چاوپیکەوتن

02:58 - 28/01/2021

جێفری نهێنییەکانی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لەپێناو رۆژئاوای کوردستان ئاشکرادەکات‌

پەیسەر

جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی تورکی پێگەی (DW)، باس لە خراپی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، "لە سەردەمی بایدنیشدا چاوەڕێی باشبوونی پەیوەدنییەکان ناکەم. دەشڵێت "بۆ بابەتی هەسەدە ئیتر دەبێت تورکیا لەگەڵ روسیاش گفتوگۆ بکات."

دەقی چاوپێکەوتنەکە؛

لەم رۆژانەی دواییدا یەکێک لەو بابەتانەی زۆرترین گفتوگۆی لەسەر کراوە ئەوەیە ئایا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سەردەمی جۆ بایدندا چۆن دەبێت؟ دۆسیەی سوریا کە لە دۆسیە هەرە هەستیار و گرنگەکان بوو لەنێوان هەردوو وڵاتدا لای ئێوە بووە. وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە سوریا گفتوگۆکانت لەم بارەیەوە لەگەڵ ئەنقەرەدا چۆن بوو؟

جەیمس جێفری: پەیوەندییەکانمان لەبارەی سوریا لەگەڵ ئەنقەرە باش و گونجاو بوو. تورکیا و ئەمریکا لەبارەی ئامانجەکان لە سوریا هاوڕا بوون. هەردوولا لەم بابەتانەش هاوڕابوون؛ چارەسەری سیاسیی بۆ سوریا، گۆڕانی ریشەیی رژێمی سوریا، دەرچوونی گروپەکانی سەر بە ئێران لە سوریا و لەناوبردنی یەکجارەکی داعش لە سوریا.

بەڵام لەبارەی بابەتی گروپە کوردییەکان لە باکوری سوریا، ناکۆکی قوڵمان هەبوو. ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەک هاوپەیمان دەبینێت. بەڵام تورکیا دەڵێت بڕبڕەی پشتی هەسەدە یەکینەکانی پاراستنی گەلە (یەپەگە) کە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، بەم جۆرەش ناڕەزایەتییە توندەکانیان بەردەوامیی هەیە...

ئێمە لەم بارەیەوە نەمانتوانی تورکیا قایل بکەین، تورکیا (لەبارەی هەسەدەوە) نەگەیشت بەو خاڵەی کە بڕوا بە ئێمە بکات. بۆیە ئێمەش بێئومێد بووین، زۆر بێئومێد.

لە ئاستی هەرە باڵای تورکیاوە چەند تۆمەتێکی جددی ئاڕاستەی ئەمریکا کران، با بە راشکاوی پرسیارەکەم بکەم؛ ئەمریکا پشتگیری پەکەکە دەکات؟ هاوکاریکردنی هەسەدە لە سوریا رێگا بۆ پەکەکە خۆش دەکات دەوڵەت دروست بکات؟

جەیمس جێفری: یەک خولەک، لێرەدا بوەستن... ئەمریکا مێژوو و رابردوویەکی درێژی لەگەڵ ئەوەدا هەیە کە پەکەکە وەک تیرۆریست دەناسێنێت. ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکەدا هاوکاری جددی و فراوانی پێشکەشی تورکیا کردوو. لە شەڕی پەکەکەدا ئەمریکا لە بەرەی تورکیادایە، گومان لەمەدا نییە.

راستییەکە ئەمەیە؛ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە لە ٨٠ وڵات پێکهاتبوو لە ساڵی ٢٠١٤دا بێچارە مابووەوە، هاوپەیمانییەتییەکە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا هاوکاری پێشکەشی یەپەگە کرد، چونکە ئەوان دژی داعش شەڕیان دەکرد و جگە لە ئەوانیش کەسی دیکە نەبوو دژی داعش شەڕ بکات.

تورکیاش ئەندامێکی ناو هاوپەیمانی دژی داعشە...

ئەو کاتەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاوکاریمان پێشکەشی یەپەگە کرد، لە هەماهەنگییەکی زۆر نزیکدا بووین لەگەڵ تورکیا و لە هەمان بەرەدا بووین. لە راستیدا، تورکیا بە درێژایی ساڵی ٢٠١٧ لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانماندا هاوکارمان بوو، مۆڵەتیشیاندا بەشێک لە ئۆپراسیۆن و چالاکییەکانمان لە تورکیاوە ئەنجام بدەین، بەڵام دواتر و بەهۆکارێک کە هیچ کات لێیتێنەگەیشتین، تورکیا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە کارەکانی ئێمە هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکەیان و رێگا بۆ دروستبوونی "دەوڵەتی پەکەکە" دەکاتەوە. لە دوای ئەمەوە هەوڵەکانمان لە بابەتی وەک نەخشە رێگای مەنبەچ و دروستکردنی ناوچەی بێلایەن دەستیانپێکرد.

دواتر تورکەکان هاتنە ناو هەرێمەکەوە، سەربازانی ئەمریکا لە بەشێکی گەورەی باکوری خۆرهەڵات کشانەوە و لە ئەمڕۆشدا بەشێکی گەورەی ناوچەکە ئیتر لەژێر کۆنترۆڵی روسەکاندایە. لە راستیدا لە کێشەی تورکەکان تێناگەین، بەڵام ئەوە روونە کە؛ ئیتر تورکەکان کێشەیان لەبارەی هەسەدە و یەپەگەوە هەبێت دەبێت لەگەڵ روسەکاندا قسە بکەن.

باشە، بە بۆچوونی ئێوە بۆچی هەڵوێستی تورکیا (لەبارەی سوریا و هەسەدە) گۆڕانی بەسەردا هات (ناکۆکی دروستبوو)، لە کاتێکدا پێشتر هاوکاری ئێوە بوون؟

جەیمس جێفری: بە دوو وشە وەڵام دەدەمەوە؛ سیاسەتی ناوخۆیی. (کاروباری ناوخۆی تورکیا)

واتە ئەوەندە سادەیە؟

  جەیمس جێفری: بەڵی ئەوەندە سادەیە.

دەتوانن روونی بکەنەوە مەبەستان لە سیاسەتی ناوخۆیی چییە؟

  جەیمس جێفری: نەخێر، نامەوێ لەبارەی سیاسەتی ناوخۆیی تورکیاوە قسە بکەم.

باشە، چی لەبارەی نیگەرانییەکانی تورکیاوە دەڵێن لەسەر پێدانی چەک لەلایەن ئێوەوە بە هەسەدە و یەپەگە؟

جەیمس جێفری: یەک دانە بەڵگە هەیە لەبارەی ئەوەی ئەو چەکانەی داومانە بە هەسەدە و یەپەگە لە دژی تورکیا بەکارهێنرابێت؟ تەماشای ئەو کار و کردەوانە بکەن کە تورکیا لە عەفرین و دواتریش لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا بەرامبەر هەسەدە کردوونی. پێتان وایە تورکیا بیەوێت ناتوانێت بەرامبەر هەموو یەپەگە هەمان کار بکات؟  ئێمە لە دەرەوەی چەکی سوک و رەشاش چەکی قورسمان بە شەڕڤانان نەداوە. لەو دژە تانگانەشمان بە یەپەگە نەداوە کە داعش لە ئەلباب دژی سوپای تورکیا بەکاریهێنا. یەپەگە هێزێکی کاریگەریان لەبەردەستدا نییە، دەسەڵاتی هێرشکردنە سەر تورکیاشیان نییە، لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریاوە هیچ هێرشێکیان نەکردووەتەوە سەر تورکیا، زۆر سەرنجی ئەم بابەتەمان داوە.

لە رۆژانی رابردوودا خولوسی ئاکار سەردانی بەغداد و هەولێری کرد، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاکار باسی لە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی فراوان لە دژی پەکەکە لە شنگال و مەخمور، بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوکاری و پشتیوانی لە بەغداد و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. ئێوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پێشهات و پەیوەندییانە دەکەن؟

ئەمریکا پشتیوانی هەموو هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەکات بۆ شکستپێهێنانی پەکەکە. دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین ئایا تورکیا دەتوانێت لە شنگال ئۆپراسیۆن بکات و سەیر دەکەین. رووبەرێکی فراوان و جددی و ناڕەحەتی لۆجستیش هەیە...

لە نامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پەشیمانکردنەوەی ئەردۆغان لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی کانی ئاشتی، رستەی وەک "گەمژەیی مەکە"ی تێدا بوو، تەنانەت هەڕەشەی وێرانکردنی ئابووریی تورکیاشی کردبوو، ئەم نامەیە لە تورکیا ئاگری خۆشکرد و لە شەقامی تورکیادا دەنگی دایەوە. جگە لەوەش ترەمپ لە پاشکۆی نامەکەدا ئاماژەی بە مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردبوو، نووسیبووی، "جەنەراڵ کۆبانی ئامادەی رێککەوتنە لەگەڵ ئێوە، ئامادەی هەر کارێکە لەگەڵ ئێوە کە پێشتر نەیکردووە." هەر بەراست ترەمپ دەیەویست ئەردۆغان لەگەڵ کۆبانییەکدا کۆببیتەوە کە بە ناوی (فەرهاد عەبدی شاهین) لە لیستی تیرۆری تورکیادایە؟

جەیمس جێفری: موزڵوم کۆبانی شەش ساڵی رابردووی لە رووبەڕووبوونەوە و شەڕی داعشدا بەسەربرد نەک شەڕ لەگەڵ تورکیا، ئەوەش روونە کە لە کادرە دیارەکانی ناو بەڕێوەبەرایەتی پەکەکەدا نەبووە. بۆیە ترەمپ بیری لە دانیشتن و رێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و کۆبانی کردەوە، رێک وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ لەنێوان ئەنقەرە و پەکەکەدا روویدا. لەوەش تێناگەم بۆچی هەموان لە ئەنقەرە لەم داوایەی ترەمپ نیگەران و توڕە بوون.

ئەنقەرە هیچ وەڵامێکی ئەم پێشنیارەی ترەمپی دایەوە؟

جەیمس جێفری: نەخێر سیگناڵێکی گونجاومان وەرنەگرت.

لە سەردەمێکدا ئەرکتان وەرگرت کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا پڕ بوون لە ئاڵۆزی، ئەو سەختییانەی رووبەڕووتان بوونەوە ئاماژەی ئەو سەختاینەشمان پیشاندەدەن کە لە داهاتوودا روودەدەن، سەختترین ئاڵنگاری و دۆخ رووبەڕووتان بوویەوە چی بوو؟

 

جەیمس جێفری: سەخترین شت ئەوە بوو کە باوەڕیان پێبهێنین ئێمە نیازمان نییە (دەوڵەتی پەکەکە) دروستبکەین.نەمانتوانی بیانهێنینە سەر ئەو بڕوایەی کە نیەتێکی وامان نییە، لە ئێستاشدا ناتوانین بڕوایان پێبهێنین و هێشتا بابەتی گفتوگۆیە. کەس لە ئەمریکا ئینکاری ئەوە ناکات و رەتی ناکاتەوە کە هێزێکی وەک "گەریلای کۆمەنیستی ساختەی شۆڕشگێڕ" (پەکەکە) کە ٤٠ ساڵە توانیویەتی لەسەر پێ بوەستێت هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا. بۆیە لە ئەمریکا هاوسۆزی هەیە بۆ تورکیا لەو هەنگاوانەی دژی پەکەکە دەینێت.

پێم وا نییە هەسەدە لە سوریا هەڕەشە بێت بۆ سەر تورکیا، باکوری سوریا هەرێمێکی تەختە و وەک قەندیلی خاوەن بەرزیی ٣٥٠٠ مەتری نییە. دروستکردنی هەڕەشەیەکی وەک "دەوڵەتی پەکەکە" لە سوریا نە لە بەرژەوەندی ئێمەدایە نە بەرژەوەندی روسەکان. من شەیدای روسیا نیم، بەڵام روسەکانیش کاری وەها ناکەن و دەوڵەتی پەکەکە دروست ناکەن. راستییەکە ئەوەیە کە؛ هەرکاتێک ئێمە باسی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠مان کردبێت، تورکەکانیش باسی ئەم بابەتەیان کردووە.

دواین پێشهاتەکان پیشانی دەدەن کە ئێس ٤٠٠ لە هەفتەکانی داهاتووشدا بابەتی گفتوگۆکان دەبن و لە رۆژەڤدا دەمێنێتەوە، سەرەڕای بڕیاری سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا، ئەردۆغان رایگەیاندووە هەنگاو بۆ دواوە نانێن و تەنانەت لەگەڵ روسەکانیشدا گفتوگۆکان لەبارەی دووەم پاکێجی ئێس ٤٠٠ بەردەوامییان هەیە...

ئێس ٤٠٠کان رێگری بەردەم هەر هەوڵێکی باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیایە. چەندین جار بە ئەنقەرەمان وتووە کە ئەم بابەتە بۆ پەیوەندییەکانی نێوانمان چەند گرنگ و هەستیارە، گوێیان لێنەگرتین و حسابیان بۆ قسەکانمان نەکرد.

لە راستیدا من دەمەوێت لەمە تێبگەم؛ ئێس ٤٠٠کان بۆ تورکیا بەڵایە، وەرگرتنی ئەم سیستمە هەڵەیەکی مێژوویە، وەها دەکات تورکیا نەبێت بە خاوەنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی نەوەی پێنجەم، نابێت بە خاوەنی ئێف ٣٥کان. دەبێت سەیری ئەوە بکات دەتوانێت بە ئێف ١٦کانی چی بەدەستبهێنێت و سەربکەوێت؟ تورکیا توانی بەشدار بێت لە بەرهەمهێنانی ئێف ١٦، دەشیتوانی لە بەرهەمهێنانی ئێف ٣٥ بەشدار بێت (بەڵام بەهۆی کڕینی ئێس ٤٠٠ دەرکرا).

ئەو ئێس ٤٠٠ی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری پێدراوە، ئاسایشێکی زیاتر بۆ تورکیا مسۆگەر ناکات. بۆ ئەوەی سودێکی راستەقینە لەم سیستمەی روسیا وەربگرێت، پێویستی بە دامەزراندنی سیستمێکی بەرگریی گشتییە لە هەموو تورکیا، ئەمەش پێویستی بە ١٠٠ ملیار دۆلار هەیە...

 بە بۆچوونی ئێوە ئەگەر هەیە ناکۆکییەکان لەبارەی ئێس ٤٠٠ چارەسەر ببن؟

  ئەم کێشەیە دەکرێت بە دوو رێگا چارەسەر بکرێت؛ تورکیا یان بە کەسێکی دیکەی بفرۆشێت یان لە قەباغەکەیدا دایبنێت. ئەگەر نا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا زۆر خراپتر دەبن... من لەگەڵ کۆنگرێس، سوپای وڵاتەکەم و ئەو لایەنانەی وڵاتەکدا قسەم کردووە کە هاوکاری تورکیا دەکەن، چەندین ساڵ لە ناو ئەم کارەدا بووم، کەچی وەڵامی تورکیا هەمان وەڵامە، هەڵوێستیان هەمان هەڵوێستە و ناگۆڕێت. ئێس ٤٠٠کان رێگری بەردەم باشبوونی پەیوەندییەکانمانە، ئەو خاڵەی پێیگەیشتووین ئەمەیە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پرسیارێکدا کە لە لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سێنات لێیکرا لەبارەی تورکیاوە، تورکیای بە "بەناو هاوپەیمان" ناوبرد و وتی، تورکیا وەک هاوپەیمان رەفتاری نەکردووە. بە بۆچوونی ئێوە ئەم قسەیە چی پەیامێکی پێیە لەبارەی سیاسەتی ئیدارەی جۆ بایدن بەرامبەر تورکیا؟

جەیمس جێفری: پێم وایە ئەم وەسفەی بلینکن جێگای داخە، چونکە تورکیا هاوپەیمانە. تورکیا بە کڕینی ئێس ٤٠٠ لە ریزی هاوپەیمان ناچێتە دەرەوە. تورکیا بە کڕینی ئێس ٤٠٠ خۆی خستە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە، چونکە یاسایەکی ئەمریکا هەیە و لەسەر ئەمە نووسراوە (سزادانی ئەو هاوپەیمانانەی لەگەڵ دوژمنەکانی ئەمریکادا رێککەوتن دەکەن). بەم کارە تورکیا وەهاش دەکات هاریکاری کەمتری لەگەڵدا بکرێت. بۆ نموونە لە بابەتەکانی وەک سوریا، ئێران، روسیا و کۆچبەران دەکرا هاریکاری زیاتری لەگەڵدا بکرایە، بەڵام وەها دەرناچێت و هەماهەنگییەکان لەم بابەتانەدا کەمتر دەبنەوە. بە داخەوە تورکیا ئەو هەلانەی چارەسەریی لەدەستدا کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پێشکەشی کرا.

بە بۆچوونی ئێوە ئەگەر هەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سەردەمی بایندا رووبەڕووی قەیرانی قورستر ببێتەوە؟

  جەیمس جێفری: چاوەڕێی باشبوون ناکەم. تورکیا هەلەکانی سەردەمی ترەمپی لەدەستدا. ئەردۆغان لەگەڵ ترەمپدا و بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە چی سیاسەتێکدا گۆڕانکاری کرد و هەنگاوی نا؟ بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ئێس ٤٠٠کان هەنگاوی نا؟ نەخێر. بەپێچەوانەوە. باشە، بۆ رێککەوتن لەسەر باکوری خۆرهەڵاتی سوریا هیچ شتێکی کردووە؟ نەخێر. رێککەوتنێکی تۆکمەمان هەبوو، بەڵام ئەردۆغان پێشێلی کرد، ئەوەش بە ناردنی سەربازانی تورکیا بۆ سوریا لە مانگی تشرینی یەکەم. باشە، ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەردۆغان هەوڵی دا؟ بەڵێ، تەنانەت چەندین جاریش. سزاکانمان دواخست کە بەهۆی کڕینی ئێس ٤٠٠ ئامادەمان کردبوو، کەمێکی دیکەش دوامانخست... باشە، رێگای چارەسەرەکەمان دۆزییەوە و سودی هەبوو ئەم هەموو دواخستن و چاوەڕوانییە؟ بێگومان نەخێر. ئەمە ئەو میراتەیە کە بۆ کابینەکەی بایدن بەجێما...