی بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەی تۆمار لە وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەکرد، کە ٨٠ هەزار کۆمپانیا لە عێراق بە فەرمی تۆمارکراون و ڕۆژانەش لەنێوان 15 بۆ 30 کۆمپانیا تۆمار دەکرێن و بەمەش ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە زیادبووندان.

 هاشمی پێی وایە ئەم ماستە مویەکی تێدایە  و تۆمارکردنی ئەم ڕێژە زۆرەی کۆمپانیای بۆ چالاکی لە بواری کەرتی تایبەتدا، لە کاتێکدا بەهۆی کەمی بودجەوە تەندرەی حکومەت بۆ پێدانی پرۆژەکان بەم کۆمپانیایانە زۆر کەمیکردووە، حاڵەتیكی ئاسایی نییە.

راشیگەیاند، لە ماوەی ١٥ ساڵدا کۆمپانیا هەیە هیچ بوونی نییە. ئەو کۆمپانیایانەی چالاکی بازرگانیان هەیە ٢٠ هەزار کۆمپانیان، بەمەش دەرکەوتووە  ٦٠ هەزار کۆمپانیا وەهمین.

 لە بارەی گرتنە بەری ڕێوشوێنەکانیشەوە لەسەر ئەم کۆمپانیایانە هاشمی ئاماژەی بەوەدا " وەزارەت دەستیکردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی لە دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتیمانی و وەزارەتی بازرگانی پێکهێناوە. حکومەت ماوەی یەک مانگی داوەتە ئەو کۆمپانیایانە تا باج و سزاکانی سەریان بدەن."

لەلایەن خۆشیەوە، شێخ مەهدی ئەلعیتابی، رابەرێکی حزبی فەزیلە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "سەباح" گوتی، زۆرێک لە کۆمپانیا ساختەکان لەژێر پەردەی وەزارەتی  بازرگانییەوە خۆیان مەڵاسداوە، ئەوان گەورەترین دەریچەی سپیکردنەوەی پارەی عێراق و گوێزەرەوەی بڕێکی مەزنی دارایی ئەم وڵاتەن، لە بەرژەوەندی بانکە گەورە نێودەوڵەتییەکانی دەروەی عێراق، ئەمکارە ئەنجام دەدەن."

 ئەلعیتابی ئاماژەی بەوەدا " ئەم کۆمپانیاییانە لە ڕێگەی یاسایی ڕێگەپێدانی کۆمانیاکانەوە لە عێراق بوون بە کۆمپانیای فەرمیی و سودیان لە ئیمتیازاتە یاساییەکان وەگرتووە"

هەر سەبارەت بەم بابەتە، موجاهید عیفان بەڕێوەبەری ئێستای تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی بەردەوامبوونی گرتنەبەری رێوشوێنەکان لە بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانەدا راگەیاند.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی ٢٠٢١  بەڕێوەبەراییەتیەکەیان رێوشوێنی دیکە دەگرێتەبەر و بە شێوەی تیر و پشک و لە ڕێگەی کەناڵەکانەوە رادەگەیەندرێن بۆ ئەوەی لە باج و سزاکان خۆیان نەدزنەوە.