چاوپیکەوتن

03:04 - 01/02/2021

مەزڵوم کۆبانی: لەگەڵ ئیدارەی بایدن سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆگرامێکی هاوبەشین‌

پەیسەر

مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی عەرەبیە حەدەس، باس لە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان رۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی نوێی ئەمریکا و چەند بابەتێکی دیکە دەکات.

پڕۆگرامی هاوبەش
مەزڵوم کۆبانی لە وەڵامی پرسیارێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆگرامێکی هاوبەش لەنێوان ئیدارەی نوێی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادە دەکرێت.

باس لەوەش دەکات، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تیمی تایبەت بە دۆسیەی سوریا لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەردەوامیی هەیە، بەڵام کۆتایی بە ئامادەکردنی پڕۆگرامە هاوبەشەکە نەهاتووە.

لەگەڵ ئەوەی کۆبانی باسی لە سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و رۆژئاوای کوردستان کرد، بەڵام وردەکاری پڕۆگرامەکە و ناوی ئەو کەسانەشی نەخستەڕوو کە بڕیارە لەگەڵیاندا پڕۆگرامەکە ئامادە بکەن.

کۆبانی لەبارەی رۆڵی جۆ بایدنیشەوە لە داهاتووی سوریا وتی، ئومێدێکی زیاتریان بە بایدن هەیە کە چارەسەرێکی راستەقینەی قەیرانی سوریا بکات.

داعش پەیکەری خۆی رێکخستووەتەوە
فەرماندە کوردەکە تیشکی خستە سەر سەرهەڵدانەوە و خۆڕێکخستنەوەی داعش و وتی، داعش توانیویەتی دیسانەوە پەیکەری خۆی رێکخستووەتەوە، مەترسییەکەشی تەنها لەسەر رۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو لەسەر هەموو جیهانە.

کۆبانی وتی، لە خاکی دراوسێکەشیان کە سوریایە داعش بووە بە مەترسی، بەشێک لە هێزەکەیان بەدەستهێناوەتەوە و بە شێوەی کاروانی سەربازیی دەبینرێن.

روسیا و نێوەندگیری
کۆبانی باسی لە روسیاش کرد و وتی، هاریکاری و هاوبەشییەکان لەگەڵ روسیا بەردەوامییان هەیە.

جەختیشیکردەوە، روسەکان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەددا کار دەکەن و رێککەوتنیان هەیە. "ئومێدمان هەیە روسەکان بەشێوەیەکی پێویست فشار لە رژێمی سوریا بکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و هێنانە ئارای چارەسەری سیاسیی لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی دیمەشق."

فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە راگرتنی باڵانس لەنێوان دوو زلهێزدا سەختە و دەڵێت، راگرتنی هاوسەنگی لەپەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن و مۆسکۆ بەردەوام سەخت و ناڕەحەت بووە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبانی دەڵێت، گرژییەکانی نێوان سوریا و رۆژئاوای کوردستان زیادیان کردووە و پۆلیسی سوریش چەند جارێک شەڕڤانانیان دەستگیرکردووە.

ئەم قسانەی مەزڵوم کۆبانی هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی روسیا بۆ نێوەندگیری لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی دیمەشقدا.

گرژییەکانی نێوان رۆژئاوا و سوریا
ئەم لێدوانانەی کۆبانی لەبارەی خراپی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لە کاتێکدایە کە دوێنێ لە شاری حەسەکە گرژی و شەڕ روویدا و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی شاری حەسەکە کە سەر بە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستانە لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا یەکتریان بە کوشتن و بریندارکردنی هاوڵاتیان تۆمەتبار کرد.

دوێنێ روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، یەکشەممە ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١، لە چوارگۆشەی ئەمنیی شاری حەسەکە کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی رژێمی سوریادایە، خۆپیشاندانێک بە پشتیوانی حکومەت و بە ئاڵای سوریا و وێنەکانی بەشار ئەسەدەوە ئەنجام دراوە.

خۆپیشاندەران دژی ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری گردبوونەتەوە و داوای کۆتایهێنان بەو گەمارۆیەیان کردووە کە لەلایەن ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانەوە خراوەتەوە سەر ناوچەکانیان.

دوای ماوەیەک لە خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئاسایش؛ سوریا تەقەی کردووە
میدیاکانی نزیک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاندووە، "میلیشیاکانی سوریا تەقەیان لە لەمپەرە ئەمنییەکانی ئاسایش لە گەڕەکی مەرشو لە شاری حەسەکە کردووە ."

ئاماژە بەوەش کراوە، لە سەرەتادا هێزەکانی ئاسایش دانیان بە خۆیاندا گرتووە و وەڵامی هێرشەکانیان نەداوەتەوە.

گەمارۆ وەک چەکی فشار
ماوەی چەند مانگێکە پەیوەندییەکانی نێوان رۆژئاوای کوردستان و سوریا گرژی و ئاڵۆزیی تێکەوتووە. خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا لە ئەنجامی فشار و گەمارۆکانی رژێمی سوریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان دەستی بە ئەنجامدانی گەمارۆ کردووە بۆ سەر هێزەکانی سوریا.

ماوەی چەند مانگێکە هێزەکانی رژێمی سوریا گەمارۆیان خستووەتە سەر گەڕەک و ناوچە کوردییەکان لە شارەکانی سوریا.

رژێمی سوریا ماوەیەکی زۆرە گەمارۆی خستووەتە سەر ناوچەی کوردنشینی شەهبا لە باکوری حەلەب، فافین و موسلەمیە لە دەورووبەری حەلەب و گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب.

ماوەی چەند مانگێکە، رژێمی سوریا رێگا بە هێنان و بردنە دەرەوەی کەلوپولی پزیشکی، خۆراک و سوتەمەنی لەم ناوچە کوردییانە نادات.

هێزەکانی سوریا هەر بەوەوە نەوەستاون و باج و سەرانە لە کەسانەوە وەردەگرن کە هەوڵی هێنان و بردنی کەلوپەل و خۆراک بۆ ئەم ناوچانە دەدەن.

گەمارۆ لە رۆژئاواوە
دوای ئەوەی رژێمی سوریا بەردەوام بوو لە گەمارۆخستنە سەر ناوچە کوردییەکانی حەلەب، خۆبەرێوەبەری رۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان چەک و رێگا وەڵامی رژێمی سوریای دایەوە.

ئاسایشی رۆژئاوا ماوەی نزیکەی ٢٢ رۆژە گەمارۆی خستووەتە سەر بەشێک لە ناوچەکانی شاری حەسەکە و قامشلی کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی رژێمی سوریادان.

ئامانجی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا فشار خستنە سەر دیمەشقە تاکو گەمارۆی سەر ناوچە کوردنشینەکان هەڵبگرێت.

ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بەپێچەوانەی رژێمی سوریا رێگا بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەدات کە گەمارۆی داون، تاکو پێداویستییەکانیان دابین بکەن و رێگای چوون و هاتنیانی لێنەگرتوون، تەنها رێگای لەوە گرتووە کە ئەو کەلوپەلانە بە دەستی هێزەکانی سوریا بگەن.